په‌رله‌مان لە نێوان غیابی روئیا و قەیرانی بوونی دایەلۆگەکان (ڕه‌جم و فره‌ژنی وه‌ك نمونه)
Saturday, 18/10/2008, 12:00
2427 بینراوە
ئه‌م وتاره له ساڵی 2008 دا له سایتی كوردستانپۆست بڵاوبۆ‌ته‌وه به‌ڵام له‌به‌ر وه‌ستانی سایته‌كه بۆ چه‌ند ڕۆژێك كه به‌هۆی ڤایرۆسێكه‌وه بوو به‌شێكی زۆری وتاره‌كان نه‌مان و دیلێت بوون بۆیه به‌پێویستمان زانی جارێكیدی ئه‌م وتاره بخه‌ینه‌وه ناو ئه‌رشیفی نووسینه‌كانی نووسه‌ر.
لە یەکەم کۆبوونەوەی په‌رله‌مان لە 27/10/08 سەبارەت بە هەموارکردنی پرۆژە یاسای باری کەسێتی، گەرماو گەرم گەنگەشەکانی هۆڵی په‌رله‌مان بۆ بینەران و هاونیشتمانیانی کوردستان ڕاستەوخۆ لەچەند کەناڵێکی ئاسمانی و، دواتر له كه‌ناڵه لوکاڵییه‌كان گفتوگۆکان پەخش ده‌کران.
دیارە دانیشتنی ئەنجومەنی نيشتیمانی بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر یاسای باری کەسێتی و، پرۆژەی هەموارکردنی ئەم یاسایە چەند تەوەر و باس و پرسی جیاجیا وەخۆ هەڵدەگرێت لە هەردوو ڕه‌هه‌ندەکەیدا (شەرعی و قانونی) بێگومان ئەمەش پێویستی بەلێکۆڵینەوەیەکی زانستیانەو دیراسەکردنێکی مەوزوعیانەی قووڵ و فراوان هەیە. دیاره تاوتوو کردنی ئەو پرس و کێشانەش پێویستیان بە ئەرزیەتێکی ساز‌و، کەشوهەوایەکی گونجاوو، جڤاكێكی موتەمەدن هەیە. ئەم جڤاكەش فەراهەم نابێت بێ هەبوونی کۆمەڵێك دەزگای مەعریفی مۆدرنانە و خواستی ده‌سته جه‌معی بیر‌و عه‌قڵی ته‌ندروست بۆ بەرهەمهێنانی تاکی تەندروست. کەواتە بوونی تاکی مەدەنی یەکسانە بە کۆمەڵگه‌یەکی تەندروست و موتەمەدن واتە فەراهەمهێنانی زه‌مینه‌یه‌كی ساز‌و له‌بار بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی تۆی دیموكراتییه‌ت و پێكه‌وه ژیان و پره‌نسیپه‌كانی كۆمه‌ڵگه پێشكه‌وتووخوازه‌كان.. ئەم بۆچوونانەی باس لە پرس و پرۆژەو یاساکان دەکەن بەم ڕواڵەتییە لەهەقیقەتدا بە سادەکردنەوەی كێشه و سوک سەیرکردنی بابه‌ته‌كان و، نەخوێندنەوەی ناواخنی ئەسڵی مەسەلەکانە. لە زۆربەی وڵاتە شەرقییەکان بەهۆی پاشخانێکی خاپور لە وەزیفەی عەقڵ و ته‌فکیر، لێوان‌لێو لە ده‌مارو، نغرۆ بە فەزای قیاس و تەقلید؛ قانون دەبێتە ئامراز‌و وەسیلەیەک بۆ بەرپاکردنی دیکتاتۆریەت، به‌ڵكو ئامرازە بۆ ستەمكردن!! هەرکاتێک وەزیفەکانی زیهن کە داینەمۆو كارۆكتیڤی عەقڵە بە مه‌ساڵیح و سیاسەت و قیاس و دەرهاوێشتەکانی سپێردرا ئەوه هەندەسەی فیکر‌و چرای عه‌قڵ لەکار ده‌كه‌ون. هه‌ر لەم سۆنگەیەشەوە کاتێك ئاین لە کایەی خۆی ده‌رده‌چێت و تێکەڵ بە قیاس و سیاسەت و هه‌واو، جەنجاڵییەتی دونیای مرۆڤە بەرژەوەند خوازەکان ده‌بێته‌وه، كاره‌ساته‌كان سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، چوون كه ئاین تێكه‌ڵ بە فه‌زای عادات و تەقالید بوو له‌كایه‌و وه‌زیفه‌ی خۆی ده‌رده‌چێت، دەبێتە کەلتورێکی کەڵەکەبووی پڕ لە تەشویهات و تەئویلات ئه‌وسا پێویست به‌وه ده‌كات پێناسه‌كان بۆ شته‌كان بگه‌ڕێنینه‌وه تا له‌سایه‌ی پێناسه ڕاسته‌كان پێش به‌كاره‌ساته‌كان بگرین و فه‌رمه‌له‌ی هارده شێواوه‌كانمان بكه‌ینه‌وه! ئنجا بۆ ئەوەی ئەم کەشوهەوایە ناله‌بارە چیتر چەکەرە نەکات و پەل نه‌هاوێت، بەپێچەوانەوە تەرەقی بەعەقڵ و فیکر بدرێت، تەمەدون پێش بكه‌وێت، هەنگاوەکانمان حەکیمانە ئاراستە بکرێت له‌گه‌ڵ تێروانین و عەزیمەت و به‌رنامه و پلان داڕشتن، بەرجەستەبوونی ئەمانە له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع تەنها به‌جێبه‌جێكردن و پراكتیكردنیانه بەخێرایی. کەواتە تێروانین و پلان و پرۆگرامكردنی ژیان و كۆششی فیكر‌و عه‌زیمه‌ت و ته‌تبیق لە جێبەجێکردنیان بنكه‌و بناغەن بۆ لێدانی بیرە نه‌واتییه قانونی و بنەما ئینسانییەکانە كه ئه‌مه‌ش لوتکەو هەڕەمی تەرەقی بوونە. لوتکەی کەمالیەت و فه‌همی ئینسانییه‌تە تۆ بزانیت کێیت؟ جێگه‌و پێگه‌و ڕێگه‌ت لەکوێ؟ بۆچی؟ له‌به‌رچی؟ كه‌ی؟ بۆ؟ ئەجێندات؟ حورمەتت؟ حوماتت؟ روئیات؟ پەیامت؟ ئارمانجت؟ چالاکیەکانت؟ پرۆژه‌كانی تەوعیەو، زانست و، تەنمیەو، پێگه‌یاندنت؟ کوان ئەمانە مەحەللیان لە ئیعرابی کۆشک؟؟ هه‌ر لەو میانەدا حەزدەکەم ئه‌وه بڵێم کە تا ئیستا په‌رله‌مان نەیتوانیوە لەچەند مەترێک دووری کورسیەکانی، (قانون) پیادە بکات! چۆن ده‌توانێت لەدوورایی چەند کیلۆمەترێک له‌دووری باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مان بەرجەستەی بکات!؟ دووکەڵی ئه‌ندامه جگەرەكێشه‌كانی ناو په‌رله‌مان و پاسەوانەکانی چاکترین نمونەی بەرجەستەکراوی جێبه‌جێكردنی قانونن!!! دیارە لەبنەچەدا ئەم وشەیە (قانون) عەرەبی نیيە بەڵکو لە (Kanon)ی لاتینییەوە وەرگیراوە کە واتای بنەماو ڕێکخستن دەگەیەنێت. لەوەوەش (Canon)ی فەڕەنسی وەرگیراوە کە لە سەردەمی مەسیحییەکان بەو بڕیارانە دەگوترا کە لە مەجامیعە کەنیسیەکان دەردەکران. کەواتە ئه‌وروپاییەکان لەمەشدا پێشینه‌ن (مەبەست لە بەکارهێنانی وشەکەیە بۆ گوزارشت کردن لە بنەما گشتی یەکان) تەنها ئەوەندە هەیە کە ئەوان بۆ بڕیارەکانی دینی ئەم وشەیان بەکاردەهێنا. کەچی ئینگلیزەکان وشەی (jurisprudence) یان بەکاردەبرد. فەڕەنسیەکانیش (Driot)یان بەکار دەهێناوەک بەڵگە هێنانەوە لەسەر یاساکان بەشێوە گشتییەکەیی و ئەو یاسایانەی کە لە دەسەڵاتی یاسادانانەوە سەرچاوەیان دەگرت. پاشان (قانون) بوو بە رەدیفی دیموکراسییەت لەدەستی یاخیبووان وەک وەسیلەیەک بەکاریان دەهێنا لەپێناو خۆشگوزەرانی و رەفاهیەت لەسەر حیسابی خەڵکی ڕەش و ڕووت.. هەر ئەو یاسایانە لە تیم و بازنەیەکی دیاریکراودا خۆیان مەڵاس و مەند نەكرد بەڵکو تەواوی دەروازەکانی ژیانی گرتەوە. لەوانە یاسای باری کەسێتی، بۆ نمونە کێشەی فرەژنی کە تەوەری تاوتووکردن و سه‌نته‌ری گفتوگۆکان بوو لە دانیشتنی په‌رله‌مان كه بەهەقەت بەشێک لەو گفتوگۆیە گەرمە بەشێک لەو یەکتر خوێندنەوەو کۆبوونەوە دیموکراسیخوازانەی ناو په‌رله‌مانی وڵاتانی ئه‌وروپی خستینەوە یاد سەرەڕای کەموکوریەکان و دەرچوون لە ئەتەکێتی گفتوگۆكردن لەلایەن هەندێکیان. ئافه‌رین بۆ هەردوو بۆچوونە جیاوازەکان كه به‌و نه‌فه‌سه فراوانییه‌وه گه‌نگه‌شه‌كانیان ئاراسته كرد لەسەر حاڵەتی- ڕەنگە لە داهاتوودا ببێتە دیاردە پاش ڕێگا بۆ خۆشکردن- فرەژنی کە بەڕای من بێهودە بوو بووه بابەتێکی گەرموگوڕی په‌رله‌مانتاران هەر وەک ئاماژەی پێدرا لەلایەن په‌رله‌مانتارێکی ئافرەتەوە بە باس و سەردکردنی ئامارەکان بۆ دەگمەنی حاڵەتەکەو حەوجە بە باس و خواس نەکردنی.
ته‌ماخوازین بە هەمان شێوه چارەسەری گیر‌و گرفت و قەیرانە ترسناکەکانی ناو کۆمەڵگه بکەن تا دەگەنە چاره‌سه‌رێكی ڕادیکاڵ بۆ ئەسڵی مەبەست ئەویش فەراهەمهێنانی دادپەروەری و یەکسانی و بەختەوەری هاوڵاتیانە. هیوادارین دەرمانێک بدۆزنه‌وه بۆ قورحەی گەندەڵی! ده‌بوایه گەڕان بەدووای چارەسەرو دیتنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌رمانه و بیرکردنەوە لە به‌كارهێنانی و، خێرایی لەجێبەجێکردن دەبوایە خوانی بەردەوامی گفتوگۆکانی ناو په‌رله‌مان بێت. شرۆڤەکردنی ئەم جۆرە یاسایانە و هەموارکردنیان لەم ئان و ساتەدا پێویستیان بەهەڵوەستە لەسەرکردن و، بڕیاری حەکیمانەیە. ئەم جۆره گفتوگۆیانه به بڕوای من وه‌ك پێویست نارژێنە خانەی بەرژەوەندییە دوور ئامانجه‌کان. ئەم بڕیاردانە روئیا‌و ڕەهەندی رامیاری، ئابوری، ئیقلیمی قووڵی گەرەکە. سەرنجی واقیع بدەن و ته‌ماشای نەزەری ئەوی دیکە بكه‌ن بزانن له چ توخمێکه؟ دەسەڵات چۆن بەڕێوە دەبات؟ چۆن یاری بەعەقڵ و گاڵتە بەپێکهاتەی ئیدارەی سیاسی و، ئیڕادەی گەله‌كه‌مان دەکات؟؟ سەرنجی ئەو تۆپە ئاگرینە ئیقلیمییە بدەن! چۆن ڕه‌وانی نێو ساحەی سیاسیمان، نەتەوەییمان، ده‌كرێت بۆ لە باربردني پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌ییمان؟!! ئەوان زانستەکانی دیپلۆماسییەتیشیان باش هەرسکردووە بۆیه چاك دەزانن یاری بکەن. لەدیرۆکی مێژوودا هونەری یاریکردنیان بەمیرات بۆ ماوەتەوە.. کەچی په‌رله‌مانتارانی ئێمە له غەمە نەرجسییەکانیان به‌ولاوه هیچی دیكه له هه‌گبه‌ی ئه‌وان دانییه بۆ تاوتووكردن! ئەلفوبێی داهات و ئابووری وڵات و گرینگی دان بەکات و بەدیهییاتی مافی هاوڵاتیانیش لەوێدا توڕدراوە!! من ناڵێم عەجەلەی پێشکەوتنمان با ڕابگرین و پڕۆژەکان بوەستێنین یان خۆمان بەکەم بزانین، دەورووبەریش بە عیملاق!! یاخود تەربیەتی فیکریمان لە تیۆری موئامەرەوە سەرچاوە بگرێت و ڕوانینه‌كانمان قالبی حازرکراو بن لەدەقە قانونی و تێکستە مه‌زنه‌كان، بێ ئیجتیهادو تێفکرین؟! خۆی دەبێت ئێمە بەرژەوەندی درێژخایەن و دوورمەودا بە بەرژەوەندی کورت خایەن و به‌ر‌ده‌ست نەگۆڕینەوە!! په‌رله‌مانتارێک ڕاستی پێکا کاتێك باسی لەدوو تەریبی تەربیەتی لەیەک جیا‌و، دوو ئاوەزو، دوو ئاراستەو بیرکردنەوە، دوو بەرژەوەندی و، یەک سیاسەتی پەرتکەو زاڵبەی ناوچەکە کرد دژ بەکیان و پێکهاتەمان وەک خۆی خستییە بازنەیەکی واقیعبینانەو ڕەهەندە دوور مەوداکان دوور لە تەرحە کۆپیکراوەکانی کلاسیک کە بەماسک و ماکیاجی فاشیۆن مۆدێلانە سواقدراوە!! ئێمە هەیمەنەی ئاینی و سیاسی و مەعریفی و کەلتوری و ئابوری و تەنانەت هونەریشمان کەوتۆتە ژێر کارای کاریگەری دراوسێکان! زۆر بە ڕاشکاوانە کاریگەری بەسەر تەرکیبەو کەڵچەری گەلەکەمانەوە دیارە. ئایا دەکرێت تاوتووی چەند بابەتگەلێ بکەین بێ باسکردن لەمێژوو، کەلتور، یان لەبەرچاو نەگرتنی هەیمەنەی ستراکچەری ئەوان؟ کوا ئەو زەمینە سازییە؟ کوا پێکهاتەی تەندروستت بۆ ئەم ئامانجەیەو...تد؟؟؟
هەندێ ڕه‌خنه‌و تێبینیم هەبوون لەسەر ڕای چەند په‌رله‌مانتارێک لەبارەی فرەژنی و مەسەلەی (ڕەجم!) کە بەناهەق بە دینی ئیسلامه‌وه لکێنراوە. په‌رله‌مانتارێکی یه‌كگرتوو باسی حوکمی (ئیعدام - ڕەجم)ی کرد بۆ ژنێك كه مێردی هه‌بێت و پیاوێك كه خێزاندار بێت لەکاتی ئیسپات بوون به تێوەگلانیان به‌م کرداره نا شه‌رعییه. دیاره ئەمە هیچ بنەمایەکی فیکری، مەعریفی لە قورئاندا بۆ نییە بەڵکو دەخیلە بە ئیسلام و حوكمێكی ته‌وڕاتی ده‌ستكاری كراوه كه خۆی خزاندۆته نێو شه‌ریعه‌تی ئیسلام و لەچەند ریوایەتێکی بێ بنەماو لێوان لێو لە پارادۆکس و بێ مێژووێكی دیاریكراو ئەم حوکمە هەڵبەستراوەو زۆر زیرەکانه‌ش نەخشه‌ی بۆ كێشراوە کە دژ بە یاسا‌و ڕێنمایی و تۆلێرانس و پرەنسیپەکانی قورئانە. سەرنجێکی هێمنانەی ووردی ریوایەتی (رجم القرود!)ی "بوخاری" بدەن ئەوکات دەزانن گرفتەکە لە کوێوە سەریهەڵداوه: بڕوانه (فتح الباري بشرح صحيح البخاري ج 7 ص 160 ح 3636 ط دار المعرفة تحقيق محمد عبد الباقي ومحب الدين الخطيب (
... رأيت في الجاهلية قردة ــ بكسر القاف وسكون الراء واحدة القرود ــ اجتمع عليها قردة ــ بفتح الراء جمع قرد ــ وقد ساق الإسماعيلي هذه القصة من وجه آخر مطولة من طريق عيسى بن حطان عن عمرو بن ميمون قال كنت في اليمن في غنم لأهلي وأنا على شرف فجا‌ء قرد مع قردة فتوسد يدها فجا‌ء قرد أصغر منه فغمزها فسلت يدها من تحت رأس القرد الأول سلا رقيقا وتبعته فوقع عليها وأنا انظر ثم رجعت فجعلت تدخل يدها تحت خد الأول برفق فاستيقظ فزعا فشمها فصاح فاجتمعت القرود فجعل يصيح ويوميء إليها بيده فذهب القرود يمنة ويسرة فجاءوا بذلك القرد اعرفه فحفروا لهما حفرة فرجموهما فلقد رأيت الرجم بني آدم قال بن التين لعل هؤلاء كانوا من نسل الذين مسخوا فبقي فيهم ذلك الحكم)!
یان ریوایه‌تی ((
حدثنا نعيم بن حماد حدثنا هشيم عن حصين عن عمرو بن ميمون قال: رأيت في الجاهلية قرْدة اجتمع عليها قرَدة قد زنت فرجموها فرجمتها معهم!)) صحيح البخاري.. سه‌دان به‌ناو فه‌رمووده‌ی دیكه‌ی له‌م شێوه كه به‌ده‌م پێغه‌مبه‌ری خودا هه‌ڵبه‌ستراون ــ مرۆڤ قێز له سه‌رد و باسكردنیان ده‌كات ــ له‌ناو هه‌مان "سه‌حیح دا!" زه‌ق و ڕوون دیارن. ته‌نانه‌ت ریوایه‌تی ده‌ستكردی ماعیز و غامیدیه‌ش به‌هه‌مان شێوه له‌م مه‌رام و ئۆینه‌ی عه‌بباسییه‌كان به‌ده‌ر نه‌بووه!!! ئه‌مه‌ش هه‌قیقه‌تێكی ونه به‌ڵام هێزی هه‌رزه‌گۆیی و درێژدادڕی مێژوویی كه‌ڵه‌كه‌یان كردووه‌و ڕێكلامیان باڵاتره به‌داخه‌وه. ئه‌گینا قورئان به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر نه‌بوونی ئه‌م حوكمه! چونكه پرسیار ده‌وروژێنێت له‌ناو هزره‌كان كه بۆچی باسی جه‌ڵدی كردووه به‌ڵام باسی ڕه‌جمی نه‌كردووه؟؟ كامه‌یان ئیزهاقی نه‌فسه و ده‌بێت باسی لێوه‌بكرێت؟! ئه‌م حوكمه قورسه، دوور له تۆلێرانس و بنه‌ماكانی ئیسلام، ده‌بێت بۆچی بۆ فه‌رمووده‌كانی پێغه‌مبه‌ری "رحمه للعالمین" جێ هێلرابێت له‌كاتێكدا "جه‌ڵد" حوكمه‌كه‌ی سوكتره باسی لێوه‌ده‌كرێت؟؟؟ باسی ئایه‌تی ڕه‌جمی درۆینه‌ی ((الشيخ والشيخة اذا زنيا فارجموهما البتة)) لێره‌دا تاوانێكی یه‌كجار گه‌وره‌یه ده‌ر‌هه‌ق به كتێبی خودا ده‌كرێت!! ئه‌و به‌شه له بابه‌تێك كه فڕی به‌سه‌ر دینی خوداوه نییه به‌ناوی (ناسخ و مه‌نسوخ) به (ما نسخ تلاوته دون حكمه) ناو ده‌برێت كه جگه له ناشرینكردنی دینی خودا‌و فیتنه‌و كاره‌سات بۆی هیچی دیكه نییه.. له‌ئاینده‌دا بۆ ئه‌م بابه‌ته به‌تێرو ته‌سه‌ل ده‌گه‌ڕێمه‌وه. بۆیه پێویسته ئه‌م حوكمه ته‌وڕاتییه له فیقهی مسوڵمانان وه‌لابنرێت و توڕبدرێت تاچیتر به‌هه‌ڵه له چه‌مكه قورئانییه‌كان حاڵی نه‌بین به‌ڵكو په‌رده‌ی ته‌حریف به‌سه‌ر عه‌قڵ و تێڕامانه‌كان ڕاماڵین و گه‌رای هۆگری به توڕاس و ته‌قدیس كردنی ده‌قه مێژووییه‌كان (مه‌به‌ستم بوخاری و موسلیم و قسه‌ی زانا‌و گوته‌ی فوقه‌هاو ڕیواته درۆینه‌كانه) ته‌واو بڕمێنین. كه‌واته ڕه‌جمكردنی پیاوی خێزاندارو ژنی به‌مێرد وه‌ك گوتم حوكمێكی "ته‌وڕاتی" مونحه‌ریفه خۆی خزاندۆته نێو فیقهی مسوڵمانان و له‌ژێر سێبه‌رو نسێی ته‌فسیره كۆن و نوێكانی قورئان خۆی مه‌ڵاس و خه‌فه‌داوه! گەر تێخوێندنەوەیەکی قووڵ و هەڵوەستەیەکی هێمنانە لەئایەته‌كانی ژمارە (15)ەو (16)ه‌و (25)ی سوڕەتی (النساء) و ئایەتی (30) سوڕەتی (الاحزاب) بکەین ئەو هەقیقەتەمان چاك بۆ ڕۆشن دەبێت کە عەقڵییەتی تاریخی و ته‌فسیراتی توراسی چ كاره‌سات و زه‌ره‌ر و زیانێكی بێ وێنه‌ی فه‌راهه‌م هێناوه دوای خۆی. چه‌ندین قسه‌ی كلاسیك و گوته‌ی ڕابردوو هه‌یه له‌چه‌شنی (عليكم بسنتي وسنة الخلفاء الراشدين المهديين من بعدي تمسكوا بها عضّوا عليها بالنواجِذ) یان (عليكم بالأمر العتيق) یان (عليك بآثار من سلف وإن رفضك الناس وإياك وآراء الرجال وإن زخرفوه لك بالقول) ئنجا (خذوا العلم م‌من مات لأن الحي لا يُؤْمَن عليه الفتنة) تا ده‌گاته (اقتدوا باللذيْن من بعدي أبي بكر وعمر) بوونه‌ته هۆی كارتێكردن و كارلێكردن و سه‌رهه‌ڵدانی ته‌سقیفێكی ویراسییانه كه نه‌وه دووای نه‌وه پێی مه‌ست و گیرۆده بێت به كۆپیكردنه‌وه‌ی فیقهی به‌سه‌رچوو، و فیكری ڕابردوو. به‌م كاره جڤاكه‌كان ده‌بنه‌وه نوسخه‌یه‌كی كۆپیكراوی ئه‌وان سه‌رده‌مان و به فیكر‌و سه‌قافه‌ی ڕابردوو كۆڕی ژین و دینییان به‌ڕێده‌كه‌ن و ئاماده‌بوونیشیان له چه‌رخی سه‌رده‌م ته‌نیا ئاماده‌بوونێكی خێوه ــ شه‌به‌حی!! ده‌بێت ئێمه ئه‌و دوو شته له‌یه‌ك جیاكه‌ینه‌وه، ده‌قی ئیلاهی له‌گه‌ڵ فه‌همی جڤاك و كارلێكردن و كاریگه‌ربوونی به‌و ده‌قه ئیلاهییه چونكه ته‌فاعولی كۆمه‌ڵگه و كارلێكردنی جڤاك به ده‌ق و داڕێژتنی مه‌فهوم و داتاشينی ته‌فسیرو مانا بۆی ــ ده‌قي ئیلاهی ــ ملكه‌چه بۆ عامیلی مێژوو ، چونكه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جڤاك به گوێره‌ی ئالییه‌ت و ئامرازه‌كانی مه‌عریفه‌ی سه‌رده‌می خۆی ته‌عامول له‌گه‌ڵ ده‌ق ده‌كات كه‌واته فه‌هم و تێگه‌یشتنی هه‌ر جڤاك و گه‌لێك تایبه‌ته به‌خۆی و به سه‌رده‌می خۆی و به كات و شوێنی خۆی، تێپه‌ڕو سه‌رناكات بۆ كه‌سانی دیكه‌ی جیاواز له چه‌رخ و فیكر‌و فه‌هم و ئالییه‌ته‌كانی مه‌عریفه‌ی ئه‌وی جیا له‌و، مه‌گه‌ر وه‌ك كه‌ڵه‌كه‌یه‌كی سه‌قافی و، توراسی، بۆ كه‌ڵك وه‌رگرتن سوودی لێ ببیننرێت ئه‌ویش پاش له‌بێژینگدان و هه‌ڵاوێردكردنی به‌گوێره‌ی تێگه‌یشتنی سه‌رده‌م و ئالییه‌ته‌كانی زانستی هاوچه‌رخ. لێره‌دا ده‌قی ئیلاهی به‌رده‌وام ده‌بێت له بوون و به‌خشینی كات و شوێن به هه‌ر جڤاكێك بۆ كارلێكردن له‌گه‌ڵی به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ به‌گوێره‌ی میكانیزمه‌كانی بویه‌ر. بەهەمان شێوە ئایەتی فرەژنی دەبێت بخرێتەوە كۆنسێپتی سیاقی جوان و چوارچێوە بەرزییەکەی خۆی تا یه‌كبوونێكی ته‌واوكاری ڕیزبه‌ندی بابه‌تیانه بەرجەستە بکات لە ئاوێنه‌ی ڕوونبینینی قورئان خۆی. نەک له دیدێكی دیلی تەقلیدیانه‌ی توڕاسه‌وه. خودی ئایەتەکە باس لە حاڵەتێکی تایبەت دەکات كه مەسەلەی بێوەمێردو (الأرامل) زارۆكه هەتیوەکانەو خودان کردنیانە بەوپەڕی شەفەقەت و میهرەبانییه‌ته‌وه. ئەمە هیچ پەیوەندییەکی دوور و نزیک بە بابەتی فرەژنییەوە نییە؟؟؟ چونكه خودی ئایه‌ته‌كه (وان خفتم الا تقسطوا فی الیتامی فانكحوا ما طاب لكم من النساء مثنى وثلاث ورباع) باس له خودانكردنی هه‌تیوانی بێ باوك و قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی شه‌فه‌قه‌تی باوكایه‌تییه بۆیان ئنجا خودانكردنی ئه‌و ئافره‌تانه‌یه كه وه‌ك هه‌تیوانن (یتامی النساء). لێره‌دا گرفتەکە لە توراس و ته‌قدیسكردن و تەوزیفکردنی ئه‌و به‌رگه‌یه كه بەسەر شان و باڵی توراسدا فه‌رزكراوه وەک بەرگ و پۆشاکه‌كه‌ی (عوسمانی کوڕی عەفان) کە سەرتاپای بیروهۆشی مسوڵمانانی تەنی لە کاتی خۆیدا. هه‌نووكه‌شی لەگەڵ دابێت مسوڵمانان پێیەوە دەپلیشێنەوەو باجه‌کەی وا دەدەن، داخی گرانم...
تەقدیسکردنی توراس، ئنجاوەرگرتنی ئەحکامی شەرعی لە سیڕەو، خودی مێژوو، زنجیرە درامایەکی پڕ لە فەوزاو، تراژیدیایەکی جەرگبڕی لە فۆرمێکی گراندا بەدوای خۆیدا فەراهەمهێنا کە ئێمە هەمیشە بەهەڵە ناوی دەنێین (مێژووی ئیسلام!) ئاخر ئیسلامی (نص) كه قورئانه، جیایه له‌گه‌ڵ ئیسلامی توراسی و تاریخی، کە هەمووی بەچاک و خراپ و لارییەکانی ناوی پێی دەگوترێت مێژووی مسوڵمانان نەزیاتر، ئەمە مێژووی مسوڵمانانە. دوور‌و نزیک ته‌ئسیر له‌سه‌ر ئیسلام دانانێت به‌وه‌ی كه باوه‌ڕت به‌و مێژووه نه‌بێت ئیدی كافر ده‌بیت یان باوه‌ڕ پێ بوونی به‌شێك بێت له ئیمان! ئه‌مه هیچ پەیوەندییەکی هاڕمۆنی بەسه‌ر یه‌كه‌وه نییه.. بەرهەمی فیکری کەسەکانی ناو مێژوو، سلوک و مومارەسەی ڕۆژانەی ژیانیان پێی ناگوترێت ئیسلام یان دین. ئەمە دوو شتی لەیەک جیان و زۆر توند تێکەڵ بەیەکتری کراون. فه‌رمووده‌ی نه‌به‌وی مادده‌یه‌كی مێژووییه‌و هیچ قودسییه‌تی نییه هه‌رگیز! سیفه‌تی وه‌حی ئیلاهی پێوه نالكێنرێت. چونكه وه‌ك گوتمان ده‌ره‌نجامی كارلێكردنی پێغه‌مبه‌ری خودایه به ده‌قه‌كانی قورئان به‌گوێره‌ی ده‌رهاوێشته‌كانی چه‌رخ و میكانیزم و ئالییه‌ته‌كانی مه‌عریفه‌ی كات و شوێن ده‌بێت تێخوێندنه‌وه‌یان بۆ بكرێت. بۆیە گەر کەسێك بیەوێت ڕەخنە لە بەرهەمی فیکری زانایه‌ك یان سلوکییاتی ناو مێژوو بگرێت ئه‌وه بەلای زۆربه‌ی مسوڵمانان ئه‌و هه‌وڵه یه‌كسانه ــ ڕەخنه‌گرتن لە مێژوو، سلوک و هه‌ڵسوكه‌وته‌كان ــ بە ڕەخنەگرتن لە ئیسلام كه ده‌قه‌كانن ــ مه‌به‌ستم له ده‌قه‌كان ته‌نیا قورئانه ــ ئەوەیه بەپیرۆز زانینی توڕاس و مێژوو. ئنجا هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ش بەڕووی ئه‌و هه‌وڵه تاكه‌كه‌سییه‌دا هه‌ڵدەپڕژێن و له كارگه‌ی فه‌تواكانیان مۆركی ته‌كفیر بوون و زه‌ندیق بوونی بۆ به‌ڕادان ده‌ده‌ن و دەردێکی وای پێدەکەن تەنانەت لەگەڵ زاتی خۆشیا هەست بەغوربه‌ت و نامۆبوون بکات؟!! نمونەگەلی زۆرم لەبەردەست داهەن لەناو خودی توراس و مێژوو بۆ دەوڵەمەندکردنی ئه‌و بابەتە بەڵام ئێرە شوێنی باسکردنیان نییە. ئەمەش ده‌ره‌نجامی دەرهاوێشتەکانی قیاس و ته‌قدیسه بۆ توراس و کورتەکی مێژوو! خۆ ئه‌گه‌ر ده‌مارگیرییه‌ت و گرێ کوێرەکانی تەقلیدت لە زیهندا هەڵنەته‌کاندو لەناخیشتدا دروشمی ئیجتیهادت نەڕواندو ئه‌ڵقەکانی تەقلیدت وەک بەربەست لەپێش گه‌شه‌سه‌ندنی فیکر‌و به‌هره‌كانی عەقڵ نەشكاند ئەوه وەک چۆن قورئان بۆمانی دەگێڕێتەوە هەر وایە ((ان تحمل عليه يلهث او تتركه يلهث)) يان ((وهو کل على مولاه اینما یوجهه لایات بخیر))! قورئان، فێری مه‌شقی عه‌قڵ و ووزه‌ی دڵ و گیانمان ده‌جولێنێت و وه‌گه‌ڕی ده‌خات کە چۆن یاخی بین بەسەر داب و تەقالیدو کۆستەکانی بەردەم گەشەسه‌ندنیان. ئنجا ئینقیلاب بەسەر جمودی فیکرە کۆپیکراوەکان و گۆڕینیان بۆ جهودی هزره کۆششیه‌کان. قورئان وا ئاراسته‌مان دەکات. سەرنجی ئەم ئایەتانە بدەن:
((واذا قیل له‌م اتبعوا ما انزل الله قالوا بل نتبع ما الفینا علیه ءاباءنا او لو کان ءاباؤهم لایعقلون شیئا ولایهتدون))
((ان شر الدواب عندالله الصم البکم الذین لایعقلون))
((انا وجدنا ءاباءنا على امة وانا على ءاثارهم مقتدون)) ((قالوا وجدنا علیها ءاباءنا))
((قالوا حسبُنا ما وجدنا علیه ءاباءنا)).
كه‌واته ده‌بێت ئێمه جیاوازی بكه‌ین له‌نێوان شه‌رعی ئیسلامی كه خۆی ته‌نیا له قورئاندا به‌رجه‌سته ده‌كات له‌گه‌ڵ فیقهی مسوڵمانان كه خۆی له فه‌همی ئینسان و، زه‌مه‌كان به‌رجه‌سته ده‌كات.. ئێمه پابه‌ندین به شه‌رعه‌كه نه‌ك به فیقهه‌كه. ئیسلام وەک دین وەک پەیام پاک و بێگەردە، مێژووی نییە بەڵکو لەسەڕووی مێژووە. ئیسلام کاری ئینقیلابە لە مرۆڤ بەرەو ئاشتی و ئیجابی بوون و تۆلێرانس و ئازادی. کەچی خۆمان به‌ده‌ستی خۆمان بیر‌و هۆشمان نغرۆی دۆگمایی بوون کردووە. بووینەتە پاشکۆ‌و دیل! ئەسیری توراسێكین ــ داخی گرانم ــ جگه له سه‌ر لێشێواوی و نه‌ده‌م هیچی دیكه‌مان لێ ده‌ست كه‌وت نه‌بووه به‌درێژایی مێژوو مه‌به‌ستم له بتی عه‌نعه‌نه‌ی سه‌ده‌ی سێهه‌می هیجری و جه‌ده‌لی عه‌قیم و سه‌فسه‌ته‌ی كه‌لامیی و هه‌رزه‌گۆیی فیقهو فیتنه‌ی فه‌توا‌و ئاشوبی شه‌ڕه‌كانه.. گەر تەمەنما بەتێرو تەسەل به پشتیوانی خودا دەپڕژێمە سەر ئەم باس و خواسانە و لە مەحەکدانی سه‌نه‌دی عه‌نعه‌نه‌كانی مێژوو، توراس، سلوک و ڕەفتارەکانی ناو مێژوو، بەمیزانی قورئان و هەڵسوکەوتی قورئانییانەی حەزرەتی محمد، دەبنە کۆڵەگەی شرۆڤه و لێکۆڵینەوەو مشتومڕی نووسینەکانم له داهاتوودا.
لێره‌دا گه‌ره‌كم بوو چەند دیمەنێکی دوولایەنەی مشتومڕی دانیشتنی ئەمجارەی په‌رله‌مانتارەکان بخەمەڕوو لەسەر پرۆژە یاسای باری کەسێتی و هەموارکردنی کە من نەمتوانی لێرەدا فریای بەشێکی دیکەی گفتوگۆی کۆبوونەوەکان بکەوم بۆیه به‌په‌له ئه‌م وتارەیه‌م نووسی سا به‌ڵكو فریای بڵاوبوونەوە بکەوێت.
لەم نێوەندەدا غیابی روئیا‌و قەیرانی بوونی دایەلۆگەکان درێسی هەیکەلی تەواوی په‌رله‌مانتاران بوو بۆ شرۆڤەی دەقە قانونی و ڕاڤەکردنی تێکستە پیرۆزەکان بێ باكگراوندێكی عیلمی و ئه‌زمونێكی یاسایی پته‌و تێخوێندنه‌وه‌ی ڕووكه‌شییانه و ته‌فسیری ڕوواڵه‌تییانه‌ی سه‌ت باره بووه‌وه بۆ پرۆژه‌كان ده‌كه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی كه كه‌سییان پابه‌ند نه‌بێت به‌و مه‌ترسییانه‌ی دووا ڕۆژی سه‌ر گه‌له‌كه‌مان كه دووچاری ده‌بێته‌وه.
بۆیە جارێکی تر دووپاتی دەکەمەوە، دەبێت ریفۆرم لە ئایندا بكرێت و لە گشت کایەکانی تریش بەهەمان شێوە. ریفۆرمی ئایینی بەمانای خولانەوە لەناو بازنەی توراس و وێستگه‌كانی مێژوودا نا بۆ دووبارە کردنەوەی فیكری ستۆك و قسه‌ی وەستاوو، بیری مه‌ندبوو، فەتاوای عاجباتی و، قەتیس بوون لەناو گۆمی مەندبووی ئیجتیهاداتەکان لە زەمەنێکی دیاریکراو دا؟! بەڵکو سه‌رکردنی ئەم عوقدەو ئەم حوقبە زەمەنییە کەڵەکەبووە هیچ لە دەست نەهاتووە بۆ ئەم عەسرەو، هه‌نگاونان بەرەو پێشڤەچوونی عەقڵ و ڕێرەوكردنی مێژوو بەداڕنینی بەرگی قودسیەت له‌سه‌ری، ئنجا پڕژانە سەر پرۆسێسی فه‌رمه‌له‌و، شەن و کەوکردنی توراس بەچەند موقەویماتێک كه دیارترینییان وەک مەحەک: عه‌قڵ و كتێبی پیرۆزە ئه‌ویش بۆ ناسینه‌وه‌ی پێناسەكان و گەڕاندنەوەیان بۆ شوێنی خۆیان واته خۆتاشین به‌ر له ناسین. ده‌بێت ئه‌و بته دروستكراوه‌ی سه‌ده‌ی سێیه‌می هیجری ڕۆژێك بێت بشكێندرێت و قودسییه‌تی له‌ناو هزره‌كاندا نه‌مێنێت و گرژی فیكر وه‌لاوه بنرێت ئه‌وسا به‌خته‌وه‌ری و خۆشنوودی و مه‌زنییه‌تی ژیار‌و گڕی چرای فیكره مه‌زنه‌كان جارێكی دی خۆی به‌نێو ده‌ریای مه‌یدان خوازان دا بكاته‌وه به نوێنه‌ر بۆ ڕێبه‌ری كردنی جیهان.
بێ ئه‌م هه‌وڵه، ته‌قالاكان بێ هوده‌ن و بێ ئاكام ده‌بن.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ