کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یەكەمین ئاكادیمیای ژنان لەهەرێمی كوردستان كرایەوە

Tuesday, 04/05/2010, 12:00


ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێكی تایبەتدا، یەكەمین ئاكادیمیای ژنان لەهەرێمی كوردستان لەشاری كەركوك بەبەشداری چین وتۆێژەكانی ژنان كرایەوە.
ئەمڕۆ"30-4-2010" لە شاری كەركوك، لەگەرەكی ئازادی شارەكەو بە بەشداری سەدان ژن لەچین و توێژە تایبەتەكانی ژنان و بەرپرسی سەنتەری گەشەپێدانی ژنان خاتوو تانیا و نوێنەری یەكێتی ئافرەتانی كۆردستان و پێنج لەو ئەندامانەی كە لەشاری كەركوكەوە بەشداری كۆنفرانسی ژنی كورد لەئامەدیان كردووەو هەروەها لەشارەكانی، دهۆك وسلێمانی و هەولێر وموسل ومەخمور ژنان بەشداریان لەكردنەوەی ئاكادیمیاكەدا كرد ئەم كردنەوەیەش هاوكات بوو لەگەڵ "یەك"ی گۆڵان رۆژی كرێكاران ورەنجدەرانی جیهان و كوردستان و لە چوارچێوەی خزمەتكردنی ژنان و لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكانی ژنان كەتەواو كێشەی كۆمەڵگایە، یەكەمین ئاكادیمیای زانستی، رووناكبیری ژنان لەلایەن رێكخراوی"ناوەندی ژنی ئازاد"ەوە كرایەوە.
كردنەوەی ئاكادیمیاكە لەلایەن دایكانەوە پێكهات و پاشانیش لەلایەن شكۆفە عومەرەوە، بەیاننامەی ئاكادیمیاكە خوێندرایەوە كە لە بەیاننامەكەدا هاتبوو، ئاكادیمیای زانستی، رووناكبیری ژنان، بەمەبەستی پێشخستن وخزمەتگۆزاری ژنان و لەپێناو پێگەیاندنی ژنێكی هۆشیار و پێشەنگ وگەیشتن بەهەموو مافەكانی ژنان وئاواكردنی كۆمەڵگایەكی دیموكراتدا هەوڵدەدات كە، لە ژێر دروشمی ئازادی كۆمەڵگا بەندە بەئازادی ژنەوەو ژن، ژیان ئازادیدا، بە پەروەردەكردنی ژنان بتوانێت ببێتە هێزی چارەسەری بۆ كێشەكانی ژنان و بەرزكردنەوەی ئاستی رۆشنبیری و زانستی و پێشەیی ژنان لەهەموو روویكەوە، بە بێ جیاوازی نەتەوە، ئاین وئاینزا و بۆچوونی سیاسی، ئامادەیە كە خزمەت بە ژنان بكات.
كۆمەڵگای ئێراق و باشووری كوردستان كۆمەڵگایەكی رەگەزگەرایەو لەسەربنەمای جیاكاری رەگەزی رۆژانە ژن دەبنە قۆربان ولەمافەكانیان بێ بەش دەكرێن، كەركوكیش وەك شارێكی گرنگی باشووری كوردستان سەرەڕای ناكۆكی وئاڵۆزی لەنێوان نەتەوەو ئەتنیكە جیاوازەكان ژنان لەم شارەدا رووبەرووی چەوساندنەوەو توندوتیژی دبنەوەو تا ئاستێكی زۆر ژنان لەبواری" هۆشیاری فكری و پەروەردەیی زانستی وپێشەیی وئازادی رەگەزی، بێ بەشن، شان بەشانی رەنج و هەوڵدانی هەموو ئەو رێكخراوانەی بۆ ژنان لەم شارەدا تێدەكۆشن ئێمەش وەك، ئاكادیمیای زانستی رووناكبیری ژنان، لە پێناو خۆ ناسینی ژنان و مافەكانی خۆیان، تێكدەكۆشێ و بۆ ئەوەی ئاسوودەیی ژنان لەلایەنی زیهنی ودەروونی و سایكۆلۆژییەو جەستەیەوە چارەسەر بكات، هەڵدەستێـت بە پەروەدەی" وەرزش، هونەر، فەرهەنگ، درومان، وێنەكێشان، مۆسیقا، پەروەردەی پیشەیی، نەهێشتنی نەخوێندەواری، ناسینی خۆد و تێكۆشانی رەگەزی، فێر بوونی كەمپیۆتر وزمانی ئینگلیزی، پەروەدەی خێزان و منداڵ، پەروەدەی تەندروستی ویاسایی.....
ئامانجێكی تر ئاكادیمیای زانستی، رووناكبیری ژنان، هێنانە لای یەكتری ژنانە لەهەموو نەتەوەو ئەتنیك وئاین وئاینزا جیاوازەكان لەكوردو عەرەب وتوركمان وئاشووری وكلدانی وئیسلام وئیزیدی و كاكەیی و..... لەپێناو ئاشتەوایی كۆمەڵگاو بەیەكەوە ژیانكردنی گەلان و ئاواكردنی تەبایی و جێگیركردنی سیستەمێكی دیموكراتیانە لەكۆمەڵگادا.
ئاكادیمیاكە، هەوڵدەدات لەئایندەدا خۆیان بگەێننە هەموو ژنان لەگوندو شارەدێ و شارۆچكەكان كەزیاتر لەخزمەتكردن بێ بەشن و دەلَِێن ژنێكی هۆشیارو پەروەدەكراو گەرەنتی كۆمەڵگایەكی ئازادو دیموكراتە.
هاوكات بەرپرسی سەنتەری گەشەپێدانی ژنان بەرێز؛ خاتوو، تانیا ئاخاوتنێكی كرد وووتی؛ بەختەوەرم بەوەی كە لەناو ئەم هەموو ژنانەدا ئامادەم و لەكردنەوەی ئاكادیمیای زانستی رووناكبیری ژناندا لەلایەن ناوەندی ژنی ئازادەوە بەشداریم كردووە، هیوادارم كە ئەم هەنگاوە ببێتە، هۆی لەیەك نزێكبوونەوەی ژنان و ئاگاداربوونەوەی ماف وئەركەكانی ژنان وهەروەهاش، ئاكادیمیای زانستی ، رووناكبیری ژنانیش ببێتە، هیوایەك بۆ پێشخستن و چارەسەركردنی پرسی ژنان. بەدڵێكی فراوانەوە دەستخشی لەناوەندی ژنی ئازاد دەكەم بەم هەنگاوەیان و لەهەمانكاتدا، بۆ ئەو ئامادەكارییانەی كە بۆ بەشداری كۆنفرانسی ژنانی ئامەدیان كردبوو. ناوەندی ژنی ئازاد، بەقووڵی پێداویستیەكانی ژنانی دیاركردووەو ئەوەشی كە پێویست بێت بكرێت، هەنگاوی بۆ هەڵدەنێت. تانیا خان، سەبارەت بە كۆنگرەی ژنانی كورد لەئامەدیش، ووتی، جێگای شانازیی و سەربڵندی نەتەوەكەمانە، كە ژنانی كورد لەهەر چواربەشەكەی كوردستان لەمەهاباد و سننەوە بگرە، هەتا كەركوك، هەولێروسلیمانی و عفرین وقامیشلۆ توانیوویانە لە لای یەكتر كۆببنەوە، ئەمەش نیشانەی هێزو پێشەنگایەتی ژنی كوردە بۆخۆی. گرنگی ئەو كۆنگرەكەشی بۆ رەنج وماندووبوونی خۆدی ژنان گەڕاندەوە، كە ئەمڕۆ پرسی ژن، بۆتە، ناوەندی هەموو كێشەو گرفتەكانی نێوكۆمەڵگاو، بۆچارەسەركردنی پرسی كۆمەڵگاش، پرسی ژنان، كلیدی ئەو چارەسەرییە. لەو كۆنگرەیەدا، كێشەی ژنی كورد بەگشتی كەوتە بەرباس وگفتۆگۆوەو بۆ ئەو ئەو پیلان وبەرنامانەی كە دامانڕشتوونە، كۆمیتەیەك پێكهات كە نوێنەری هەر چواربەشەكەی كوردستانی تێدایە بۆ راپەڕاندنی ئیش وكارەكان. هیوادارم كە دووەمین كۆنگرەی ژنانی كوردیش لەهەرێمی كوردستان، ببەسترێت و ژنانیش لەم بەشەی كوردستاندا، پێشەنگایەتی بكەن.
هاوكات، ئەندامی دەستەی كارگێڕی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان، بەرێز نەجیبەعومەریش بەشداری كردنەوەی ئاكادیمیای زانستی رووناكبیری ژنانی كردبوو و لەكردنەوەی ئاكادیمیاكەدا، نەجیبەعومەریش ئاخاوتنێكی پێشكەشی بەشداربووان كردوو پیرۆزبایی لەبەشداربووان و هەموو ژنانی كوردو بەتایبەتیش ژنان، عەرەب، توركمان و هەموو چین و ئەتنیك و ئاین وئاینزاكانی نێوشاری كەركوكی كردو سەرەنجی راكێشایە سەر، گرنگی كۆنگرەی ژنانی كورد لەشاری ئامەدو ووتی؛ ژنی كورد ئەمڕۆ قۆناخێكی مێژوویی تێپەڕاندووەو پێویستە، ئەو كەسانەی كە لەو كۆنگرەیەدا، لەهەموو بوارەكاندا، دەستخۆشیان لێبكەین، و پێویستە هەمووشمان ئەوە باش بزانین، كە ئێمەی ژنان، كێشە و ئێش وئازارەكانمان یەكن. دەوڵەتانی داگیركەر لەسەركوردستان، لەبەرامبەر بە نكۆلێكردن و تواندنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی ورەگەزی ژن، یەك سیاسەت پەیرەو دەكەن. دەبێت، لەلایەن بەرێوە بردنی سیاسەتەكانیان دەبێت، جیاوازی هەبێت، بەڵام لەناوەڕۆك و جەوهەری خۆیدا، یەكەو ئەویش تواندنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی ورەگەزی ژنی كوردە. بۆیە ژنانی كورد لەئەنجامی ئەو شێوە سیاسەتانەوە، رووبەرووی گەورەترین توندوتیژی لەهەموو بوارێكەوە بووەتەوە. بۆیە ژنانی كورد لەو كۆنفرانسەدا، پێشەنگایەتی یەكێتی نەتەوەییان كردو بانگیان لەهەموو لایەنە كوردستانیەكان كرد، كە بۆ یەكێتی نەتەوەیی بەپەلە هەنگاو هەڵێنن. لەهەمان كاتیش دا، ئەو هەوڵانەی كە هەتا ئێستا بۆ بەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی بێئاكام بووە، ژنی كورد، پێشەنگایەتی بۆی كردو و لەهەمانكاتیش دا، ژنی كورد، لەم بارودۆخەدا، ببنە بەربەست لەبەرامبەر بە سیاسەتی كورد بەكورد لاوازكردن وشەڕبراكۆژی دا و لەو جێگایەی كە تێدانە، ببنە لەمپەر لەبەرامبەر بەسیاسەتی پەرتەوازەكردن و بێ هێزكردنی، هێز بەرامبەرو هەوڵی بەپەلەی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی كوردان بدرێـت. و پێویستە ئەوەش بزانین، هەتاكۆ ئێمە نەتوانین، یەكێتیەكی نەتەوەیی سازنەكەین، ناتوانین لەگەڵ نەتەوەكانی تری رۆژهەڵاتی ناویندا، ژیان بكەین و لەئاستی كۆمەڵایەتیش دا بەیەكەوە كاربكەین و رووبەرووی ئەو توندوتیژییانە ببینەوە كە لەبەرامبەر بە كۆمەڵگاو ژن لەهەر چواربەشەكەی كوردستاندا بەرێوە دەچێـت، ئەو پێشكەوتنانەی كە ئەمڕۆ لەباشوور وباكووری كوردستاندا هاتووەتە ئاراوە پێویستە بەهێزیان بكەین و لە پێناو ئازادكردنی ژنی ئازادیخوازی گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان زەینب جەلالیان و شیرین عەلەم هویی تێكۆشانی خۆمان چڕتر بكەینەوە.
لە بەردەوامی مەراسێمەكەدا، چەند پارچە گۆڕانی لەلایەن ژنە، هۆنەرمەند، بەرێز خاتوو، زارا رۆژهەڵاتی و تیپی هۆنەری كۆمەڵەی هۆنەری دیجلە، شەهید ڤیانەوە، و شای و هەڵپەركێ پێَشكەشی بەشداربووان كراو بەدروشمەكانی "ژن، ژیان، ئازادی" مەراسێمەكە، پاش دوو كاتژمێر كۆتایی پێهات.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە