کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یەكێتى، لەسۆسیال دیموكراتەوە بۆ میلیتاریزم.

Saturday, 26/06/2010, 12:00


رۆژى 1/6 تا 11/6 بەفەرمى كۆنگرەى یەكێتى بوو، 15/6 بەفەرمى دەرەنجامى هەڵبژاردنەكانى سەركردایەتى و ئەنجومەنى ناوەند راگەیاندرا. ئەندامێكى كۆنگرە ئاشكراى دەكات كەلەلایەن ئەندامانى سەركردایەتى پێشووەوە ساختەكارى زۆر كراوەو زیاتر لە پێنجسەد كەس بەنایاسایی بوونەتە ئەندامى كۆنگرە. هەروەها راشكاوانە دەڵێت كە كەسانى عەسكەرى و ئەمنى هەیمەنەیان بەسەر سەركردایەتى یەكێتیدا كرووە، ئەوەش دەڵێت كەكۆنگرە نەیتوانیوە كێشەكان چارەسەر بكات و گۆڕانكارى ئەوتۆی نەكردووە. ئەندامێكى تریش رایدەگەیەنێت كەدووبارە پیاوان و عەقڵى سەردەمى شاخ دەستیان بەسەر یەكێتیدا گرتووەتەوەو دەرفەت بە رۆشنبیران وگەنجان نەدراوە بگەنە سەركردایەتى.

سەرچاوەكانى قەیران لەناو یەكێتیدا كۆتایی پێنایەت
عەدالەت عەبدوڵڵا، یەكێكە لەگەنجە رۆشنبیرەكان كەخۆی بۆسەركردایەتى پاڵاوتبوو، بەڵام دەرنەچووە، نابراو بەجۆرە باس لەبەرەنجامەكانى كۆنگرە دەكات "بیروراى جیاواز هەیە بۆ دەرنجامى كۆنگرە هەیە، هەندێك لەیەكێتییەكان پێیان وایە كەكۆنگرە سەركەوتوو بووە لەوەى كەتوانیوێتى كۆمەڵێك كێشە چارەسەر بكات و توانرا كۆنگرە تێپەرێنرێت، چونكە چاوەڕانى ئەوا دەكرا كۆنگرە ببێتە هۆی ئینشیقاق، بەڵام ئەم شتانە رووینەدا. بەڵام بەگشتیی هەندێك پێیان وایە كەبەشێكى زۆرى كێشەو قەیرانەكانى ئەم حزبە پێوەندى بەسەركردایەتى پێشووەوە هەبووە، سەركردایەتى پێشووش دانیان بەوەداناوە كەهەڵەى زۆریان كردووەو بەرپرسیارن لەپاشەكشێكانى یەكێتى، بەڵام بەداخەوە لەرووى هەڵبژاردنەوە ئەنجامى هەڵبژاردنى سەركردایەتى بەدڵى جەماوەرى یەكێتی نییە. خەڵكى چاوەڕێی ئەوەیان دەكرد ئەوانەى خۆیان بەبەرپرسیار دەزانن لەرەوشی ناهەموارى یەكێتى، پاداشت نەكرێن، بەڵام بەداخەوە دووبارە هەڵبژێردرانەوەو جارێكى تر هەموویان بوونەوە ئەندامى سەركردایەتى، بەمەش سەرچاوەكانى قەیران لەناو ئەم حزبەدا كۆتایی پێنایەت بەڵكو وەكو خۆی دەیهێڵێتەوە". شادمان مەلا حەسەن باس لەوە دەكات كەكۆنگرە نەیتوانیوە چارەسەر كێشەكان بكات. نابراو دەڵێت " تارادەیەك كۆنگرە توانیوێتى دەست نیشانى كێشەكان بكات، بەڵام نەیتوانیوە چارەسەرى كێشەكان بكات".

كەسانى عەسكەرى و ئەمنى، شكست بەگەنجە رۆشنبیرەكان دێنن
بەپێی بەرەنجامەكان، گەنجە رۆشنبیرەكانى یەكێتى، لەكۆنگرە شكستیان هێناوەو نەیانتوانى بگەنە سەركردایەتى، لەبەرامبەردا كەسانى عەسكەرى و ئەمنى سەركەوتوون، بۆنموونە كەسانى وەكو (عەدالەت عەبدوڵڵا، سەرنووسەرى واڵاپرێس، عارف قوربانى، سەرنووسەرى ئاسۆ، شادمان مەلا حەسەن، رۆژنامەونوس، ستران عەبدوڵڵا، سەرنووسەرى رۆژنامەى كوردستانى نوێ، كاوە محەمەد، سەرنووسەرى پێشووى رۆژنامەى كوردستانى نوێ ... هتد، گەنجە رۆشنبیرەكانى كۆنگرە شكستیان هێناوەو لەبەرمبەردا كەسانى عەسكەرى و ئەمنى وەكو حاكم قادر عەزیزجان، بەرێوەبەری ئاسایشى گشتى، دكتۆر خەسرەو گول محەمەد، بەرپرسی دەزگاى زانیارى، عەمید حەسەن نورى، بەرێوەبەرى ئاسایشی سلێمانى، مەحمود سەنگاوى، نوێنەرى مام جەلال بەفەرماندەیی گشتى هێزى پێشمەرگە، مستەفا چاوڕەش بەرپرسی مەڵبەندى پیشمەرگایەتى، بوونەتە ئەندامى سەركردایەتى.
شادمان مەلا حەسەن، ئەندامى كۆنگرە كە خۆی بۆ سەركردایەتى پاڵاوتبوو بەڵام دەرنەچووە، ئاماژە بەوەدەكات كەلەلایەن ئەندامانى سەركردایەتى پێشووەوە ساختەكارى ئەنجام دراوەو نەخشە بۆكێشراو بووە، بۆیە چین و توێژى گەنجان و رۆشنبیران شكستیان هێناوە، ناوبراو دەڵێت "دووبارە پیاوان و عەقڵى سەردەمى شاخ دەستیان بەسەر یەكێتى دا گرتووەتەوەو دەرفەت بە رۆشنبیران وگەنجان نەدراوە بگەنە سەركردایەتى. ئەوەش بەهۆی ئەو هەمووە پێشەلكارییانەى كەپێشوەختە ئەنجامدەران لەهێنانى زیاتر لەپێنجسەد ئەندامى زیادە بۆناو كۆنگرە بەشێوەیەكى نایاسایی". هەر لەم بارەیەوە عەدالەت عەبدوڵڵا وتى "سەركردایەتى پێشوو هەمووى دەرچووەتەوە، كۆمەڵێك كەسی نوێ بوونەتە سەركردایەتى، بەڵام لەراستیدا ئەگەر بهاتبایە بازنەى سەركردایەتى یان ژمارەى سەركردایەتى یەكێتى فراوان نەكرابایە، تەسەور دەكەم ئەوانیش دەرنەچووبانایە. سەركردایەتى یەكێتى دە تا پانزە كەس بۆشایی هەبوو كەكاتى خۆی ئیستیقالەیان كردبوو یان بزووتنەوەى گۆڕانیان دروست كرد، لەكۆنگرەدا ئەم بۆشاییانە پڕكرانەوە نەك گۆڕانكارى لەپێكهاتەى سەركردایەتیدا كرابێت". لەدرێژەى لێدوانەكەیدا ناوبراو وتى " من رەخنەم لەهاتنە پێشەوەى ئەوبرادەرە سەركردانەیە، ناكرێ تۆ حزبێك بێت ناسنامەكەت ناسنامەى حزبی سۆسیال دیموكرات بێت، بەڵام كۆمەڵێك كارەكتەرى میلیتاریزم و ئەمنى بێنیتە سەركردایەتى بەو رێژە زۆرە، ئەمە كارێكى خراپەو جۆرێك لەنەقس دروست دەكات كەپێی دەوترێت جەمسەرى عەسكەرى". زیاتر لەمباریەوە دەدوێت و دەڵێت "ئێمە وەكو گەنجانى خوێندەوار مەبەستمان بوو تەنانەت ئەگەر پینج كەسیش بێت لەو گەنجە رۆشنبیرانە بگەنە سەركردایەتى، بۆمان دەركەوت كەنەوەى پیشوو هیشتا دەستیان گرتووە بەپۆست و دەسەلاتەكانى خۆیانەوەو شەڕى گەورەش لەسەر ئەوە دەكات كەلەپۆستەكەى بمێنێتەوە. ئەمەش زەربەى گەورەیدا لە چین و تویژی گەنجانى رۆشنبیر كەنەگەنە سەركردایەتى".





كۆنگرە گۆڕانكارى پێنەكرا
یەكێك لەدروشمەكانى كۆنگرە بریتى بوو لە گۆڕانكارى، بەڵام بەراى شادمان كۆنگرە نەیتوانیوە گۆڕانكارى ریشەیی بكات "راستە سەركرایەتى فراوان كراوە، بەڵام كۆنگرە گۆڕانێكى ئەوتۆی نەكردووە لەجیلی نوێ. كۆنگرە تەنیا هەندێك گۆڕانى جوزئی زۆر رواڵەتى كردووە لە پێكهاتەى سەركردایەتى، بەڵكو لەقاڵبێكى تەسكتر دایناوەتەوە كە نەخشە بۆكێشراو بوو".
هەروەها عەدالەت، ئاماژە بەوەدەكات كە لەپەیڕەوو پرۆگراما گۆڕانكارى باش كراوە، بەڵام كێشەى یەكێتى ئەوە نەبووە كەخاوەنى پەیڕەوو پرۆگرامێكى باش نەبووە، بەڵكو كێشەى سەرەكى یەكێتى پاپەند نەبوونى سەركردایەتى بووە بەپەیڕەوو پرۆگرامى حزبەوە.

ساختەكارى زۆر كراوە
شادمان مەلا حەسەن ئاماژە بەساختەكارییەكانى ناو كۆنگرە دەكات و روونى دەكاتەوە كە زیاتر لەپێنجسەد كەس بەنایاسایی بوونەتە ئەندام كۆنگرە. لەدرێژەى لێدوانەكەى بۆ راڤە وتى "ئێمە هەر لەیەكەم رۆژەوە ناڕەزاییمان دەربڕی بەرامبەر بەو پێشەلكارییانەى كەئەنجام دەدەرێن، بەڵام ئەوان دیزە بەدەرخۆنەیان دەكرد، بۆنموونە مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكان بەدەیان كەسی هێنابوو، مەكتەبی راگەیاندن خەڵكى زۆرى هێنابوو ، یەكێتى ژنان (50) كەسی هێنابوو. هەر بابایەك كۆمەڵێك كەسی هێنابوو، ئێمە نەماندەزانى ئەمانە كێن. ئەوانەى كەمافى ئەندامێتى كۆنگرەیان هەبوو (800) تا (1000) كەس دەبوون، كەچی ن (1600) ئەندام كۆنگرە دەنگى داوە". عەدالەت، ئاشكراى دەكات كە لەناوگۆنگرەدا ئەو رەخنەیە گیراوەو دڵگران بوون بەوەى كەئەندامانى گۆنگرە زۆر زۆرە، ئەمەش وادەكات كۆنگرەیەكى پوخت دەرنەچێت و نەتوانرێ بەتێروتەسەلى مناقشەى راپۆرتى لیژنەكان بكرێت و هەمووان رەئی خۆیان بدەن. بۆیە گومانێك هەبوو كەهێنانى ئەو هەموو ئەندامە بۆ دەرچوواندنى خەڵكانێكى دیاریكراو بێت.

یەكێتى پیر دەبێتەوە
یەكێك لەدروشمەكانى كۆنگرەى یەكێتى بریتى بوو لە گەنجبوونەوەى یەكێتى، شادمان جەخت دەكاتەوە كە دروشمى گەنجبوونەوەى سەركرایەتى یەكێتى پراكتیزە نەكراوە، هەر بۆیە لەمبارەیەوە وتى "راستە ئەو دروشمانە لەدەرەوە هەبوون، ئێمەش وەكو گەنج و رۆشنبیران بەو نییەتە چووینە ناوكۆنگرە كەگۆڕانێك بكەین، بەڵام كاتێك لەكۆتایی كۆنگرە نزیك بووینەوە هەموو شتەكان بەنەخشەیەكى دارێژراو، پیرەكان و كۆنە پێشمەرگەكان بوونەوە ئەندامى سەركردایەتى و عەقڵییەتى شاخ دەستى بەسەر یەكێتیدا گرتەوە".

مام جەلال پەیڕەوى ناوخۆ پێشێل دەكات و كۆسرەت و دكتۆر بەرهەم بەتەزكیە دەبنەوە بەئەندامى سەركردایەتى
بەپێی پەیڕەوى ناوخۆی تازەى یەكێتى، دەبوایە جێگرەكانى سكرتێر بەپێی پرۆسەى دەنگاد ن وهەڵبژاردن بگەنە سەركردایەتى، بەڵام مام جەلال پێشێلى پەیڕەوى ناوخۆ دەكات و بەچەپڵەرێزن هەر لەیەك لە دكتۆربەرهەم و كۆسرەت رەسوڵ دەكاتەوە بەجێگرانى خۆی.
عەدالەت، سەبارەت بەم پرسە، وەهاى وت "كۆدەنگییەك هەبوو كەهەرمام جەلال سكرتێریى گشتیی یەكیتى بێت، ئەمە بڕاوەتەوە، بەڵام ئیمە وەك رۆشنبیرانى ناو یەكێتى پێمان وابوو كەدەبێ لەرێگەى سندوقى هەڵبژاردنەوە بێت، پێشم وایە كە مام جەلال و كاك كۆسرەت و دكتۆر بەرهەم ئەوەندە بەم حزبەوە ماندوو بوونە كەخەڵكى دەنگیان پێبدات، بۆیە پێویست ناكات كەبەتەزكیە بێت، هەرچەندە هەڵبژاردنەوەى مام جەلال بەتەزكیە پێوەندى بەماددەیەكى پەیڕەوى ناوخۆی یەكێتییەوە كەدەڵێت (ئەگەر سكرتێری گشتى خۆی پاڵاوتەوە بەڵام ركابەرى نەبوو، ئەوا بەشێوەیەكى ئۆتۆماتێكى سكرتێری گشتییە)، بەڵام بۆ جێگرەكانى ئاسایی بوو كەهەردووكیان بچنە هەڵبژاردنەوە، ئەمە پرۆسەكەى دیموكراتی ترە، دەبوایە ئەو دووبرادەرە خۆیان قبوڵیان نەكردبایە، بیانووتایە دەچینە پرۆسەى هەڵبژاردنەوە نەك بەتەزكیە ببنەوە بەئەندامى سەركردایەتى". شادامان دەڵێت "ئێمە وەكو چین و توێژى رۆشنبیران و گەنجانى ناو كۆنگرە هەڵوێستمان وەرگرت بەرامبەر بەو پێشەلكارییانە، بەڵام ئەوان زۆرینە بوون، لەناو هۆڵ دەبووە چەپڵەلێدان و دیزە بەدەرخۆنەیان كرد". ناوبرایش واى پێباشبوو كەدانانى جێگرانى سكرتێر لەرێگەى سندوقى دەنگدانەوە بووایە نەك بەتەزكیە.

دیوى دوومى دیاریدەى دەستەگەریی
باس لەوە دەكرێت كە مام جەلال و كۆسرەت پێكەوە لیستى هاوبەشیان هەبووە، هەروەها هیرۆخان و دەزگاى زانیاریش پێكەوە لیستى هاوبەشیان هەبووە. عەدالەت، بێ ئاگایی خۆی لەم گوتلەگەرییە رادەگەیەنێت و بەجۆرێكى تر شرۆڤەى دەكات "من بەڵگەو زانیارێكى ئەوتۆم لەبەردەستدانییە كەئەوەم بۆساغ بكاتەوە، بەڵام لەراستیدا لیست و لیستكارى هەبووە، ئەمەش دیوى دوومى دیاریدەى دەستەگەرییە، ئەمەش جێى نیگەرانى ئێمەبوو، بەڵام كێى لەپشت بووە؟ من ناتوانم كەس تۆمەتباربكەم. بەڵام بەداخەوە هەوڵەكانى ئێمە سەری نەگرت و بەشێكى زۆرى ئەندامانى كۆنگرە كەوتنە ژێر كاریگەرى ئەندامانى سەركردایەتى پێشووەوە". شادمانیش جەخت لەوەدەكاتەوە كەهۆكارى شكستى گەنجانى رۆشنبیر مەسەلەى بڕوانەبوونیان بووە بەكوتلەگەرى، ناوبروا دەڵێت "ئێمە وەكو گەنجانى رۆشنبیر، بڕوامان بەكوتلەگەرى نەبووەو نییە، وەسەر بەبازنەى هیچ كوتلەیە نەبووینە، هەرئەمش بووەتە هۆی دەرنەچوونمان، ویستوومانە دیاریدەى كوتلەگەرى لەناو یەكێتى نەهێڵین".

لەسیۆشیال دیموكراتەوە بۆ بنەماڵەیی

رەتیكردەوە كەیەكێتى بەرەو حزبیكى بنەماڵەیی هەنگاو بنێت. راشیگەیاند كەزۆربەى خزم و كەسەنزیكەكانى مام جەلال دەرنەچوونە، تەنانەت پیشوەخت قوبادتاڵەبانى و شاناز ئیبراهیم كشانەوە لەخۆپاڵاوتن بۆ سسەركردایەتى و ئەنجومەنى ناوەند، ئەمەش هەڵوێستێكى جوان بوو. ئەوانەشى دەرچوونە لە 90% خزمى نزیكى بەرپرسەگەورەكان نین. ئەمەش رێگرى دەكات لەوەى كەیەكێتى بەرەو بنەماڵەیی هەنگاو بنێت.

، هەولێر
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە