باحكومەت 16 ى 3 غائـیبم بدات من بۆهەڵەبجە دەڕۆم (با خۆمان 16 ى 3 بكەینە پشوو خۆ دونیا كۆتاى نایەت)
Saturday, 14/03/2009, 12:00
یادى یادەكانى حیزب , ساڵ یادى ڕۆژى داستانەكانى حیزب , ساڵ یادى هەڵگیرساندنى شۆڕشەكانى حیزب , یادى دەسكەوتە بچوكەكان ..هتد , هەمو ئەمانە لەسەردەمى شەڕى ناوخۆدا كراوبونە پشووى فەرمى و كەس بۆى نەبو بڕواتە سەركارەكانى و چى قوتابیانى قوتابخانەكانیش بو لەبارەگاى حیزبدا كۆدەكرانەوەو سوردى حیزبیان دەوتەوە و چەندین شاعیریشان بانگێشت دەكردە هۆَڵێ بۆنەكان بۆ پیاهەڵدان بەسەریـادى ڕۆژە پیرۆزەكانى حیزبدا و لە دووهەفتەى ڕابردویشدا چەند ڕۆژێكى تر كرانە پشوى فەرمى و ڕۆژى شەهید كردنى (هەڵەبجەیەكان)یش وەك هەمو ساڵەكانى تر فەرامۆشكران و لەكۆى ئەو هەمو ڕۆژەى مانگى (ئازار) كەپڕە لەئازار ڕۆژێك بەڕەوانەبینرا بۆ بەرزڕاگرتنى ڕۆحى پێنج هەزار شەهید ؟!
بە پشوكردنى ڕۆژى (16/3) واتە یاد خستنەوەى ڕۆژى قركردن و جینۆسایدكردنى نەتەوەیەك و بیرخستنەوەى بەردەوامى ئەوڕۆژە بەنەوە نەوەى گەلى كورد و تەواوى جیهان , بەڵام پەراوێزخستنى ڕۆژى (16) ى مانگ لەكۆى سی ویەك ڕۆژى مانگى ئازار لەبەر چى ؟ لەكاتێكدا هەمو ڕۆژەكانى ساڵ لە ئاست ئەو ڕۆژەخەمناكەى هەڵەبجەیەكاندا كڕنوش دەبەن و لەزۆربەى وڵاتانى جیهاندا بەڕێزەوە یادى شەهیدەكانى دەكرێتەوە ؟ یادكردنەوەى ڕۆژى شەهدیدكردنى پێنج هەزار هەڵەبجەى , هیچ هەڵەبجەییەكى بەكیمیاوى خنكێنراو ناگەڕێنێتەوە بۆ نێو ژیان , بەڵام بەپشووكردنى ئەوڕۆژە و بیرخستنەوەى چۆنێتى شەهیدبونیان بە نەوەكانى دواى خۆیان ئارامیان پێدەبەخشێت و پەشیمان نابنەوە لەو ساتەى كە بۆنى (سێو) یان تێداكردو بۆهەمیشە نەگەڕانەوە و بونە ناسنامەى چەوساندنەوەو قڕكردنى نەتەوەیەك .
ئێستا دادگاى باڵاى تاوانەكانى عێراق سەرقاڵى دادگایى كردنى ئەو كەسانەیە كە (16 ى 3) یان لەڕۆژەكانى مانگى ئازاردا پڕلە ئازاركرد بۆگەلى كورد , بە بەرچاوى جیهانەوە هەڵەبجەیەكان باسى سەرگەردانى و خنكاندنى كەسو كارەكانیان دەگێڕنەوە , كەچى حكومەتى هەرێم و پەرلەمانەكەى تەنها ڕۆژێك لە كۆیى (366) ڕۆژ بەڕەوانابین بكرێتە پشووى فەرمى تا بچوكترین قوتابى كوردستانیش ئاگاداربێت كە (16 ى 3) چیى مانایەكى هەیە بۆ نەتەوەكەى ؟!
لەیادى هەڵەبجەدا با بازرگانەكان بەهەموو جۆرەكانییەوە تەنها ڕۆژێك بیر لە گیرفانیان نەكەنەوە , ئەوە نەك لەبەر ئەوەى كۆمەكى كەسو كارى قوربانیەكان بكەن , بەڵكو با ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرەكانیان سەرسنورو شارەكان داگیرنەكات و ژاوەژاوى ژینگەیى دروست نەكەن , با فەرمانبەرەكانى حكومەت ڕۆژێك , هەرتەنها ڕۆژێك نەڕۆنە فەرمانگەكانیان و غائیب بدرێن و ئەوە بزانن كە بڕینى چەند هەزار دینارێك لە موچەكەیان كۆتاى دونیا ناگەیەنێت , من (16 ى 3) ى هەموو ساڵێك دەڕۆمە هەڵەبجە و دیارى بۆمنداڵانى هەڵبجە دەبەم باحكومەتیش غائیبم بدات و فەرمانگەم لە موچەكەم ببڕێت , بادوكاندارەكان ئەوڕۆژە دوكانەكانیان نەكەنەوە , با كارگوزارەكانى شارەوانى و كۆمپانیاكان سەرشەقامەكان پاك نەكەنەوە چونكە هەرچى بكەن سەرشەقامەكان هەر پیس دەبنەوە , با ئەوانەى بە هاتنى ڕۆژى شەهیدكردنى هەڵەبجە دڵیان پڕدەبێت لە خەم و چاوەكانیان پڕدەبێت لە فرمێسك باپێكەوە دەنگ هەڵببڕن و داوابكەن (16 ى 3) بكرێتە پشووى فەرمى و یادكردنەوەى شەهیدەكانى , ئیدى با پەرلەمان و حكومەتیش خۆى سەرپشكبێت لەوەى فڕۆكە وانە (نەخۆشەكە) دەستگیردەكاتەوەیان نا .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست