کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەودیو پەیامەكەى سەرۆكى هەرێم زەنگى مەترسى شەڕێكى ترى كوردى_كوردى

Thursday, 25/08/2011, 12:00


ئەو تەنگژەیەى هاتۆتە كوردستان ، لەژێر فشارى راى گشتى ، سەرۆكى هەرێم ، بەپێچەوانەى سیاسەتى خۆى ، كە هەمیشە لاتەریكى و بێدەنگى هەڵبژاردوە، پەیام لەدواى پەیام بڵاودەكاتەوە ، لە لایەك بە توندى ئیدانەى كوژرانى سەربازە توركەكان دەكات ، لە لایەكى تر نیگەرانى بەرامبەر رەشەكوژى خەڵكى كوردستان دەردەبڕێت ...!
هەر چۆنێك بێت من لێرەدا دەمەوێ شرۆڤەیەك بۆ دوا پەیامى سەرۆكى هەرێم بكەم كە رۆژى 23\8\2011 ، لەژێر ناوى (پەیامى سەرۆكى هەرێمى كوردستان بەبۆنەىبارودۆخى ناوچە شاخاوییە سنووریەكانى هەرێمى كوردستان ەوە) بەڵاوكراوەتەوە.ئەم پەیامە جۆرە مەترسیەكى ترسناكى بە خۆوەگرتوەو سەداى زەنگى شەڕێكى ترى كوردى-كوردى دەخاتە بن گوێ ، هەرچەندە هەوڵدراوە كە بەشێوەیەكى شاراوە ئەو بیرۆكەیە دەرببڕدرێت ، كەئەمەش وەك تاقیكردنەوەیەكە بۆ راى گشتى كوردستان و دووبارە بوونەى هەمان ئەو هەڵانە ، تەنانەت ئەو خیانەتە نیشتمانیەیە كە راستەوخۆ لەدواى راپەڕین روویاندا.
لەو پەیامە دوو خاڵى گرنگ سەرنجى راكێشام كە پێموایە مەبەستى سەرەكى پەیامەكە بوە ، خاڵى یەكەم تۆمەتباركردنى پژاك و پەكەكەیە بە شێوەیەكى راستەوخۆ! كە تیایدا هاتووە :
" بوونی هێزی چه‌كداری پژاك و په‌كه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ سنوریه‌ شاخاوییه‌كان به‌هانه‌یه‌كی به‌هێزه‌ له‌ ده‌ست هه‌ردوو وڵاتی دراوسێ‌. به‌رده‌وام بوونی ئه‌م جۆره‌ كرده‌وانه‌ و په‌نابردنیان بۆ توندوتیژی و هه‌وڵدان بۆ به‌كارهێنانی سنوره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێته‌ مایه‌ی هێنانی توندوتیژی نه‌خوازراو بۆ گه‌له‌كه‌مان و ئه‌مه‌ش خزمه‌ت به‌ دۆزی ڕه‌وای گه‌لی كورد ناكات. و به‌داخه‌وه‌ له‌م رووه‌وه‌ هیچ حیسابێك بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی هه‌رێم ناكرێت."1
ئەمە خوێندنەوەیەكى مەترسیدارە بۆ ئەو گۆڕانكاریانەى كە لەناوچەكە روودەدا ، بەداخەوە سەرۆكى هەرێم نەیتوانیوە لە قووڵى رووداوەكان تێبگا، یاخود هەوڵدەدا بیانگە بۆ سیاسەتێك بدۆزێتەوە ، كە نیازى پیادەكردنى هەیەو ئەو جۆرە سیاسەتە لە جیاتى بەرژەوەندى كوردى زیاتر خزمەت بە بەرژەوەندى دوژمنانى كورد دەكات ، ئەگینا ئەو بارودۆخەى ئێستا لە سنوورەكاندا روودەدات ، بەشێوەیەكى زۆر كەم پەیوەندیان بە پژاك و پەكەكەوە هەیە ، ئەو دوو هێزە زیتر وەكو بیانگەیەك بەكاردەهێنرێن بۆ لێدانى بزووتنەوەى كوردى ، ناكرێت داوا لەو دوو هێزەش بكرێت چەك دابنێن و دەستەوەستان بن لەكاتێكدا مەسەلەى نەتەوەیەك لە ئارادایەو ئێران و توركیا ئامادە نین تاقە هەنگاوێك بێنە پێشەوە ، ئەگینا ئەمە مێزى گفتوگۆ ، با بزانین پژاك و پەكەكە ئامادەى گفتوگۆو چارەسەركردنى كێشەكە نین لە رێگاى دانوستان و دیالۆگەوە ، یاخود ئەوە هەردوو دەوڵەتى داگیركارى تورك ئێرانن كە نەك بە تەنیا دان بەو حیزبانە دانانێن ، بەڵكو دان بەنەتەوەى كوردو مافە رەواكانى نانێن!
ئەو تۆپپبارانكردنە زیاتر هەوڵێكە بۆ رێگا گرتن لەو گۆڕانكاریانەى كە بۆ ناوچەكە بە ڕێوەیە لەدواى بەكۆتا هاتنى رژێمەكەى قەزافى ، بە تایبەتى ئەو گۆڕانكاریانەى كە لەسوریا بەڕێوەیەو دیارە گۆڕانى رژێمى سوریاش گۆِرانكارى سیاسى زۆر گەورە بۆ هاوسەنكى هێزو داڕشتنەوەى نەخشەى سیاسى و جوگرافیى لەگەڵ خۆیدا دێنێت ، كە توركیاو ئێران زەرەرمەندى یەكەم دەبن ، دەرفەتێكى مێژوویشى بۆ كورد لەگەڵدایە ، چڕ كردنەوەى مەسەلەكە لە پژاك و پەكەكە واتاى ئەوەیە لە پێناو مانەوە لەدەسەڵات دەست لەگەڵ شەیتانیش تێكەڵ دەكەن ! كە ئەمە هیچ پاساوێك بۆ نیشتمانى بوون ناهێلێتەوە ، هەوڵدان بۆ دەست تێكەڵكردن لەگەڵ دوژمنان هەنگاوێكە میللەتى كورد پێى هەزم ناكرێت ، چونكە ئاستى هوشیارى خەڵكى كوردستان ئێستا زۆر جیاوازە لە ساڵى 1992 .
خاڵێكى ترى مەترسیدار ،لەو پەیامە هاویشتنى تۆپەكەیە بۆ گۆڕەپانى پەرلەمان ، وەك لە دەقی پەیامەكە هاتووە " به‌ ره‌چاوكردنی ئه‌و بارودۆخه‌ ناسك و هه‌ستیاره‌دا داوا له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌م به‌ وردی دیراسه‌ی ئه‌م بارودۆخه‌ هه‌ستیاره‌ی هه‌رێم بكات بۆ بریاردان له‌ سه‌ر دانانی سیاسه‌تێك كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ڕای یه‌كگرتووی هه‌رێمی كوردستان بێت"2
ئەمە ئاماژەیەكى یەكجار مەترسیدارە بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارەتى و ئەنجامدانى كارێك لە پەناى پەرلەمانەوە ، واتە هەركارێك كە بكرێت ، بە ناوى گەلى كوردستان لە باشوورەوە ئەنجام بدرێت ، رێك وەك ئەوەى پەرلەمانى كوردستان لە ساڵى 1993 بڕیارى لێدانى پەكەكەى داو بەمەش رەشترین لاپەڕەى بۆ خۆى تۆماركرد ،چونكە دیارە دەسەڵات خۆى زۆرینەیەو هەر بڕیارێك كە بیانەوێت دەتوانن زۆرینەى دەنگى پەرلەمانى بۆ بەدەست بێنن! وەك ئەوەى پێشتر لە زۆر مەسەلەى گرنگ و چارەنووس ئامێزدا بینیومانە . ئەم كارە زۆر مەترسیدارە! ئەگەر پەرلەمانیش بڕیارێكى لەم جۆرە بدات ، ئەو بڕیارە هیچ جۆرە شەرعیەتێكى نابێت ، چونكە بەهۆى نارەزایى خەڵك و خۆپیشاندانەكانى كوردستان ، هاوسەنگى هێز لەكوردستان گۆِراوەو شەرعیەتى پەرلەمان لەم قۆناغەدا كەوتۆتە ژێر پرسیارەوە ، بۆیە پەرلەمان ناتوانێت بڕیارێكى لەو جۆرە دەربكات ، لەكاتێكدا ئەگەر ئەوەمانزانى كە خودى سەرۆكى هەرێم خۆى داواى هەڵبژاردنى پێشوەختى كردوە! بە تەنیا بیركردنەوە لە هەڵبژاردنى پێشوەخت و باسكردنى ، شەرعیەتى ئەو پەرلەمانەى كوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە ، ئەمە سەربارى ئەوەى ئەو جۆرە بڕیارانە بەهیچ شێوەیەك نابێت پڕەنسیپى زۆرینەو كەمینەى تێدا بخرێتەگەڕ، بەڵكو پێویستى بە تەوافوقى نیشتمانى دەیێت ...
بۆیە ئێستا نە سەرۆكى هەرێم نە پەرلەمانى كوردستان ێلاحیەتى ئەوەیان نیە بڕیارى لەو جۆرە بدەن بە بێگەڕانەوە بۆ خەڵكى كوردستان ، كە دڵنیام هیچ كوردێك نیە بەوە رازى بێت جارێكى تر دەسەڵاتى كوردى ببێتە هاوپەیمانى داگیركەرانى كوردستان بۆ لێدانى براكوردەكانیان ...
ئەم بارودۆخەى هەرێم زۆر ناسكە بەرگەى چوونە ناو ئەو هاوپەیمانیەتیانە ناگرێت ، بۆیە باشتر وایە هەرێمى كوردستان بە بێلایەنى بمێنێتەوە هەوڵبدات نەخزێنرێتە ناو ئەو شەڕەوە!دەتوانێت لەرێگاى ترى دیپلۆماسى و ئابوریەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكات ، هەرچەندە ئەمە دوورە لەبەرئەوەى لەهەر هەڵوێستێكى ئابورى زەرەر مەندى یەكەم ئەو دوو حیزبە دەبێت! بەڵام بێدەنگ بوون باشترە لە هەڵوێستێكى نانیشتمانى! خەڵكى كوردستانیش پێویستە لەرێگاى خەباتى مەدەنیانەوە پاڵپشتى برا كوردەكانیان بكەن لە رۆژهەڵات و لە باكوور ، ئەم ئاڵۆزیە زۆر ناخایەنێت و تەمەنى رژێمى سوریا كورت دەبێت و هاوسەنگى هێز گۆِرانى بەسەردادێت ، بۆیە دان بۆ خۆداگرتن و شەڕى كات ، باشترین هەڵوێستە حكومەتى هەرێم بیگرێتە بەر ، لەوەى بچێتە ناو ئەو شەڕەوەو وەكو داردەستێك دژى كوردى پارچەكانى تر بەكار بهێنرێت...

1-دەقى پەیامەكەى سەرۆكى هەرێم ، ماڵپەڕى سەرۆكایەتى هەرێم:
 http://www.krp.org/kurdish/articledisplay.aspx?gid=1&id=25046
2- هەمان سەرچاوە.

نووسه‌ر:
ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ سایتی ئاوێنه‌ش دا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە