لە سیاسەتدا نەیاری تاسەرو دۆستی تا سەر نییە
Sunday, 22/12/2013, 12:00
1577 بینراوە
(سیاسەت هونەری سەرکەوتنە لە سنورت توانادا)
بسمارك
لە سیاسەتدا نەیاری تاسەرو دۆستی تا سەر نییە ، هەرچۆن بەرژەوەندی تا سەر نییە! ئاخر ڕۆژگار و سەردەم و یاریکەرە سیاسییەکان و ڕۆڵگێڕانەکان دەگۆڕێت ، هەر وەکو چۆن ناکرێت و ناشێت ئاکتەرێکی دراما هەتا هەتایە ڕۆڵی یەك کەسایەتی بگێڕێت ،بەو پێودانگەش کارەکتەری سیاسی و قەوارەی ڕامیاری دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و مەحکوم بە چەقبەستن و بەستنەوە نەکرێت بە یەك جۆری هەڵوێست و شێرگیر بون لە سەری ، چونکە بەو جۆرە کەندو کۆسپ دەکەوێتە بەردەم ڕەوڕەوەی مەوکیبی دیمۆکراسی و گیانی پێکەوە هەڵکردن و فرەیی سیاسی دەکێشرێت ، خۆ ناکرێت هێزێك بە هەمان نەفەس و هەمان ستایڵی کاری ئۆپۆزسیۆنەوە بڕواتە ناو حکومەتێکی کۆڵیشنەوە کە چەندان دنیا بینی و ئیدیۆلۆژی جیاجیا دەخزێنە ناوی، لێرەیا گرنگ بردنی بەشێك لە بەرنامەی هەڵبژاردنە بۆ ناو ئەو پاکێجانەی کە دواتر دەبن بە پڕۆگرامی بەڕێوە بردنی وڵات و فەلسەفەی بەڕێوە بردن لە ماوەی ئەو کابینەیەدا ، ئەم هێمنیە سنوردارەی نێوان گۆڕان و پارتیش لەمە بەولاوە هیچی کە نییە ، وەکو هەندێك هاوڕێ و برادەر تەفسیری بۆ دەکەن و لە سۆنگەی پاشکۆبون و پاشگەز بونەوەوە لە بەڵێنەکانی سەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە ئەژماری دەکەن ، بەڵکو ئەوە ناسکی کاتەکەو ئەو ناچاریەیە بۆ ئەفراندنی کەشێکی ئارام و لەبار هەتا تیایدا هەرچی زووە کابینە پێکبێت و حکومەت بێتە مەیدانی کارو چالاکیەوە، چونکە ئەوە ڕون و ئاشکرایە هەمو پەرەسەندن و گەشەکردنێکی ئابوری و کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەدا سەرچاوە لە خەرجی گشتییەوە دەگرێت و ئەویش وابەستەیە بە پێکهێنانی هەرچی زوتری حکومەتەوە .
هەربۆیە هەمو دواکەوتن و پاشکەوتنێکی پێکهێنانی حکومەت بە زیانی گشتی دەکەوێتەوەو دواجار دەبێتە هۆی ڕاستگۆ نەبون لە گەڵ دروشم و بەرنامەی هەڵبژاردندا ، بۆیە هەر جۆرە گفتوگۆو ئارگومێنتێك لە نێوان هەر هێزو لایەنێکی ڕامیاری کوردستاندا کە بە ئاراستەی هەرچی زوتر پێکهێنانی حکومەت بێت و بەشکردنی کێکی دەسڵات بێت بە پێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن جێگەی شانازییە نەك لۆمە کردن ، بە تایبەتی ئەم چەندە بۆ دو براوەی سەرەکی و دو هێزی گەورەی کوردستان کە یەکەم و دوەمن ، وە سەردەمێکی درێژە هەڵمەتی دژایەتی لە نێوانیاندا لە سەر شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات بەدیدەکرێت پێویستییەکی ناچارییە!؟ چونکە هەر حکومەتێك یەکێك لەم دو هێزەی تێدا نەبێت حکومەتێکی لەرزۆك و فشەڵ دەبێت بەرگەی سروە شەماڵێکی کەم ناگرێت و دەڕوخێت .
وە بۆ ئەوەی سفرەی دەسڵات و حکومەتیش ئەم دو هێزە کۆ بکاتەوە دەێت خۆ سەرەتا کەش و هەوایەکی لەبارو ڕەوشێکی ئارام بڕەخسێنرێت لە نێوانیاندا ، ئەوەش بێگومان بە گۆڕینەوەی پیرۆزبای و شتی لەو بابەتە زیاتر لەبارتر دەبێت .
گرنگ ئەوەیە هیچ هێزو لایەنێك دەستبەرداری سەدا سەدی ئەجێنداکانی خۆی نەبێت ، وە دەبێت بە پێی ڕێژەی دەسکەوتی هەڵبژاردن بەشداری بە براوەکان بکرێت و ئەوکاتیش بەهەمان ڕێژە هەر لایەنێك ئەجێنداکانی خۆی جێدەکاتەوە لە بەرنامەی داهاتوی حکومەتدا ، وە هەر بەم جۆرەش ئاشتی ڕامیاری و کۆمەڵایەتی دێتەدی .
بۆیە پێموایە هەر نزیکایەتی و هەر ئاسایی بونەوەیەکی نێوان گۆڕان و پارتی ئەگەر لە داهاتودا بێتەدی و وەك چۆن سەرەتاکەشی دەرکەوتووە لەو سۆنگەیەوە دەبێت ، نەك تەسلیم بون و پاشکۆ بون وەك هەندێك جاڕی دەدەن .