کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سه‌رۆکی شڵه‌ژاو!

Tuesday, 07/07/2009, 12:00


مرۆڤ شا بێت یا سه‌پان له‌ جه‌سته‌ و عه‌قڵ (ئاوه‌ز) و سۆز (عاتیفه‌، feeling (پێکدێت. له‌ سیاسه‌ت و بواری چالاکیی گشتی وکۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوریدا له‌م سیانه‌ له‌ هه‌مویان سرکتر و ڕاستگۆتر و خه‌ته‌رتر سۆزه‌، چونکه‌ سۆز ئه‌گه‌ر ئاگاداری نه‌بیت و له‌غاوی نه‌که‌یت و کۆنترۆلی ته‌واوت به‌سه‌ریدا نه‌بێت، ئه‌وا کاری وات پێده‌کات که‌ دژی عه‌قڵ و مه‌نتیقه‌ و دواتر په‌ژیوان ده‌بیته‌وه‌ له‌و کارانه‌ی به‌ فه‌رمانی ئه‌وکردوته‌. سۆز سه‌دان چه‌شن و جۆر و ئاست و له‌ ڕوی چه‌ندایه‌تیشه‌وه‌ چه‌ندان پله‌ی به‌رزی و نزمی هه‌یه‌: ترس ،توڕه‌یی، غه‌م، نائومێدی، ڕق، خۆشه‌ویستی، تۆران و خیشکردن....له‌ جۆره‌کانی سۆزدا له‌ هه‌مویان ناسکتر و بنه‌ڕه‌تیتر سۆزی (نارسیزم ــ النرجسیه‌) یه‌ که‌ به‌ مانای (خۆشکۆیی و خۆبه‌شتزانی) دێت.یه‌کێک له‌ سۆزه‌ گه‌لێک گرنگه‌کانی تر سۆزی (ترس)ه‌ . سه‌رنجی وردم داوه‌، له‌وه‌ته‌ی (لیستی گۆڕان) هاتۆته‌ مه‌یدانی خه‌باتی سیاسیه‌وه‌ و ئه‌و پشتگیریه‌ فراوان و قوڵه‌ی له‌ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکه‌وه‌ لێی ده‌کرێت، پارتی و یه‌کێتیی له‌ ڕوی سۆزه‌وه‌ ته‌واو گرژ و مۆن کردوه‌ و شڵه‌ژاندونی.ئه‌م دو حیزبه‌ که‌ هێشتا!خاوه‌نی هه‌مو ده‌سته‌واژه‌ و ئامرازه‌کانی ده‌سه‌ڵاتن که‌چی هێشتا ترس له‌ دۆڕاندنی بێ توندوتیژیی ده‌سه‌ڵات له‌ ڕێی هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌وه‌، سه‌رتاپای بون و وجودیانی داگرتوه‌ و هه‌ژاندوه‌ و (سۆزی خۆبه‌شتزانی) یانی ڕوشاندوه‌ و بریندارکردوه‌.
له‌ 24 ی 6 ی 2009 له‌ یاریگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی ــ هه و‌لێر هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌کانی (لیستی کوردوستانی) به‌ ڕه‌سمی ڕاگه‌یه‌نرا و سه‌رۆک تاڵه‌بانی و پاشان سه‌رۆک بارزانی هه‌ر یه‌که‌ نزیکه‌ی 20 خوله‌ک وتاری خۆیان پێشکه‌شکرد.سه‌رۆک بارزانی ڕوده‌کاته‌ چه‌ند سه‌د گه‌نجێکی یاریگاکه‌ و سوپاسی بێپایانی ئامده‌بونیان ده‌کات و ده‌ڵێت (، په‌یامه‌که‌تان ڕون و ئاشکرایه‌ که‌ لیستی کوردوستانی، به‌ڵێ لیستی کوردوستانه‌)، ئێ خۆ لیستی کوردو‌ستانی لیستی ئه‌فغانستان و تاجیکستان نیه‌! ئه‌مه‌ هه‌ڵچون و شڵه‌ژانی که‌سێکه‌ که‌ له‌ ناخی خۆیدا زۆر زۆر پێویستیی به‌ چه‌پڵه‌و پیاهه‌ڵدان هه‌یه وه‌ک مه‌رهه‌م (هه‌توان)‌ بۆ‌ ساڕێژی برینه‌کانی‌ ئه‌و هه‌موه‌‌ ڕه‌خنه‌یه‌ی له‌ چه‌ند ساڵی داهاتودا له‌ خۆی و سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ی و حوکومه‌تی هه‌رێم گیراوه‌ و به‌رده‌وام ده‌گیرێت و بۆته‌ هۆی ‌ زامارکردنی‌‌ (سۆزی خۆبه‌شتزانی) تیێدا. ئینجا ده‌ڵێت (وه‌ڵامێکی به‌هێزی ناحه‌زان و دوژمنانی گه‌له‌که‌مانتان دایه‌وه‌ که‌ ده‌ڵێن گه‌نجان ناڕازین و کوردوستان به‌جێدێڵن و ئه‌رکی سه‌رشانیان به‌جێناهێنن). ‌ بارزانی وای ده بینێ که‌ به‌ ئاماده‌بونی چه‌ند سه‌د گه‌نجێک بۆ گوێگرتن بۆ وتاره‌که‌ی و چه‌پڵه‌لێدان بۆی ئیتر گه‌نجان ئه‌رکی سه‌رشانیان به‌دیهێناوه‌ و کوردوستان به‌جێناهێڵن. به‌ڵام ڕێگاوبانه‌کان و ڕوباره‌کان و ده‌ریاکانی هه‌ڵاتن و ڕاکردنی گه‌نجان ، زیندان و که‌مپه‌کانی په‌نابه‌رانی وڵاتانی ئه‌وروپا و ...شایه‌تی زیندون که‌ به‌داخه‌وه‌ کۆچ و ئاواره‌بونی گه‌نجانی کورد به‌رده‌وامه‌. به‌ ڕاستی ئه‌مه‌ هه‌ڵوێستی سه‌رۆکێکه‌ که‌ په‌یوه‌ندی به‌ واقیعی زیندو‌ نه‌ماوه‌ و کێشه‌و ڕوداو و به‌سه‌رهاته‌کانی خه‌ڵک له‌ ده‌ستی دو و سێ و چواره‌وه‌ ده‌بینێ و ده‌بیسێ، کێن ئه‌و (ڕاسپۆتین و به‌کر مه‌رگه‌وه‌ر و چابلوسانه‌ی) ده‌وری سه‌رۆکیان داوه‌ و ناهێلن ڕاستیه‌کان ببینێ وه‌ک خۆیان که‌ هه‌ن. بارزانی ده‌ڵێت (داواتان لێده‌که‌م به‌ هیچ که‌سێک ئیستیفزاز نه‌بن. ئه‌بێ ئێوه‌ زۆر به‌رزتربن له‌وه‌ی بێنه‌ ئه‌و مسته‌وایه‌ که‌ ڕاتانکێشن بۆ هه‌ڵویستێکی ناڕاست بۆ ئه‌وه‌ی بیکه‌نه‌ به‌هانه‌) .ئه‌ڵبه‌ته‌ ڕۆژێک پێش ئه‌م قسانه‌ سه‌رنوسه‌رانی (لڤین) و (هاوڵاتی) و (ئاوێنه) له‌ هه‌ڵوێستێکی جوامێرانه‌ی مێژوییدا‌ داوه‌تێکی سه‌رۆک بارزانیان بۆ دیدار له‌ گه‌ڵ ڕۆژنامه‌نوسانی کوردوستان ڕه‌تکردبۆوه‌ وه‌ک ناڕه‌زایی به‌رانبه‌ر بڕیاری ئه‌و بۆ تێپه‌ڕاندنی ڕه‌شنوسی ده‌ستوری کوردوستان به‌ سه‌ر په‌رله ماندا. (لیستی گۆڕان) به‌ هێمنی و ئه‌ده‌ب و دڵسۆزی و په‌رۆش و هه‌ست به‌ لێپرسینه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌وه‌ بڕیاره‌که‌ی په‌رله‌مانی ڕه‌تکرده‌وه‌ و به‌ به‌تاڵ دانا ، چونکه‌ په‌رله‌مان له‌ 4ی 6 ی 2009 وه‌ کاتی یاسایی به‌سه‌رچووه‌ و ڕه‌شنوسی ده‌ستوره‌که‌ به‌ تێروته‌سه‌لی له‌ ناو خه‌ڵکدا باس ولێدوانی له‌سه‌ر نه‌کراوه‌. وادیاره‌ (سۆزی خۆبه‌شتزانی) لای سه‌رۆک بارزانی به‌م 2 ڕه‌تکردنه‌وه‌یه‌ و له‌مه‌ش قوڵتر و کاریگه‌رتر به‌وه‌ بریندار بوه‌ که‌ لیستی تر و پاڵێوراوی سه‌رۆکایه‌تیی تر هاتونه‌ته‌ مه‌یدانی کێبه‌رکێی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ و‌ و پلانه‌کانی ئه‌و بۆ مانه‌وه‌ له‌سه‌ر کورسیی ده‌سه‌ڵات ده‌خه‌نه‌ ژێر پرسیاری عه‌قڵ و لۆجیک. ده‌نا به‌ کام پێوه‌ری عه‌قڵی و به‌ کام به‌ڵگه‌ مسته‌وای لایه‌نگرانی ئه‌و له‌ مسته‌وای لایه‌نگرانی لیسته‌کانی تر به‌رزتره‌؟ چما لایه‌نگرانی ئه‌و ئه‌ستێره‌ی دره‌وشاوه‌ی ئاسمانی ڕه‌وشت و زانست و هونه‌ر و وه‌رزش و ئه‌ده‌بیاتن له‌ کوردوستان و له‌ هه‌نده‌ران‌؟ پاشان پێمان ناڵێت به‌هانه‌ بۆ چی کردار و چی هه‌ڵویستێک؟ ئه‌و حه‌قی بو به‌ لایه‌نگرانی بڵێت :تکاتان لیده‌که‌م به‌هچ جۆرێک په‌نا نه‌به‌ن بۆ هێرشکردنه‌ سه‌ر لیسته‌کانی تر، ئه‌گه‌ر کاری ناڕه‌وای وا بکه‌ن توشی سزا ده‌بن له‌ خودی خۆمانه‌وه‌. دواتر ده‌ڵێت: په‌یمانمان داوه‌ بۆ گه‌ره‌نتیکردنی هه ڵبژاردنێکی ئازاد و شه‌فاف بۆ ئه‌وه‌ی که‌س مه‌جالی ئه‌وه‌ی نه‌مێنێت تانی لێبدات.سه‌رۆک ده‌بوایه‌ بڵێت: ئێمه‌ له‌ قه‌ناعه‌تی ته‌واوی خۆمانه‌وه‌ ده‌مانه‌وێت هه ڵبژاردنێکی ئازاد و پاک و بێتوندوتیژی به‌ڕێوه‌به‌رین، نه‌ک له‌ به‌ر ترسی ڕه‌خنه‌ی ده‌ره‌وه‌ی خۆمان. ئه‌و ده ڵێت: داوامان کردوه‌ له‌ کۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کان زۆرترین ژماره‌ی چاودێری بێگانه‌ بێن بۆ کوردوستان. لێره‌دا واده‌رده‌که‌وێت که‌ سه‌رۆک خۆی و حوکومه‌تی هه‌رێمی کوردوستان ئه‌م ئه‌رکه‌ گرنگه‌ ده‌خه‌نه‌ سه‌ر شانی ده‌سگایه‌کی ته‌کنۆکراتی عێراقی که‌ نه‌ ئه‌وه‌نده‌ پاره‌ی هه‌یه‌ و نه‌ ئه‌وه‌نده‌ په‌یوه‌ندی و تێکه‌ڵیی هه‌یه‌ تا بتوانێ له‌ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌کی که‌مدا چاودێرانی بێیانی بۆ کوردوستان بێنن. سه‌رۆک بارزانی که‌ خۆی به‌ سه‌رۆکێکی نه‌ته‌وه‌یی ده‌زانێ ــ ئه‌وه‌تا ده‌ڵێت با ڕۆژی 25 ی 7 بکه‌ینه‌ جه‌ژنێکی نه‌ته‌وه‌یی ــ ده‌بوایه‌ له‌سه‌ر حسابی پاره‌ی زۆری سه‌رۆکایه‌تی یا هی حوکومه‌تی کوردوستان به‌لای که‌مه‌وه‌ ده‌یان که‌سایه‌تیی دڵسۆز و کارای کوردی پارچه‌کانی تری کوردوستان به‌ ڕێزو حورمه‌ته‌وه‌ وه‌ک چاودێر داوه‌ت بکردایه‌ . بۆیه‌ من گومان ده که‌م‌ پارتی و یه‌کیتی حه‌زبکه‌ن و به‌ ڕاستی بیانه‌وێ چاودێرانی بێلایه‌ن له‌ده‌ره وه‌ی کوردوستانه‌ وه بگه‌ڕێنه‌وه‌‌ .‌ ترس له‌ شکست له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانا وا سه‌ر له‌ سه‌رۆک بارزانی ده‌شێوێنێ که‌ بڵێت (جارێکی تر له‌م کوردوستانه‌ له‌ پارتی و یه‌کێتی نزیکتر نابن بۆ یه‌کتری). به‌ڕاستی مرۆڤ واده‌زانێت که‌ سه‌رۆک باسی ژن و مێردێکی کاسۆلیکی ده‌کات که‌ ئاینه‌که‌یان ڕێیان نادات هه‌رگیز له‌ یه‌کتر جودابنه‌وه‌ (ته‌ڵاق)! (چه‌رچل)ی سه‌رۆک وه‌زیری پێشینی به‌ریتانیا ده‌ڵێت(له‌ سیاسه‌تدا دۆست و دوژمنی هه‌میشیی نیه‌، سودوبه‌رژه‌وه‌ندیی هه‌میشیی هه‌یه‌). سه‌رۆک ترس و تۆقان و نیگه‌رانی له‌ دۆڕانی هه‌لبژاردنه‌کا‌ن وای لێده‌کات هه‌ڕه‌شه‌ئامێز بڵێت (جارێکی تر ڕێگه‌ ناده‌م دوژمنان یاری به‌ چاره‌نوسی گه‌له‌که‌مان بکه‌ن)، پێمان ناڵێت دوژمنان کێن و جاری پێشتر چۆن یاریان به‌ چاره‌نوسی گه‌له‌که‌مان کردوه‌ و ئه‌م جاره‌ چۆن ناهیڵێت یاریی پێبکه‌ن! ئه‌گه‌ر هێماکردنه‌ بۆ شه‌ڕی براکوژی، ئه‌وا خۆی و سه‌رۆک تاڵه‌بانی له‌به‌رانبه‌ر خوا و مێژودا له و‌ شه‌ڕه‌ نه‌گریسه‌دا به شی ‌شێریان به‌رده‌که‌وێت، کامیان چه‌ند که‌متر و چه‌ند فره‌تر، ئه‌وه‌ ده‌بێت مێژونوسانی ڕاسته‌قینه و بێلایه‌ن‌ نه‌ک هی ده‌ربار و موزه‌وه‌ر ئه‌نجامگیریی بکه‌ن.من ده‌ترسم، هه‌ر زۆر ده‌ترسم مه‌به‌ستی سه‌رۆک بارزانی له‌ (دوژمنان) مونافیسه‌ سیاسیه‌ کورده‌کانی گه‌له‌که‌مان بێت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی 25ی 7ی 2009 نه‌ک داگیرکه‌رانی کوردوستان!
کاتێک بارزانی وتی (له‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕی ڕێزوخۆشه‌ویستیم بۆ هه‌مو لیست و قه‌واره‌کان که‌ هه‌مویان له‌ نیهایه‌تدا کوردن و کوردوستانین، براوکه‌سی ئێمه‌ن) دڵم ئاوی خوارده‌وه‌ و هه‌مو ناخ و هه‌ناوم ده‌ستخۆشی لێکرد. به‌داخه‌وه خۆشیه‌که‌ دو خوله‌کی خایاند، چونکه‌ دوای ئه‌وه‌ وتی(ئه‌وانه‌ی نایانه‌ویت ڕوناکی ببینن، ڕاستی و حه‌قیقه‌ت ببینن، با هه‌ر بۆخۆیان بڵێن)، به‌مه‌ بارزانی قسه‌ ڕاست و جوانه‌که‌ی پێشتری خۆی به‌تاڵکرده‌وه‌ و هه‌مو پرده‌ کانی له‌گه‌ڵ ڕه‌خنه‌گرانی دڵسۆز و دروستکه‌ری کوردستان پساند و ویرانکرد. پاشان سوپاسێکی زۆری په‌رله‌مانی کوردوستانی کرد که‌ 24 ی 6ی 2009 پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی کوردوستانی په‌سه‌ند کرد. ئینجا به‌ تۆنێکی ڕه‌ق و زبر و توڕه‌ وتی (ئینشائه‌ڵا له‌ 25.07.2009 ئه‌م ده‌ستوره‌ش ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌دریت وه‌ ئه‌بێته‌ چقڵی چاوی هه‌مو ناحه‌ز و دوژمنان). به‌ڕاستی ئه‌مه‌ قسه‌ی مرۆڤێک نیه‌ که‌ بیه‌وێت ببێته‌ سه‌رۆکێکی میهره‌بان و خۆشه‌ویستی هه‌مو خه‌ڵک به‌ نه‌یار و ڕه‌خنه‌گره‌کانیشیه‌وه‌، سه‌رۆکێکی هێژا و ده‌لال که‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵک خۆشیان بوێت نه‌ک له‌ گه‌ڤ و هه‌ڕه‌شه‌کانی بترسن و له‌ ترسا ده‌ستبگرن به‌ سینگیانه‌وه‌ بۆی. له‌و شوێنه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ و ترساندن و تۆقاندن هه‌بێت، موسته‌حیله‌ خۆشه‌ویستی و ڕێزی ڕاسته‌قینه‌ هه‌بیت!
بارزانی له‌ هه‌مو وتاره‌که‌یدا یه‌ک ڕه‌خنه‌ی له‌ کارنامه‌ی 17 ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پارتی و یه‌کیتی نه‌گرت و هێمای ناڕاسته‌وخۆشی بۆ یه‌ک کێشه‌ له‌و هه‌زاران کێشانه‌ی کۆمه‌ڵی کوردوستان و سیاسه‌تی کوردی نه‌کرد. له‌ مه‌ش خراپتر به‌ ڕونی و ئاشکرا ده‌ساوده‌سکردنی دیموکراتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ ڕێی په‌رله‌مانه‌وه‌ ڕانه‌گه‌یاند و نه یسه‌لماند و‌دانی پێدا نه‌نا، بیری چو؟ بڕوای پێ نیه‌؟ پێش وه‌خت بردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژارنه‌کانی مسۆگه‌رکردوه‌؟ نازانم!
ئه‌م خوتبه‌یه‌ خوتبه نه‌بو کاره‌سات بوو! ‌ که‌ واکه‌وته‌وه‌ هۆکه‌ی زاڵبونی (سۆزه‌ هه‌ڵچو و هه‌ژاو و وبرینداره‌کانی ترس و خۆبه‌شتزانینی) بارزانی بو به‌ سه‌ر ئاوه‌ز و عه‌قڵ و بیر و هۆشیدا. له‌ سه‌ره‌تادا نوسیم سۆزه‌کان ڕاستگۆن ، له‌‌ سیاسه‌ت و بواری چالاکیی گشتی وکۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوریدا، ئه‌گه‌ر له‌غاویان نه‌که‌ین ده‌شێت گه‌لێک گه‌لێک خه‌ته‌رناک بن!!
ڕۆژی 24ی 6ی 2009 که تێیدا ‌ پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی کوردوستانیش به‌ فێڵ و پاڵ و گوشین و سازشی حیزبی ته‌سک تێپه‌ڕێنرا حه‌قیه‌تی ناوبنرێت به‌ ڕۆژه‌ ڕه‌شه که‌ی کوردوستان!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە