مێژوو کێ بینوسێتەوە؟ ئایا نەوشیروان مستەفا لە نووسینەوەی ئەو مێژووە بێبەرییە!؟
Thursday, 05/04/2012, 12:00
وهڵامێک بۆ کاک شههاب کهریم
بەڕای بەندە مێژوو بریتیە لە (دوێنێ، ئەمڕۆ، سبەی). دوێنێ، بۆ ئەو ڕووداوانەی کە ڕوویاندا. ئەمڕۆ، بۆ خوێندنەوە و شرۆڤەکردنیان. سبەی، بۆ خۆئامادەکردن بۆ دووبارەبوونەوەیان.
مرۆڤ ئەتوانێ لەسەر هەر ڕووداوێك هەڵوێستێکی جیاواز وەربگرێ، لەکاتێکدا هەریەك لەم جۆرە هەڵوێستانە شیاو بن. ئەگەرچی -مێژوو- بریتیە لە ڕووداوی سەردەمێك، بەڵام مێژوو- هەرگیز نامرێت و لەسەر بنچینەی ڕووداوی دوێنێی مامەڵە بەردەوامە، بەمانایەکی دی، مێژوو زیندووە و ڕووداوەکانیش زیندوون.
مەبەستی من لەباسکردنی تیرۆرکردنی شەهید ووریاکانە، بۆ ئەوەیە بگەینە ڕاستیەك کەوا چۆن ئەم کەسە تیرۆر کراوکێش بەرپرسە لەم تاوانە، گەلێ گرنگ نیە کەناوی باوکیم بەهەڵە بردبێ، چونکە ئەوە ووریا-کانە مێژوو دروست ئەکەن نەك ڕەچەڵەك و باوو باپیرانیان. ئەوە ووریا-کانە زوڵمیان لێ کراوە و مێژوویان بەهەڵە بۆ ئەنووسرێتەوە.
کاك شەهاب پێی وایە نەوشیروان مستەفا- لەو ڕووداوە بێبەریە و دوورو نزیك پەیوەندی پێوە نیە. ئەمە لەکاتێکدا نەوشیروان مستەفا ئامادە نیە هیچ لەم بارەیەوە بڵێ وەیان بنووسێ. ئەمە لە کاتێکدا بە ووتەی کاك شەهاب بێ، ئەبوایە خودی نەوشیروان مستەفا بەو پێیەی کەسێکی خاوەن مۆڕاڵ، داوێنپاك، ئازا، دژە ترسنۆك و ماستاوچی بهاتایەتە سەرخەت و ئەو گومانانەی لای کەس نەهێشتایە و بزانین کە کێیە دەستی یەکەمی لەو کارە قێزەوەنەدا هەیە. یان بزانین ئایا لەسەر ئەو جوێندان و سوکایەتیە کە شەهید ووریا بە نەوشیروان مستەفای کردوە، تیرۆکرا. یان ئەوە خودی جەبار فرمان بووە و بەو حوکمەی کە کەسی یەکەمی دەستە ڕاستی جەلال بووە و بێ گەڕانەوە بۆ سەرکردایەتی و پەڕاندنی سنووری نەوشیروان مستەفا ئەم کارەی کردووە. ئەمە لە کاتێکدا کاك شەهاب ئێستاش پێمان ناڵێ کە جەبار فرمان پۆستەکەی چی بوە، تەنها ئەوە نەبێ کە ئەڵێ ئامر کەرت نەبووە (ئەی چی بووە؟).. کاك شەهاب ئەبوو ڕەچاوی ئەوەی بکردایە کە من لە ووتارەکەی خۆمدا ئاماژەم بەوە کردووە کە ووتوومە(گەر هەڵە نەبم)، کاك شەهاب وەك خۆی ئەڵێ(نیو کاتژمێم)لەکاتی خۆم برد بۆ وەڵام دانەوەی ووتارەکەی پێشووی من. جا برای بەڕێزم ماڵت ئاوابێ، بەس نیە ئەو چۆڕە کاتەشمان پێڕەوا ئەبینێ! ئەمە لەکاتێکدا سەرکردەیەکی پەکەکە-لەدوای ئەو هەموو خەبات و پاشان لەبەر زۆری ئەشکەنجەو ئازاری زیندان، چاویش لەدەست ئەداو لەهاوڕێکانی ئەشارێتەوەو پاشان وەسێت ئەکاو داوا لەهاوەڵەکانی خەباتی ئەکا؛کە مردم گەلێ داوای لێبووردن لەگەلەکەم ئەکەم کەنەم توانیوە هەموو کاتی خۆمی بدەمێ و خەباتی زیاتری بۆ بکەم. کەچی کاك شەهاب، پارتی و یەکێتی ئاسا،،، ژمارەی ساڵی خەبات و چەندجارە بریندارکردنی ئەداتەوە بەگوێمان و لای ئەو بەرێزە کەخۆی دژی ئەوەیە بەچاوی نەوشیروانەوە سەیری خەبات وشۆڕش بکەیەن وەك ئەوە وایە پایزمان پاکردبێ، کەچی ئامادە نیە لەزیاتر نیو کاتژمێر تەرخان بکا بۆ ڕاستکردنەوەی مێژوویەك!
بەداخەوە ئەگەر چی پێشمەرگایەتی کارێكی خۆبەش بوە، لێ لای یەکێتی و پارتی هەموویان بەزیادەوە بە دۆلار گۆڕیەو بەچەند قات لەسەر میلەتەکەم کەوت. ئاخر کەسێکی وەك مەسعود و جەلال جگە لەو هەموو خیانەت و جاشێتی و کورد بەیەك کوشتنە چیە وا ئەمڕۆ ئەیانەوێ ئەو هەموو ساڵانە بەخەبات پێمان بفرۆشنەوەو لە هەقی ئەو هەموو ناپاکیە ملیارات دۆلاریان وەرگرتەوە. ئاخۆ کەی بێ بەگۆرانخوازانیشەوە واز لەو کەلتوری منەت-ە بێنن و ئەوەندە باسی نەکەن. کاك شەهاب کاتێ پێشمەرگەیەك چالاکیەکی ئەکرد، هەر لەو کاتەی لە لادێکەوە خواردنی ئەدرایەو خۆراکی هاتنەوەشی بۆ ئامادە ئەکراو دواتر بەو شەوو ترس و دڵە ڕاوکێ و هیلاکی و ماندووێتی جوتیاری قوڕبەسەر کە بەتراکتۆرو گازی خۆی پێشمەرگەی ئەگواستەوە و دواتر لە شار کە ئەهێنرانە ماڵەوە و حەشار ئەدران و دواتر ئەبوو چەند کەسێ کاری تەتەری و سەرەتاتکێشییان بۆ بکردنایە، تا چالاکیەکە بەئەنجام ئەگەیندرا. ئەمانە هەمووی مەگەر خەبات نەبوون؟ مامۆستایەك مناڵانیان فێری خۆشەویستی کوردستان ئەکرد و ئامادەبوون شەق و زلەی ملازم عەلا و موحسین بخۆن تا ناوی ئەو تەلەبانە نەڵێن کە بەشداری خۆپیشاندانیان کردوە مەگەر ئەوە خەبات نیە؟ بەهەمان شێوە هەر لەچلورە فرۆشێکەوە تا هەموو کارو پیشەکانی تر بەشداری ئەو خەباتە بوون کە ئەوڕۆ بەداخەوە تەنها چەند مشەخۆرێك کەڵکی لێ ئەبین و پێوست وایە و جوانترە کەسانی تر هاوشێوەی ئەوان نەبن و چاویان لێ نەکەن. ئەگینا خەباتی کەسمان لەهی ئەو کەمتر نییە.
کاك شەهاب، بەڕێزت نەوشیروان مستەفات بەکەسێكی ئازا ناوبردوە، ئایا دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٥/٧ بۆ چی ڕازی بوو بەوەی هەر چۆنێك بێ دەرئەنجامەکان وەرئەگرن؟ کەسی ئازا چۆن ئەمە ئەکا!کەسێ خاوەنی نیو ملێۆن دەنگ بێ ئەبێ لەچی بترسێ؟ کاتێ ٢٥ کورسیان لە پەرلەمان دابین کرد، بۆچی خۆی و حەمە تۆفیق نەچوون وەك ئەندامێك شەڕی دەسەڵات بکەن ؟ کەسی ئازا چۆن بەرەی جەنگ جێدێڵێ؟ وەیان لای ئاسایی نیە لەژێر وێنەی مەلا مستەفادا بن و بەڵام لایان ئاساییە ئەندامانی خۆیان لەژێر وێنەکەی مەلا مستەفا بچن و بێن!! کەسی ئازا ئەمانە چۆن ئەکا؟
لەساڵانی هەشتاکاندا ئەو کاتەی ڕاپەڕین وخۆپیشاندەکان دژی ستەمی بەعس شەقامەکانی سلێمانی هەندێ شوێنی گەرم کردبوو، نەوشیروان مستەفا ئەینارد بەدوای کەسە ئازاکان و نامەی دەسخۆشی و ئازایەتی بۆ ئەنووسین و داوای ئەکرد سەردانی بکەن و لەنزیکەوە بیبینن،، کەچی لە ڕاپەڕینەکەی ١٧ شوبات ، هەموو ئەو کەسانەی بە گێرەشێوین وەسف کرد کەبە فیتی ئەو هاتنە سەر شەقام و پشتی تێکردن..ئایا ئەمە ئازایەتیە؟ ئەی بۆچی دوای ماوەیەك هەر خۆی سەردانی (زمناکۆ)ی کرد، خۆ ئەوەش گێرەشێوێن بوو (بەقسەی ئەو)؟
بەڕێزم ، مێژوو وەك تابلۆیەك وایە هەریەکەمان بەشێوەیەك ئەبینین و هەریەکەمان لەگۆشەنیگای خۆیەوە هەڵسەنگاندنی بۆ ئەکا. وە هیچ کات مێژوو بەتەنیا نانووسرێتەوە،ئەگەر وا، ئەوا مێژوویەك پڕ لەهەڵەو کەموکورتی ئەخەینە بەردەست نەوەکەمان . هەر لەنمونەکەی شەڕەکەی جەمالی عەلی باپیرو شێرکۆی شێخ عەلی، کەخۆم چەند کیلۆمەترێك لەو ڕووداوە دوورم بوم و لە دێی سوسێ هەر کەسەو کەئەگەڕایەوە بەشێوەك باسی لێوە ئەکرد، ئایا ئەمە مانای ئەوەیە ئەو جۆرە باسکردنانە نەخرێنە نێو لاپەڕەکانی مێژووەوە وەیان بڵێن هەڵەن؟
لەکۆتاییدا حەزم کرد ئەو چەند دێرە بنووسم و هیوام وایە بەگیانێکی وەرزشی وەریبگری، بۆیە وەك (نیتشە) ئەڵێ: لاوازی بیروو بۆچوون ئەوە نیە کەتەنها لاوازە لەبەرئەوەی دژی ئەوەستینەوە. بەڵکو بۆ ئەوەیە تاچەند ئەو بیروو بۆچوونە یارمەتی دەرە لەدرێژکردنەوەی ژیان و پاراستنی جۆرو ڕووداوەکانێتی.
ووتارهکهی کاک شههاب کهریم
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=24f8668a
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست