لە ساڵیادى كیمیابارانى سێوسێناندا، یەكێتى خۆى كیمیاباران كرد
Sunday, 22/03/2009, 12:00
1783 بینراوە
رۆژى 22-3-2009 چەندان كەس و لایەنى سیاسى و كۆمەلایەتى لە لایەن بنەماڵەى شەهیدان و یەكێتى نیشتمانى كوردستان(ى ن ك)وە بۆ یادەوەرى ساڵرۆژى كیمیابارانى گوندى سێوسێنان بانگ كرابوون،یادەوەریەكە لە سەعات دووى پاشنیوەرۆ وە تا سەعات چوار بەردەوام بوو،ئەگەرچى ساڵرۆژەكانى ترى كیمیابارانى سێوسێنان مۆركى حزبایەتى تەسكى پێوەدیاربوو و (ى ن ك) دەیكردنە بۆنەى خۆى و هەرچى بیرو بۆچون و پەیامى شمولیانەى هەبوو لەو رۆژەدا رایدەگەیاند،بەڵام خەڵكى دەڤەرەكە و ئامادەبوانى یادەوەریەكەى ئەمساڵ واى بۆ دەچوون،لەبەر رەوشى نالەبارى ئەمرۆى یەكێتى ولەبەر حسابكردن بۆ فراونبوونى نارەزایى خەڵكى كوردستان و لەبەر نزیك بونەوەى كاتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمى كوردستان،مەراسیمى ئەسماڵى گوندى سێوسێنانى (ى ن ك) كەمێك بۆنى دیموكراتى لێبهاتایە و ئێش و ئازار و نارەزایى خەڵكى كوردستانى لە خۆ بگرتایە و لە ساڵیادەكانى تر جیاواز بایە،كەچى ئەوەى كە بە چاوى خۆمان بینیمان دەتوت (ى ن ك) نە باى دیوە و نە باران،بە بێ ئەوەى رەخنەیەك لە خۆی بگرێت، تاكرەوانە،چەواشەكارانە،نا مەنتقیانە و نادیموكراتیانە بەربوونە رۆحى شەهیدەكانى كیمیابارانى سێوسێنان و بە حسابى بەرپرسانى باڵى تاڵەبانى لە یادەوەرى ئەمساڵدا نیشانەى بەهێزى حزبەكەیان دەردەخەن،بەڵام بە لاى چاودێرانى سیاسیەوە بیست و یەكەمین یادەوەرى كیمیابارانى سێوسێنان بۆ یەكێتى كارەسات بوو، وەك ئەوە وابوو (ى ن ك) بوردومانى كیمیاوى خۆى بكات.
1.پارێزگارى سلێمانى ئامادەى مەرسیەمەكە نەبوو،وتارى پارێزگاى سلێمانى لە لایەن بەرَێوەبەرى ناحیەى سێوسێنانەوە خوێندرایەوە،بەرێوەبەرى ناحیە بەڵگەى بۆ ئامادەنەبوونى پارێزگار ئەوەبوو كە لەبەر ئیش و كارى پارێزگا نەیتوانیەوە ئامادەى مەراسیمەكە ببێـت،بەڵام ئەم بیانوەى بەرێوەبەرلە كاتێكدایە كە بە بۆنەى جەژنى نەورۆزەوە ماوەى سێ رۆژە بەسەر یەكەوە دەوامى رەسمى دائیرەكانى هەرێمى كوردستان وەستاوە و پارێزگارى سلێمانى هیچ كارێكى رەسمى نیە،بۆیە بەڵگەى ئامادە نەبوونى پارێزگا بۆ هەموو كەس دەركەوت كە بایەخنەدانى پارێزگارە بە كار ەساتى كیمیابارانى سێوسێنان نەك سەرقاڵبوونى پارێزگاربێت وەك بەرێوەبەر وتى.
2.بۆ ئەوەى دەرفەتى وتار خوێندنەوە لە لایەنە سیاسیەكانى ترى كوردستان بگیرێت، بەرپرسى مەڵبەندى 21 (ی ن ك) بە ناوى وتارى هاوبەشى سێ حزبەوە وتارێكى خوێندەوە،لە عورفى سیاسیدا ئێستە نەبینراوە بۆ یادەوەریەك سێ حزب بۆ وتارخوێندنەوە یەك بگرن،بەڵام ئەو وتارە تەنها بۆچونى (ى ن ك) بوو لە سەر رووداوەكە،هەرچەندە بنەماڵەى شەهیدانى گوندى سێوسێنان لەگەڵ ئەوەدابوون هەندێ كەسایەتى و لایەنى سیاسى تر لە بۆنەكەدا وتاریان هەبێت،بەڵام كۆمیتەى رێكخستنى سَیوسێنان رێگەیان نەدابوو بێجگە لە وتارى مەڵبەند و كۆمیتە وتارى هیچ لایەنێكى تر هەبێت و هەرواش دەرچوو و لە بۆنەكەى ئەمساڵدا تەنها وتارەكانى (ى ن ك) خوێندرانەوە.ئەمەش نیشانیدا كە ى ن ك تا دێت تاكرەوانە تر رەفتار دەكات.
3.ئەو كەسەى كە ناوى عەبدولكەریم هەڵەدنى بوو و وەك بەرێوەبەرى بەرێوەبرەرایەتى شەهیدانى حكومەتى هەرێمى كوردستان وتارى خوێندەوە، یەك لەو پێشمەرگە دابڕاوانە بوو كە دواى پرۆسەكانى ئەنفال و كیمیاباران ساڵى 1988 تەسلیمى رژێمى ئەنفال و كیمیاوى سەدام بووەتەوە،و تا دواى راپەرین لە شارەكانى كوردستان ماوەتەوە،باشە چۆن دەبێت كەسێك بەرپرسى دەزگاى ئەنفال و كیمیاباران بێت لە كاتى هەرە هەستیاردا رێزەكانى پێشمەرگەى بەجێهێشتبێت و خیانەتى كردبێت و گەرابێتەوە باوەشى ئەو رژێمەى كە گەلى كوردى ئەنفال و كیمیاباران كردووە؟هەر كەسێك ئەو بەرپرسەى ناسیبێت سەرى لەم كارە هەرە ناكۆكەى (ی ن ك) سوڕدەمێنێ كە خزمەتكارێكى جەلادەكانى ئەنفال و كیمیاباران بەرپرسیارى بنەماڵەكانى شەهیدانى ئەنفال و كیمیابارانى كوردستان بێت.
4.وتارى پزیشك و كارمەندانى تەندروستى مەڵبەندى یەكى ئەو سالانەى یەكێتى لە لایەن كاك جوتیارەوە خوێنرایەوە،ئەو كاتانەجووتیار برینپێچێكى وریاو بە ئەدەب بوو،لە ژێرچاودێرى من و دكتور ناسح و پزیشكەكانى تردا كارەكانى باش رادەپەراند،بەلام ئەو هیچ كاتێك پزیشك نەبووە و سەربەخۆ چارەسەرى هیچ نەخۆش و برینداریكى نەكردووە و لەبریارى پزیشك و لە ژێر چاودێرى پزیشكدا كارى دەرزیلێدان و تەداوى ئەنجامدا،كەچى لە كارنامەى مەراسیمەكەدا ناوى جووتیاریان وەك دكتور هێنابوو،بەلام لە هەمووى سەیرتر ئەوەبوو كە جووتیار وتارێكى خوێندەوە،(ی ن ك) وا وتارەكەى بۆ دارشتبوو كە لەو كاتەدا تەنها ئەو چارەسەرى بریندارەكانى كارەساتەكەى كردووە و ئەو مەفرەزە پزیشكیەكانى بۆ فریاكەوتنى بریندارەكان دابەشكردووە و كەسێكى تر لەو دەڤەرەدا نەبووە،ئەم چەواشەكاریەش خەڵكى گوندى سێوسێنانى تورە و شپرزە كرد،لەبەر ئەوەى ئەوان دەزانن كێ چارەسەرى بریندارەكانیانى كردووە؟ئەمەش بۆ ئەوەبوو ناوى ئەو پزیشك و كارمەندە تەندروستیانەى تر نەهێنرێت كە ئەو كات رۆڵى كاریگەریان لە چارەسەركردنى بریندارەكاندا هەبووە،لەبەر ئەوەى ئەو پزیشك و كارمەندە تێكۆشەرانە ئێستە بەو سیاسەتە هەڵە و گەندەڵەى ئەمرۆى (ى ن ك) رازى نین و لە بەرەى ئۆپۆزسیۆندان.ئەم جۆرە وتارانە بەشێكن لە چەواشەكردنى مێژووى تێكۆشانى ئەو پزیشكە شۆرشگێرانەى تر و گەلى كورد و مێژوو لێى بێدەنگ نابێت.
5.لە كۆمەڵگاى كوردستاندا وا باوە لە مەراسیمى ماتەمینی شەهیداندا بنەماڵەى شەهیدان وتاری كۆتایى بخوێننەوە،بەڵام حزبى دەسەڵاتدار رازى نەبوو بنەماڵەى ئەو شەست و شەش شەهیدە و بریندارانى كیمیاوى گوندى سێوسێنان وتارەكەیان بخوێننەوە و بەخێرهێنانى میوانەكان بكەن و وەك خۆیان بارى گوزەرانى ژیانیان و ئازارەكانیان هەڵسەنگێنن،ئەمەش گەورەترین پێشێلكارى مافى مرۆڤە و پێشێلكردنى ئازادى رادەربرین بوو كە لە لایەن حزبى دەسەڵاتدارەوە دژى كارەساتى كیمابارانى گوندى سێوسێنان ئەنجا درا.
بەم شێوەیە ئامادەبوان بۆیان دەركەوت كە باڵى تاڵەبانى (ى ن ك) لە پاى ئەو هەموو رەخنە و نارەزاییەى خەڵكى كوردستان،نەك هەر حساب بۆ نارەزایەتى خەڵكى كوردستان ناكات و رەحنە لە خۆى ناگرێت و خۆى ناگۆرَێت،بەڵكوو تا دێت زیاتر هەنگاوى نادیموكراتى و مڵهوڕانە دەنێت ولەم كاتەدا ئەم هەڵسووكەوتە ناتەندرووستەش هێندەى كیمیابارانێك بۆ چارەنوسى ا(ى ن ك) ترسناكە.
دكتور فائیق محەمەد گوڵپى*
*
پزیشكێكى چارەسەركەرى بریندارانى كیمیابارانى گوندى سێوسێنان