کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەرۆک تۆم ناوێت..

Monday, 28/02/2011, 12:00



لە دوای ڕووداوە شومەکەی ١٧ی شوباتەوە چەندین گەنچی ئەم ووڵاتەی ئێمە لە شوێنی جیاجیا و لە خۆپیشاندانەکانی کوردستان دا بێ گوناه شەهیدکران و بریندارکران، چەندین نوسەر و ڕۆشنبیر و خەڵکی دڵسۆز داوای چاکسازی و گۆڕانی ئەم بارودۆخە نەخوازراوەی کوردستان دەکەن. 
خەڵك بەگشتی و نووسەران و ڕۆشنبیران و خوێندکاران ی کوردستان بەتایبەتی، بێزاربوون لەو هەموو بەڵێنە درۆینانەی دەسەڵات، لەو هەموو نایەکسانی و گەندەڵی و بێخەمخۆرییەی حیزبە دەسەڵاتدارەکەنی کوردستان.
بەداخەوە دەسەڵات نەك بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ نەکرد، هەموو توانای خۆی بەکارهێنا بۆ ئەوەی هێڵی سوورمان بۆ دابنێت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ مقەدەساتمان بۆ زیاد دەکات، کە تەنها مەبەست لێیان تەسك کردنەوەی ئازادییەکانمانە و تەسەمۆکردنمانە بۆ ئەوەی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ملکەچی بڕیارەکانی بین. ئێمەی تاکی کورد تا ئێستاش نازانین ئەم هێڵە سورانە چین و چۆنن!! کێن ئەوانەی ئەم هێڵە سوورانە دیاری دەکەن!! ئەم هێڵە سوورانە زیانەکانیان چین و بۆ ئەوەندە خەتەرناکن!! 
من لێرەوە پرسیار لەسەرۆکانی بێخەمی کوردستان و عێراق دەکەم و دەڵێـم، سەرۆك دەبێت منێك کە سەرکەشم و تائەوپەڕی تواناو هێزم ئازادیخوازم، چی بە موقەدەس بزانم! ئایا مقەدەساتی ئێمەی کورد چین! سەرۆکی بەرێز من مرۆڤێکی زانستخوازم و لە ڕاستیشدا پێشمەرگەیەكی خوێنگەرم و شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازم، وەك تاك ئازادی و سەربەستیم لە هەموو شتێك لا مقەدەس تر و پیرۆزترە، تا کە هێڵی سوور لام تەسك کردنەوەی ئازادییەکانمە. مەقەدەساتی من وەك کوردێك تاوانی کیمیاوی هەڵەبجە یە، تاوانەکانی ئەنفال و تەعریبکردنە ، گەڕانەوەی ناوچە داگیرکراوەکان بۆ سەر کوردستان، کوشتن و بریندارکردنی خەڵکی بێتاوانە. 
من خەڵکی ئەم ووڵاتەم و لێرە پەروەردە بووم، هەرکاتێک سنوری ئازادییەکانم بۆ دیاری بکرێت و چاوم لێ سووربکرێتەوە سەرکەشتر دەبم و تاکەبڕوام بۆ بەدەستهێنانی ئازادییەکانم تەنها بەزەبری چەکی دەستم دەبێت و ڕادەپەڕم و بەخوێنی خۆم گوڵی ئازادیم ئاو ئەدەم. شانازی دەکەم کە لولەی تفەنگاکان ساڵانێكە بۆنی باروتیان لێنایەت و قەلەمەکان مرەکەب دەڕێژن و لەسەر نەگبەتی و نەهامەتی میللەتەکم دەنوسن، لەسەر گەندەڵی و پاراستنی کەرامەتمان و نەهێشتنی تاوان و فراوانکردنی ئازادیمان دەنوسن. کاتێك مەلایەك لە بڵندگۆی مزگەوتەوە هاوار دەکات نا بۆ گەندەڵی و دزی و نا عەدالەتی فەرمانەکانی خودا و دینەکەی خۆی جێ بەجێ دەکات. خۆپیشاندەران ڕۆڵەی ئەم میللەتەن و پەروەردەی ئەم خاك و ئاوەن و داوای مافی ڕەوای خۆیان دەکەن، ئەمانە هێلی سوور نین و دوکەڵ لە کوێ بێت ئاگریش لەوێیە. 
سەرۆك تۆ لەکوێی؟ لە ١٧ی شوباتەوە خەڵك دەکوژرێت و بریندار دەکرێت بەدەستی چەکدارەکانی تۆ، خەڵك بێزارن، ووڵات وەك خۆی نەماوە، لە سلێمانی و کەلار و هەڵەبجە و چەمچەماڵ خوێنی لاوی کوردی بێتاوان ڕژاون. لە هەلێری پایتەختی وڵاتەکەی تۆ زانکۆ و دوکان و ژیان دادەخرێت، خەلك دەڕفێندرێن، ترس و دڵەڕاوکێ ئاسمانی شاری داپۆشیوە و ئەی تۆ لەکوێی؟
سەرۆك گەر تۆ بەڕاستی سەرۆك بویتایە هەموو رۆما و قەداسەتەکانیت نەدەگۆڕییەوە بە خوێنی لاوێکی کورد، سەرۆك گەر تۆ سەرۆک بویتایە هەموو بەغدا و عەگال بەسەرەکانیت نەدەگۆڕییەوە بە یەك بستی شەقامەکانی هەولێر و سلێمانی.
سەرۆك داوای لێبوردن بکە و لە هەرکوێیەكن لەوێ بن و ئیتر ئێوە سەرۆک نین....
پێشمەرگەیەک

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە