کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خولە سەقەتەكانى سەنتەرى زمانى سەر بە زانكۆى سەلاحەدین

Monday, 02/11/2009, 12:00


كۆمەڵێك لە مامۆستایان ئاشكرایە فێربوونى زمان بە یەكێك لە پێداویستیەكانى سەردەم هەژمار دەكرێت، هەروەك گوتراوە چەند زمان بزانى ئەوەندە كەسەى ، لە رۆژگارى ئەمرۆماندا فێربوونى زمانیش بۆتە مایەى بایەخدانى زۆرێك لە خەڵكى و تەواوى چین و توێژەكان وەك (بازرگانەكان ئەوانەى كەل و پەل لە دەرەوەى كوردستان هاوردە دەكەن یان فەرمانبەرانى دام و دەزگاكانى حكومەت ئەوانەى شاند دەكرێن بۆ وڵاتانى دەرەوە یاخود گەشتیاران) ئەم بایەخدانەش هۆكارەكەى بۆ جیهانگەرایى دەگەرێتەوە، ئەویش دواى واڵاكردنى سنوورەكان و سەردانى كردنى شاندەكان و كردنەوەى بالیۆزى زۆرێك لە وڵاتان لە هەرێمى كوردستان و پتەوكردنى پەیوەندیەكان لە نێوان هەموو ئەو ولاتانە هاوكات لە گەڵ ئالودەبوونى هەندێك لە هاوڵاتیان بۆگەشت و گوزار دواى ئەوەى چەندین ساڵ بوو لەلایەن حكومەتى بەعسەوە بێ بەش كرابوون لە سەردانى كردنى ولاتانى دەرەوە .
ئەوەى ئێمە دەمانەوێ لێرەدا قسەى لەسەر بكەین خولەكانى سەنتەرى زمانە كە چەند سالێكە خوول بۆئەو فەرمانبەرو مامۆستایانە دەكەنەوە كە هەڵَگرى بروانامەى بەكالۆریۆس و ماستەرن و خوازیارى پێشكەش كردنى خوێندنى باڵان (ماستەرو دكتۆرا) و توانستى زمانى ئینگلیزیان نیە كەوەك مەرجێك دانراوە بۆ پێشكەش كەرانى خوێندنى باڵا یان هەندێ لەو فەرمانبەرو مامۆستایانە توانستى زمانى ئینگلیزییان هەیە بەڵام ماوەى (5) ساڵى بەسەرداچووە بە بریارى وەزارەت گوایە ئەو بروانامانە (ئیكس پایەر بوون) وەك خواردەمەنى و شتو مەكەكانى هەندێ لە سوپەرماركێت و دوكانەكان !!! مەبەستمان ئەوبریارە سەقەتەیە كە لەلایە وەزارەتى خوێندنى باڵاوە دەرچووە كە دواى تێپەر بوونى ئەوماوەیە بەسەر بروانامەكاندا قوتابیان بۆیان نیە پێشكەشى خوێندنى باڵاى بكەن و پێویستە سەر لە نوێ بەشدارى ئەو خولانە بكەنەوە كە لەلایەن سەنتەرى زمانەوە دەكرێتەوە چونكە بروانامەكانیان لە كوالێتى كۆنترۆل دەرنەچووە .
ئاشكرایە كردنەوەى ئەو خولانە هیچ بنەمایەكى زانستى و تەندروستى تێدا بەدى ناكرێت و تەنها بۆدروست كردنى كۆسپ و لەمپەر دانراوە لە پێش ئەو كەسانەى خوازیارى خوێندنى باڵان ، چونكە پرۆگرامى خوێندنەكە پرۆگرامێكى بێ پلان و بەرنامەیە دوورە لە ئاست و تواناى بەشداربووان واتە رەچاوى (الفروق الفردیە) تێدا نەكراوە بەشە زانستیەكان (ئەندازیارى ، پزیشكى ، دەرمانسازى ، زانست .... هتد) لە گەڵ بەشە مرۆڤایەتیەكان (ئاداب ، زمان ، پەروەردە ، شەریعە ، كارگێرى و ئابوورى) هەر دوولا یەك مەنهەجیان بۆ دانراوە پەرتوك و زاراوەكانیش ئەوانەى لەوخولانەدا دەخوێندرێن هەموویان زانستین و دەربارەى بابەتە زانستیەكانە . لە هەمووى سەیر تر ئەوەیە سەرجەم مامۆستایانى وانەبێژى خوولەكە تەئكیدیان لە سەر ئەوە دەكردەوە كە ئەوخولانە بۆ فێربوونى زمان نیە ، لێرە دا حەقى خۆمانە بپرسین ئەگەر ئەو خولانە بۆ فێربوونى زمان نیە ئەى بۆ چى ئەو هەموو پارە زۆرە وەردەگیرێت لە بەشداربووان و ئەو هەموو كاتە زێرینەیان لێ بە فیرۆ دەدەن ، بە تایبەت هەندێ لەو بەشداربووانە هەڵگرى بروانامەى ماستەرن لە بوارە جیاجیاكاندا دواى ئەوەى لە زانكۆ وانەكانیان دەڵێنەوە بە شەكەتى و ماندوویى بەبێ ئەوەى پشوێك بدەن دێنە ناو هۆلەكانى خول و هەموو كاتەكەیان لە دەست دەچێت لە برى ئەوەى بچن توێژینەوە بنوسن و برەو بە تواناكانی خۆیان بدەن هەروەك وەزارەتى خوێندنى باڵا بریارى داوە و بانگەشەى ئەوە دەكات كە دەبێت مامۆستایان تا كاتژمێر (دوو نیو) لەكۆلێژدا بمێننەوە بۆ ئەوەى كاتەكانیان لە تاقیگەو پەرتوكخانە و توێژینەوە بەسەر بەرن ، ئەگەر مامۆستایەك دواى كاتژمێر (سێ) بەرەو خولى زمان بروات و رۆژانە ئەمە حاڵى بێت ، دەبێت چاوەروانى چ داهێنانێكى لى َ بكرێت! سەرەڕاى هەمووئەمانەش نەكافتریایەك هەیە بۆحەسانەوەى بەشداربووان لەكاتى پشووەكان ،بەڵكو جێگاى پەسەوانان وپاكەرەوەكانیان كردۆتە كافتریا دانیشتنیش لەوێ قەدەغەیە بە فەرمانى بەرپرسى سەنتەرماوەیەكى زۆریشە بەڕادێكى ئاوخواردنەوەیان داناوە بۆ بەشداربووان كە نزیكەى (400) كەس بەیەك پەرداخ ئاودەخۆنەوە.هەموولایەك دەزانین چەند ساڵێكە وەزارەتى تەندوروستى ڕێنمایى هاووڵاتیان دەكاتەوە كە لە شوێنە گشتیەكان ئاوى بەڕاد مەخۆنەوە چونكە زەرەروزیانى هەیە بۆ سەر تەندروستى مرۆڤەكان و بەڵاو بونەوەى پەتاى ئەنفلۆنزاى باڵندەو بەراز، جگە لە مانەش هۆلەكانى خوێندن زۆر بچوكەو تەهویەیى تێدا نیە تەنها سپلیتێكى تێدایە و ئەویش ناوە ناوە دەكوژێتەوە ئەویش وەك ئەوەى بڵێى كارەبایەكەى لە ترافیك لایتەوە بۆ هاتبێت هەر هۆلێكى خوێندنیش نزیكەى (36) قوتابى تێدایە لە هاوینان پلەى گەرمى ئەوەندە بەرز دەبێتەوە مامۆستا ناچار دەبێت دەرگاو پەنجەرەكان بكاتەوە . ئەمانەش لەبەر ئەوە نیە كەوا سەنتەرى زمان تواناى دابین كردنى كەموو كوریەكانى نیە ، چونكە هەر قوتابیەكى بەشداربوو ئەگەر فەرمانبەرى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا بێت ئەوا بڕى (150) هەزاردینارى لێ وەردەگیرێت ئەگەر لەدەرەوەى زانكۆ بێت ئەوا بڕى (250) هەزار دینارى لێ وەردەگیرێت ، ئەو بڕە پارانەش كەم نین ئەویش بە گەواهى و قسەى خودى فەرمانبەرانى سەر بەو سەنتەرە ، چونكە ئەو فەرمانبەرانە بەزارى خۆیان دەیان گووت بەو پارەیەى ئێوە دەیدەن ئێمە جاران (3) خولمان بۆ هاولاتیانى ئارەزوو مەند دەكردەوە و دەیان گووت ئێمە نازانین ئەو پارەیە چى بەسەر دێت و كێ دەیبات . بۆیە پێویستە وەزارەتى خوێندنى باڵا وخودى جەنابى وەزیرى ئێستا بەدوا داچوونى هەبێت لەسەر چۆنیەتى سەرف كردنى ئەو پارانە بۆیە لە كۆتایدا دەڵێین ئەو خولانە نەمێنن چونكە زۆرێك لە پسپۆریەكانى زانكۆكان (زمانى عەرەبى ، زانستە ئیسلامیەكان ، یاسا ، مێژوو ، كوردى) تاوەكو ئێستا نەك مامۆستاكانیان شاندى ولاتانى ئەوروپا نەكراون بەڵكو شاندى ولاتانى عەرەبى و عێراقیش نەكراون كەواتە زمانى ئینگلیزى بۆچى فێربن ئەگەر سوودى لێ وەرنەگرن و سەرچاوەكانى خوێندنیشیان هەمووى بەزمانى عەرەبى یان بەزمانى كوردى بێت لە كاتێكدا ئیفاد كردنی مامۆستایانى كۆلێژى زمان وشەریعە بۆ ولاتانى عەرەبى زۆر پێویستە بۆ ئەوەى لە نزیكەوە ئاگایان لە رەوشى زانكۆكانى ئەو ولاتانە بێت بە مەبەستى ئالوگۆركردنى بیرو راكان . بۆیە چەند پێشنیارێك دەخەینە روو هیوادارین وەزیرى خوێندنى باڵاى تازەو سەرۆك زانكۆكان سوودى لێ وەرگرن كە بریتیە لەم خاڵانەى لاى خوارە.
1- ئەوانەى هەلگرى بروانامەى بەكالۆریۆس و ماستەرن لە كاتى وەرگیرانیان لە خوێندنى باڵا ماددەى ئینگلیزیان بۆ زیاد بكرێت وبەشێوەكى چڕوپڕبخوێندرێت لە برى توانستى ئینگلیزى بۆ ئەوەى كات لە دەست فەرمانبەران و مامۆستایان نەڕوات بەهۆى ئەو خولانە وە وهەروەهائەوهەمووپارەیەش بێ سەروشوێن نەكرێت .
2- هەوڵ بدرێت هاوشێوەى زانكۆكانى عێراق هەندێك لەو پسپۆریانەى كە پێویستیان بە زمانى ئینگلیزى نیە و سەرچاوەكانیان بەو زمانە نیە وەك كۆلێژەكانى (زانستە ئیسلامیەكان ، زمان ، پەروەردەى مرۆڤایەتیەكان) ئەوانە توانستى زمانى ئینگلیزى مەرج نەبێت بۆیان لە كاتى پێشكەش كردنیان بۆ خوێندنى باڵا .
3- سەنتەرى زمان خول بكاتەوە بۆ ئەو فەرمانبەرو مامۆستایانەى ئارەزوویان هەیە برەو بە زمانى ئینگلیزى بدەن خولەكە تەنها لە پشووى هاوین دابێت و پارەیەكى رەمزیان لێ وەربگیرێت واتە خولەكە بەزۆر نەبێت و بەسەریاندا نەسەپێندرێت .

كۆمەڵێك لە مامۆستایان وفەرمانبەرانى بەشداربووى خولەكە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە