بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچیتە دەرێ، چونکە ئەوان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە.


کوردستانیانی دڵسۆز تکایە دەنگ مەدەن بە لیستی 97 کە = 66+31

Wednesday, 08/04/2009, 12:00


وەکو لای هەموان ئاشکرایە کە وەکو سەرکردەیەکی بزاڤی ڕزگاریخوازی باشووری کوردستان، کاک نەوشیروان مستەفا هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی هەڵگرانی ناسنامەی کوردستانی بوون دا بووە. ئەو تاکە سەرکردەیەکی پایەبەرز و سەربڵند ماوەتەوە کە لە سەنگەری دیالۆگەوە هەمیشە ویستوویەتی بە چەکی ڕیفۆرم ڕستەی پڕ لە ووشەی ڕەخنەئامێز بگرێتە دەسەڵاتی پاسفندەی جووتە بنەماڵە و بانگەشەی چاکسازی بە هەموو کونج و کەلەبەرێکی کوردستان بگەیەنێ.
ئێستاش وا خەریکە کاتی پرۆسەی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی کوردستان بەرەو نزیک بوونەوە دەڕوات و هەر لیستیک وەکو پیشەی پێش پڕۆسەی هەڵبژاردن، بێگومان دەست دەکات بە ڕیکلام کردن لە بۆ مسۆگەرکردنی زۆرترین کورسی. بۆ نمونە ئەو یەکێتییەی کە زۆربەی خەڵکی چەوساوە و خەڵکی کوردپەروەر بە تاکە فریادڕەسی دەزانی بۆ چارەسەری دۆزی کورد و کوردلاند،لە لایەکەوە سکرتێرە کەرگەدێن ئاساکەی جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی سۆسیالیست ئەنتەرناسیۆنالە و ڕەمزی کەناڵەئاسمانیەکەی هێرۆسات ی لە مەڕ مەیدانێ ماستاوانی چڵە نێرگزێکە. لە لایەکی ترەوە دە هەزار دەمانچە دەکڕێ بە پارەی دزراو لە قوربانیانی کیمیایی باران و ئەنفال بۆ بەکارهێنانی لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن دا و نماییشی ئەشکی تیمساح مان دەخاتە بەر چاو. ئەوە لە کاتێک دا چروکایەتی بنەماڵە ئاشبەتاڵ پیشەکەی بارزان هەمووپێوەرێکی ئەخلاقی وکلتوری بەزاندووە و نیشانەی پرسار زۆر لەوە گەورەترە کە لە پێش بەڵگەنەویستی ئەو ڕاستیە دابنرێت. حیزبێکی نادیموکراسی خێڵەکی چەتە ئاسا کە دەستیان سوورە بە کوشتتن وبە کوشت دانی دەیەها وسەدەها هەزار ڕۆڵەی ئەم نیشتمانە وێرانە. گومانی تێدا نیە کە ئەمانە دوو بنەماڵەی چەتەی گانگستەرن و لە پێناوی خۆو بنەماڵە پان و پۆڕ کردندا لە سەر حیسابی داهاتی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان، گەندەڵییان کردووە بە ئامرازێک بۆ دەست توند کردن لە بینە قاقای چارەنووسی کورد. بە هەموو شێوەیەک قەرەسوو هەڵگرەکانیان کەوتوونە خۆیان بۆ ئەوەی کە بە هەر شێوەیەک بێت تۆزێکیش دەنگ پەیدا بکەن هەر بەزیاد بێت.
من پێم وایە زۆر شەرشۆڕییە بۆ هەر کەسێک کە خۆی لە بەردەم لێپرسراویەتی دا دەبینێتەوە بە ڕەوای بزانێت کە دەنگ بە لیستی 97 بدات. وا تازە بە تازە ، لە ئەنجامی پەیدا بوونی نوسەری چاونەترس و میدیای دەسەڵات تۆقێنەوە بە تایبەت کوردستانپۆستی سەنگەردۆست وا خەریکە پەردە لە سەر هەموو پیلانەکانی ئەنتی کوردانەی هەردوو بنەماڵە، هەڵ دەدرێتەوە. وەکو پەیوەندی نێوان کەی جی بی و باوکی ڕووحی ئاشبەتاڵ پیشەکان کە لە بابەتە بڵاوکراوەکەی کەردستانپۆستی دکتۆر کەمالی سەید قادر دا پێشتر ئاماژەی پێدرابوو. هەروەها بەستنی گرێبەستی نەوتی لە گەڵ کۆمپانیای بیانی بە بێ ئاگادارکردنی هیچ لایەنێک و هەرزانفرۆشکردنی هەموو سامان و بەهایەکی نیشتمانی. ئەوە باسی کارەساتەکانی وەکو 31 ی ئاب و شەڕی ناوخۆ و سەرشۆڕیەکانی سەرۆک جاشەوانی، سەرۆک کۆماری عێڕاقی عەرەبی هەر وەکو پرسیاری شەشەم با تەرک کرێ جارێ!!
گومانی تێ دا نیە کە هەموو گۆڕان و ڕیفۆرمێک پێویستی بە بەرخۆدان هەیە و پێویستە لە کاتی بەڕێوە چوونی هەڵبژاردنەکان دا هەموو ئەگەرێکی خراپ لە مامەڵەی سەرانی دوو بنەماڵەکە دژی کۆمەڵانی خەڵک لە بەرچاو بگیرێت. بەڵام ڕا بن و با لێرەوە دەستپێکی شۆڕشی ڕیفۆرم و نووسین و ناساندنی دیوە ڕووناکەکەی شۆڕشی تەکنەلۆجیا بە کۆمەڵگا ڕابگەیەنین. با هەموومان گەورەترین هەوڵەکانمان بخەینە گەڕ و کاریگەریەکی بەرچاو لەسەر دەورووبەرمان درووست بکەین بۆ ئەوەی ووزەی پێویست بۆ شەمەندەفەری ڕزگارکەری ڕیفۆرم دابین بکەین و بیخەینە سەر سکەی کار. پێویستە هەموو کوردێکی دڵسۆز دەنگ بدەینە لیستی ئەو کەسەی کە ئاستی (پاتەی وێن) ەکانی سەردەمی شاخی هەمیشە بەرزتر بووە لە ئاستی سەرانی هەڵسووڕێنەری پەیڕەو و پڕۆگرامی دوو بنەماڵە تورکپەرستەکان،چەشنی مەلا بەختیار و علوج جوندیانی و. . . هتد.
ئەگەر دەتانەوێت بە ڕووباری ئەشکی ڕۆڵەو کەس و کاری شەهیدان و ئەنفال کراوەکان، کوردستانی پێ لە کارەساتی ووشکاساڵی ڕزگاربکرێت و چرای بەرژەوەندی گەل و نیشتمان چیتر وەکو قونچکە جگەرە بە بنی قۆندەرەی ماستاوچییەکانی دەورووبەری هەردوو بنەماڵە نەکووژێنرێتەوە، ئەوا دەنگتان مەدۆڕێنن و بەڵێن بۆ کوردستان دووپات بکەنەوە کە ئێوەن پاڵپشتی ڕیفۆرم و ئەنتی خێڵ پەروەری، دەنگ بدەنە لیستە سەربەخۆکەی کاکە نەوە.
لێرە دا وەکو نوسەرێکی ڕەخنەگر،ڕاستیەکی بەرچاو هەیە ئەگەر ئاماژەی پێ نەکرێ، ئەوا بێلایەنی نووسین لە دەست دەدرێت. ئەویش: کە جێگای قبوڵکردنە، دەنگدەرانی لیستەکەی تێکەڵ بن لە هەموو جۆرە خەڵکێک بە خەڵکی باش و گەندەڵیشەوە ، ئەمەش تەنها بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگی گونجاو. بەڵام پێویستە بەرنامەگوزاری سیستەمێکی پاڵاوتن لە لایەن بەڕێزیانەوە داڕێژرابێت وەکو خۆئامادەکردنێک بۆ بەرنامەی کاری دووای ئەنجامی هەڵبژاردنەکان. بۆ ئەوەی کە باڵی ڕیفۆرمیش بە میکڕۆبی گەندەڵیی دەڤەرەی فسۆسپاڵەوانەکان ئاڵوودە نەبێت و زۆرترین توانای بخاتە گەڕ بۆ هەڵتەکاندنی گەندەڵی و بەرژەوەندیە تاکیەکانیش بخرێنە ناو زبڵدانی مێژوو. دەنا پێم وایە ئەگەر ڕیفۆرم بە گوێرەی واتا تەواوەکەی کارگوزاری بۆ نەکرێ، ئەوا تەنها دووبارەکردنەوەی هەمان سیناریۆی بەرپرسەکانی پێشتر دەبێت.
لێرەدا زیاتر گەرەکمە باسەکە بە نموونەیەک ڕوونتر بخەمە بەرچاو. وەکو لای هەمووان ئاشکرایە کە کاک مستەفای سەید قادر وەکو بەرپرسێکی حیزبی و سەرکردەیەکی بەرەی جەنگ شوێن پەنجەیەکی دیاری هەبووە لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان دا، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە خەڵکی قەڵادزێ و ناوچەی پشدەر ە بە گشتی ، وای کردووە کە بتوانێت سەرنجی زۆربەی بەرپرسی یەکە حیزبی و ئیداریەکانی ئەو دەڤەرە بە لای خۆی دا ڕابکێشێت، هەم پێشتر کە سەر بە باڵی گشتی و هەم ئێستاش کە سەر بە باڵی ڕێفۆرمە، واتا شێوەیەکی هاوشێوەی سوڕانەوەی گووڵەبەڕۆژە بە دەوری خۆرەکەیدا ڕینێو‌ هێناوە . ئەمەش دەمانگەیەنێتە دەرەنجامێک، کە ئەگەری ڕوودانەوەی شتێکی لەم جۆرە لە دووای سەرکەوتنی لیستی سەربەخۆ وە بە هیچ شێوەیەک لە گەڵ بنەماکانی ڕیفۆرم دا یەک ناگرێتەوە و پێویستە ڕێگا لە دووبارەبوونەوەی هەموو هەوڵێک بە ئاڕاستەی گەندەڵی لە سەر بنەمای خزمایەتی، خێڵایەتی، خەت خەتێن و . . . . هتد بگیرێت.
بەرەو سەرکەوتن و بە ئومێدی ئەوەی کە هەردوو لای (هاوکێشەی گەندەڵێ= پێکهاتەی لیستی 97) لێکدانی سفر بکرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە