ئاسۆ
Sunday, 20/04/2014, 12:00
2288 بینراوە
ڕۆژێ لە ڕۆژان
لە ڕاز و نیازی سپێدەی بەیان
لە نێو کەلێنی زەمین و ئاسمان
بە دەنگێکی زۆر
لە خۆ بایی و جۆر
ئاسۆی بەیان،
پرسی لە خۆر:
چی ئەبێت ئەگەر
هەمیشە و تا سەر
هەڵهاتنی تۆ ڕانەگەیەنم؟
لە دەشت و لە دەر
تیشک و ڕەنگی تۆ دابمرکێنم
ووزەی گەڕۆکی بە ملیۆنەها سەدە ت
بە کڵپەی گەرووی خۆت بسووتێنم؟
l
بە تێلێکس ی تیشک
بە بروسکەی دەنگ و ڕەنگ و پڕیشک
خۆر وەڵامی درکاند بە گوێی ئاسۆدا:
بە هیچ جۆرێ تۆ ناتوانیت
ویستی هەڵهاتنی من دابمرکێنیت
تاڤگەی هەمیشەی ئەوینی نیگام
لە دەریای ئاوات دا بخنکێنیت،
چونکە ئەگەر
من هەواڵی گزنگ ڕانەگەیەنم
ژانی لەدایکبوونی
ڕۆژی تازە نەهەژێنم
دەواری تیشکم بە سەر زەویدا
بۆ تۆ بۆ جیهان هەلنەدەم
ئاهەنگی بەیان
سەرلەنوێ و هەردەم
بۆ زەماوەندی بێ ووچانی
زاوای شەو و بووکی ڕۆژ نەسازێنم
گۆنای ئاسمان بە خوێنی شەفەق سوور هەڵنەگەڕێنم
ئاسۆ تەنانەت بوونیشی نابێت
هەتا خۆر خۆر و، دنیا دنیا بێت.
ڤیەننا ئابی ١٩٨٧