لە یادی کاک جەمال ڕینگۆدا جەمال چۆن بێکەس بوو ئاواش کوردستان بێکەسە
Friday, 29/10/2010, 12:00
کاک جەمال ، ناسراو بە جەمال ڕینگۆ ، کوڕێکی خەڵکی سلێمانییە هەروەک هەموو کوڕەکانی سلێمانی، ئێمە وەک خەڵکی شارەکە خۆشمان دەویست و زۆر ئاشنای بووبووین ، ئەتوانم بڵێم هەموو شتێکمان لێقبووڵ دەکرد بەو هەقەی کە کوڕی سلێمانیە و بەشێکە لە شارەکە. هەر لە تەمەنی لاوێتییەوە کال جەمال لە بەردەم بازار و کووچەی سەنتەری شاردا شەوانو ڕۆژانی بەسەر دەبرد، خەڵکی خۆشیاندەویست و دەیاندوان ، خوالێخۆش بوو مرۆڤێکی پاسیڤ بوو هەرگیز پەنای بۆ شەڕو زۆرەملێ نەدەبرد بە پێچەوانەی خەڵکە چەتوون و لاسارەکەی دەوروبەری. سلێمانی سروشتێکی هەیە لە هیچ شارێکی دنیادا نییە ، ئەویش ئەوەیە گەر مرۆڤێک لەڕێی هەڵکەوتەوە شتێکی نەشایستە بکات ، وازی لێناهێنن تا شێتی دەکەن و بۆ ئەوەی ئەو مرۆڤە جوانە بکەن بە سینەمای ڕۆژانەیان، هەر بۆیە هیچ شارێکی جیهان بە ئاستی سلێمانی ، خەڵکی شێت و داماو نەکردووە.
من ماوەی 7 ساڵ سلێمانیم جێهێشت لە ساڵی 1976 ، کە گەڕامەوە لە ساڵی 1983 کاک جەمال ، هەر لە شارەکە مابۆوە و جێی نەهێشت. دیسان لە ساڵی 1987 جارێکیتر سلێمانیم جێهێشت و دوای 7 ساڵ گەڕامەوە ، واتە لە ساڵی 1992 بەڵام کاک جەمال ، هەر لە شارەکە مابۆوە و جێی نەهێشت. دیسان لە ساڵی 1992 جارێکیتر سلێمانیم جێهێشت و ساڵی 2005 گەڕامەوە ، واتە دوای 14 ساڵ کە گەڕامەوە کاک جەمال ، هەر لە شارەکە مابۆوە و جێی نەهێشت. (چوونە دەرەوەی من بۆ خوێندن و سەنگەر گرتن بووە لە داگیرکەر).
کال جەمال زیاتر لە من و زۆر زۆری خەڵکی تری شارەکەم، شاهیدی بەسەرهاتوو ڕووداوەکانن ، دیسان خەمو ئازار و ناخۆشیان چەشتووە و تەسلیمی ڕژێمی داگیرکەری کوردوستان نەبوون ، بەو ئەقڵەی خۆیانەوە زۆر قارەمانتر بوون لەو خاوە فایل و گەندەڵ و مشەخۆرانەی سلێمانی و کوردستان.
کال جەمال لە ساڵی 2009، لە دوا ڕۆژەکانی ژیانی. کاتێک نەخۆشی بەیەکجاری زۆری بۆ دێنێت (لە پەلوپۆ دەکەوێت) لەسەر قەراغی شۆستەکانی نزیک بازاری سەعە تاکۆیی ،لێرەدا دەبێت سوپاسی هەڵوێستی کاسبکاران و خەڵکی ئەو گوزەرە بکەین وە ئەو خەڵکە خاوەن سۆزەی شاری سلێمانی کە لایان لە کاک جەمال کردۆتەوە. خوالێخۆشبوو وەک چۆلەکەیەکی بێتاوان، هەروەک وەفادارییەک بۆ هێلانەکەی ئەو گۆزرە جێناهێڵێت ،تا دەردو ئازارو نەخۆشی یەخەی بەرنادات و بە تەواوی تەسلیمی مەرگی دەکات.
لەدەم هاوڕێکەوە بیستم کە کاک جەمال لە قەیرانی مەرگ نزیک دەبێتەوە ، خەڵکی خێرەومەند ئەیبەن بۆ نەخشخانەی فریاکەوتن، بەڵام کەس دەستی یارمەتی بۆ درێژ ناکات ، تەنانەت قێزوبێزیان لێی دێتەوە. بۆیە بەدەستی بەتاڵ دەڕواتەوە بۆ دوورگەی تەلاری شۆستەکانی سەعە تاکۆیی .لە شەوێکی کڕێوەی سلێمانی ، لەسەرمادا
ڕەقدەبێتەوە و بۆیەکجاری چاوەکانی لێکدەنێت. لێرەدا ئەبێت بپرسین بۆ سەروەت و سامانی کوردستان ئەبێت مافی مەلیک حسەینی پێوە بێت ، کاتێک لە سەری ڕەش تەلاری بۆ دروست دەکرێت ، مەلیکێک کە هیچی کەمتر نییە لە سەدام حسەین. دیسان عادیل عەبول مەهدی لە هاوینە هەواری دووکان ڤیلای لە سەر چەند دۆنمێک زەوییەک بۆ دروست دەکرێت ئەمیان لە لایەن سەرۆکی عێڕاقەوە و ئەویتریان لە لایەن سەرۆکی هەرێمەوە. دەیان ڤیلا و کۆشک و تەلاریتر کە ژێر بە ژێر دروستکراون ، یان ئەو دەیان ملیۆن دۆلارانەی ڕۆژانە دەدرێن و مانگانە تەخشان و بەخشان دەکرێن، بەڵام هەموو دەسەڵاتی کوردی بە پارتی و یەکێتی و هەموو حیزبەکانیتر پێیان ڕەوا نییە ، یەک ژوور بۆ جەمال و جەمالەکان دروست بکە. یان ڕێگەی بدەن دوا ساتەکانی ژیانی تاڵ و بێدەرەتانی و پڕ لە ئاخ و ئۆڤی لەسەر دۆشەکێکی نەرم بەسەر بەرێت. بۆ جەمال مافی نییە بەسەر ئەو سەروەت و سامانەوە ، بۆ وەک سەرۆک هاونیشیمانی کوردوستان نییە. من جەمال زۆر پاک و بێگەرد دەبینم ...لەوانەی پۆزی سەرۆکایەتی و کورد پەروەری لێدەدەن و تەنانەت ئەم جەمالانە دەستیان نییە لە هیچ سووکە تاوانێکیشدا.. ڕێز و نەوازش بۆ گۆڕی جەمال و هەموو جەمالەکانیش .بە ناوی هەوادارانی شێتەکانی کوردستان .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست