کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خۆت بپارێزە لەئاهى پیرەكانى ولات

Monday, 22/10/2012, 12:00


هەرچى بڵێت و هەرچى بنوسیت، ناتوانیت گوزارشت لەو هەموو ئێش و ئازار وخەم مەینەت حەسرەتەى ئەو مامەپیرەیە بكەیت،كە لەناوەڕاستى ئەو شەقامەدا چوارمشقى لێى دانیشتوە و چاوەڕێى فریادرەسێكە،رەنگ و روی پڕ لەحوزن و مەراقە،جل وبەرگى شڕۆڵە وپێلاوى لاستیكى هەرزان بایى و هەگبەى خاڵى و لەتەنانێكى وشكى ناو باوەشى بۆخۆى گەواهیدەرى ئەوەن كە لەچ بارێكى سەخت وپڕمیحنەتى ژیانیدایە،چۆن هەژارى تا ناو ناخ ومۆخى رۆچووە، هەرچى خۆشى وجوانى وتام ولەزەتێكى ژیانەلاى ئەو ئەرزشى پولێكى نیە ،پێى خۆشە لەسەر ئەو شەقامە ترومبێیلە جام رەشەكانى عیماد وبەرهەم و ئەوانیتر هەنجن هەنجنى بكەن بەڵام بەدەست و تورەكەى خاڵى نەڕواتەوە بۆ ماڵەوە ،بۆ ئەم جەژنە قوتێكى لایەموت بۆ رۆڵە هەژار و خێرنەدیوەكانى پەیدابكات. بەڕێزینە ئەم مامە پیرەبەڕێزە نەسواڵ كەرە و نە داواى هاوكارى لەكەس دەكات،ئەو هاوڵاتیەكى خێر لەخۆنەدیو چارەرەشى ئەم وڵاتەیە و ساڵانێكى زۆر خزمەتى ئەم شارەى كردوە ،جا یان ژینكە پارێز بووە و پیسى وپاشماوەى كەسانى بێخەم و ئاسودەى كۆكردۆتەوە،یان باخەوان بووە و گوڵ و درەخت وسەوزاییى بۆ سەدان كەسى ناشایستە رواندوە و ئاوداوە،تالەسایەیدا مەست وسەرخۆش بن و گاڵتە بە بەرگ و هەژارى نەدارى و كوروكچە جل شڕو نەخۆشەكانیدا بكەن، ئەو ساڵانێكى زۆر كارمەندى میرى بووە،بەڵام خەزانى تەمەن رێگاى نەداوە لەوە زیاتر برەو بەكار وئەركى پیرۆزى بدات بۆیە خانەنشینكراوە، ئێستاش كەنزیكە جەژنەو خەڵك تەدارەكى جەژن ئامادەدەكات، ئەویش وەكو زۆرێك لەو خانەنشینانەى هاوتەمەنى بەقسەى سەرزل و فشەكەرەكانى وڵات دەستخەرۆبوون كە پێش جەژن مووچە دەدرێت،ئەویش بەهەزار دەردى سەرى وفەلاكەت خۆى گەیاندۆتە شوێنى موچەكەى تا چەند دینارێك وەربگرێت و بەقەدەر توانا شتو مەكى جەژن بكڕێت،كەچى لەبرى رێز قەدر ورەچاوكردنى تەمەنى سەدانى ئاوها كە لەوموچەیە زیاتر هیچ شك نابەن، وەڵامیان وەها داونەتەوە كە تادواى جەژن موچە نادرێت چونكە بانك پارەى تێدانیە،ئەوانیش وەك ناڕەزاییەك هاتونەتە سەرجادەوە مانیان گرتوە.
من پێم وایە كەسێك خۆى بێ رێز نەبێت و هەرگیز بێ رێَزى وسوكایەتى بە بەتەمەن وباساڵاچوان ناكات، ئەوانە سەرجەمیان باوك وباپیر و كەسى ئێمەن سالانێكى زۆر عومرى خۆیان بەخزمەتكردنى شارو وڵات بەخشى جوانى ورازاوەى ودڵگیرى شار لە هەوڵ وكۆشش و ماندوبون و عارەقى ناوچەوانى ئەوان خۆى دەبینیتەوە، كەچى لەبرى هەموو پاداشتێك ئاوا بەرێ بكرێن،ئەمە چ یاساو ویژدان و كەرامەتێكە؟ چ ناوێكى لێ دەنێیت ؟ بەم بەرەو جەژنانە ئەومامە پیرە و داپیرانە نائومێدبكەیت وهەقى خۆیان پێ نەدەیت و بە دلێ شكاو گیرفانى خاڵیەوە بەڕێیان بكەیتەوە ؟باشە من لەو درۆزن و روو زەردانە دەپرسم بۆچ ئاوا یاریى بەكەرامەتى ئەو خەڵكە دەكەن و رێزیان لێ ناگرن ،مەگەر خۆتان درۆتان نەكرد كە پێش جەژن موچەى سەرجەم شوێنەكان دەدرێت، ئەى كوا؟ بۆچ بەنائومێدى وبێ هیواى وەڵامیان دەدەنەوە . ئەرێ باشە من دەپرسم دەبێت موچەى ئەم مامە پیرەیەو هەزارانى وەكو ئەو چەندبێت وا ناتوانن دابینى بكەن، بلێى وەكوپارەى دیوەخانانەى ئاغاو كوێخاو كۆنە جاشەكان هێندە زۆربێت دەرەقەتى نەیەن؟یان بەئەندازەى ئەوەى دەیدەن بە سەرانى بنەماڵە وشێخ زادەكان؟من دەزانم موچەى یەك ساڵى ئەو مامەیەو سەدان هاوتەمەنى ناگاتە پارەى یەك مانگى بۆیاغى قژى دوو مەسئول.تۆ سەیریبكە ولیێ وردبەرەوە ،ئەم پیاوە نە بەپلەى وەزیر نەبەپلەى تایبەت خانەشین نەكراوە ،بەڵكو یان بەكرێكار یان باخەوان ئەویش موچەكەى ناگاتە 100 هەزار دینار، تۆبڵێى ئەو بانكە زلانە كە ژمارەى كارمەندەكانى هەزاران كەسە بەشى ئەمان پارەى تیانەبێت؟ئەى ئەو هەموو پارەوداهاتە چى لێدێت؟ ئەوە پارەى داهاتى فەرمانگەكان ،گومرگ،هاتوچۆ،نەخۆشخانە...دەچێتە كوێیوە؟ ئەدى باشە بۆچ بۆ دكتۆر هۆرجون و نانسى و دەیان كەسى بێخێر پارەوەكو تۆڵەكە زۆرە و رژاوە، ئەمانیش بۆ چەند هەزارێك زەقەى چاویان دێت، چى دەبێت ئەگەر پارەى رۆژێكى گومرگ یان نەوتى قاچاغ بۆئەوان دابینبكرێت؟وەڵلاهى عەیبە داوەشینە، شورەییە بۆ هەموو بەرپرسەكانى وڵات ئەوانەى قسەو فشەى زل ئەكەن وبەباى خەیاڵى خۆیان خەریكە ئەمان بەنە كەشكەلانى فەلەك وباسى ئازادى و خۆش گوزەرانى و ئاسودەیى و هەنگاونان بەرەو دەوڵەت ئەكەن ،ئەمەش نمونەیەكى زیندوى ئەو هاوڵاتیانەیە كە لەدوبەیەكەى كوردستاندا دەژین و لەژێر سیستەمى پەروەردەى سویدى لەسەر درۆ هەڵخەڵتاندن رایاندێنن، سەیرەكە ئەوەیە بەشى زۆرى ئەو ملهورانەى ئەمڕۆ بونەتە بەلا و خۆیانكردوە بەمەسئول كوڕى هەژارو جوتیار وشاگرد كەبابچى و كرێكار و كارگوزار ونانەوا وكورتان دروو ئەم پیشانەبوون، هەرهیچ نەبێت توزێك ئێش وئازاو خەم وخەفەتى نەبونیان لەبیر ماوە. من لێرەوە پێیان دەڵێم با ئاهو نزولە ودوعاى ئەوبەساڵاچوانە نەتانگرێت و روى رەشى خۆتان هێندەى دیكە ترش وتاڵ مەكەن و خۆتان مەخەنە بەرنەفرەت و دوعاى ئەوانە، دەزانن خواى گەورە بەو عەزمەتەى خۆى شەرم لەپیاوى بەساڵاچوو دەكات ورێزى لێدەنێت و دوعاو نزاى رەت ناكاتەوە،دەى با نمەك گیریان نەبن و نەكەونە بەر رێژنەى دوعاكانیان بیرێك لە حاڵى ئەوان وهەزاران بەش مەینەتى ئەم وڵاتە بكەنەوە. قەزافى و بن عەلى و موبارەك زۆر زۆر لەئێوە زیاتریان هەبوو، بەڵام دادى نەدان وبەفریایان نەكەوت.

تێبینى : ئەم وینەیەم لە مالپەڕى چەتر پریس وەرگرتوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە