نامە گۆڕینەوە لەنێوان"زوحاك"و" کاوە"
Wednesday, 19/03/2014, 12:00
2343 بینراوە
نامەی یەکەم: کاتێ مابووم، جگە لەبیرکردنەوە لەوەی چۆن تۆڵەی هەژار و لێقەوماوان و ڕزگارکردنی کویلەیەتی لەدەست ئێوەی بەد و ستەمکار و تینوو بەخوێنی گەنج و لاوانی ووڵات. هیچ خولیایەکی ترم نەبوو. کاتێ وویستم پەیامی خۆم و چینی بەشخوراوان بگەیەنمە کۆشکی ستەم و جەوری ئێوە، سڵم لەمردن و سێدارەو مردن نەکردەوە. کاتێ حەزم لەئازادی و یەکسانی و پیکەوە ژیان بوو، هزرم تەنها لای سێبەری خەون و ئاواتی دایکانی دڵسۆز و خوشکانی بەئەمەك بوو. کاتێ بڕیاریم دا کۆتایی بەو هەموو نابەرابەریی و ناتەبایی و لووت بەرزی و خۆسەپاندن و ملهوڕیەتان بێنم، ئێدی چیدی دوو دڵ نەبووم و کەوتمە پێش ئاپۆڕەی جەماوەر و نەعرەتەی کۆتاییتانم بەگوێدا دان. باش لە بیرتانە کەوا چۆن خۆت و مارەکانتان(بنەماڵەکەت) لەمل و قوولە پێی گەلەکەم ئاڵابوون و بواری هیچتان نەئەدا، خۆ لەبیرتە کە هەموو ڕۆژێ گەنجیکی ووڵاتت ئەکوشت و یەکێکی ترت زیندانی ئەکرد و یەکێتکی ترت بەدوژمنی گەلەکەمت ڕادەست ئەکردەوە. خۆ باشت بیرە هەموو موڵك و سامانی ئەم گەلەت لەبۆ خۆت و بنەماڵەکەت تەرخان کرد. بۆیە کە چەکوشەکەم وەشاند، توانیم مێژوویەکی پرشنگدار بۆ خۆم و نەوەی نوێ تۆمار بکەم.
نامەی دووەم: ئەزموون و مێژوو فێری کردین کەوا بۆ ئەوەی ئاوەژووی ڕوودواوەکان بکەینەوەو جارێکی تر نەکەوینە ژێر دەست و پێی "کاوە"کان، یەك ڕیز لە بەناو(پیرباڵەکان،حەمە سەعیدەکان،بەختیار عەلیەکان ،...) وەك مەتەرێز لەبەردەم کۆشکەکەم ڕێز بکەم و ئێوەی پێ چەواشە بکەم.ئەوانە وەك جادو بە نووسین و درێژ دادڕیەکەیان ئێوەیان مەست کردوەو ئاگاتان لە خۆ نەماوە. گەر دوێنێ هەروا بەسانایی گەیشتیتە لام و سەرت پان کردمەوە،ئەوا ئێستا دوای خۆت ، خانەوادەکەت لای من و بەتەمای ئەوەن بەندە بکوژی تۆیان بۆ بدۆزمەوە. ئەوان ئەوەیان لەیاد چوو کە سەردەشت و سۆران و شێخ ستار لەژێر دەستی من و بەفەرمانی من لەناوبران، ئەوان هەنووکە منیان کردە بەڕێز و پایەدار و خاوەن شکۆو ئەزبەنی. بەهاتنتان بۆ کۆشکەکەم ڕەواتەتیان دا بە هەموو کردەوەکانمان. کەواتە ئەوانەی پێیان وایە(٣١ ئاب، ئابڕوو چوونەکەی ١٩٧٥ و کوشتن و تیرۆرکردنی لاوانی ئەم ووڵاتە)کاری خراپن،بەهەڵەدا نەچووم کە بۆم کرا بەداستان و قارەمانێتی. ئەوە منم جارێکی تر مێژوو بەشیوەیەکی تر ئەنووسم و "زوحاك" ئێستا سەرۆکی ووڵات،دیموکراتخواز،بنەماڵەی پیرۆز، باوکی ڕوحی داهاتووتان ئەبم.