کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كاكە ناسیح ، تاهیرهەورامى و ڕێكەوت قوتابى هێڕۆ و خۆشناون ، تەڕنابن .

Thursday, 12/08/2010, 12:00


زۆرن ئەوانەى بەر لەوەرگرتنى هەر بەرپرسیاریەك بانگەشەى ڕیفۆرم و چاكسازى دەدەن لەو شوێنەى كە لێ ى دادەنرێن چ لەڕووى ئیدارى یاخود دارایى یان هەر چ شێوازێكى ترى بەڕێوەبردن بێت بەڵام زۆر دەگمەن لەوانە كەدەگەنە كورسی دەسەڵات تواناكانیان یاخوود نیاز پاكیان یان پیاوەتی خۆیان دەنوێنن ئێًمەش نازانین ئەوە خەتاى كورسیەكەیە یاغیرەت و نەهامەتى ئەوكەسەیە یاخود دەستێكى سەرووى خۆیەتى كە فەرمان بە نەگۆڕینى ئەو سیستم و ڕێبازە گەندڵانە ئەدا كەبەڕێژەیەكى نەگۆر بمێنەوە ، دیارە جورئەت و غیرەت و شەهامەتى كەسەكە هەر ئەوەندە لەباردایە ، هەروەها بەرژەوەندى كۆمەڵێك خەڵكى سەرەوەش لەوەدایە كەبەم شێوەیە بمێنێتەوە.
ئەم شێواز و نەریتى كاركردنە ڕێك لەكەرتى تەندروستیدا هەیە و كارئەكتەرەكانى وەك تاهیرهەورامى و نمونەكانى ، چ لەئێستادا چ لەڕابردوودا هەردووخاڵًیان وەك خۆى جێ بەجێ كردوە جورئەت و غیرەت و شەهامەتیان هەر ئەوەندە بووە كەفێركراون كڕنووش بەرن ، بەرژەوەندى بەرپرسانى سەرەوەش لەوەدابووە كەئەم سیستەمە هەروەك پێشوو وەك خۆى بمێنێتەوە كەحزب دەسەڵاتى تەواوی هەبێ بەسەر وەزارەت و دامەزراوە تەندروستیەكاندا و هەر خەریكى بازرگانى كردن و ساغ كردنەوەى دەرمانى ئێكسپایەر و هێنانى ئامێرى لەكاركەوتووبن .
ماوەیەكە ڕۆژنامەنووس و كارمەندى چالاكى تەندروستى كاكەناسیح عبدالرحیم كەوتۆتە هەڵدانەوەى گەندەڵیەكانى كەرتى تەندروستى و بۆندە تایبەتەكانى تاهیرهەورامى ، ئێمە وێڕایى دەست خۆشى گەرمان بۆ كاكە ناسیح حەزمان كرد ئێمەش هاوكارى بین پشتیوانى بین هەم بۆ نووسینە ڕاستگۆیەكانى وەهەم بۆ باشتركردنى سیستەمى تەندروستى لەكوردستان و دەرهێنانى ئەم سیستەمە لەچنگ مشەخۆرەكانى وەك تاهیرهەورامى كەكەرتى پیرۆزى تەندروستیان كردۆتە كەرتى حزب و كەرتى گەندەڵى و كەرتى بازرگانى و كەرتى ساغكردنەوەى دەرمانى ئێكسپایەرى كۆمپانیاى بەرپرسە دز و داوێن پیسەكانى حزب .
بەداخەوە ئەمانە هەر لەیەكەم ڕۆژى دەست بەكاربوونیانەوە دەستیان داوەتە دزى و گەندەڵى ئیدارى و دارایى لەسەر ڕیتمى حەمەخۆشناو كەئەویش لەسەقەتكردنى كەرتى تەندروستى درێغى نەكرد و سەدان كارەسات و ماڵوێرانى لەدواى خۆى جێ هێشت كەئێستا نمونەى وەك تاهیرهەورامى و ڕێكەوت خەریكى پەردە پۆشكردنى ئەو هەموو دزى و گەندەڵیەن لەجیاتى چارەسەركردن ، وەك كاكە ناسیح فەرمووى هەموویان یەك بەدواى یەك تەنیا كارى دزى و گەندەڵى یەكتریان تەواو كردوە ((حەمەخۆشناو ئەوەندە باسكراوە ناوهێنانیشى بۆتە عەیبە و شەرم ، بۆیە لەم خاڵەدا داواى لێ بوردن لەكوردستانپۆست و خوێنەرەكانى ئەكەین)) تەنها مەبەستمان لەباسكردن و ناوهێنانى بەرچاو ڕوونیە بۆ خوێنەرانى كوردستانپۆست كەبزانن ئێستا تاهیرهەورامى چۆن هاوڕێ لەگەڵ دەیان مشەخۆرى تر كەقوتابى گوێ ڕایەڵى حەمەخۆشناو و هێرۆى برایم ئەحمەدن چۆن چۆنى خەریكى پەردەپۆشكردنى دزى و گەندەڵیەكانى ئەون و چۆن لەسەر هەمان ڕیتم و ئاوازى ئەو ئەڕۆن كەیەكەم كارى بەتەزویرى و گەندەڵى دەست پێكرد لەگەڵ سەدان كارەساتى تر كەئێستا میللەتێك بەدەست ئاسەوارەكانیەوە ئەناڵێنێ..... هتد .
ئەوەى بەلاى ئێمەوە گرنگە باشتركردنى سیستەمى تەندروستى و چارەسەرى گرفتەكان و دوورخستنەوەى دەستى حزبە لەم كەرتە ؟ بەڵام ئایا بەمانە ئەكرێ كە دكتۆرێكى وەك تاهیرهەورامى ئێستاش ئامادەنیە نەخۆشخانە ئەهلیەكەى خۆى دابخا یان خۆى نزیكى نەكەوێت تاپۆستەكەى تەواو ئەبێ ، وەزیرێك ئەوەندە نەفس نزم بێ هەموو ڕۆژانى هەینى و شەمەیەك خەریكى بازرگانى كردن و ڕووتاندنەوەى ئەم خەڵكەبێ لەنەخۆشخانە ئەهلیەكەى چۆن فریا ئەكەوێ سیستەمەكە باش بكا ؟ چ ئومێدێكمان پێیى هەبێ ؟ ئێمە هەر لەسەرەتاوە ئەمانەمان بەشاگردى حەمە خۆشناو ناوزەندكردن كەسەرەتا زۆر كەسیش لێمان دڵگران بوون ووتیان جارێ زووە بۆ ئەم لێدوانانە بەڵام ئێمە لەبەر ئەوەى لەناو سیستەمەكە بووین ئەمانزانى چ باسە و چ ئەگوزەرێ ، ئێستاش هەروایە و پەشیمانین لەو قسەیە ، كردەوەكانى چەند مانگى ڕابردوویان وخستنەڕووى هەموو ئەو نووسین و بەڵًگانەش لەلایەن كاكە ناسیحەوە ئەوەندەى تر ئەوەى ئێمەى پشت ڕاست ئەكاتەوە ، چونكە ئەمانە میللەت و شارەزایان و پسپۆران و كادیران و دكتۆر و كارمەندانى تەندروستیشیان بەوە هەڵخەڵەتاند كەچاكسازى ئەكەن لەكەرتى تەندروستیدا بەڵام نەك وادەرنەچوو بەپێچەوانەوە بوونە سوپەرمانى شاردنەوەى فایلە كارەساتبارەكانى گەندەڵى لەكەرتى تەندروستیدا ، لەسنوورى سلێمانَى نەك چاكسازیان نەكرد بەڵكو بەئاشكرا بوون بەپاڵپشت بۆ دارودەستەكەى حەمەخۆشناو هەرلەدانان و هێشتنەوەى ڕێكەوت لەبەڕێوبەرى گشتى فەرمانگەى تەندروستى سلێمانى وەك (پۆستێكى حكومى) هەروەها سەرۆكى دەزگاى تەندروستى پێشمەرگە وەك (پۆستێكى حزبى) تاكۆمەڵێك كارى گەندەڵى تر .
تاهیر هەورامى و ڕێكەوت لەجیاتى هەموو ڕیفۆرم و گۆڕانێك كەوتنە گواستنەوەى حیمایەكانى حەمە خۆشناو لەشۆڕشەوە بۆ سەروەزارەتى پێشمەرگە و ئیش كردن بۆ دەرچوونى حەمەى حەمە سەعیدى خاڵى ڕێكەوت بۆ پۆستى سەركردایەتى یەكێتى و تەزویركردنى دەنگ و بەزۆر دەنگدانى كارمەندانى نەخۆشخانەكانى شۆڕش و فەرمانگەى تەندروستى سلێمانى بۆ لیستى دەسَەڵاتێك كەئەوانیان تەنها وەك ڕۆبۆتێك داناوە و خستویانەتە بازارى تەندروستیەوە بۆیە بەكەڵكى ئەوە نایەن قوتابخانەیەكى سەرەتایشیان پێ بەرى بەڕێوە نەوەك وەزارەتێكى وەك تەندروستى و فەرمانگەیەكى تەندروستى وەك سلێمانى .
لێرەوە ئەپرسین لەتاهیرهەورامى خێرە بۆ ئاشكرادنى ئەو هەموو دزى و گەندەڵیانە هیچتان نەكردوە ؟ بۆ بایكۆتى كۆنگرەى یەكێتیتان نەكرد ؟ كۆنگرەى یەكێتى و وەزارەتى تەندروستى كوجا مەرحەبا ؟ یان بۆ ئەوە چوو بوون لەگەڵ ڕێكەوت ئەمە دونیایە ئەگەر جەلال لەكۆنگرە كۆتایى بەژیانى هات ئێوە لەگەڵ حەمەخۆشناو بەفریایى بكەون و پفى بدەن و ڕوحى دزى و گەندەڵى بكەنەوە بەبەردا ؟ ئەمەبۆخۆى مایەیى شەرمەزاری نیە كەئێوە بەو هەموو لەش ولارەتانەوە كڕنووش بۆهێرۆ جەلال بەرن ؟ تائێستا لەوهەموو دیمانە و چاوپێكەوتنانەدا زاتى ئەوەتان كردووە دان بەوە دابنێن كەلەڕابردوودا گەندەڵى هەبووە ؟ تەنانەت نەوێراون ناویشیان بهێَنن ؟ بەڵام زۆر بەلاتانەوە ئاسایە دەیان كارمەند و دكتۆر و خەڵكى ڕەش و ڕووت بدەن بەدادگا و چاو لەكارمەندێكى ئازا و بوێر و چاونەترسى وەك كاكە ناسیح سوور بكەنەوە ، چونكە بەلاى ئێوەوە ناسیح زەروورتر و خەتەر ترە لەتەواو نەكردنى نەخۆشخانە 400 قەرەوێڵەیەكە ؟ لەكاتێكدا بەپێچەوانەى ئێوەوە ، ئێمە و ناسیح و هەموومان تەنها خەمى سەرەكیمان باشتركردنى سیستەمى تەندروستیە و دەرهێنانیەتى لەژێر چەپۆك و چنگى حزبدا ، ئێوە جورئەت دەكەن خەڵك بدەن بەدادگا و قەرەقۆشیانە لێپرسینەوەیان لەگەڵدابكەن ؟ جورئەت دەكەن چاو لەخەڵكى گۆڕانخواز سووركەنەوە و هەڕەشەى دەركردن و گواستنەوەیان لێ بكەن ؟ بەڵام جورئەت ناكەن ئیجرائات لەگەڵ كۆمپانیاكانى فازڵ میرانى و كوڕەكەى كۆسرەت ڕەسوڵدا بكەن و بڵێن بەسە چیتر دەرمانى ئێكسپایەر دەرخواردى ئەو میللەتە ماڵوێرانە مەدەن .
لە كۆتاییدا ئەڵێین زۆرن لەبابەتى تاهیرهەورامى كەلاف وگەزاڤى چاكسازى و خزمەت لێ ئەدەن و بڕیارى بەستنى كۆنگرەى تەندروستیش ئەدەن كەبڕیارە لەڕۆژانى 1 تا 3 / 2 / 2011 لە هەولێرى پایتەختى بەناو هەرێمى كوردستان لەژێر دروشمى چاكسازى و پەرەپێدانى سیستەمى تەندروستى لەهەرێمى كوردستاندا ببەستن بەڵام ئێمە دڵنیاین ئەویش وەك باقى كۆنفرانس و كۆنگرەكانى تر بەخواردن و خواردنەوە و چەپڵًە ڕێزانى گەرم كۆتایى دێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە