حیزبی شیوعى چەكوش و داسەكەى خۆی بۆتە مەترسی بۆى!
Thursday, 25/08/2011, 12:00
ئاشكرایە كە حیزبی شیوعى لە 25-7-2009 بە حەوت حیزبەوە یەك كورسى پەرلەمانى هێنا، ئەمەش جێى پێشبینى هەموو كەسێكى تێگەیشتوو بوو لە واقیعى نەمانى پێگەى شیوعیەت لە هەرێمى كوردستان، هاوكات لاواز بوونیان بە هۆى نەبوونى هەڵوێست و پشتكردنە میللەت، لە بەرامبەردا خۆ خزاندنە ناو باوەشى دەسەڵات، ئەم حیزبۆكەیە مانگانە لە بودجەى حكومەت بڕى 580 ملیۆن دینار وەردەگرێت، لە بەرامبەردا گەر بەراورد بە یەكگرتووى ئیسلامى بكەین بە شەش كورسیەوە ئینجا دەسەڵات مانگانە 450 ملیۆن دینار وەك میزانییە دەیانداتێ، لە ئێستاشدا بە هۆى ئۆپۆزسیۆن بوونیان بڕاوە.
ئەم حیزبە كە هێندەى ریكخراوێكى پارتى لایەنگرى ماوەتەوە و هەندێ جاریش چەند گەنجێكى بە ناو رۆشنبیر لە ئەمڕۆدا بە باكگراوندی دوێنێى چەرچیەتى ناو یەكێ لە مەزادخانەكانى هەولێر وەك دەروێش ئاسا بە هەڵگرتنى چەكوش و داس و لەبەر كردنى كراسى سورەوە، پێیان وایە شیوعیەت (لە مردن بەهێزترە)! سەیر لەوەدایە مۆمیاش كراوە و هەر بۆ ئەوەى بڵێن ماوین ناینێژن!
ئەم حیزبە چەپە، بە دەستى چەپ دروشمى (نیشتیمانێكى ئازاد و گەلێكى بەختیار)یان گرتووە و بە دەستى راستیش خۆیان رادەستى ئیرادەى دەسەڵات كردووە، لە كاتێكدا خۆشیان ئازاد نین، دروشمەكەشیان تەنها بۆ كەمینەیەكى بەختیارە، كە پێكهاتوون لە چەند پیرێك و پارتى بینایەكى مۆدێرنى لە هەولێر لاى كۆلێژى كشتوكاڵ بۆ كردوونەتەوە و سەر بە پارتین و پاشكۆی ئەون، كۆمەڵێك پیر و پەككەوتەن و ئەیانەوێت بژین، لەوەتەى هەن زیادەن، بە تایبەت لە دواىراپەڕینەوە بەردیان بۆ ئەم گەلە نەخستوەتە سەر بەرد، تەنیا بە زاو زێ زیاد ئەكەن، ئەویش بەو مەرجەى گەر لە ناوخۆیاندا زەواج بكەن، دەكرێت زەواجى سیاسیى ناو لێ بنێین، واتە ئەو تۆزە شیوعیەى ماونەتەوە ژن و ژنخواز لەگەڵ یەكدا بكەن!
كاتى خۆى لەگەڵ كۆمەڵ و یەكگرتوو و سۆسیالیست و زەحمەتكێشان بوون، كەچى بەیانەكەیان لە دژى دەسەڵات ئیمزا نەكرد و كشانەوە، لە هەمووى شەرمهێنەرتر بێ هەڵوێستیان بوو لە رووداوەكانى 17ى شوبات، كە دەبوایە ئەوان بێنە سەر شەقام و پشتگیرى كرێكاران و چینى چەوساوەى كورد بكەن! لە هەمووى سەیرتر حەیاى ماركس و لینینیشان بردووە، زۆربەیان نوێژ دەكەن و رۆژووش دەگرن و حەجیش دەكەن، كە چى شتى تریشى لە پاڵا ئەكەن و پشتگیرى دەسەڵاتێكى تا سەر ئێسك گەندەڵیش ئەگرن؟! تەنها دەمیان هەیە و زمان درێژن، نموونەشیان لە ناو پارتیا زۆرە وەك سەرۆ و ئازا و بەدران، بەڵام هەمیشەش ماستاوچى دەسەڵات، ناشوێرن مقابەلەى رۆژنامەوانى لەسەر ئەم رەوشەى هەرێم بكەن، نەخوازە دەسەڵات بە چەكوشەكەى خۆیان سەریان پان بكەنەوە و بە دەسەكەشیان كەوڵیان بكەن!!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست