کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەخێربێى دكتۆر هۆر جۆن، بۆ وڵاتى نان و رۆن

Thursday, 14/06/2012, 12:00



 
 

زۆرم پێ خۆشە ئێمەش وەكو هەر میللەتێكى سەر ئەم زەمینە رێزو خۆشەویستیمان بۆهونەرمەندە جیهانییەكان هەبێت و ستایش و دەست خۆشى لە بەرهەم و كارەكانیان بكەین و سوود و ئەزموون لە ژیان بەرهەمەكانیان ببینین ، شتێكى ئاسایشە ئەگەر داوەت بكرێن و خەڵاتى رێزلێنانیان پێبدرێت ،بەڵام ئەمە كەى و چ كاتێك لەبارو گونجاو دروستە؟ لەكاتێكدا كە ئێمەش وەكو هەر وڵاتێكى دیكە كیان و قەوارەى خۆمان هەبێت و وەكو وڵات حسابمان بۆبكرێت، هەروا بێتەوە ئێمەش خاوەنى چەندین هونەرمەندى بەتواناو لێهاتوو شارەزابین لەئاستى باڵادا بین ،نەك وەك ئێستا ،ئێمە وا دەرى ئەخەین كە دۆست وخۆشەویستى هونەرین،گیانى هونەرپەروەرى و هونەر دۆستى مان زۆر بەرزە ،هونەر لەناو خوێن و دەمارماندا گوزەر ئەكات، بەلام لەواقیعدا هیچ نین و ئەوەى لامان فەرامۆشكراوە و وەلا نراوە هونەرو هونەرمەندانە بەهەموو بەشەكانیەوە، سەیر نییە خۆمان بە دۆست و ئاشناى هونەر ئەزانین حەزمان لەدراماوشانۆ و تەمسیلە،كەچى لە شارەكەماندا چى بیناى سینەمایە دەروخێنرێت دەكرێتە شوێنى بازرگانى،دوو هۆڵى گونجاومان نییە بۆ نمایشى شانۆى،تاك وتەرا نەبێت گالێرى نابینیت، لەگەڵ بوونى چەندین هونەرمەند و تیپى مۆسیقادا ساڵانە یەك بەرهەمیش ناخرێتە بازاڕەوە، بەسەدان شێوەكارو خاوەن فڵچەى زێڕینمان هەیە كە لەئاستى هونەرمەندە جیهانیەكاندان بەڵام چونكە رەگەزیان كوردەو لەكوردستانن كەس بەچاوى هونەرمەند سەیریان ناكات و بەرهەم و كارەكانیان بێ نرخ و بچووك دەبینرێت ،ئەویش ناچارە و دەزانێت كە هونەر لێرە قیمەتى لەتە نانێكى نییە لەبەر خاترى ئەوەى نەمرێت لەبرسا پارووە نانێكى دەست كەوێت كارێكى دوور لە حەز و خولیا و پیشەى خۆى دەكات ،وەكو هونەرمەندى رەحمەتى سەروەت سەوز (كارى مین هەڵگرتنەوەى دەكرد) دەیان هونەرمەندى دیكە هەیە سەرقاڵى كرێكارى وشوفێرى و بەرگدرووى و چى چیە، كەئەمە بۆ خۆى نەنگى وشورەییە بۆ حكومەت و لایەنى دەسەڵاتدار، لەبرى رێز قیمەت و بەها بێبەخشین بەوانە و وەكو هونەرمەندانى وڵاتانى تر تەماشایان بكەین،كەچى تەواو تەواو پەراوێز دەخرێن ناویان دەچێت بەكۆڵەكەى ئاشا، بەدەیان كەڵە هونەرمەندى كۆچكردووى وەكو (عوسمان چێوار و كەمال سابیر ورەئوف یەحیا وسمكۆ عزیز و ئەوانمان هەبوو بەڵام ئەوەتا بزانەكە تەواوى ژیانیان بەهونەر بەخشى ئەى ئێستا باش نەمانیان چیان بۆكراوە ؟ كێ لەحاڵ وگوزرەرانى خانەوادەكەیانى پرسیوەتەوە ،تا چەند بارى سەرشانیان بەهۆى ئەوەى لەپێناوى هونەردا سەریان نایەوە سوككراوە ؟ لە یاد وبۆنەیەكداچەند جار بەسەر كراونەتەوە و ناویان هێنراوە؟ دەیان هونەرمەندى دیكەمان لە چەشنى (عمر چاوشین و بلەى سەعە كەڕ و حاجى مەكى محمد ناشاد حەمەى نێرگز و دێرینى وێنەكێش و كێ و كێ هەیە ،بەدەیان ساڵ خزمەتى هونەرى یان كردووە،بەڵام چونكە داماوانە كوردن و زەمانە غەدرى لێكردوون لەم وڵاتە چاویان هەڵهێناوە بەهاى پوشێكیان نییە، كەس نازانێت ژیان و گوزەران نەهامەتیەكانیان چییە تەنانەت نازانین ماون یان مردوون؟؟، كەس گوێ لەخەم و ئازارەكانیان ناگرێت، نازانێت چۆن چۆنى ئەژین، باشە من یەك پرسیار ئەكەم هەقم بەسەر لایەنى سیاسى و بیروراو ئەملا ولاوە نییە،بەس بەویژدان وەڵام بدەنەوە باشە هونەرمەندانى وەكو(مستەفا احمد، جمیل سابیر، عمر كریم ئاغا و نەرمین(رەحە چل دەم) وسەعدون یونس، محمد ئەربیلى بەدیعە دارتاش و احمد جۆلا و ماهیر حەسەن و كمال چالاك و عومەر دڵپاك و تەها بابان ،جەلیل زەنگەنەو......سەدانى تر چیان لەو هونەرمەندە جیهانیانە كەمترە ،ئەو بەهرە و هەست و حەماسە هونەرییەى لەواندا هەیە لەكێدا هەیە، ئەگەر بهاتایە ئەوانیش خەڵَكى وڵاتێكى رۆژئاوا یان وڵاتەكەى هۆرجون بونایە تەواوى پێداویستى ژیانیان دابین بكرایە ئێستا لەلوتكەى رێزو ئیحترامدا بوون،بەڵام چونكە ئەو بەڕێزانە كوردن ولەسەر خاكى كوردستان دەژین هیچ گرنگى وبایەخێك نەك بەهونەرەكەیان بگرە بەخۆشیان نادرێت، بڕوا بكەن زۆریان هەیە ئەگەر یەك مانگ هاوكارى و مووچەكەى دوابكەوێت یان نەدرێت تەواو تەواو پەرێشان دەبێت و تاڵترین رۆژگارى ژیان دەبینێت. نەك بەتەنها بڵێم بەس هونەرى نواندن و شانۆ ئەمە حاڵیەتى ،نا سەرجەم بوارەكانى تریش حاڵیان لەوان باشتر نییە،ئەوەتا تۆ بڕوانە شێوەكارێك بەهەزار قەرز و قۆڵەو ئەملاو لاو دەردەسەرى تا هەنێك پێداویستى وێنەكێشان پەیدا دەكات تا پیشەنگایەكى پێ بكاتەوە،بەڵام كاتێك پیشەنگا دەكاتەوە لەبیرو هزر و خەیاڵى خۆیدا وا لێك دەداتەوە كە ئەگەر هەندێك تابلۆ بفرۆشێت ئەتوانێت قەرزەكانیشى بداتەوە و بڕێك پارەش بۆخۆى بخاتە لاوە،بەڵام بەداخەوە ئەو خەونە وەكو بڵقى سەرئاو دەبێت ،نەك تابلۆ نافرۆشێت بەڵكو تاك وتەرا نەبێت خەڵك هەرناچن بۆ بینیى كارەكانیشى.هەروەها گۆرانیبێژێك بەهەزار فەلاكەت و شەونحونى و راكە وبڕو تا سیدیەك ئەخاتە بازاڕەوە هەرچى پارەو پولى هەیە سەرفى دەكات تا بەرهەمەكەى كامڵ بێت وبێتە بەر ،كەچى بە ئەسەفەوە نەك قازانج مایەى خۆشى دەرناهێنێت كەئەمە بۆخۆى خەفەتێكى گەورە ومەئاساتە، چونكە مەعقول نییە لە ژیاندا هونەر ئاوێتەى رۆحت نەبێت لەوڵاتێكدا بژیت ئەوەى سوك وریسوا بێ نرخ بێت هونەرى وڵاتەكەت بێت،كەچى بێیت لاف و گەزاف لێبدەیت خۆت بكەیت بە كوێخاو دەمراستى هونەرمەندان و بەئارەزووى خۆت یارى بەهەست و شعوریان بكەیت و هیچ رێز قەدر و نرخێك بۆ ئەوان دانەنێیت لەگەڵ بوونى وەزارەتێكى گەورە و گران بەناوى رۆشنبیرى و بوونى چەندین رێكخراوى لەوێنەى سەندیكاى هونەرمەندان ، بچیت بە كەیفى خۆت كێت خۆش بوێت و بەكێ موعجیب بیت ئەو هونەرمەندانە داوەت بكەیت و رێزیان لێ بنیت و كارو بەرهەمیان بەرز بنرخێنیت ،ئەمانەى خۆشمان بخەیتە پەراوێزەوە و حسابى نەبووبان بۆبكەیت ،كەئەم نەریتە لەناو كورد دا نەبێت لەهیچ وڵاتێكى دیكە بەدینەكراوە .من ناڵێم ئەوە كارى نەكردەیەو نابێت پەیوەندى و دۆستایەتى و یەكتر ناسین و داوەتى هونەرمەندانى بیانى رەتبكەنەوە وهەموو دەرگاكان بەرویاندا دابخەین و لە جیهانى هونەرى دونیا دابڕاوبین وهیچ پرد و ئەلقەیەك نەبێت بۆ پەیوەندى و شارەزایى لە هونەرى جیهانى،نا نەخێر من شینەكەم بۆ ئەوەیە ئەڵێم با جارێك ئێمە ئاوڕێكى بەخێر لەهونەرمەندانى خۆمان بدەینەوە و لە برسیەتى و هەژارى و نەدارى رزگاریان بكەین، هەروەها تیپە هونەریى و مۆسیقى هەڵپەركێ و بەشەكانى تر رێك بخەینەوە رۆحیان بەبەردا بكەینەوە و بیان خەینەوە سەر رێرەو و رێچكەى جاران و پێداویستى و داواكاریان بۆ فەراهەم بكەین و ئاستیان بەرز بكەینەوە، و پێداویستى ژیانیان بۆ زامن بكەین و ئەوانیش وا هەست بكەن كە هونەرمەندن و لەبرى ئەوەى بیر لەوە بكەنەوە بەدەر لەهونەر چۆن بتوانن بژین و چ كارێك بكەن تا موحتاج نەبن ،بیر لەداهێنان و ئاوازى جوان و دراماى بەچێژ و تابلۆى رەنگاو رەنگ بكەنەوە، ئێمەش ئەبینە خاوەن هونەرێكى پێشكەوتو ناسراو، من زیاتر لەوە ئەترسم كەئەو هونەرمەندانەى داوەت دەكرێن بۆكوردستان جگە لەوەى هەگبەكەبان پڕدەكرێت لەدۆلار و دیارى بەنرخ ،ئەترسم یەكى سەرو پارچە زەوى بازرگانیشیان یان پێ بدرێت و هەروەها بەپلەى بەڕێوەبەرى گشتى لەوەزارەتێك بەسەرجەم ئیمتیازەكانیەوە خانەنشین بكرێن،یان لەوڵاتەكەى خۆیدا بكرێت بەنوێنەرى حكومەتى هەرێم یان حیزبێك ، یان هیچ نەبێت یاریدەدەرى سەرۆكێك بێت بۆكارو بارى هونەرى ، یان مەڵبەندێكى رێكخستنى لە وڵاتى خۆى بۆ بكرێتەوە بەڕێزى بكرێتە مسئولى.بەڕێزەكەم بەدوورى مەزانە لەم وڵاتەدا چاوڕوانى هەموو شتێك بكە .

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە