نابێ دڵی ئێرانمان لێ زوێر ببێ.
Sunday, 21/02/2010, 12:00
ئەمە قسەى بەرپرسێكى ناوچەیی كوردستانى باشوورە كە لە پەچەكرداریدا لە بەرامبەر هەڵواسینى رەسمى عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا لە لایەن هاوڵاتییەكەوە بە زمانیدا هاتووە. لە رۆژی رەش پۆشینی گەلی كورددا لە رۆژی روودانى گەورەترین كارەسات بە سەر گەلی كورددا و لەو رۆژەدا كە گەنجانى ئەم وڵاتە لە بەرانبەر دەسبەسەرى عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا ئاگر لە جەستەى بەردا واتە لە رۆژی 15ى شوباتى ئەمساڵدا لە لە شاری پێنجوێن لە لایەن مدیر ناحییەى گەرمكەوە بە دوور لە هەر جۆرە یاسا و رێسایەك و لە نێو جەرگەى بازاردا لە بەرچاوى چەندین گەنج و هاوڵاتى دیكەوە گلەیی و گازندەیەكى زۆر لە هاوڵاتییەكى ناسراوى ناوچەكە دەكرێ كە بۆچی لە دوكانەكەیدا رەسمى سەرۆك عەبدوڵڵا ئۆجەلانى هەڵواسیوە چونكە وڵاتى كۆمارى ئیسلامیمان لێ ئەڕەنجێ و دڵی ئەو وڵاتەمان لێ زوێر دەبێ و پێویستە ئەو رەسمە لاببرێ و ئەگەر ئێمە خۆیان واتە حكومەت لای نابەن بە هۆی ئەوەیە كە ئەوان رێزى ئەو هاوڵاتییەیان گرتووە ئەگینا خۆیان بە زۆر لایان دەبرد.
ئەمەى سەرەوە هەڵویستى بەرپرسێكى حكومەتى هەرێمى كوردستانە واتە جوانتر بلێین بەرپرسێكى ئەندامى حیزبی دەسەڵاتدارە كە لە بەرانبەر رێز و خۆشەویستى خەڵكى بەشەرەفی باشوورى كوردستان بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا دەینوێنێ و لە نێو خەڵكدا خۆی پێ سەرشۆڕ دەكات و لەم كاتە هەستیارەشدا كە بەرەو هەڵبژاردن نزیك دەبینەوە و حیزبی دەسەڵاتدار لەم تاقە رۆژەدا پێویستى بە خەڵكە، ناوى خۆی و ئەو حیزبەى كە ئەو بەرپرسە نوێنەرایەتى دەكات دەزرێنێ و جارێكى تر ناڕەسنیەتى خۆیان بۆ خەڵك دووپات دەكەنەوە و چڵكاو خۆری و مشەخۆری خۆیان بۆ حكومەتى كۆماری ئیسلامی دەسەلمێنێ و جارێكى دیكە دەیسەلمێنن كە هەڵویستى نەتەوەیەك دەكەنە فیداى خواستى بەرپرسێكى رەبایەك یان پایگایەكى نیزماى سەر سنوورى ئێران و كە دیارە حكومەتى نائیسلامى ئیران هیچ منەتێكى بە نیمچە حكومەتەكەى ئێمە نییە چ بگا بە هەڵویستێكى مدیر ناحییەكى چونكە بەردەوام بەرپرسانى خۆبەكەمزانى ئێمە بووە كە پێویستیان بەوان بووە و پێیان وایە دونیا سەرى بە پۆۆش گیراوە و ئەگەر دڵی بەرپرسێكى ئاست نزمى كۆماری ئیسلامییان لێ بڕەنجێ ئەمان لە برساندا دەمرن.
ئەگەر زۆر بە خێرایی ئاوڕێك لە رابردوومان بدەینەوە گەلێ دیمەنى ناشیرین و ناشیاو و قیزەون لەم جۆرە هەڵوێستانەمان بەر چاو دەكەوێ كە لە لایەن بەرپرسان و دەسەڵاتدارانى كوردستانى باشوورەوە لە بەرانبەر بەرپرسانى وڵاتانى داگیركەردا تەنانەت لە ئاستێكى زۆر نزمدا ئەنجام دراوە.لە گرتن و كوشتن و تەحوێڵ دانەوەى بەهەڵستكارانى كوردستانى رۆژهەڵاتەوە تا هێنانى سوپاى داگیر كەران تا قوڵایی خاكی كوردستانى باشوور و تا دەربڕینى ئەوەها هەڵویستێك و دەیان هەڵویستى ناكوردانەى دیكە كە هێندێ كات ئەگەر شانازى پێوە نەكەن هۆیەكەى دەگەڕێننەوە بۆ قۆڵی سیاسەت و یارى سیاسییەكان. وەك بڵێی كەس لە سەر ئەم ئەرزە لە سیاسەت نازانێ ئەوان نەبێت كە لەم 18 ساڵەدا مێژوویەك پڕ لە دەستەمۆی و چڵكاوخۆری بۆ داگیركەرانى كوردیان تۆمار كردووە و ئەمە وێڕاى ئەو هەموو گەندەڵی و نالەباری و نابەسامانییەى وڵات و شەڕی ناوخۆ و وێرانى ئابوورى و كۆمەڵایەتى و نەمانى ئینتماى نەتەوایەتى و دەیان نەهامەتى دیكە كە بە فیتى دوژمنان و بە دەستى و پەنجەى ئەمان دەستى بە سەر ئەم وڵاتەدا كێشاوە. هەر چەند نامەوێ لەمە زۆرتر لە مەكۆی بابەتەكە دوور كەومەوە بەڵام پێویستە ئەوەش بڵێم كە سیاسەت و سیاسەتكارى لە كورستانى باشوور تەنها بۆ كەسابەت و پارە و سامان كۆكردنەوەیە و هەر وەك مینۆمێنتەكەى هەڵەبجە و 5 هەزار شەهیدەكەى ئەو شارە نانى پێوە دەخورێ و وەك دوكان و بازاى لێهاتووە كە ئەم دوكان و بازارەى سیاسەت لە كوردستانى باشووردا ئەگەر بەم جۆرە بڕوا ماڵ وێرانى لێدەكەوێتەوە.لە لایەكى دیكەوە ئایا ئەم بەرپرسەى كوردستان ئاگاى لە هەڵویستى ئیران بەرانبەر بە خاكى كوردستان نییە ؟ ئایا ئاگادارى ئەوە نییە كە لە رۆژهەڵاتى كوردستان رۆژانە دەیان كەس لە رۆڵەكانى ئەم وڵاتە لە سێدارە دەدرێ؟ ئایا ئاگادارى ئەوە نییە كە بۆ هەڵكردنى رەسمى عەبدوڵڵا ئۆجەلان سینگیان دەكەنە قەڵغانى گوللەى ئەو داگیر كەرەى كە ئەم بەرپرسە حەز ناكات دڵی لێمان زوێر ببێت؟ لێرەدا پێویستە بڵێم كە بەرپرسانى كوردستان تێكەڵی كۆڕ و كۆمەڵی خەڵك بن و لە نزیكەوە لە بیر و بۆچوونەكانى خەڵكى وڵاتەكەیان ئاگادار بن و با بزانن كە هەڵویستى خەڵك و رۆڵەكانى ئەم نەتەوە لە بەرانبەر سەرۆك عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا چۆنە و با بزانن كە هەڵویستى دانیشتوانى وڵاتەكەمان لە بەرانبەر داگیركەراندا چۆنە و با ئەوەش بزانن كە كورد برایەكى نییە بە ناوى تورك و عەرەب و فارسەوە ! كورد تەنها خۆی برا خۆیەتى و ئەگەر هەر جۆرە پێوەندییەكمان لە گەڵ داگیركەراندا هەیە دەبێ بە پێ یاساى وڵات و لە سەر خواستى خەڵك بێت و لە خزمەت بەرژەوەندى نەتەوەیی گەلەكەماندا رێكبخرێت و نەك تەنها لە سەر بەرژەوەندى تاقمێكى دیاری كراو سەروەت و سامانى ئەم وڵاتە بە تاڵان ببرێت و و چی دیكە مامەڵە بە خوێنى رۆڵەكانى گەلەمانەوە نەكرێت، چوار كیلو تەماتە و یان دوو دەسكە كەور و یان كەرەوز كە لە ئێرانەوە دێت ئەوە ناهێنێ كە بۆ زوێر نەبوونى دڵی بەرپرسانى ئێران دەبێ رەسمى سەرۆك عەبدوڵڵا ئۆجەلان دابگیرێت! هەڵواسینى رەسمێك ئایا ترسی ئێوە دەگەیێنى لە كۆتایی هێنان بە ناردنى ئەو چوار كیلو تەماتە و دوو دەسكە كەوەرە یان ترستان لە سەرهەڵدانەوەى هەستى نەتەوەیی و زیندوو بوونەوەى ئینتماى نەتەوایەتییە لە نێو خەڵكدا بە تایبەت لە نێو گەنجاندا كە بە هۆی هەڵسوكەوتى بەرپرسانى ئەم وڵاتەوە بن كۆڵ كرابوو و یان ترستان لە گەورەیی و شكۆ و رێز و خۆشەویستى ئەو پیاوە مەزنەیە كە پتر لە 11 ساڵە لە زیندانى یەكێ لە دڕندەترین دوژمنانى كورد دایە و رۆژبەرۆژ خۆشەویستتر دەبێت ؟ لێرەدا پێویستە ئەوە بڵێین كە بەرپرسانى ححیزبی و حكومى كوردستان ئەوە بزانن كە خەڵكى كوردستان چی دیك وەك سەرۆكی حیزبێك یان لایەنێكى سیاسی دیارىكراو و بەستراوە بە پارچەیەكى دیكەى كوردستانەوەو سەیری عەبدوڵڵا ئۆجەلان نااكەن بەڵكوو لە لایەن زۆرینەى خەڵكەوە وەك سەرۆكی گەلی كورد ناسراوە و وەك سەرۆك دەیناسێنن گەل خۆی بە خاوەنى دەزانێ و ببوە بە سومبلی بەرخۆدان و خۆراگری لە بەرانبەر دوژمنانى گەلدا ئەو دەوژمنەى كە برا گەورەى بەرپرسانى ئێمەیە و گەلیش بە مافی خۆی دەزانێ كە شانازى بە هەڵواسینى رەسمى ئەوەها سەرۆك و رێبەرێك بكات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست