کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مه‌یدانی ئازادی به‌چۆڵی داگیر ناكرێ، سبه‌ی هه‌موومان له‌وێین وه‌رن به‌سه‌ر لاشه‌ماندا ئه‌وێ داگیر بكه‌ن

Friday, 01/04/2011, 12:00


به‌چۆڵی مه‌یدانی ئازادی داگیر ناكرێ، سبه‌ینێ هه‌موومان له‌سه‌رای ئازادین، ئه‌و‌كاته‌ وه‌رن و به‌سه‌ر لاشه‌ی ئێمه‌دا ئه‌و مه‌یدانه‌ داگیربكه‌ن، پێمان وتن بكوژه‌كان ته‌سلیم بكه‌ن، گوێتان نه‌گرت، پێمان وتن ڕشتنه‌وه‌ی خوێن باجی قورسه‌، بێباك بوون، پێمان وتن له‌وه‌زیاتر توڕه‌مان مه‌كه‌ن، بێ باك بوون، ئێمه‌ ئاشتیمان هه‌ڵبژاردووه‌و به‌رده‌وامین له‌سه‌ری، به‌ڵا ئه‌وه‌ سیخوڕه‌كانی ئێوه‌یه‌ ئه‌وه‌ چه‌قۆ وه‌شێنه‌كانی ئێوه‌یه‌ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ ئاژاوه‌دا بازاڕیان گه‌رمه‌، ئه‌وه‌ جه‌لاده‌كانی ئێوه‌یه‌ هه‌میشه‌ ده‌ستیان له‌سه‌ر تفه‌نگه‌ بۆ سه‌ر سنگمان، دڵنیابن ئه‌گه‌ر خوێن زیاد بكه‌ن ئه‌بێت ئه‌م وڵاته‌ له‌ چه‌ند كاتژمێرێكدا چۆڵ بكه‌ن‌، سبه‌ینێ هه‌موومان له‌مه‌یدانی ئازادین، به‌هێزی ته‌قه‌كه‌ری ده‌سه‌ڵات ده‌ڵێین مه‌گه‌ر به‌سه‌ر لاشه‌ی ئێمه‌دا ئه‌و مه‌یدانی ئازادییه‌ داگیر بكه‌ن، ئه‌و مه‌یدانه‌ی كه‌مێشكی به‌رپرسه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ی تێكداوه‌، ئه‌و مه‌یدانه‌ی كه‌تێیدا بۆ شاهه‌نگی كۆتایی ته‌مه‌نی حوكمی 20 ساڵه‌ی سته‌مكاری دوو حزبی كوردی ئاماده‌كراوه‌، سبه‌ینێ یادی كۆڕه‌وه‌، یادی ڕه‌دكردنه‌وه‌ی حوكمی به‌عسه‌ پێش 20 ساڵ له‌كوردستان، سبه‌ینێ دوای 20 ساڵ له‌و یاده‌ كۆڕه‌وی ئه‌مجاره‌مان بۆ سه‌رای ئازادییه‌، بۆ ئه‌و سه‌رایه‌ی كه‌له‌یادی كۆڕه‌ودا به‌ده‌سه‌ڵاتی كوردی ده‌ڵێته‌وه‌ چیتر قبوڵی ناكه‌ین به‌عسی كوردی له‌م وڵاته‌دا حوكم بكات، ئه‌گه‌ر 20 ساڵ له‌مه‌وپێش هه‌موو كوردستان له‌به‌رامبه‌ر پۆستاڵ له‌پێكانی به‌عسدا چۆڵ كرد ئه‌وه‌ سبه‌ینێ 2/4/2011 كۆڕه‌ومان بۆ مه‌یدانی ئازادی سلێمانییه‌، تاكو پۆستاڵ له‌پێكانی ئێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردی وه‌ده‌رنێن، بۆ ئه‌وه‌ی حوكمی نادادپه‌روه‌رانه‌ی 20 ساڵه‌ی ئێوه‌ هه‌ڵوه‌شێنینه‌وه‌، ئێمه‌ هه‌موومان سبه‌ینێ له‌مه‌یدانی ئازادین و ده‌نگمان له‌هه‌موو ڕۆژانی تر بڵندتره‌و ئیراده‌مان له‌44 ڕۆژی پێشووتر به‌رزتره‌، دڵنیابن به‌زیاد بوونی خوێنه‌كانی دوای 17ی شوبات ته‌نها مه‌رگی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ چاوه‌ڕوانتان ده‌كات، ئازادیخوازانمان لێ به‌ند مه‌كه‌ن جه‌لاده‌كانی بن ده‌ستان ته‌سلیم به‌دادگا بكه‌ن، شه‌قامه‌كان له‌ده‌نگی ئازاد و بوێر چۆڵ مه‌كه‌ن، كورسی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵیی و سته‌مكاری جێبهێڵن، كوردستان دوای ئه‌زموونی 20 ساڵ له‌ناشیرینترین حوكمڕانی كوردی چیتر قبوڵی چه‌وسانه‌وه‌و ژێرده‌سته‌یی ناكات، چیتر نایه‌وێ ئه‌وانه‌ حوكمی بكه‌ن كه‌ 4 ساڵ پاش كۆڕه‌و ده‌بابه‌و حه‌ره‌س جمهوری به‌عسیان هێنایه‌وه‌ سه‌ر هه‌ولێرو داگیریان كرد تاكو ئێسته‌شی له‌سه‌ر بێت، ئێسته‌ش به‌عس هه‌ولێری بێده‌نگ كردووه‌ به‌تۆقاندن، ئێسته‌ش حوكمی ده‌بابه‌ی به‌عسه‌ وایكردووه‌ هه‌ولێر له‌بنده‌ستی پارتیدا بێت، له‌ 17ی شوباته‌وه‌ كوردستان گه‌وره‌ترین شۆڕشی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌و جارێكی تر قبوڵ ناكات بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ پێش 17ی شوبات، له‌ 17ی شوباته‌وه‌ ده‌بێت بگه‌ین به‌ته‌واوی ماف و داخوازییه‌كانمان ئه‌گه‌ر نا وه‌رن یه‌ك یه‌كمان بنێرن بۆلای مامۆستا كامه‌ران یان بۆ لای گه‌رمیان و بیلال و سوركێوو شێرزاد و ئومێد ڕێژوان!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە