حكومەتى عێراق بارەگاى ئیستیخباراتى لەگەرمیان هەیە
Thursday, 22/08/2013, 12:00
1786 بینراوە
چالاكوانێكى كۆمەڵى مەدەنى، ئاشكرایدەكات حكومەتى عێراقى لەنێو كەلاردا بارەگاى هەواڵگیرى (ئیستیخبارات) هەیە ، داوا لە حكومەتى هەرێم دەكات رێگە بەحكومەتى عێراقى نەدات زانیارى لەسەر هاوڵاتیانى كورد كۆبكاتەوە.
عەدنان قوربانى چالاكوانى كۆمەڵى مەدەنى، لەلێدوانێكدا بە رایەڵى رایگەیاند" بارەگاى ئیستیخباراتى حكومەتى عێراق لەنێو كەلاردا هەیە ، لەكاتێكدا بوونى ئەو بارەگایە هیچ پێویست ناكات".
بەپێى زانیاریەكانى رایەڵ، ئەو بارەگایەى عەدنان قوربانى ئاماژەى بۆ دەكات پێشتر لەنزیك گەڕەكى بنگرد و هیچ تابلۆیەكى لەسەر نەبووە.
چالاكوانەكەى كۆمەڵى مەدەنى، روونیكردەوە ئەگەر حكومەتى عێراقى هەرێم بەبەشێك لەعێراق دەزانێت و دەزگاكانى ئاسایش و پۆلیسى هەرێم بەبەشێك لە پێكهاتەى مەنەزەمى سەربازى و ئەمنى خۆى دەزانێت، چى پێویست دەكات بارەگاى ئیستیخباراتى لەهەرێم هەبێت.
زانیاریەكان ئاماژەبەوەدەكەن جگە لەكەلار، حكومەتى عێراقى بارەگاى ئیستیخباراتى لە شارەكانى ترى وەكو هەولێر و دهۆك و سلێمانى هەیە و ئیشى ئەو بارەگایانەش تەنها كۆكردنەوەى زانیارى یە.
قوربانى وتیشى"بیستوومانە ئاسایش ئیش و كارى ئەو بارەگایانەى لە قاڵبداوە، بەڵام بوونیان لەهەرێم پێویست نییە".
كردنەوەى بارەگاى ئیستیخباراتى عێراقى لەهەرێم، لەكاتێكدا هەریەك لە وڵاتانى توركیا و ئێران لەهەرێمى كوردستان بارەگاى هەواڵگیریان هەیە و هەندێكجاریش دەزگا هەواڵگیریەكانیان لەژێر ناوى كۆمپانیادا كاردەكەن.
سەرچاوەیەكى ئاگادار كەنەیویست ناوى بڵاوبكرێتەوە، بەرایەڵى راگەیاند"لەهەرێمى كوردستاندا میتى توركى و ئیتڵاعاتى ئێرانیش بارەگایان هەیە".
هەروەها وتیشى" ئەو بنكە و رەبیانەى سوپاى تورك لەبادینان دایناوە ئیشیان سیخورى كردنە".
پێشتریش لە بڵاوكراویەكدا ئاماژە بەوەدرابوو ، بەسەدان تیمى دەزگا سیخوریە نێودەوڵەتیەكان لەهەرێم كاردەكەن.
پیشتریش لەلێدوانێكى رۆژنامەوانى دا، جەلال شێخ كەریم بریكارى وەزارەتى ناوخۆى هەرێم رایگەیاندبوو"حكومەتى عێراقى بەئاگادارى هەرێم بارەگاى ئیستیخباراتى كردووەتەوە".