" چوارێنەکانم "
Thursday, 13/03/2014, 12:00
1624 بینراوە
هە وارم ساردو چۆلە هەر تەنێم من
بە جێ ماوم لە یاران چۆن بژێم من
لە کوێستانی ژیان باهۆزو تۆفە
چلۆم سەر ڕاگرم با بردە ڵەم من .
ئەگەر دارو تەنافم بۆ چە قێنن
لە خارستانی ژین جەستەم سووتێنن
هەزاران ساڵ لە تۆ دووربم وڵاتم
بەیادی تۆ دەژیم تۆم خەمڕەوێنن .
بە ناڵە ی دڵ شەوورۆژم دەشەمزێ
لە ژینداری بەدوورم نیمە جێ پێ
بە سەودایەک ئەسیرم تاڵە مووی چی
هەناسەی لێ چنیوم ها کە بپسێ .
دڵی من تانو پۆی زامی بە هێشە
بە ژانان چێ بووە پڕ کێشمە کێشە
لە ئاوردا دەژی ناوە ندی توونە
لە تاڵان تاڵترە کەکرەی لە پێشە .
لە کازیوەی بەیانان بۆنی تۆ دێ
بە بۆنەی تۆوە ژینم خۆشە رادێ
شەویش داهات بە یادی تۆ دەڕازێم
بە یادی تۆ ڕکەی سنگەم دەهاژێ .
هەوای ئەشقو ئەوینی تۆم لە سەردا
لە ڕێی تۆ دین وئایین چوو نە سەرما
لەبەر بێ باوەڕی تۆ مات وهێڕم
تەنێ وەرزێک ژیانە ووەرزی سەرما .
دڵی نا شادی من قەت چرکە ساتێ
نەبوو ئارام گرێ بەختی لە پا بێ
لە بێ بەختیم تەنێ مات و کش وسڕ
بە قوڵپەی خوێن رکەی سنگم دەهاژێ .
خەمی ئەشقت لە کازیوەی بەیانان
دەگاتە سەر سەرم تا شەوە زەنگان
هەموو کەس دڵ گوشایە تۆ دەبینی
بە تەنیا من نەبێ ناڵان وگریان .
ئەوینی تۆم لە تارانە و منی تار
دەتارێنێ دڵم رۆژێ هەزار جار
تەریدەی تاری تاتای تۆم تەواوی
بە دەستی خۆت سەرم بەستەلەسەردار .
لەچوار وەرزان تەنێ وەرزێک بۆ من دێ
ئەویش باهۆزو باران بەفری بێ جێ
هەتا کەی ساردو سەرما بٶم سەرینە
سەرم سوڕ ما گەڕی گەردوون لە دڵ بێ .
جەعفەر/ کەریمی
تورکو / فەنلەند
١٩٩٧ ی/ زایینی