خواستی خەڵك لە نێوان بارزانی و مالیکیدا
Monday, 11/06/2012, 12:00
سەرەنجامی ئەو زوڵم و زۆرو نادادگەریانەی بەرانبەر کورد کراوە زۆرجار وامان لێهاتبوو گشت ووڵاتانی دراوسێ و ئەوەشی بە زمانەکانیان قسە بکات بەڕەش بیان بینین، ئەمە درێژەی هەبوو تا ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١و ئەزموونی ژیان و ناکۆکی و کوشت و بڕەکانی نێوان کورد و کورد. سەرەنجامی هەموو ئەمانە ناچار بووین چاوێك بەو هەڵوێستەماندا بخشێنینەوەو گشت عەرەبمان لا سەدام نەبێت و کەسەکان بخەینە نێو تەرازوی هزرو کردەوەی خۆیانەوە، هەرچەند کورد بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بە کۆمەڵگەیەکی عاتیفی ناوی ببەین و زۆرجار کاریگەری عاتیفی بەسەر مەنتیق و ژیریدا دراوە، لێرەدا ناکۆکی نێوان بارزانی و مالیکی دێتە ئاراوەو زۆر پرسیار خۆیمان لێ قیت دەکاتەوە وەك: ئایا وتەکانی بارزانی ڕاستن یان مالیکی؟ ئایا هەڵوێستی ئێمە بەرانبەریان چی بێت؟ ئایا دەبێت چ نهێنیەك لەپشت ئەو دژایەتیەوە بێت؟ ئایا بۆ ئەو هەڵوێستە توندایە بەم کتوپڕیە دروست بوو؟ ئایا مالیکی سەدام ئاسا بیر دەکاتەوە؟ ئایا ئەو بەڵگانەی لەسەر بارزانی بڵاوکرانەوە ڕاستن؟! ئایا بارزانی بۆ وەك حیزب ڕێکەوتنی لەگەڵ مالیکیدا ئەنجام داوە؟ ئایا بارزانی بەردەوام جەخت لەسەر دیموکراتی دەکاتەوەو خۆی بە کەسێكی دیمکرات خواز نیشان دەدات تاچەند ئەو ووتانە قورساییان لەنێو تەرازوی ژیانیدا هەیە؟ ئایا بۆ بەو شێوەیە پشتگیری هاشمی؟ لەولاشەوە بۆ پشتنەگرتنی لەیلا زانا وەك کەسێکی کوردپەروەر؟ ئایا ئایا؟؟؟!!!...
هەموو ئەو پرسیارانەو زۆری تریش لای خەڵکی ڕوون نین و ئاوی خواستەکانیان نادەنەوە... بە تایبەتی دۆسیەی هاشمی لەم کاتەدا تێکەڵی هزرو خواستەکان بووەو دەڵێ خۆ هاشمیش خۆ هەر ماوەیەك پێش ئێستە ئەو دوو سەرکردە جیاوازیان نەبوو بە نسبەت کوردەوەو ئێستە لەگەڵ ئەو هەموو بەڵگانەش کە لەسەر هاشمی هەیە چ وایکردووە ئەو لای کورد سپی بێت و مالیکی ڕەش بێت؟ بارزانی ئەو تەزحیەی بۆ هاشمی دەیدات بۆ بۆ لەیلا زانا نایدات؟! بارزانی مالیکی بە تاكڕەوو دیکتاتۆر ناو دەبات تا چەند خۆی حساب بۆ بەرانبەرو بۆچوونی جیاواز دەکات و دیمکرات خوازە؟، ئایا تاچەند خەڵکی پشتگیری بارزانی بێت بەرانبەر مالیکی و تاکەی بڕیارەکان عاتیفی بن؟ تا چەند ووتەکانی بارزانی قورساییان لە بڕوای خەڵکدا هەیە؟ لە کاتێدا میژووی تەنها بیست ساڵی ڕابردوو پێچەوانەی ووتەکانمان پێ دەڵێت!
لێرەدا چیرۆکی قەلەکەمان بەبیر دێتەوە کە دەگێڕنەوە دزێك دەچێتە سەر ماڵێك و قەلێك دەفڕێنێت، خاوەن ماڵیش لە پەلەفرتەو گارەگاری قەل و مریشکەکاندا خەبەری دەبێتەوەو چاوی بە دز دەکەوێت، بەشوێنی کابرا دەکەوێت و دواجار کابرا دەگریت، کابراش قەلەکە لەژێر عەباکەیدا دادەپۆشێت، بەڵام بەهۆی گەورەیی قەلەکەوە بەشێکی زۆر لە کلکی قەلەکە بەدیار دەکەوێت، کابرای خاوەن ماڵ بە دزەکە دەڵێ: باشە عەیب ناکەیت تۆ قەلی من دەدزیت؟ ئەویش دەڵێ: بەخوا بە قورئان من قەلی تۆم نەدزیووە! کابراش سەیری کلکی قەلەکە دەکات و دەڵێ: نازانم بە خواو قورئانەکەی تۆ بڕوا بکەم یان بە کلکی قەلەکە!
ئەوەندەی ئێمە ئەزموونی تاڵمان لەگەڵ بارزانیدا هەیە لەبەرانبەر ئەوەدا مالیکی هەر ناناسین، ئەوەندەی ئێمە تاكڕەوانەمان بەرانبەر کراوە مالیکی لە تەرازووی بیرماندا هەر نی یە، ئەوەندەی ئێمە گوێمان بۆ نەگیراوە لەلایەن بارزانیەوە مالیکی هەر لە هیچ کوێ دیار نی یە، ئەوەندەی ئێمەوە ئەوەندەی بارزانی...
نازانین بە ووتەکانی بارزانی باوەڕ بکەین یان بە شەڕی ناوخۆ؟
بە بارزانی باوەڕ بکەین یان بە ڕیزە تەنکەرەکانی پەروێزخان؟
بە بارزانی باوەڕ بکەین یان بە گومرگی ئیبراهیم خەلیل؟
بە بارزانی باوەڕ بکەین یان خزمەتگوزاریەکانی؟
بە بارزانی باوەڕ بکەین یان بە پێشنیارو بەڵێنەکانی؟
بە بارزانی باوەڕ بکەین یان بە دەنگی هەزارەها خەڵك و 62 ڕۆژ خۆ پیشاندان ؟
بە بارزانی باوەڕ بکەین یان بە دامەزراندنی مامۆستای عەرەب و وەدەرنانی مامۆستا کوردەکان؟
بە بارزانی باوەڕ بکەین یان بە ڕێزگرتن لە کەمینەکان و پشتگوێ خستنە دینە سەرەکیەکان؟
بە بەرزانی باوەڕ بکەین یان بە خوێنی سەردەشت و سورکێو و ڕێژوان؟
بە بارزانی باوەڕ بکەین یان بە شمقاڕی پێشمەرگەکان؟
بە بارزانی باوەڕ بکەین یان بە سنورو لادێ نشینەکان؟
بە بارزانی باوەڕ بکەین یان بە تۆپی سنورەکان؟
بە بارزانی باوەڕ بکەین یان بە کوردستانپۆست و گۆڤار و سایته سهربهخۆکان؟
بە بارزانی باوەڕ بکەین یان بە سامانە سروشتیەکان؟
بە بارزانی باوەڕ بکەین یان بە منداڵە هەتیووەکان؟
بە بارزانی باوەڕ بکەین یان بە جلی ڕەشی بێوەژنەکان؟
بە بارزانی باوەڕ بکەین یان بە ناخ و ویژدانەکان؟
بە بارزانی باوەڕ بکەین یان بە دەوڵی کوردی و ئەفسانەکان؟
بە بارزانی باوەى بکەین یان بە بارەگا سوتاوەکان؟
بە بارزانی باوەڕ بکەین یان بە ئەنجامی لیژنەکان؟
هەربۆیە بەوە کۆتای پێ دەهێنین و دەڵێین نازانین بە ووتەکانی بارزانی باوەڕ بکەین یان بە کلکی قەلەکە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست