پزیشکە خوێنمژەکانی کورد!
Saturday, 08/09/2012, 12:00
لە کلتوری کوردەوارییدا، هەموو شتێکی نوێ، هەردەم بەسەرەتایەکی باش دەست پێدەکات و ئەوەندە ناخایەنێ پێچەوانەکەی ڕوودەدات. بۆ نمونە هاوڕێیەتی کەسێك دەکەی و لە سەرەتادا وەك هەنگوین شیرنە و دواتر لە زۆرکاتدا بەبێ هیچ هۆیەك ئەو کەسە وەك ژەهری ماری لێ دێت، لەخوات دەتەوێت لوتت بە لوتیدا نەتەقێتەوە و لە هەر شوێنێ دەرکەوت خێرا ئەو جێگایە جێدەهێڵی. بڕوانە چێشتخانەیەك تازە خۆی بە خەڵکی دەناسێنێ و دەرگاکانی واڵا ئەکا و بە باشترین خزمەت و خۆراکی پاك و تەمیز پێشوازی لە میوانەکانی ئەکات، دواتر ڕەنگە لەماوەیەکی زۆر کورتدا، زۆربەی خەڵکەکەی لێ دەترەکێنەوە و کەس نایەوێ لەو چێشخانەیەدا نان بخوات و ناوی دەزڕێ.
سەردەمانێك کاتێك دکتۆر هیوا ڕەواندزی پسپۆڕ لە نەخۆشییەکانی لوت و قوڕگ ئەوانەی پێیان ئەوترێ (انف و حجرە).کاتێك ڕووت ئەکردە کلینیکەکەی، ئەگەر لەسەرە مەرگدا بوویتایە، ئەوەندە بەس بوو بچیتە لای و هەست بەکەمێك چاك بوونەوە بکەیت! ئەمە بۆچی؟ ئەم بەڕێزە کەسێکی سادە و ساکار و خاکیی، لەسەر خۆ و لە زۆر جاردا زیاتر لە سەرو کاتژمێرێك لەگەڵ نەخۆشدا دادەنیشت و گوێی لێدەگرت! بەشێوەیەك ئەوەندە بە پەرۆشەوە کار و پیشەکەی خۆی خۆش دەویست، زۆر جار نەخۆش دەبووە دکتۆر و دکتۆریش دەبووە نەخۆشەکە.. ئێدی بەم شێوەیە پرۆسەی چارەسەرکردنەکە بەڕیوە دەچوو ، ناوبانگێکی باشی وەدەست هێنا (دیارە ئەمە چیرۆکی ئەم دکتۆرە گەنجە بوو لە سەرەتاوە).
پاش ساڵی ٢٠٠٣ و هاتنی ئەمریکا بۆ عێراق و کردنەوەی بەلوعەی دۆلار، بەشێوەیەك جۆرێکی تر لە کەلتور هاتە کایەوە ئەویش پرتە و خێرا دەوڵەمەندیی بوون بوو، ئەم جۆرە کەلتۆرە کە لەوەو پێش نەبوو، کاتێ خەڵکی بینیان هەرچی مەسئول و ئەندام مەکتەب سیاسیەکان لە پڕێکدا بوونە ملیاردێر و بانکەکانی ئەوروپایان لیپاو لیپ کرد بە دۆلار، پاشان بەزمی نەوت دزینیش دەستی پێکرد و تەنکەری ١٦ و ١٨ ویلی خێرا خێرا نەوتی کوردستانیان دزی و ئاودیویان کرد. ئێدی هەریەکە لە جەلال و مەسعود و بنەماڵەکانیان بوون بە هارون و قارون و دەستیان خستە بینەقاقای ئابووری ووڵات و بۆڕ بۆڕیان لە تەك یەکتردا دەکرد بۆ ئەوەی بزانرێ کامیان لەکامیان زیاتر سەروەت و سامانی ئەم گەلە دەدزێت و کامیان لەکامیان دەوڵەمەندتر دەبێت، ئێدی خەڵکانی تریش چاویان لەمان کرد و لە سەرەوە بۆ خوارەوە ئەم کارە قێزەوەنەی سەرکردەو ئەندام حزبیەکانی پارتی و یەکێتی ئەو جۆرە کەلتوورە سەقەتەیان هێنایە نێو فەرهەنگی جوانی کوردەواری و سەراپا کۆمەڵگەی کوردییان تووشی ناهەمواری، دزی، پیسخۆریی (بە زمانی دەسەڵات واتە گەندەڵیی) کرد و هەموو جۆرە ئاکارێکی ناشرین لێکەوتەوە، بەمە هەستان بە هەڵتەکاندن و هەڵوەشاندنەوەی هەرچی جوانییە لە نێو کۆمەڵگاکەمان.
دیارە هەر لەعەلاگە فرۆشێك، دەستگێڕ، مامۆستا، ئەندازیار، بەڵێندەر و فەرمانبەرێکی دەسەڵات، بەجۆرێك ئەو کەلتوورە نوێیە کاریگەری خراپی لە سەر دروست کردن، کە هەمووی لە هەڵپەی ئەوەدا بوون تا لە پڕێکدا ببنە خاوەنی سەرمایە و پارەی نوستوو. هەر یەکە و لەو پیشەیەی هەیبوو بەتەماعێکی ئەوەندە گەورەوە دەستی ئەم و ئەوی دەبڕی، هیچ جۆرە ویژدانێك لە ئارادا نەما، ڕەنگە ژمارەیەکی کەم توانیان بەرگەی ئەم ڕەشەبا بەهێزەی دۆلاری کردبێت و دۆلار نەیتوانیبێ زەفەری لێببینێ. ئەوەتا چەندین نووسەری دەربار، دادوەری ترسنۆك و دواتر دکتۆری خوێنخۆر، ئامادەبوون هەموو ویژانی خۆیان بخەنە گڵەوە و تەنها لەبری مشتێ لەدۆلار لەدەسەڵات و خەڵکی هەژار خۆیان بفرۆشن.
بەدڵنیاییەوە، هەروەك چۆن دکتۆر جەمالی مناڵان کە تا ئێستاش باهۆزەی دۆلار کاری تێنەکردوەو نرخی چوونە ژوورەی نەخۆش بۆ لای تەنها ٥ هەزارە، کەچی لەم لاشەوە هەر چی دکتۆرەکانی ترە کەبەقەد ئەو شارەزاییان نیە، کەچی لە ٢٥ هەزار زیاتر ئەستێنن و ئێشتاش بەکەمی ئەزانن.
بەداخەوە، دکتۆر هیوا ڕەواندزی،یەکێکە لە نمونە خراپەکانی ئەم سەردەمە، بەشێوەیەك کەئەم دکتۆرە سوێندی پیشەیی خواردوە وەك هەر دکتۆرێکی تر، کە دڵسۆز بێ، دەست پاك بێ، لەگەڵ نەخۆشەکان بەیەکسانی مامەڵە بکا، ویژدانی لەسەرو هەموو تێڕوانەکانی تریوە بێ،بێ هیچ مەرجێ نەخۆش چارەسەربکا، بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ جۆرە جیاوازیەك لەنێوان نەخۆشێك و نەخۆشێكی تر، جا ئایا ئەو جیاوازیە هەرچیەك بێ. کەچی بەداخەوە ، ئێستا ئەم دکتۆرە کەخۆی (بۆرد)ی هەیەو کۆبونەوە بەچەندین دکتۆری تر ئەکاو چەندین پزیشکی تر لەژێر دەستی ئەو فێری ئەو پێشەیە ئەبن و چاو لەو ئەکەن، کەچی بەداخەوە نەیتوانیوە ببێتە پێشەنەگێکی وا کە پزیشکەکانی تر بۆ دواڕۆژ خزمەتی باش بەهاوڵاتیان بەگشتی و نەخۆش بکەن.
دکتۆر هیوا، هەنووکە کاتێ نەخۆش بە مەبەستی چارەسەرکردن دەچێت بۆ لای، نەك هەر کات نادات بە نەخۆش، بەڵکو لیستێك لە هاوشێوەی چارەسەرکردنی داناوە بۆ هەموو نەخۆشەکان، ئەو کەسەی ڕووی تێ دەکات، دەبێت بەبێ هیچ مەرجێك، چەندین فەحسی خوێن بکات بەو مەرجەی تەنها لەو تاقیگادا بیانکات کە سەر بەکلنیکەکەی خۆیەتی و بەس. بۆ نمونە لەم ماوەیەی ڕابردوودا ناسیاوێکی خۆم سەردانی کرد کە تەمەنی تەنها (٥) ساڵە. کاتێک دەیبەن بۆ لای تەنها بۆ ئەوەبووە کە نەختێ هەستی بەناڕەحەتی کردووە لە کاتی هەناسەداندا ئەویش دیارە بەهۆی ئەوەبوە کە لەبەر گەرمای هاوین لە نزیك سپلیتەوە نووستوە و بەشێوەیەکی ڕاستەخۆ هەوای سارد لێداوە و لووتی گیراوە. کەچی کاکی دکتۆر یەکێک لەو فەحسانەی بۆی دەنووسێت، ئەوەیە کەوا پێوستە لە رێگای وەرگرتنی خوێنەوە فەحسی ئایدزی بۆ بکرێ!
جا منیش پرسیار ئەکەم و ڕووی دەمم ئەکەمە کاکی دکتۆر دەڵێم کاتێ کەسە نزیکەکانی خۆت بەتایبەتی مێیینەکان دێن بۆ لات، ئایا هەمان فەحسیان بۆ دەنووسی؟ کەی نیشانەی ئایدز لە لووت گیران بووە؟ پاشان مناڵێکی لەو تەمەنە و ئەو نەخۆشانەی تریش هەموویان هەر شوبهەی ئایدزت لێکردن؟ ئینجا بەو پێوەرەی تۆبن، ئەوا ئەوەی لووت و قوڕگی ژانی کرد، ئەوا نیشانەی وایە توشی ئایدز بوون. پاشان کە باوکی مناڵەکە پرسیار لە دکتۆرەکە دەکات کە بۆچی فەحسی ئایدز بۆ مناڵەکەی کراوە،د کتۆر بەڕاشکاوی وەلام دەداتەوە: ئینجا قەیدی چییە خۆ ئێمە بۆ هەموو کەسێكی دەکەین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست