ئایا ڕاستە عێراق ئیفلاسى كردووە؟
Tuesday, 17/02/2015, 12:00
لەدواین سەردانى وەفدى دانوستانكارى باڵاى هەرێمى كوردستان بۆ بەغدا لەسەر كێشەى نەوت و بودجە لە نێوان هەرێم و بەغدا، گوایە لایەنى بەغدا و بەدیاریكراوى سەرەك وەزیران بە لایەنى كوردى ڕاگەیاندووە كە ئێستە بەغدا هیچ پارەیەكى نییە بینێرێت بۆ هەرێم، لێرەدا جێى خۆیەتى پرسیارێكى جدى بكەین كە ئایا هەر بەڕاست حكومەتى بەغدا ئیفلاسى كردووە و بانكەكانى هیچ پارەیەكیان تێدا نییە؟ یان لە كاردانەوەى ئەوەى كە هەرێمى كوردستان پابەند نەبوە بە ناردنى ئەو بڕەیەى كە لەسەرى ڕێك كەوتبوون؟!
بۆ وەڵامى ئەم پرسیارە من پێم باشە بگەڕێمە بۆ دوو لێدوانى دوو ساڵى ڕابردوى بەرپرسانى بەغدا لە بارەى پارەى یەدەگى بانكى ناوەندیانەوە.
یەكەم: (عەبدول باست توركى) پارێزگارى بانكى ناوەندى عێراق لە بەروارى 11/2013 ڕایگەیاند (بەپێى حسابى بانكى لە سەرەتاى تشرینى یەكەمى ساڵى ڕابردوو پارەى قورسى یەدەگى تۆماركراوى عێراق (76 ملیار دۆلارى) تێپەڕاندووە، بەڵام بۆ مانگى تشرینى دووەم یەدەگەكە (88 ملیار دۆلارى) تێپەڕاندووە).
دووەم: (هیلال ئەڵتانى) بەڕێوە بەرى پلان لە وەزارەتى دارایى عێراق لە بەروارى 2/ 2014 بۆ بەرپرسانى هەرێم ڕایگەیاندووە (كە ئەوان كێشەى داراییان نیە، بە وتەى ئەو بەرپرسە لە ئێستادا حكومەتى ناوەندى خاوەنى زیاتر لە (76ملیار دۆلار) و (30 تەن) ئاڵتونە، كە لە بانكى ناوەندى وەك یەدەك هەڵگیراوە).ئەڵتانى ئەمەى لە كاردانەوەى ئەوەدا وتبوو كە بەرپرسانى هەرێم لەو كاتەدا ئەوەیان ئاشكرا كردبوو كە قەیرانى دارایى بانكە كانى بەغداشى گرتۆتەوە.
ئەمە حاڵى بانكى ناوەندى بەغدا بووە لە سەرەتاى ساڵى ڕابردوو، لە كاتێكدا حكومەتى ناوەندى ساڵى پار هیچ بەشە بودجەیەكى بۆ هەرێمى كوردستان نەناردووە، كە دەكاتە 17% ى كۆى بودجەى گشتى عێراق،
لە گەڵ ئەو داتاو ژمارانەى سەرەوە كەلە زارى بەرپرسانى دارایى بەغداوە خرانە ڕوو تۆبڵێى حكومەتى هەرێم باوەڕیان بە ئیفلاس بونى بەغدا كردبێت؟؟؟ لە كاتێكدا ئەوو پارە یەدەكانە لە گەڵ بەشە بودجەكەى 2014ى هەرێم نزیك دەبێتەوە لە بودجەى ساڵێكى عێراق، ئاخۆ ئەو پارە و ئاڵتونە یەدەكانە چیان لێهاتبێت؟؟؟ یان تۆ بلێیت هى ئەوەنەبێت كە بەرپرسانى هەرێم باریان لارە بۆیە دەیانەوێت باوەڕ بەو قسەیە بكەن، یان هەر هیچ نەبێت بیانەوێت خەڵكى هەرێم باوەڕبكات!!!بۆ ئەمەش (عەبادى) سەرەك وەزیران بە زارەكى بە وەفدە كوردیەكەى وتووە بەنیازن سستەمى موچە لە عێراق بكەن بە 40 ڕۆژ، ئەم قسەیەش لە ڕاگەیاندنى كوردیدا دەنگدانەوەى هەبوو، دیارە چ بەغدا و چ هەرێم ئەو پەیامەى دیستیان بگەیەنن گەیاندیان.
ئێستە هەرێم و بەغدا ئێمەیان خستۆتە بەردەم ڕاستیەكى تاڵ كە ئەویش ئیفلاسى هەردوو حكومەتە، كێ باوەڕتان پێ دەكات؟؟؟
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست