کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خۆپیشاندان و منداڵ

Sunday, 06/03/2011, 12:00


منداڵ لە نێوان شەڕە تیری چەتەکانی دەسەڵات و کارگەکانی درۆسازیان، و خواستەکانی بە دیموکراتیکردندا

رۆژانەکان ٥
کارگەکانی درۆسازکردنی دەسەڵات، بە پارتی و یەکێتیەوە، هێندە چالاکن کە بە چرکەش لە هەڵبەستنی درۆ پشونادەن. لەم زەمەنی گوگڵ و فەیسبوکەدا کە هەموکەس بە یەک کلیک دەتوانێت زانیاری پەیدا بکات خەبات و کوردستانی نوێ و تەلەفزیۆنەکانی گەلی کوردستان و زاگرۆس و تەلەفزیۆنی کوردستان و کوردسات کەوتونەتە ناو لەوەڕگەی درۆچنینەوە، و درۆ بەدەم پێوەرە نێودەوڵەتیەکانەوە دەکەن.

یەکێک لە درۆکانی ئەمڕۆی خەبات ئەوەیە کە " پێوەرە نێودەوڵەتیەکان " دژی ئەوەن منداڵ لە خۆپیشاندا بەشداری بکات.
پرسیاردەکەم ئەو پێوەرە نێودەوڵەتیانە دەقەکەیان کامەیە و لە کام سەرچاوە وەرگیراون؟

من ئەوەی تا ئێستا لە ژیانمدا دیومە و پەیوەندی بە خۆپیشاندان و منداڵەوە هەیە ئەزمونی زۆر لە وڵاتانە، لەوانە هەندێک دیمەن و نمونە لە دوانیان دێنمەوە.

سوید:

لەم وڵاتە دیموکراتیەدا من لە سەدان خۆپیشاندا بەشداریم کردوە. خۆپیشاندانەکان مەبەستی جیا جیایان هەبوە.
بەشداربوم لە خۆپیشانداندا دژی چەکی ئەتۆمی، دژی کارگەکانی ئەتۆم، دژی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی کیشوەرەکانی جیهان، دژی سەدام حوسێن، دژی هەندێک بڕیارەکانی حکومەت و پەرلەمانی سوێدیش. ئەمە لە کاتێکدا هێزە ئەمنی و پۆلیسیەکانی سوید ئەوپەڕی پارێزگاریان لێکردوین.

کوردستان:

خۆپیشاندانەکانی ئەم ڕاپەڕینەی ١٧ شوباتم زۆر بەوردی چاودێری کردوە و موتابەعەم کردوە. دەستدرێژیەکانی دەسەڵات لە ڕادەبەدەر نامرۆڤانەو نابەرپرسانە بون بەرامبەر هاوڵاتیە کوردەکانی خۆیان.

خاڵیکی هاوبەش لە هەردو وڵاتەکە و لە خۆپیشاندانەکاندا ئەوەیە خۆپیشاندەران منداڵیان لەگەڵ خۆیان بەشدارکردوە.

لە سوید و وڵاتە دیموکراتیەکان کارێکی زۆر ئاساییە کە منداڵ ببرێت بۆ خۆپیشاندان. منداڵەکە فێردەبێت بڵێت نا. فێردەکرێت وەکو کەسێکی تەواو ئامادەیی هەبێت. فێردەکرێت کە ئەگەرچی وڵات دیموکراتیە ئەوا تاقە ڕێگە بۆ ئەوەی بە دیموکراتیانە بمێنێتەوە دەبێت بتوانێت لە ئایندەدا کە گەورە بوو بەشدارییەکی هۆشیارانە لە پڕۆسەی گەشەکردنە دیموکراتیەکەدا بکات و پەنجە بخاتە سەر هەڵەکان و دژی بڕیارە هەڵەکان ڕای هەبێت.

لە سوید ژیانی هیچکام لەو منداڵانە لەسەر دەستی هێزە ئەمنیەکان ناکەوێتە مەترسیەوەو بە پێچەوانەوە تام و بۆنی خۆشی ژیان دەبەخشن بە بەشداربوەکان.

لە کوردستان لە ٢٥ ی حەوتەوە و تا ئەم ساتە وەختە زۆر کەس دەبینم کە بۆ خۆپیشاندانەکان منداڵ لەگەڵ خۆیان دەبەن بۆ بەشداربون.
یان هەندێک مێردمنداڵ بۆ خۆیان بە بێ ئاگالێبونی دایک و باوکەکانیان دەچنە ناو خۆپیشاندانەکانەوە.
ئەوەی جێی داخ و سەرنج و توڕەبونە ئەوەیە ئەم منداڵانەش وەکو گەورەکان، بەڵکو زیاتریش دەکەونە بەر بێرەحمی شەق و تێهەڵدان و گوللەی هێزە چەکدارەکانی دەسەڵاتەوە.

لەوانەش شەهید کردنی گەرمیان و ڕێژوان و تیرۆرکردنی زمناکۆ.

دوێنێ شەویش لەژێر خێمەیەکدا منداڵێک بە خێمەکەوە دەسوتێنرێت. منداڵەکە دەستی زیانی پێدەگات بەڵام کاتێک کەس و کارەکەی دەیانەوێت ڕزگاری بکەن ئەو هێزانەی کە خێمەکەیان سوتاندوە ڕێگەنادەن منداڵەکە دەربازبکرێت، دوایی بە پەلەپروزێ ڕزگاردەکرێت.

لە لایەکی ترەوە پارتی لە هەفتەی خۆشی خۆیاندا لە هەولێر دەیان منداڵیان لە جامی سەیارەکانیانەوە بە ئاڵای زەردی خۆیانەوە هێناوەتە دەرەوە.

با خەبات گەر درۆ ناکات ئەو یاساو پێوەرە نێودەوڵەتیانەشمان بۆ بنوسن لەگەڵ سەرچاوەکانیان کە ڕێگە بە هێزەکانیان دەدات بۆ مانەوەیان لە دەسەڵاتدا منداڵەکان بێڕەحمانە قەتڵوعام بکەن.

ئەگەر پێوەرە نێودەوڵەتیەکانتان ئەوانەیە مۆگابی و قەزافی و سەدام و عەسکەرتارەکانی بورما و دیکتاتۆرەکانی تر پەیڕەوی دەکەن ئەوا ڕاست دەکەن، بەڵام ئەگەر مەبەستتان لە وڵاتانی وەکو سویدو سویسراو دیموکراتیەکانی ترە، ئەوا هەر خۆتان بە خۆتان بن.
درۆ ئەما درۆ!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە