هیوا ئەحمەدی منداڵکوژ، تۆ قوربانی نیت!
Saturday, 07/01/2012, 12:00
تۆ پیاوێکی کۆیلەی بێ ئیرادەی. تۆ خزمەتکارێکی بچوکی دەرباری خێڵێکی کە میللەت دوا ڕۆژ هەر دەیخاتە بەردەم دادگایەکی ڕاستەقینە.
تۆ پیاوکوژیت و حیزبەکەشت کە ڕێگە نادات بچیتە بەردەم دادگا هەر پیاوکوژە، ئەو حیزبەی ڕێگە لە دادگا بگرێت بەکارەکانی خۆی هەستێت لە یاسا لادەرە و شەریکی بکوژە.
چ حیکمەتێکە حیزبەکەت ڕێگە نادات یاسا سەروەربێت گەر ئەوە نەبێت ئەوان تۆیان ناردووە منداڵەکان بکوژیت؟
بەڵێ ئێوە پێشتر ئامادەکرابوون تەقە لە خۆپیشاندەران بکەن. خۆ هەر لەپێش بەردەبارانکردنی لقەکەتانەوە ئێوە چونە سەربانەکان و بیکەیسیەکانتان دابەست. خۆ یەکەم کەس کە بەردەی هاویشت و سەری خۆپیشاندەرێکی شکاند ئێوە بوون بۆ ئەوەی توڕەیان بکەن و بەلاڕێیاندا بەرن. فلیمە ڤیدیۆییەکان شایەتن.
جەنابت دەڵێیت ئێوە یەکەمجار دوای ئەوەی تەقەتان لێکراوە تەقەتان کردووە. دەڵێیت ئێوە ئەمری تەقەتان پێنەبووە و وەڵامی تەقەتان داوەتەوە. ئێوە هەمیشە ئەمری تەقەتان پێبووە و پێیە، ڕابردوتان شایەتە. باشە گەر ئێوە تەقەتان لێکرا ئەو هەموو پۆلیسانەی لەو ناوە بوون و پارێزگارییان لە تەقەکەرەکانی ئێوە دەکرد بۆ تەنیا یەک خۆپیشاندەری تەقەکەریان نەگرت؟ ئەو فیشەکانەی خۆتان ناتان بە دیوارەکەی خۆتانەوە هەر زوو دەرکەوت کە لە حەوشەکەی خۆتانەوە بووە بۆیە فازیلەکەتان دادگای سلێمانی بەلایەنگر دادەنێت. ئەو دادگایەی حاکمەکانی دوای لێکۆڵینەوە بۆیان دەرکەوت ئێوە خۆتان بوون تەقەتان لە دیوارەکەی خۆشتان و لە خۆپیشاندەرانیش کردووە.
دەڵێیت دەچیتە بەردەم دادگا، دیارە ئامادەکاریتان بۆ شانۆگەرییەکی تر کردووە کە کۆتاییەکەی بە خۆشیی خۆتان بێت و بۆ میللەت تراژیدیایەکی تر؟ زۆر دڵنیا بە گەر ئەمڕۆش بەفرتوفێڵ و کەڵەگایی خۆت و حیزبەکەت خۆتان دەربازبکەن سبەینێ هەر باجی ئەو تاوانانەتان دەدەن.
ئێمە دڵنیاین ئێستە یاسا داردەستێکە بەدەستانەوە و ئەنجامەکانی هەر دادگاییکردنێک بەدڵی خۆتان دەبێت بۆیە ئێمە زۆر گەشبین نین گەر بشچنە بەردەم دادگا لە هەولێر.
تۆ ڕاست ناکەیت و حیزبەکەشت ڕاست ناکات، گەرنا فەرموو ئەوە دادگای سلێمانی بچۆ خۆت ڕادەست بکە! لەچی دەترسێیت گەر لە تاوانباریی خۆت دڵنیا نیت؟ دادگای سلێمانی بۆ لایەندارە و دادگای هەولێر بێلایەن؟ کوێخا مەسعودی خۆت نییە سەرۆکی هەمان هەرێمە کە سلێمانی و هەولێریش دەگرێتەوە، ئەرێ بانێکە و دوو هەوا، مەملەکەتێکە و دوو یاسا؟
تۆ قوربانی نیت تۆ تاوانباریت!
تۆ ڕێژوان نیت تۆ هیوا ئەحمەدی کۆیلەی پیاوکوژی بنەماڵەیت!
ڕێژوان کە گەنجێکی تازە پیاگەیشتووبوو یەکێک بوو لەوانەی کە لە مەکری ئێوە تێنەدەگەیشت. ئەو ئەو رۆژەی کوشتتان و خەڵتانی خوێنتان کرد لە کاتێکدا کە ئاوڕیش دەداتەوە بۆ ئەوەی دەربازبێت لە گولەکانتان کامێرەی مۆبایلەکەی هەر وێنەی دەگرت و بزە لەسەر لێوانی بوو. خۆی دادەنەواند و وای دەزانی فیشەکیش بەردە بەر سەری نەکەوێت.
تۆ ئەو چرکەساتە ئاڕاستەی پیاوکوژەکانت دەکرد.
تۆ نەک ئەمری تەقەکردنت پێ بوو، بەڵکو هەر کە سەلام عەبدوڵاشیان لابردوو تۆیان خستە جێگەی دەزانین لەبەر چی بوو. ئەو لە کاتی هەڵبژاردنەکانی ٢٥ ی حەوتدا سەرفی نەزەری لە ڕۆژنامەنوسان و پەیامنێرەکان دەکرد و نەرمی بەرانبەریان دەنواند. تەنانەت بە ئێوەی وتبوو لق دابخەن با بەزم دروست نەبێت. ئەوە ئەو کاتەی ئێوە لە ڕۆژنامەنوسەکانتان دەدا و سوکایەتیتان پێدەکردن. تۆ وتبووت پیاو نییە لقتان پێ دابخات. لەبەر ئەوەبوو تۆ خرایتە جێگەی. تۆیان بۆیە دانا دەستەی ڕۆژنامەکوژان دامەزرێنیت و تاوان ئەنجام بدەیت. ئەو کاتە باسوخواسی خۆپیشاندانەکانی شوبات لە کولەکەی تەڕیشدا نەبوو. تۆ و گروپەکەت بە ئیعازی سەرەوەت، بە ئەمری سەرۆکەکەت و کوڕەکەی و کارگێڕی مەکتەب سیاسییەکەی ئێستاتان لەوێ دانرایت بۆ ئەوەی خەڵکی ناڕازی سلێمانی دەمکوت بکەیت.
ئێوە تەمەنی تیرۆر و کوشتارتان لەدژی میللەت زۆر کۆنە. لاپەڕەکانی مێژووتان بیر دەخەمەوە، ئەو مێژووەی ئێوە دەڵێن دروستتان کردووە. فازیل ناڵێت ئێوە مێژوون؟ دیارە ئەو و تۆ و خێڵەکەتان هەر ئەو مێژووە دەخوێننەوە کە خۆتان دروستتان کردووە و دروستی کردوون. ئاگاتان لێ نییە لای میللەت مێژوویەکی تریش هەیە کە دروستکەرەکەی میللەتە. ئەو مێژووەی ئێوە خەڵتانی خوێنە و تژییە لە خیانەت. ئێمەش ئەوە باش دەزانین. خوێنی ئەوانەی ئێوە بە بێ گوناح و بە تاوان کوشتووتانن.
ئەو مێژووە بۆ ئێوە و پیرۆزتان بێت. ئەو باڵەخانەیەی ئێوە دروستتان کردووە مەملەکەتێکە لە کوشتار و لە کەلەسەر. ئێوە پۆلپۆتی کوردستانن و جێگەی پۆلپۆتەکانیش زبڵدانی مێژووە.
مێژوو جۆری زۆرە. مێژوو هەیە لە سەربەرزی و سەرفرازی و مێژووش هەیە لە تاوان و لە خیانەت. ئەوەی میللەت یەکەمیانەو ئەوەی ئێوەش دووەمیان.
تۆ ڕێژوان نیت، تۆ هیوا ئەحمەدیت. تۆ قوربانی نیت و تۆ پیاوکوژیت!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست