کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دیموكراسیەتی پەلامار و هەڵبژاردنی ساختە

Monday, 10/08/2009, 12:00


ئەوەی شەوی یەكشەممەی هەفتەی رابردوو لە هەولێر روویدا رووداوێكی گەلێك شەرمهێنەر بوو. هەر كەسێك پێی هەڵسابێت مایەی شەرمە. ئەو رووداوانە رووداوەكەی 6/12ی 2005ی بادینانی بیرخستینەوە، بەڵام جیاوازییان ئەوەبوو كە ئەوەی بادینان بە رۆژ روویدا، ئەوەی ئەمجارە بە شەو روویدا. پێموایە خشینی هێزە بەربەرییەكان لە رۆژەوە بۆ شەو سەركەوتنی هێزی رووناكییە بەسەر بیرە تاریكەكان. چوار ساڵ بەر لە ئەمڕۆ هەر ئەو كۆمەڵە بەربەرییە بە رۆژی رووناك پەلاماری بارەگاكانی یەكگرتوویان دەدا، بەڵام ئەمڕۆ بە شەو پەلامار دەدەن. لە 2005 ئەو میلیشیا چەكدارە چەند رۆژێك پێش هەڵبژاردنەكان پەلاماریان دەدا، بەڵام ئەمساڵ تەنیا یەك رۆژ دوای ئەنجام دانی هەڵبژاردنەكان و دەركەوتنی شكستەكەیان پەلاماریان دا. هیوادارین لە هەڵبژاردنی داهاتوو چیتر نەتوانن پەلامار بدەن، ئەگەر شكستی گەرورەشیان هێنا.
هەر كەسێك گومانی لەوە هەبێت كە ئەوانە هێزێكی رێكخراو و بەرنامەدار بوون، یان هیچ لەم هەرێمە نازانێـت یان دەیەوێـت خۆی لە ئاستی بویەرەكان گێل بكات. ئەوەی ئێمە بینیمان خەڵكی ئاسایی نەبوون، ئەوانە كۆمەڵێك كەس بوون بە بەردەمی زێرەڤانی و پۆلیسەوە تەقەیان بەسەر بارەگاكاندا دەكرد، بەبێ ئەوەی یەكێكیان لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستگیر بكرێن، یان لێپرینەوەیان لەتەكدا بكرێن، یان هەر هیچ نەبێت دوور بخرێنەوە. پێموایە دواجار ئەوەی ئەو هێزە رێكخراوە چەكدارەی لە بارەگاكانی رۆژنامەی رۆژنامە و KNN و بارەگاكانی یەكگرتوو و كۆمەڵ دوورحستەوە لەشكری خەو بوو نەك لەشكرەكانی ناوخۆ، چونكە تا ماندوو بوون تەقەیان كرد و تا پێیانكرا پەلاماریان دا، بەڵام كە بەرپرسان لەو پەلامارانە ئاگادار كرانەوە پێیان عەیب بوو چیتر بچنە ناو بارەگاكانەوە، بۆیە ستراتیژیەتی تۆقاندنیان پەیڕەو كرد، وەك پیشەی هەمیشەیی خۆیان.
هەر كەسێك پێیوابێ ئەم هێزە چەكدارانە بەبێ كۆبوونەوە و وەرگرتنی تەوجیهێك هەڵیانكوتاوەتە سەر بارەگاكان، كەسێكی كاڵفانە، خۆ بێ بەریكردنی پارتیش لەو رووداوە بێماناترین و سەیرترین شت بوو، چونكە هەر هیچ نەبێت هێزەكانی ئاسایش، پۆلیس، پێشمەرگە و زێرەڤانی لە دەست پارتییە، خۆ پاراستنی ئاسایشی هەولێریش لە ئەستۆی ئەوانە، من گومانم هەیە مێروولەیەك لە كونەكەی خۆی بێتە دەرەوە و ئەوان ئاگایان لێی نەبێت. ئەدی بۆ ئاگایان لە زیاتر لە 200 چەكدار نییە كە بۆ ماوەی زیاتر لە چوار سەعات لەناو شاری هەولێر و دەوروبەری بە كەیفی خۆیان دەسوڕێنەوە و تەقە دەكەن و پەلامار دەدەن؟
ئەوەی ئێمە شەوی یەكشەممەی رابردوو بینیمان زیندووبوونەوەی هەمان بەربەرییەتەكانی سەردەمی براكوژی بوو. ئەو زەمەنەی مرۆڤ بە هەموو شێوەیەك كەرامەتی دەڕوشێنراو سوكایەتی پێ دەكرا. مادام تا ئێستا هێزێك هەبێت پەلاماردانی ئەو نەیارانەی بدات كە دەیانەوێت سندوقەكانی دەنگدان بكەنە هۆكاری دەستاودەستكردنی دەسەڵات، ئێمە دەبێت هەڵوەستەیەكی جددی بكەین لەسەر هەموو كردار و رەفتارەكانی ئەو لایەنە بكەین، دەبێ دیسانەوە بە ئاكاری لەمێژینەی ئەو هێزە تێهەڵچینەوە و سەیری رابردووی تا ئەمڕۆی بكەین. ئەو كاتەی ئێمە لە راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان و لە نووسینەكانمان باسی بەربەرییەتی ئەو هێزانەمان دەكرد، بە ئێمەیان دەگوت(ئێوە كۆنە برینان دەكولێننەوە؟!)، ئەدی ئێستا ئەگەر باسی رووداوەكانی شەوی یەكشەممەی رابردوو بكەین كە هێشتا هەفتەیەكی بەسەردا رەت نەبووە، دەبێ چیمان پێ بڵێن؟!
ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین تەواو پێچەوانەیە، ئەو هێزەی ناوی دیموكراتە و شەو و رۆژ باسی دیموكراسییەت دەكات كەچی پەلاماری ئەو لایەنانە دەدات كە دەیانەوێ مومارەسەی دیموكراسی بكەن، جگە لەوانە پەلاماردانی دوو كەناڵی راگەیاندنی وەك رۆزنامەی (رۆژنامە) و كەناڵی (KNN)ئەو گومانەی لەلا تۆختر كردینەوە كە ئەو هێزە جگە لە وتنەوەی وشەی(دیموكراسی) لە چەند ساڵی رابردوو زیاتر فێر نەبووە، بۆیە پێیوایە ئەگەر وشەی (دیموكرات)ی ئاوێتەی ناوەكەی بكات دەبێتە هێزگەلێكی دیموكراسی، ئەمەش جگە لە مەهزەلەك هیچی دی نییە.
ئاخر هێزگەلێك دوای ئەم هەموو ساختەكاری و گزییە ئینجا بە رێژەیەكی كەم لە هەڵبژاردن دەربچێت دەبێ چ تەمایەكمان پێی هەبێت، قەوارەیەك كە لە بنەڕەتەوە باوەڕی بە ساختە كاری هەبێت، بێگومان باوەڕێكی بەتینشی بە گەندەڵی هەیە، بۆیە نابێ هیچ تەمایەكمان بەو هێزە ساختەكارانەبێت بۆ چارەسەركردنی گەندەڵی و كێشەكانی دیكە.
ساختە لە هەڵبژاردنەكان، بەدترین رەفتارە كە هێزێكی باوەڕبەخۆ نەبوو پەنای بۆ دەبات، لە دونیای ئێمەدا ساختەكردن لە هەڵبژاردن شتێكی نامۆ نییە، هەر یەكەمان بە جۆرێك لە جۆرەكان بینیومانە، هەمووشمان دەزانین ئەو لایەنانە كێن كە ساخت دەكەن.
ئەرێ دەبێ ئەو هێزە ساختەكارانە قەت لەخۆیان نەپرسیبێت بۆچی خەڵك ئامادە نییە متمانەیان پێ ببەخشێتەوە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات؟! دەبێ رۆژێك ئەو پرسیارە بە مێشكیاندا نەهاتبێت بۆ دەبێت هەموو جار ئەوان چەند مانگێك بەر لە هەڵبژاردن كۆمەڵێك لێژنەی ساختەچی دروست بكەن بۆ ساختە كرد؟
سەیرە ئەگەر یەكێك بڵێ تەزویر نەكراوە، من بەخۆم باوەڕ بكەم یان بە قسەی هێزە ساختە كارەكان، یەكێك لە خزمە نزیكەكانم چوار دەنگی داوە، یەكێكی دیكەیان نۆ دەنگ و یەكێكی تریان نۆزدە دەنگی داوە، هەمووشیان بۆ (لیستی كوردستانی)یان داوە و ئێوارەی رۆژی هەڵبژاردنیش لە یەكێك لە بارەگا حیزبییەكان دەعوەت بوون. ئەرێ ئێمە بە هێزێكی ساختەكار باوەڕ بكەین یان بەو هەموو راپۆرتەی رۆژانە بڵاو دەكرێتەوە دەربارەی تەزویراتەكانی دەسەڵات.
ئەرێ دەبێ چ پەیوەندییەك لە نێوانی (ساختە) و (پەلامار)دا هەبێت و تا ئێستا ئێمە پەیمان پێی نەبردبێت؟ دەبێ چ حیكمەتێك ئەم دووانەی پێكەوە بەستابێتەوە؟ سەیرە تۆ ساختە بكەیت، كە پێشت بڵێن ساختەت كردووە لە بری پاكانە، پەلامار بدەیت.
باشە دوای ئەم هەموو ساختەكارییەش كە تای تەرازووە لارەكەی خۆتان پێ راست نەكرایەوە بۆ پەلامار دەدەن؟ نازانن پەلاماردان رەفتاری هێزە دیموكراتەكان نییە، بەڵكو رەفتاری دیكتاتۆرەكانە؟
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە