کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مەترسیدارترین قەیران ; قەیرانی ڕۆشنبیریی و ڕۆشنبیرانە

Thursday, 07/03/2013, 12:00


ئەم نووسینە لە دیدێکی جدیەوە تەعبیر لە بۆچوون و ئەزموونی تایبەتی من ئەکات و بێ هیچ بەرژەوەندییەك نووسراوە و بابەتێکی زۆر هەستەوەر دەهروژێنـێت، هەرچەندە ڕەنگە نەك وەك شاکارە ئەدەبییەکان یان سەدان پەڕتووکە بێ نازو ڕۆژنامە زەردهەڵگەڕاوەکان وەك پێوست نەخوێندرێتەوە، لەکاتێکدا ڕەنگە تەنیا وشەیەك لەسوچێکی ڕۆژنامەیەکدا لە وڵاتە پێشەوتووەکان کە ئاستی هوشیاری و ڕۆشنبیریی تاکەکان تیایدا بەرزو هەستەوەرو بەرپرسیارە ، ناڵێم شۆڕش بەڵکو گۆڕانکارییەکی زۆر بەدوای خۆیدا بهێنێت.
ڕەنگە لە خۆمان بپرسین و نەپرسین!!بۆچی ئەم بابەتە وەك پێویست تاوتوێ ناکرێ، من بە ئاسانی ئەتوانم بڵێم هەموو نا، بەڵکو زۆرینەی ئەوانەی لە ڕۆشنبیریەوە گلاون و خۆیان بە ڕۆشنبیر ناوزەد دەکەن و بە وەزارەتی ڕۆشنبیریشەوە !!کە زۆر دوورە لە ڕۆشنبیرێتی!بەشێکن لە قەیرانەکە.. لە کاتێکدا پێشکەوتنی شارستانی هەموو میللەتێك دەستەیەك پێشەوایەتی ئەکات کە ڕەوتی بیرکردنەوەو بزاوتی میللەت دەستنیشان ئەکات و ئاراستە ئەکات، بەڵام لای ئێمە بە داخەوە کاتێك لە کوردستان دەزگایەکی ڕۆشنبیریی و ئەدەبی و هونەریی بێ لایەن نابینیت، بۆ نموونە گەر بتەوێت دەقێکی ئەدەبی داهێنەر لە ڕۆژنامەیەکدا یان گۆڤارێکدا بڵاو بکەیتەوە ، دەرگات لەسەر دائەخرێت چونکە لەگەڵ سیاسەتی ئەو حیزبەدا ناگونجێ کە لە پشتەوە کۆمەکی ئەو دەزگاو بڵاوکراوەیە ئەکات، ئەوەش کە سەرپەرشتی ئەکات گەر ڕاستییەکان بزانێت یان خۆی لێ گێل بکات بە ڕاشکاوانە ئەڵێ خۆم نان بڕاو ناکەم بۆ بابەتێکی تۆ!! بۆیە زۆر ئەستەمە گۆڤارێك یان بڵاوکراوەیەکی بێ لایەن ببینیت دەقی ڕەسەن و جدی لە خۆ بگرێت.
باوەڕ بکەن قەیرانی دارایی یان کۆمەڵایەتی یان ڕامیارییش ئاسانە چارەسەر بکرێت گەر کەسانی هوشیارو بەرپرسیارو ڕاستگۆ پێشڕەوایەتی ڕەوتی گۆڕانی ئەو میللەتە بکەن و گوژم و گوڕ بدەن بەو خەڵکە سادەیەی حەزی لە یەکسانی و دادپەروەریی و خۆشگوزەرانییە و ئامادەشە لە پێناویا قوربانی بدات، بەڵام کێشەکە لەوەدایە پێویستە بپرسین مانای ڕۆشنبیریەتی و بەرپرسیایی ڕۆشنبیر لای ئێمە چۆن کەوتۆتەوە؟ تا چەند ڕۆشنبیر توانیویەتی بنەما و بەها مرۆییە بەرزەکان لە خۆیدا بهێنێتە دی و خۆی دابماڵێ لە نێرگزییەت؟ ئامادە بێت بە سەربەرزی بژی و قەڵەمەکەی و کەرامەتی وەك چیایەکی سەربڵند بمێنێتەوەو لەگەڵ ئازارەکانی هاونیشتمانییەکانیا ئاوێتە بێت، بە د اخەوە ئێستاشی لەگەڵدا بێت و لەگەڵ بەرقەراربوونی دەسەڵاتی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان زیاتر سنووری سەرفرازی وبیرکردنەوەو دەربڕینی ڕۆشنبیر بەر تەسك کراوەتەوە، بە شێوەیەك کە بەناو چیرۆکنووسێك لە دانیشتنێکا وتی:کێ لە ئێمە هەیە حیزبی نەبێت؟.. ئا لێرەوە کێشەکان سەر هەڵئەدا کە مرۆڤ هەست بەوە بکات بە شێکە لە قەیرانەکەو بسکەی سمێڵیشی بێت، ڕەنگە لاف و گەزافی پێشکەوتنخوازیش لێ بدات.
تاکی کوردی سادە ڕەنگە هۆی ئەمە بێت لە خوێندنەوەو ڕۆشنبیر هەڵدێت،گەر چاوبەست لە خۆمان نەکەین ئەمە ڕاستییەکانە، لەکاتێکدا نامیلکەیەکی کورتە هۆنراوەی مۆبایل یان 'ئەحۆل' لە ڕۆژێکدا سەدان نوسخەی لێ سەرف ببێت بەڵام ڕۆمانێك یان دیوانێکی هۆنراوە چەندان ساڵ بێت ڕەنگە موبالەغە نەبێت گەر بڵێم ڕەنگە نووسخەیەکیشی لێ نەکڕدرێت و نەخوێندرێتەوە، بە داخەوە لە کوردستان ژیان بی تامە بە بێ تامی ڕۆشنبیرانەوە،کە لە بازنەیەکی داخراودا ئەخولێتەوە کە حیزبی دەسەڵات سنوورەکەی دەکێشێت، کاتێك نووسەرێ بیەوێ کێشەیەکی لەگەڵ بەڕیوبەری گشتی وەزارەتی ڕۆشنبیریی یان جێگرەکەی یان بەر پرسێکی سادەی یەکێتی نووسەران تاوتوێ بکات نەك گوێی لێ ناگرن بەڵکو نایانەوێت بیبینن و میزاجیان بە گوتەی هەق نەشێوێ، وەك ئەو کەسە هەڵوێست ئەنوێنن کە کەسێك ببینن دەستی بە پووش و پەڵاشەوە گرتبێت لەناو ئاوێکی لە خوڕدا ئەمانیش شەقێکی لێ بدەن تا زیاتر نوقم بێت ، گەر پێشیان بڵێیت ئەی هەڵوێستی ڕۆشنبیریی و مرۆڤدۆستانە! لە وەڵامدا ئەڵێن : بۆ (مەلە) نازانێت.... با بخنکێت، بەڵام لەولاشەوە ئەو بەناو ڕۆشنبیرانەی نامەی بەرپرسێکیان بۆدەبەن یان تەزکییەی حیزبیان هەیە، یاخود بەناسیاوی پێیان ئەگەنەوە ئەوا کاریان وەك ئاو دەڕوات و ناوەستێت و بێ وادە خۆیان ئەکەن بە هەموو ژوورە داخراوەکاندا، لە چاو تروکانێکا ئەبن بە ئەدیب و نووسەر و هونەرمەند و داهێنەرو هەموو ئەو شتانەی مەبەستیانە.
زۆر ئەستەمە ئێمە ببینە خاوەنی خۆمان وەك مرۆڤی کورد و نەتەوەی کورد، گەر ڕۆشنبیرەکان نەبنە خاوەنی خۆیان و خۆیان دانەماڵن لە بەرژەوەندی پەرستن و حیزبایەتی و ماستاو کردن و خۆڵ کردنە چاوی خەڵکی سادەوە، زۆر ئەستەمە چاوەڕوانی وەفا لە درۆزن بکرێت، کاتێك ڕۆشنبیر یەکەمجار درۆ لەگەڵ خۆیدا ئەکات ئا لێرەوە متمانە دەڕەوێتەوەو ئامادەیە درۆ لەگەڵ بەرهەمەکان و هزرو بزاڤی خۆی و پاشان خەڵکیشدا بکات. لە کۆتاییدا دەڵێم: ئەم بابەتە فەرامۆش کراوە زۆر هەڵوێستە لەسەرکردن هەڵ دەگرێت، بەڵام لە نووسینێکی کورتی ئەوهادا هەر ئەمەندە دەڵێم و ئەوی تری بە جێ دەهێڵم بۆ چارسەری پراکتیکیانە لە لایەن هەموو ئەو دڵسۆزانەی هەستییان بە مەترسیی ئەم قەیرانە کردووە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە