کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئاوا گه‌یشتمه‌ له‌نده‌ن! بۆ هێرۆ برایم ئه‌حمه‌د (به‌شی دووه‌م)

Wednesday, 22/07/2009, 12:00


نانسی ریگان، خانمی سه‌رۆکی پێشوتری ئه‌مریکا له‌ گێڕانه‌وه‌ی یاداشته‌کانیدا ده‌ڵێ: (المال حلیب ام للسیاسة‌) واته ‌(پاره‌ وه‌ک شیری دایکه بۆ سیاسه‌ت‌!) ئه‌گه‌ر به‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ بێ، ده‌بێ(دزی و درۆزنی ودووڕوی و فێڵ و ته‌ڵه‌که‌ بازی و که‌ڵه‌ک چێتیش) ڕووه‌که‌ی تری سیاسه‌ت! یا مامانی سیاسه‌ت بن! شێرکۆ بێکه‌سیش له‌ ده‌ربه‌ندی په‌پووله‌دا ده‌ڵێ:
سیاسه‌ت
گایه‌کی زه‌به‌لاحی چاو سووری تووڕه‌ بوو
هه‌موومان مێژوومان، به‌ که‌له‌و قۆچیه‌وه‌ به‌ستبوو.

به‌نده‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای تێکه‌ڵیمه‌وه‌ به‌ سیاسه‌ت. ده‌مزانی، خۆم و زۆرێک له‌ هاوڕێکانم به‌که‌له‌و گۆچی سیاسه‌ته‌وه‌ گرێ دراوین و ئه‌وه‌ کاری ئێمه‌ نیه‌! به‌ڵکو ئێمه‌ خۆنه‌ویستانه‌ کوردایه‌تی ده‌که‌ین، له‌ به‌رامه‌ردا به‌شێکی زۆری به‌ ناو سه‌رکرده‌کانیشمان سیاسه‌ت ده‌که‌ن بۆ‌ خۆیان وبنه‌ماڵه‌کانیان! ڕۆژگار سه‌لماندی کۆردایه‌تی ئه‌وان ده‌مامکێک بوو بۆ خڕ کردنی خه‌رمانه‌ دۆلار بۆ خۆیان و نه‌وه‌کانیان.، نه‌هامه‌تی و سه‌رگه‌ردانیش بۆ ئه‌وانه‌ی تا مردن کوردایه‌تی پیشه‌یانه‌!
له‌ناو ئه‌مانه‌دا له‌وه‌ده‌چێ ملازم هێرۆ ته‌له‌به‌ی یه‌که‌م و هه‌ڵکه‌وتووی قوتابخانه‌که‌ی نانسی ڕیگان بێت! بۆ دۆلار پێکه‌وه‌ نان.
له‌وه‌ زیاتر سه‌ره‌تاکه‌م درێژه‌ پێ ناده‌م و ده‌چمه‌وه‌ سه‌ر درێژه‌ی بابه‌تی یه‌که‌مم.
سه‌نگه‌ری ئه‌و کاتم له‌ کۆمپانیای منداڵپارێز ‌.، سه‌نگه‌ری ته‌نهای کارمه‌ندی دڵسۆزو له‌ خۆبردوو بوو، به‌رامبه‌ر به‌ تۆپه‌ڵێک دزو بۆره‌ پیاو،که‌ پشکی گه‌وره‌یان له‌ پرۆژه‌کاندا، به‌رچاویانی سوور کردبوو، ئه‌و سه‌نگه‌ره‌شم پێ که‌متر نه‌بوو له‌ ڕۆژانی پێشمه‌رگایه‌تی. ئه‌نجام من ڕوو سور هاتمه‌ ده‌رێ و ئه‌وانیش ڕووزه‌ردانه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندن! دوای ئه‌وه‌ی ده‌یان کێشه‌یان بۆ سازدام،هێرۆش کۆێرانه‌ به‌رده‌وام پشتیوانی لێ ده‌کردن و خۆشی لێم که‌وته‌ سه‌نگه‌ر.، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌ ملم خواربوو! نه‌ ده‌ستیشم پان ده‌کرده‌وه‌! بێشه‌رمانه‌ش له‌به‌کورتی ژماره‌(124)دا ده‌ڵێ(تۆڵه‌ به‌ سه‌بره‌ ئه‌مما به‌ زه‌بره‌.سه‌رده‌می ئه‌و دروشمه‌ ڕۆیی و بڕایه‌وه‌و هیوادارم جارێکر تر نه‌ ناچاربین بڵێین تۆڵه‌بکه‌ینه‌وه‌و نه‌ تۆڵه‌ بسێنینه‌وه‌و له‌ لاپه‌ڕه‌کانی مێژوودا ته‌نیا وه‌ک مێژووی سه‌رده‌مانێک بمێنێته‌وه‌‎).
گه‌ر هه‌ر که‌سێک له‌ نزیکه‌وه‌ نه‌ی ناسێ ده‌ڵی ئه‌مه‌ کچی پێغه‌مبه‌ره‌و به‌ڕێکه‌وت وئه‌مانه‌ت و دیاری دراوه‌ به‌ کورد. هه‌موو لایه‌کیش ده‌زانن تا ناعه‌داله‌تی بمێنێ تۆڵه‌ش درێژه‌ی هه‌یه‌.! وه‌لێ لێره‌و له‌وێ شێوازو تاکتیکه‌که‌نی جیاوازن.
له‌وه‌ش سه‌یرتر به‌لامه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌هه‌مان په‌ره‌گراڤدا ئه‌ڵێ(بڕیارمدابوو له‌سه‌ر تۆڵه سه‌ندنه‌وه‌ی به‌رپرس له‌کارمه‌ند بنوسم، که‌ چ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌کی بێ وویژدانانه‌و به‌زه‌بره‌) بێ گومان وایه‌ ئه‌و کارمه‌نده‌ی وه‌ک ئێوه‌ بێ ویژدان نه‌بێ و له‌ ئاست دزی وڕاووڕووت و ده‌وڵه‌مه‌ند بوونی ناشه‌رعی چه‌ندانی وه‌ک ئێوه‌و داروده‌سته‌کاندا بێ ده‌نگ نه‌بێ! ئه‌وا هه‌ر تۆڵه‌ی سه‌خت چاوه‌ڕوانی ده‌کات، نه‌ک به‌ مه‌ردانه‌ش به‌ڵکو له‌ پشته‌وه‌و به‌بیانووی هه‌ڵبه‌ستراوو جۆربه‌جۆر.
28/11/2001 له‌ گه‌رمه‌ی کێشه‌کانمدا له‌ کۆمپانیای منداڵپارێز ئه‌م نامه‌یه‌م بۆ هێرۆ نووسی ( ماوه‌ی زیاتر‌ له‌ چوار ساڵه‌ کارمه‌ندم له‌ منداڵپارێزله‌و ماوه‌یه‌دا به‌ هه‌ق و ناهه‌ق کێشه‌م بۆ دروست کرا،چاڵم بۆ هه‌ڵکه‌ندرا،ده‌یان جار شکاتم لێ کرا، غه‌درو نا عه‌داله‌تی زۆریان ده‌رباره‌ کردم، تا نوسینی ئه‌م داواکاریه‌، له‌سه‌ربنچینه‌ی دوو هۆ هه‌ر هه‌مووییم قه‌بووڵ بوو، یه‌که‌میان ڕاگرتنی حورمه‌تی به‌ڕێزتان ودووه‌میان پاراستنی وه‌فا بۆ ڕه‌فیقه‌کانم. به‌ڵام که‌ کار بگاته‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و کیشانه‌ درێژه‌ی پێ بدرێ، ئه‌وا فێر بووم که‌ به‌ ناهه‌ق نه‌ڵێم ئا. له‌به‌ر ئه‌وه‌ تکام وایه‌ گه‌ر فرسه‌تێک ڕه‌خسا ڕێگه‌ بده‌ به‌ڕێزتان ببینم و به‌به‌ڵگه‌ بۆتانی بسه‌لمێنم که‌ ئاکۆ قادر دڵسۆزانه‌ کاری کردووه‌ یا خۆد سه‌رکێشانه‌و بێ په‌روا کێشه‌ی دروست کردووه‌) وه‌ڵامی ئه‌م نامه‌یه‌م، به‌هه‌ڕه‌شه‌ و بێ وویژدانانه‌و به‌زه‌بروه‌رگرته‌وه‌! له‌ باتی بینین! ده‌توانی بڵیت وانیه‌‌ تازه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند خان! بڕوانه‌ خه‌ڵکی به‌ حورمه‌ت چۆن نامه‌ ده‌نووسێ و لێپرسراوی.، تازه‌ پیاکه‌وتو، لووتبه‌رز، له‌خۆڕازی و هیچ له‌ بارانه‌بووش چۆن وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌! ڕاستگۆیی و هه‌ق گووتن وبه‌ڵگه‌ش به‌ نۆکه‌رو پێڵاوی ماستاوچی.
هه‌ر ئه‌م زاته‌ خۆ زۆربه‌زل زانه‌ له‌(ترس)دا ده‌ڵێ(کێشه‌که‌ ته‌نیا لای سته‌م کار نیه‌، به‌ڵکو لای سته‌م لێکراویشه‌. ئایا ئه‌گه‌ر ڕچه‌شکێنه‌کان زۆر ببن له‌ ناقایلبوون به‌کاری سته‌مکار ئایا سته‌مکاران تا چه‌ند ئه‌توانن بڕکه‌ن). منیش ده‌ڵێم تا ئه‌و کاته‌ی گه‌ل گوێتان ڕاده‌کێشێ! تا چیتر به‌پاره‌ی میلله‌ته‌وه‌ خۆتان با نه‌ده‌ن! ڕچه‌شکێنه‌کانیش زۆرن تا سته‌مکاری وه‌ک تۆ و زۆری وه‌ک تۆ بنبڕ بکه‌ن.
سه‌مه‌ره‌ له‌وه‌دایه‌.، هه‌ر ئه‌م به‌ناو خانمه‌ خۆی له‌ به‌کورتی(هه‌ڵامه‌ت)دا. ده‌ڵێ( ئێش و ئازار له‌ هه‌موو ئاستێکدا هه‌ر هه‌مان ئێش وئازاره‌، بۆیه‌ لام سه‌یره‌ هه‌ندێ خه‌لك خۆیانیان له‌ یاد ئه‌چێت و وائه‌زانن کورسی و پله‌ پایه‌یان جیاوازیان ئه‌کات له‌ خه‌ڵکی و له‌و په‌نده‌ میسریه‌ تێناگه‌ن که‌ ئه‌ڵێت(کلنا ولاد تسعه‌) واته‌ هه‌موومان مناڵی مانگین!). له‌وانه‌یه‌ ئه‌م فه‌لسه‌فه‌ لێدانه‌ هه‌رسی ئاسان بێ بۆ که‌سێک نه‌ی ناسێ! وه‌لێ بۆ من که‌ چه‌ندین ساڵ له‌ نزیکه‌وه‌ ده‌تانناسم، ده‌ڵێم ته‌واو پێچه‌وانه‌یه‌و له‌وه‌ ده‌چێ ئێوه‌ منداڵی شه‌ش مانگ بن! چونکه‌ هه‌رگیز تێرخواردن نازانن، هه‌موو شتێک ده‌بێ بۆ ئێوه‌ بێت و له‌ ئێوه‌شه‌وه‌ ده‌ست پێ بکات.
گه‌ر هێرۆ و ئه‌وانی وه‌ک هێرۆن! له‌ ئێش و ئازار بگه‌یشتنایه‌ ڕۆژمان به‌م ڕۆ نه‌ده‌گه‌یشت و نا‌ عه‌داله‌تیش نه‌ ده‌گه‌یشته‌ ئه‌و په‌ڕی وده‌ستان نه‌ده‌خسته‌ قۆرخ کردنی سامانی میلله‌ت و لووشدانی بۆ خۆتان و بنه‌ماڵه‌کانتان.
بۆ پاساو دانه‌وه‌ی سه‌رتاپای کاره‌ دزێوه‌کانیشیان، لێره‌وله‌وێ هه‌ندێ کاریان ئه‌نجام داوه‌. که‌ ته‌نها بۆ چه‌واشه‌ کردنی خه‌ڵکه‌و هیچی تر. بۆ نمونه‌.
له‌ کۆمپانیای به‌ناو منداڵپارێزه‌که‌ی هێرۆ، به‌شێک هه‌یه‌ به‌ناوی به‌شی( گرتنه‌خۆ)‌ ئه‌م به‌شه‌ هه‌ڵساوه‌ به‌ گرتنه‌خۆ و به‌خێوکردنی نزیکه‌ی 2250منداڵی باوک شه‌هیدو ئه‌نفال و هه‌تیو.، مام جه‌لال مووچه‌ی 2000 منداڵه‌که‌ ده‌دات، که‌ هه‌موومان ده‌زانین له‌ کوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌و ڕۆنی خۆمان ده‌ده‌ن له‌ سمێڵی خۆمان و پێویست به‌ منه‌ت ناکات.، به‌شه‌که‌ی دیکه‌شی له‌ لایه‌ن هه‌ندێ خێرخوازی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی ووڵات دابین ده‌کرێ که‌ مایه‌ی ده‌ستخۆشیه‌ بۆ ئه‌و زاتانه‌.
سه‌یره‌که‌ له‌وه‌دایه‌ هه‌ریه‌ک له‌و خێزانانه یا(بێوه‌ژنانه‌)‌ تا ئه‌و کاته‌ی ئاگادار بووم که‌ متر له‌ 250 دینار مانگانه‌یان وه‌رده‌گرت. دوای چاوه‌ڕانیه‌کی زۆری به‌ر باران یا گه‌رمای هاوین. به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ردا کۆمپانیاکه‌ی هێرۆ. پێش ئه‌وه‌ی بگوێزنه‌وه‌ ئه‌م باڵه‌خانه‌ تازه‌یه‌یان که‌ ئه‌ویش زه‌ویه‌که‌ی له‌ لایه‌ن سه‌رۆکی حکومه‌ته‌وه‌ به‌به‌لاش دابین کراوه‌. ماوه‌ی زیاتر له‌ سێ ساڵ کرێچی بێوه‌ژنه‌که‌ی شێخ معته‌سه‌م بوو. ناوبراو‌ ده‌ستی له‌ ئه‌نفاله‌کانی گه‌رمیاندا هه‌بووه‌و هه‌موو مانگێک مافی کرێ خانوه‌که‌ی(100000) سه‌د هه‌زار دینار بوو. هه‌رگیز خۆشی نه‌ده‌هات وه‌ری بگرێت! به‌ڵکو بۆیان ده‌نارده‌ ماڵه‌وه‌.
بڕوانن مانگانه‌ی بێوه‌ژنێکی خاوه‌ن چه‌ند سه‌ر خێزانی هاوسه‌ر شه‌هید چه‌نده‌ و ته‌نها کرێی خانووی بێوه‌ژنێکی مێرد مسته‌شار چه‌نده‌.!
ئه‌وه‌ یه‌کێکه‌ له‌ بچوکترین ڕه‌فتاری ڕابردووی خه‌ڵکه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاته‌کانی حزب و حکومه‌ته‌که‌ی له‌ مه‌ڕ خۆمان. که‌ چۆن بوونه‌ پایه‌وپشت و په‌نا بۆ به‌شێکی که‌می خیانه‌تکار. به‌شێکی زۆری خه‌ڵکه‌ ماندوو و تێکۆشه‌ره‌که‌شیان ڕووتانده‌وه!
‌دوا به‌دوای بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌شی یه‌که‌می ئه‌م بابه‌ته‌م له‌ کوردستان پۆستی ئازیزدا. هاوڕێیه‌کی هه‌ره‌ ئازیزی خۆمیان لێ ڕاسپاردم.، ئه‌گه‌ر له‌ نوسین و بڵاوکردنه‌وه‌ و پشتیوانی لیستی گۆڕان نه‌که‌وم! ئه‌وا موچه‌ی خانه‌نشینیه‌که‌م ده‌بڕن! به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ زیادی ده‌که‌ن!
ماوه‌یه‌کی زۆره‌ خانه‌نشینی پێشمه‌رگایه‌تیه‌که‌م 60000 شه‌ست هه‌زار دیناره‌. واته‌ نزیکه‌ی 60 دۆلار! ئه‌و پاره‌یه‌ی دراوه‌ته‌ من و به‌شێکی زۆر له‌ هاوڕێکانم‌ ناکاته‌ له‌ هه‌زاردا یه‌کی.، ئه‌و ئاغایانه‌ و مسته‌شارانه‌و کۆنه‌ به‌عسیانه‌یه‌ی که‌ شێخ جه‌لال شێخ حسام الدین تاڵه‌بانی. له‌ژێر ناوی جۆراو جۆری دیوه‌خانانه‌ و دیاری و شتی تردا ده‌یبه‌خشێته‌وه‌.، که‌ هیچیان له‌ کیسه‌ی خودی خۆی ده‌رنه‌چووه‌! به‌ڵکو له‌ خه‌زێنه‌ی میلله‌ت، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی، به‌ ناعه‌داله‌تی ده‌یبه‌خشێته‌وه‌!
پیشنیار ده‌که‌م.، خانه‌نشینیه‌که‌م بده‌ن به‌ ملازم هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شه‌وی سووری قوبادی کوڕی له‌ ئیتالیا ته‌نیا ده‌ ملیۆن دۆلاری تێچوو. منیش مووچه‌که‌م ده‌به‌خشم به‌و وه‌ک دیارییه‌ک! بۆ خه‌ته‌نه‌ سوورانی کوڕه‌زاکانی.!
له‌ کۆتاییشدا ده‌ڵێم( تؤڵه‌ به‌سه‌بره‌، ئه‌مما به‌زه‌بره‌) هه‌ر ده‌مێنێ! وه‌لێ ئه‌م جاره‌ ڕێوشوێن و شێوازه‌که‌ی گۆڕاوه‌ و به‌ هیمنی و له‌سه‌رخۆ به‌ڕێوه‌ده‌چێت و سندوقاکانی ده‌نگدان سه‌نگی مه‌حه‌کن.، به‌ره‌و گۆڕان.
ئه‌مڕۆ ئه‌و ڕۆژه‌یه‌.، به‌شێکی زۆری گه‌ل هه‌ست به‌و نابه‌رامبه‌ری و نا عه‌داله‌تیه‌ ده‌که‌ن که‌ لێیان ده‌کرێ و ماوه‌یه‌کی گه‌لێ درێژیشه‌.، مافه‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی تاکی کوردو هاووڵاتی کورد.، به‌ ده‌ستی دوو حزبی مافیا پێشێل و زه‌وت ده‌کرێ.!
ئه‌مڕۆ ئه‌و ڕۆژه‌یه‌! که‌ ڕه‌حمه‌تی قانع ده‌ڵێ:

ئه‌مڕۆ ڕۆژێکه‌، ڕۆژی فه‌قیره‌
کۆمه‌ڵی هه‌ژار، به‌ڕاوو بیره‌
پاره‌ په‌رستیش مات و زوویره‌
چه‌شنی ڕاوکه‌ری، بێ شیرو تیره‌!
ئاکۆ قادر ئه‌حمه‌د

تێبینی:
1- بڕوانه‌ په‌رتووکی( یاداشته‌کانی نانسی ڕیگان) به‌ زمانی عه‌ره‌بی یا ئینگلیزی.
2- بڕوانه‌( ده‌ربه‌ندی په‌پووله‌)ی به‌ڕێز شێرکۆ بێکه‌س.
3- بڕوانه‌ به‌ کورتی( ترس و هه‌ڵامه‌تی) ملازم هێرۆ.
4- بڕوانه‌ دیوانی ڕه‌حمه‌تی قانع.
*****************************************
ئاوا گه‌یشتمه‌ له‌نده‌ن (به‌شی یه‌که‌م)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە