کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئێرە سلێمانییە بزانە چی تێدا دەگوزەرێت! (بەشی دووەم)

Wednesday, 12/11/2014, 12:00


ئێرە سلێمانییە : ئەو شارەی ئاسمانەکەی بە هەوڕێکی ڕەش داپۆشراوە! ئەو شارەی کە پڕبوە لەمیکرۆب و نەخۆشیی و لێدانی جەڵدەی دڵ، لەلای خەڵکەکەی بۆتە شتێکێ ئاسایی. ئەوشارەی جمەی دێت لە ئۆتۆمۆبیل و شەقامەکانی سیخناخ بوون لە ڕێبوارە بێکارەکان کە هەموویان دێن و دەچن و دوکاندارەکانیش هەر گلەیی ئەوەیانە کە کارو کاسپێکانیان وەستاوە، گلەیی لەبەختیان دەکەن!
ئێرە ئەو شارەیە کە هیچ جوانیەکی تێدا نەماوە و دار و بەردی ئەم شارە تۆزو خۆڵ دایڕزاندوە، حاکمانی شاریش چونکە خەڵکی ئێرە نین لایان نەنگی نییە شارێک ئاوا بەم دەردەبەرن . شار پڕ بوە لە بێگانە پیاوە قەزمەکانی هەرێم نەیان شاردۆتەوە کە ١٤%ی خەڵکی ناوەڕاستی عێراق ڕوویان لێرە کردوە، بەلای منەوە ئەم ژمارەیە زیاترە چونکە کە بەشەقامەکاند گوزەر دەکەیت بەردەوام گوێت لەو ڕەوە عەرەبانە دەبێت کە بەدەنگە بەرزە ناسازەکەیان و ڕیشێکی داعشانە و دزداشەو نەعلە ئیسفنجەکانیانەوە دێن و دەچن و سواڵ دەکەن و هەندێکیان دەستگێڕن، لەبەر مزگەوتی گەورە لای مامەیەکی توتنفرۆش وەستام کە ڕیزێک لفکەو تەزبێحی دانابوو گەنجێکی عەرەب لایەوە دانیشتبوو بە تراکسودێکەوە دیاربوو لالۆی پیری دەناسی، منیش بەگەنجەکەم ووت تۆ خەڵکی کوێیت ؟ ووتی ئەنبار و دووساڵە لێرەم ئەی بۆ کوردی نازانی ووتی ئاخر پێویستم پێی نییە هەموو کورد عەرەبی تێدەگات. ئەمە نمونەیەکە لەسادەیی کورد لەم نیشتمانەدا .
ئەوەی زیاتر سەرنجی من ڕادەکێشێت ناو نانی ئەو کۆگا و ئوتێل و بازاڕانەیە کە هەمووی ناوی سەیرو سەمەرەی لێنراوەو شارەوانی و قایمقامە دزەکانیش ڕێگەیان پێداون ئێستا چەند نمونەیەک دەنوسمەوە بۆ ئەوەی بۆ مێژوو بمێنێتەوە کە تەنها کوردستانپۆستە قسە لەسەر شتەکان دەکات کە دەکرێت ڕێگەی پێنەدرێت .

مۆبێلیاتی ڕائید!
ئوتێل بەغداد!
ئوتێل ئەمیستەردام !
ئوتێل ستۆکۆڵم!
فڕنی سەمونی حەجەری!
سیتی سەنتەر!
مێترۆ!
حەلەویاتی بابل!
ئەستەنبوڵ !
تودەی! Today
ئەبونەواس !
لۆس ئەنجلس!
سلێمانی پاڵاس . هتد.

ئەو ناوانە تێکشکانی کەلتوور و هەست بە بچوکزانینی خەڵکی کوردستانی تێدا دەخوێنیتەوە، کە چۆن نەوەی ئەمڕۆ  لە شەرمدا خۆی داوەتە پاڵ ئەو ناوانە  و لە ئاستی ناوی رەسەنی خۆیدا هەست بە شەرمەزاریی و بچوکی دەکات، بۆیە دەیەوێت لە قەد پاڵی ئەو ناوە بێگانانەدا کەسایەتی خۆی هەڵسێنێت!
ئەمە ڕەنگە لای خەڵکانێک بابەتی باس و خواس نەبێت لەکاتێکدا ئەم بابەتە پێمان دەڵێ کە داهاتووی ئەم نیشتمانە چەندە ڕەشە و دەکرێ چی بکەین بۆ ئەوەی لەم پاشا گەردانییە بوەستێنین و نەهێڵین چیتر سوکاکایەتی بەمێژووی ئەم ووڵاتەوە بکرێت . کەچی ئەم دەسەڵاتە هەمووساڵێک کۆمەڵێک کەس دەهێنن لەسەر شار قسە دەکەن کەچی هەمان ئەو کەسانە ئێستا ئەنفال چێکانیان کردۆتە دراوسێ خۆیان و گۆشتی خێریشیان بەسەردا دابەش دەکەن و ڕێزی تەواویان دەگرن .

دیاردەیەکی تر کە دەبێت بوەستێنرێت ئەو مێدیاکارانەیە کە لەڕادێۆ لۆکاڵەکانیانەوە بەردەوام گۆرانی عەرەبی و تورکی و فارسی پەخش دەکەن زیاترینی عەرەبی تا برا عەرەبەکانیان هەست بە تەنهایی و نامۆیی نەکەن کە لەنیشتمانی عەرەب دابڕاون، ئێرەیان وەک نیشتیمانێکی عەرەب پێدەناسێنن! ڕادێۆی گۆڕان پشکی شێری بەر دەکەوێت کە بەردەوام من لە گەڵ شۆفێری تاکسییەکاندا دەکەومە گفتوگۆ و دەپرسم لێی "دیارە عەرەبییەکەت باشي"؟ ئەویش دەڵێ نا. منیش لێی دەپرسمەوە: ئەی بۆ گوێ لەم گۆرانییە دەگری؟! ئەویش دەڵێت: ئەوە ڕادیۆی ئەو حیزبەیە کە دەیووت دەیگۆڕین، ئەها چۆنیان گۆڕێ ئێرەیان کردە بە بەغدا.

دواجار بەرماڵێ قوباسیش هات بۆ ئەو کەسانەی کە نوێژ دەکەن، ئیتر هیچ پێویست ناکات لەمیوانداریدا پرسیار لە خانەخوێکە بکەیت قیبلە لەکوێ یە، ئەوە بەرماڵ بۆخۆی قیبلەت پیشان دەدات بەر لەهاتنی داعش بەرماڵەکانیان بۆ ناردین تا ئیتر وەک کابرامان لێنەیەت هاوار بکەین بابە خۆ پەناتی لێنادەین، بێدەنگ نوێژی خۆتان بکەن بەرماڵەکان پێمان دەڵێن چی لەم نیشتمانە دەگوزەرێت.

ماوێتی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە