کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چۆن مه‌ترسیه‌کان له‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌ که‌م بکه‌ینه‌وه‌ ؟

Thursday, 24/09/2009, 12:00


به‌شی چواره‌م : خاڵێکی دیکه‌ له‌و هۆکارانه‌ی که‌ ده‌بێته‌ هۆی له‌ داونانی پێشمه‌رگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی بریتی‌یه‌ له‌ :

5- نه‌بوونی به‌رنامه‌یه‌کی ڕوون و ئاشکرا بۆ دواڕۆژی کوردستان له‌لایه‌ن ئه‌م پارتانه‌وه‌ .

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی دامه‌زراندنی به‌شێک له‌ پارته‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌گاته‌ 65 ساڵ و له‌و ماوه‌یه‌شدا توشی ده‌یان نوشوستی و تێکشکاندن هاتوون ، که‌چی هێشتا نه‌ ده‌رسیان له‌ ڕابردوو وه‌رگرتووه‌ و نه‌ به‌رنامه‌یه‌کی ڕوون و ئاشکراشیان هه‌یه‌ بۆ دواڕۆژی کوردستان و ده‌ربازبوون له‌و قه‌یران و سه‌رگه‌ردانییه‌ی که‌ دووچاری نه‌ته‌وه‌که‌مان هاتووه‌ .



ئه‌و ڕێچکه‌یه‌ی که‌ ئه‌م پارتانه‌ گرتوویانه‌ته‌ به‌ر هه‌ر هه‌مان ئه‌قڵیه‌ته‌ که‌ له‌ سه‌ده‌ی ڕابردوودا پیاده‌یان کردووه‌ و تیایدا سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون ، ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته‌ش ته‌نها په‌یوه‌ست بووه‌ به‌ شه‌ڕی چه‌کداریه‌وه‌ ، ئیتر به‌بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌وه‌ بکه‌نه‌وه‌ که‌ بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی دوژمن هه‌موو شێوازه‌کانی خه‌بات پێویسته‌ و شه‌ڕی چه‌کداریش ده‌بێت بخرێته‌ خزمه‌تی ئه‌و شێوازانه‌وه‌ ، که‌ هه‌ندێک له‌و شێوازانه‌ بریتییه‌ له‌ شه‌ڕی ئایدۆلۆژی شه‌ڕی ئابووری شه‌ڕی فه‌رهه‌نگی شه‌ڕی ده‌روونی شه‌ڕی نێو ماڵی دوژمن له‌ ڕێگه‌ی خرۆشاندن و ته‌قاندنی جه‌ماوه‌ر به‌ ڕووی دوژمندا شه‌ڕی دیپلۆماتی و ...هتد .

ئه‌و لایه‌نه‌ی که‌ سه‌رکه‌وتنی به‌رچاوی به‌ده‌ست هێناوه‌ له‌م بواره‌دا بریتی‌یه‌ له‌ پارتی کرێکارانی کوردستان که‌ توانیویه‌تی هه‌موو شێوازه‌کانی خه‌باتکردن پێکه‌وه‌ گرێبدات و خه‌باتی چه‌کداریش بخاته‌ خزمه‌تی ئه‌و شێوازانه‌وه‌ و وه‌کو داینه‌مۆیه‌ک میلله‌تی پێ بجوڵێنێت .

ئه‌گه‌ر ئێمه‌ سه‌رنجێک بده‌ینه‌ هه‌شتاکان و نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ئه‌وا ده‌بینین که‌ زیانی گیانی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان به‌ڕێبه‌رایه‌تی پ‌ک‌ک زیاتر بووه‌ له‌و زیانه‌ گیانیانه‌ی که‌ به‌ تورکه‌ دوژمنه‌کان گه‌یشتووه‌(زیانه‌کانیش زیاتر به‌هۆی که‌م ئه‌زموونی ئه‌و کات و هه‌ندێک ده‌ستی تاوان بوو که‌ له‌ نێو ڕیزه‌کانی شۆڕش‌دا خۆی مه‌ڵاس دابوو) ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و زیانه‌ گیانیانه‌ به‌راورد بکه‌ین به‌و ده‌ستکه‌وتانه‌ی که‌ له‌ ئه‌نجامی ئه‌و زیانه‌ گیانیانه‌دا به‌ده‌ست هاتووه‌ ئه‌وا ده‌توانین بڵێین زیانی گیانی هێجگار که‌م بووه‌ . ئه‌م گوته‌یه‌م ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت که‌ له‌ به‌های خوێنی شه‌هیده‌کانمان که‌م بکه‌مه‌وه‌ چونکه‌ هه‌ر دڵۆپه‌ خوێنێکی ئه‌و شه‌هیدانه‌ گه‌وره‌ترین به‌های نه‌ته‌وایه‌تیمان بووه‌ و شوێنی ئه‌و به‌هایانه‌ش وا به‌ ئاسانی پڕ ناکرێنه‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه‌ی که‌ به‌ده‌ست هاتووه‌ له‌ سایه‌ی خوێنی ئه‌و شه‌هیدانه‌دا سه‌دان هێنده‌ خوێنی ده‌ویست ئه‌گه‌ر شێوازی خه‌باتکردنه‌که‌ به‌ به‌رنامه‌ و دروستی به‌ڕێوه‌ نه‌چوویایه‌ . چونکه‌ به‌و خوێنه‌ زیاتر له‌ 25 ملیۆن کوردی مردوو زیندوو کرایه‌وه‌ و کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیمان هه‌موو کونجێکی جیهانی گرته‌وه‌ .

به‌ 25 ساڵ خه‌باتی چه‌کداری له‌ باکووری کوردستان‌دا ته‌نها 50 هه‌زار که‌س هه‌م له‌ کورد و هه‌م له‌ دوژمن گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌ و ده‌ستکه‌وته‌کانیش ڕۆژ به‌ ڕۆژ زیاتر ده‌بێت و دواڕۆژێکی زۆر پرشنگداریش به‌ڕێوه‌یه‌ . به‌ڵام 65 ساڵ تێکۆشانی چه‌کدارانه‌ی ئه‌م لایه‌نه‌ کلاسیکیانه‌ و ده‌یانهه‌زار شه‌هید و بێ سه‌روشوێن بوو ئه‌نجامه‌که‌ی گه‌یشت به‌ ئۆردوگانشینی و چوونه‌ ژێر ڕکێفی تاڵه‌بانی و بارزانییه‌وه‌ و تووره‌که‌ هه‌ڵبه‌ستن بۆ کوردکوژانی وه‌کو که‌ڕوبی و موسه‌وی .

له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌رنامه‌یه‌کی ڕوون و ئاشکرا نه‌بووه‌ له‌م پارته‌ کلاسیکیانه‌دا(هه‌م له‌ باشوور و هه‌م له‌ ڕۆژهه‌ڵات)‌دا ئه‌وا هه‌میشه‌ بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان په‌نایان بردۆته‌ به‌ر داگیرکه‌رێکی دیکه‌ی کوردستان تاوه‌کو بتوانن به‌رامبه‌ر به‌و داگیرکه‌ره‌ بوه‌ستنه‌وه‌ که‌ له‌گه‌ڵیدا به‌ شه‌ڕ هاتوون و هاوسه‌نگی هێز ڕابگرن ، واته‌ پارسه‌نگی سه‌رکه‌وتن له‌و خه‌باته‌ی که‌ پارته‌ کلاسیکیه‌کان به‌ڕێوه‌یان بردووه‌ هه‌میشه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی دوژمندا بووه‌.

به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌رنجێک بده‌ینه‌ باکووری کوردستان ئه‌وا ڕه‌وشه‌که‌ ته‌وا پێچه‌وانه‌یه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ 25 ساڵ خه‌باتی به‌رنامه‌ بۆداڕێژراو توانر هه‌م ئایدۆلۆژیای دوژمن مایه‌ پوچ بکات و هه‌م که‌مالیسته‌کان به‌ جۆرێک بێنێته‌ سه‌ر چۆک که‌ دوژمن ناچاری ئه‌وه‌ بکات په‌نا بباته‌ به‌ر هه‌ر وڵاتێک و سه‌ر بکه‌ن به‌ ماڵی هه‌ر لایه‌کدا تاوه‌کو بتوانن به‌رامبه‌ر به‌ بزاڤی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌که‌مان بوه‌ستنه‌وه‌ ، واته‌ داگیرکه‌رێک جگه‌ له‌وه‌ی که‌ خاوه‌نی چه‌کو جبه‌خانه‌ و هێزێکی سه‌ربازی زۆره‌ له‌ هه‌مان کاتدا له‌ په‌یمانی ناتۆشدایه‌ به‌ڵام له‌ لایه‌ک په‌نا ده‌باته‌ به‌ر ئێران و سوریا له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ هانا بۆ یه‌کێتی و پارتی و حکومه‌ته‌که‌ی مالکی ده‌بات و له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ داوای یارمه‌تیکردن له‌ ئه‌مریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی ئه‌وروپی تاوه‌کو بتوانن به‌رامبه‌ر به‌ ئازادیخوازانی نه‌ته‌وه‌که‌مان بووه‌ستنه‌وه‌ و سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنن ، واته‌ پارسه‌نگی سه‌رکه‌وتن له‌و خه‌باته‌ی که‌ پ‌ک‌ک به‌ڕێوه‌ی بردووه‌ له‌ باکووردا هه‌میشه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا بووه‌ .

پاش 65 ساڵ ته‌مه‌ن که‌چی هه‌موو به‌رنامه‌ی لایه‌نه‌ کلاسیکه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات بۆته‌ ئه‌وه‌ی که‌ فۆتۆکۆپی هه‌نگاوه‌کانی یه‌کێتی و پارتی بکه‌ن و له‌ ژیانی ئۆردوگانشینیه‌وه‌ باس له‌ میرات به‌شکردنی دواڕۆژ بکه‌ن له‌ ڕۆژهه‌ڵات‌دا ، واته‌ یه‌کێک خه‌و به‌ سه‌رۆککۆماری ئێرانی فیدراڵه‌وه‌ ده‌بینێت و لایه‌نێکی دیکه‌ش به‌ خه‌یاڵ حکومه‌تی هه‌رێمی دامه‌زراندووه‌ . هه‌نگاوه‌کانی یه‌کێتی و پارتیش جگه‌ له‌ فه‌شه‌ل بوون و قوڵکردنه‌وه‌ی زیاتری کێشه‌کان و که‌مکردنه‌وه‌ی ده‌ستکه‌وته‌کانی ڕاپه‌ڕین و کوشتنی خۆشه‌ویستی کۆمه‌ڵگا بۆ کوردستان و میلیشیاسازی و تاڵانی زیاتر هیچ شتێکی دیکه‌ نه‌بووه .‌

بۆ زانیاری زیاتر بڕوانه‌ ئامانجه‌کانی حدکا له‌ فه‌سڵی‌ دووهه‌م: (بنچینه‌كانی‌ ئیداره‌ی‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان) په‌سندكراوی‌ كۆنگره‌ی‌ سێزده‌هه‌م له‌م لینکه‌ی خواره‌وه‌دا :-

http://pdki.org/articles5-12-22.htm



درێژه‌ی هه‌یه‌ ....



جه‌لال چوارتایی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە