خه‌ڵاتی بله، خه‌ڵاتی ڕه‌شکردنی ته‌وێڵی نووسه‌ره
Saturday, 26/04/2008, 12:00
برایم ئه‌حمه‌د که گۆڤاری (گه‌لاوێژ)ی ده‌رکرد، ناوی ژنه‌که‌شی گۆڕیی و ناوی (گه‌لاوێژ)ی لێنا.
ئەم گەلاوێژە کۆمه‌ڵێک دووپشکی بوو، ئه‌م دووپشکانه چوونه‌ته گیانی ئه‌م میلله‌ته، به‌رده‌وامیش پێوه‌ی ده‌ده‌ن.(دووپشک قسه‌ی من نییه، قسه‌ی هێرۆ خۆیەتی، لە وتارەکەدا بیخوێنەرەوە).
______________________________
ئەوانەی خەڵاتی بلەیان وەرگرتووە، ده‌بێت ئه‌وه بزانن، که ئه‌و خه‌ڵاته‌ی هێرۆی میهره‌بان و شانازی ده‌ستپاک مۆری سوکایه‌تییه.
______________________________
ڕاسته برایم ئه‌حمد شیعر و چیرۆکی نووسیوه و گۆڤاری گهلاوێژیشی ده‌رکردوه. له‌به‌ر ئه‌وه نییه، که مناڵه‌کانی گردێکیان بۆ داگیرکردووه و ته‌رمه‌که‌یان له‌وێدا ناشتووه، خۆ ئه‌گه‌ر له‌به‌ر ئه‌م چیرۆک و شیعرانه بێت ئه‌وا هه‌رچی گردی شاری سلێمانیه ده‌بێت بکرێن به گۆڕستانی شاعیران و چیرۆک‌نووسان، شه‌وانه سلێمانی ببێت به چراخانی ئه‌م قه‌برانه. ئه‌مه‌ی بۆ برایم ئه‌حمه‌د کراوه و به ناوییه‌وه خه‌ڵات دابه‌ش ده‌کرێت و رۆمانی ده‌کرێت به فلیم و به سه‌ر به‌رزاییه‌وه و له سه‌روو هه‌موو شاری سلێمانیه‌وه دانراوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه، که برایم ئه‌حمه‌د باوکی هێرۆی میهره‌بانه. هێرۆی خه‌مخۆری کوردیش ئه‌مه‌ی بۆ چۆته سه‌ر، چونکه کۆمه‌ڵێک ده‌زگای بڵاوکردنه‌وه و ته‌له‌فیزۆنی هه‌یه و به هێزی پاره‌ی دزراو، چه‌نده‌ها رووناکبیران و شاعیرانی ناودار و گه‌وره سه‌ریان له ئاستی پاپوجهکانیدا راگرتووه.
خه‌ڵکی سلێمانی که ئێستا له کۆیلایه‌تی تاڵه‌بانی و نه‌وه‌ی برایم ئه‌حمه‌ددا رۆژ و شه‌و ره‌ش ده‌که‌نه‌وه، ده‌بێ سووژده بۆ گۆڕی باوکی هێرۆ ببه‌ن. ئاخر ئه‌م شاره که ناوی هه‌ڵمه‌ت و قوربانیه، ده‌بێ هه‌ڵمه‌تی بۆ کوێ بردبێ و قوربانی بۆ چ شتێک دابێ؟ چۆن شارێک که خاوه‌نی مێژوویه‌کی درێژه له پیاوانی گه‌وه،، که‌چیی ئه‌مانه وایان کردووه ئێستا له سوک و سه‌لیمیدا بژی؟
هێرۆ ژنێکی نه سیاسییه، نه ئه‌دیب، نه که‌سێکی مرۆڤدۆست. مرۆڤێکی دڵره‌ش و قیناویه، وه‌کو خۆی له گۆڤاره‌که‌یدا که ناوی (خاک)ه ددانی به‌وه‌دا ناوه،، وه‌کو دووپشک ده‌دات به هه‌ر یه‌کێکه‌وه، که ئه‌م رقی لێی بێت. ئه‌و کاته خه‌ڵک وا لێکیان ده‌دایه‌وه، ئه‌و قسه‌یه‌ی بۆیه کردووه، مه‌به‌ستی له نه‌وشیروان مسته‌فایه.
کاتی خۆی هه‌ڵۆی کوڕی برایم ئه‌حمدیش بۆ نه‌به‌ز گۆرانی نووسی، که به ده‌ستی خۆی وه‌کو سه‌گ ده‌ی تۆپێنێ، به‌ڵام هه‌ڵۆ ته‌نها به‌ته‌مای تۆپینی خه‌ڵک نەبوو، نەیدەویست تەنیا به‌و کاره بووه‌ستێت، به‌ته‌مای کاری زیاتربووه، ئه‌و ده‌یویست حیزب درووست بکا، وه‌کو هێرۆ ئاسایی ببێتە به دووپشک و به هه‌موو کورده‌وه بدات. ساڵانی زوو، که سڵیمانی ئاوه‌دانی زۆر تێنهکهوتبوو، ده‌باشان دووپشکی زۆربوو، ئه‌مڕۆ بنه‌ماڵه‌ی برایم ئه‌حمه‌د بۆ خۆیان ده‌ڵین ئێمه دووپشکی دهباشانین، ئه‌وه نییه، هه‌موو ده‌باشانیان داگیرکردووه و به خه‌ڵکه‌وه ده‌ده‌ن!؟
بنه‌ماڵه‌ی برایم ئه‌حمه‌د بوونه‌ته دیکتاتۆر، ئه‌م دیکتاتۆرانه به‌ده‌ردی به‌عسی ئامۆزایان ده‌چن.
بنه‌ماڵه‌ی برایم ئه‌حمه‌د به هه‌موو ئه‌قڵی خۆیان، له لایه‌که‌وه به‌شێک له دزیی و ڕاووڕوتیان له رێگای عومه‌ر فه‌تاحه‌وه ده‌کرد، ماڵ و مولکی ئه‌و خه‌ڵکه‌یان داگیرده‌کرد، له لایه‌کی تره‌وه جنێویان ده‌دا به عومه‌ر فه‌تاحی نامورتاح، ئاخر عومه‌ر مورتاح بۆیه نامورتاحه، له به‌ر ئازاری ویژدانی خۆی نا، به‌ڵکوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌رچییه‌کی بۆ ئه‌و سپڵانه ده‌کرد، ئه‌وان ئه‌وه‌نده پێنه‌زان بوون، له پاشمله قسه‌یان پێده‌گووت و خه‌ڵکیان لێ هانده‌دا، .
کاکه هه‌ڵۆی برایم ئه‌حمه‌دیش که‌سێکی دیموکراتخواز و دژی گه‌نده‌ڵیی بوو. وای ده‌زانی دوای نه‌مانی تاڵه‌بانی ئه‌م ملی ئه‌و میلله‌ته گاگهلهی بۆ ده‌گیرێت و ده‌یان بات بۆ بازاڕی مامه‌ڵه‌کردن و فرۆشتن!
گۆڕه‌که‌ی باوکیی بێجگه له‌وه‌ی کاره‌بای لێنابڕێ، گردێکی بۆ داگیر کراوا، ئه‌و گرده خاوه‌نی هه‌یه، موڵکی ئه‌مان نییه. سه‌رباری ئه‌مه‌ش شه‌و و رۆژ پاسه‌وانی هه‌یه. ئاخر له دنیادا هه‌بووه، یه‌کێک به مردوییش له میلله‌ته‌که‌ی خۆی بترسێت؟ ئه‌مانه هێند نه‌فامن وا ده‌زانن تا سه‌ر ده‌سته‌ڵاتیان ده‌بێ، باشه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتتان نه‌ما، پاسه‌وانه‌کان چوونه‌وه ماڵی خۆیان، ئێوه چی ده‌که‌ن و به ته‌مای چین؟
برایم ئه‌حمه‌د که گۆڤاری (گه‌لاوێژ)ی ده‌رکرد، ناوی ژنه‌که‌شی گۆڕیی و ناوی (گه‌لاوێژ)ی لێنا، له‌م گه‌لاوێژه، کۆمه‌ڵێک دووپشکی بووه ئه‌م دووپشکانه چوونه‌ته گیانی ئه‌م میلله‌ته و به‌رده‌وام پێوه‌ی ده‌ده‌ن.
له گۆڤاری گه‌لاوێژدا، کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی ساویلکه‌ی له خۆی گردکرده‌وه، چه‌نده‌ها ساڵ دوای ئه‌مانه که‌وتن و به درۆی ئه‌مان خه‌ڵه‌تان و خۆیان بۆدان به کوشت. سه‌رده‌مێک به ناوی کوردایه‌تی و سه‌رده‌مێک به بیروباوه‌ڕی مارکسی، ئێستا بۆ هه‌مووان روون بۆته‌وه، که حه‌قیقه‌تی ئه‌مانه چی بوو. کاتێک که رۆڵه‌ی ئه‌و گه‌له له زینداندا له ژێر ئه‌شکه‌نجه سزا ده‌درا و په‌تی سێداره‌ی له مل ده‌کرا، برایم ئه‌حمه‌دی مامۆستای ئه‌دیب و سیاسه‌تمه‌دار، له سه‌فاره‌تی عێراق خانه‌نشینی وه‌رده‌گرت. جه‌لال تاڵه‌بانی هه‌میشه له‌گه‌ڵ سه‌ددام و بارزانی برای سه‌ددامدا په‌یوه‌ندی هه‌بووه. تاڵه‌بانی و هێرۆ خان دیاره نهێنی زۆریان له‌گه‌ڵ سه‌ددامدا هه‌یه، تاڵه‌بانی به مه‌رحوم ناوی به‌رزان تکریتیی ده‌برد و ئیمزای ئیعدامی نەدەکرد.
ئه‌گه‌ر ته‌ماشای کرداره‌کانی برایم ئه‌حمه‌د بکه‌ن، ئه‌وه‌مان به ئاشکرا بۆ ده‌رده‌که‌وێت، که ئه‌م پیاوه ساڵی 1964 له مه‌لا مسته‌فای بارزانی جیابووه‌وه و چه‌کی بۆ حکومه‌تی عێراق هه‌ڵگرت. که‌چی له شیعرا ده‌ینووسی:
دوا تیری خۆت بهاوێژه هه‌له دوژمن
دوا سه‌رکه‌وتنی تۆیه و دوا نوچی گه‌له دوژمن
که‌چی خۆی بوو به دوژمنی کورد. تفه‌نگی بۆ به‌عس هه‌ڵگرت، کوڕی ئه‌م خه‌ڵکه‌ی به کوشت ده‌دا. یه‌کێک له نه‌وه‌کانی ئه‌م دیارده‌یه شانازی کچێتی که به رێگای باوکی‌دا شیعر و سرود ده‌نووسی، ده‌مێک بۆ عێراق ده‌مێکیش بۆ کوردستان ده‌یهۆنێته‌وه.
له ته‌نیشت گۆڕی برایم ئه‌حمه‌ده‌وه جێگا دانراوه دیاره بۆ ئه‌ندامانی تری خێزانه‌که‌یه. ئاخر ژنه‌که‌ی چیرۆکی نووسیوه. کچه‌که‌شی سرود داده‌نێ، هێرۆش خزمه‌تی منداڵان ده‌کات و پێشمه‌رگه‌ی کۆنه.
جا پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، پیاوێک ئه‌گه‌ر ئه‌دیب بێت، چۆن چه‌ک هه‌ڵده‌گرێ و دڵی دێ کوڕی گه‌نجی خه‌ڵکی ره‌ش و رووت به کوشت بدات؟ ئه‌دیبی ڕاسته‌قینه، ده‌بێ دۆستی مرۆڤ بێت و حه‌زی به کوشتنی خه‌ڵک نه‌بێ، چ نووسه‌ر و شاعیر و ئه‌دیبێک ئه‌م کاره ده‌کات؟ ئه‌گه‌ر ئه‌م پیاوه ویژدانی هه‌بووایه ساڵی 66 چه‌کی هه‌ڵ نه‌ده‌گرت.
وه‌ختێک حکومه‌تی به‌عس له‌گه‌ڵ بارزانیدا به‌یانی 11ی ئازاریان ده‌رکرد، برایم ئه‌حمه‌د و تاڵه‌بانی پاره‌یه‌کی زۆریان له لا بوو، پاره‌ی خوێنی ئه‌و جه‌ماوه‌ره، له‌گه‌ڵ خۆیاندا بردیان و عیراقیان جێهێشت. دوا به دوای ئه‌مه، دووباره له سوریاوه ده‌ستیان دایه چه‌ک و به ناوی مارکسییه‌وه سه‌دان و هه‌زاران خه‌ڵک ده‌ستخه‌ڕۆی ئه‌م بازرگانانه بوون.
له بیرتان چوو چه‌ند که‌س له به‌ندیخانه‌ی موسڵ ئیعدام کران؟
چه‌ند پێشمه‌رگه گیانی خۆی به‌خت کرد؟
چه‌ند گوند و دێهات کاولکران؟
به هه‌زاران که‌س ئه‌نفالکرا؟ کیمیاباران و دوورخرانه‌وه؟
هه‌مووی به فیتیی ئه‌مانه و له پێناوی ئه‌مانه‌دا کران! سه‌رئه‌نجامی ئه‌مانه‌ش هه‌مووی ده‌رکه‌وت، که خوێنه‌که‌یان کرد به پاره و به دۆلار.
ئه‌مانه له ژێره‌وه هه‌ر کاریان بۆ دوژمنی کورد ده‌کرد، حیزبه‌که‌یان پڕ بوو له خاوه‌ن فایل، چه‌نده‌ها ساڵ کوڕی ئه‌م میلله‌ته‌یان له شه‌ڕی ناوخۆدا به کوشت دا. دوای ئه‌م هه‌موو سه‌رگه‌ردانییه، کاتێکیش دوای ڕاپه‌ڕین، که بوون به خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات، له جیاتی رزگاریی و خزمه‌تکردنی خه‌ڵک، که‌چی له سه‌ر کاری ناپاکیی خۆیان به‌رده‌وام بوون، به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان به شێوه‌یه‌کی تر، ئه‌مجاره‌یان به تاڵانبردنیی کوردستان و دزێتی و بۆگهنکردنیی کۆمه‌ڵگای کوردیی. ئه‌مه‌ش به‌شیک بوو، له کار و بهچیهێنانی فه‌رمانی دوژمنانی کورد.
جه‌لال تاڵه‌بانی کۆشکێکی له ده‌باشان دروست کرد، له پێشدا به ناوی مه‌کته‌بی سیاسییه‌وه، دروستی کرد، دوایی ده‌رکه‌وت ئه‌و کۆشکه بۆ خۆیی و بۆ ماڵ و منداڵه‌که‌یه‌تی. هات له پاڵ ئه‌و کۆشکه گه‌وره‌یه‌دا، چه‌ند خانوویه‌کی بچکۆلهتری دروست کرد، بۆ ئه‌و کۆیلانه‌ی، ده‌بنه حه‌ره‌سی ماڵ و منداڵه‌که‌ی، له‌مه‌وه خۆیان کرد به ته‌ختی ته‌وێڵی سلێمانی.
ده‌باشان، هه‌رگیز قاچی نه‌وه‌ی برایم ئه‌حمه‌دی نه‌دیبوو، وه‌لێ ئێستا ده‌باشان هه‌مووی موڵکی بنه‌ماڵه‌ی برایم ئه‌حمه‌د و تاڵه‌بانییه.
رۆژنامه‌ی هاوڵاتی، بڵاوی کرده‌وه که پێش ئه‌وه‌ی عومه‌ر فه‌تاح له سه‌روکی حکومه‌تی سلێمانیه‌وه ببێت به جێگری نێچیرڤان له هه‌ولێر، به په‌له ژماره‌یه‌ک بڕیاری ده‌رکرد، ئه‌و زه‌ویانه‌ی خسته سه‌ر ژنی سه‌رکۆماری عێراق و خوشکه‌کانی. ئه‌و زه‌ویانه ئێستا له ناو ئه‌و ده‌سته مافیایه‌دا دابه‌شکراوه و به ناوی گوندی ئه‌ڵمانییه‌وه خانووی لێکراوه و ده‌یفرۆشنه‌وه. ئه‌و زه‌ویانه بێگومان خاوه‌نیان هه‌بووه و تاپۆشیان له سه‌ر که‌سانی تر بووه، به کام ماف و به کام یاسا ئه‌م زه‌ویانه تاپۆکه‌ی چووه سه‌ر ئه‌م زاته ده‌ست پاکانه؟
دانیشتوانی سلێمانی لایان روونه، زوڵم و فه‌رهودی جه‌لال تاڵه‌بانی و نه‌وه‌ی برایم ئه‌حمه‌د له سنووری ئه‌قڵ ده‌رچووه، ئه‌م دزانه‌ش ئه‌منه سوره‌که‌یان له‌به‌ر چاوه، داهاتووی ئه‌منه سه‌وزه‌که‌ی ده‌باشانیش له ئه‌منه سوره‌که، باشتر نابێت، بۆیه هه‌ڵۆی ئه‌حه‌ڕه‌ش له سه‌ر رێوشوێنی باوکی ده‌یویست، خه‌ڵک له خشته به‌رێت. حیزب درووست بکات، ئه‌م هه‌ڵۆیه‌ی که ئیستا له ژیانیدایه، نهسیاسهت، نهکۆبوونهوهی کردووه، ئێستا به‌سه‌ر پاره‌ی خوێندا که‌وتوه. لە سویدیش وەکو کەسێکی نابووت خۆی لە قەڵەم داوە، گوایە هیچی نییە، هەرچیی هەیە بە ناوی ژن و منداڵەکانیەوەیە.
ئه‌م خێزانه له‌وه‌ته‌ی هه‌ن به پاره‌ی خوێنی پێشمه‌رگه و هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال ژیاون. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کوردستانپۆست رووی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م هه‌ڵۆیه‌ی پیشان دا، که به ساخته ده‌یه‌وێت دژی حکومه‌تی کوردیی قسه بکات و خۆی ناو بنێ ئه‌ڵته‌رناتیڤ، هات شکاتی له کوردستانپۆست کرد، گوایه زیانی 1،7 ملۆین دۆلاری لێکه‌وتووه. هه‌ڵۆ راست ده‌کات، چونکه ئه‌و هه‌ر به پاره‌ی خوێنی خه‌ڵک ژیاوه، بۆیه ده‌زانی ئه‌گه‌ر کاره‌که‌ی سه‌رنه‌گرێت، چه‌ند زیانی ئابووری لێده‌که‌وێت. لای ئه‌و سیاسه‌ت و بازرگانیی یه‌کن.
ئه‌م هه‌ڵۆیه‌ی، که دژی گه‌نده‌ڵی قسه ده‌کات، کارگه‌ی جگه‌ره‌ی خستۆته سه‌ر خۆی، به نیازه له ده‌رفه‌تێکدا، تێک و پێکی بدات و ته‌ختیی بکات، بیکات به زه‌وی، ئه‌وه‌ش فت بکات. چه‌نده‌ها کارگه‌ی له سلێمانیدا هه‌یه. هه‌ڵۆ له نامه‌یه‌کدا نووسیبوی، ئێستا خه‌ڵک کاغه‌زی سپی ده‌خوێنێته‌وه، که‌چی له‌ملاشه‌وه سه‌ری خۆی کرد به‌ناو گه‌نده‌ڵییدا، لای وایه، خه‌ڵک کوێره، خه‌ڵکی سلێمانی بنه‌ماڵه‌ی ره‌ش نابینن، مه‌رام و کرداره‌کانیان ناخوێننه‌وه.
به کورتییه‌که‌ی نه‌وه‌ی برایم ئه‌حمه‌د، که‌رامه‌تی شاری سلێمانیان به هۆی جه‌لال تاڵه‌بانیه‌وه خسته ژێر پێڵاوه‌کانی خۆیانه‌وه.
هێرۆی میهره‌بان هه‌موو ساڵێک خه‌ڵاتی بله، به سه‌ر نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه‌ی کۆندا ده‌به‌خشێته‌وه، من هه‌قم نییه به‌سه‌ر پێشمه‌رگه و هونه‌رمه‌نده‌وه، به‌ڵام هێرۆ، هه‌موو ساڵێک ئه‌م خه‌ڵاته ده‌دات به‌ته‌وێڵی نووسه‌رێکدا.
ته‌وێڵی شێرکۆ بێکه‌س
ته‌وێڵی ره‌فیق سابیر
ته‌وێڵی له‌تیف هەڵمەت و دەیان نووسەر و شاعیری پێ سیوواخ دا.
ئه‌مانه که ئه‌م خه‌ڵاته‌یان وه‌رگرت ده‌بێت ئه‌وه بزانن، ئه‌وه خه‌ڵاتی ئه‌دیبی ڕاسته‌قینه و ئه‌دیبی مرۆڤدۆست و خاوه‌ن هه‌ڵوێست نییه! ئه‌وه مۆری هێرۆیه وا به پاژنه‌ی پێڵاوهکانێوهیهتیی و ئه‌وانه‌ش لێی وه‌رده‌گرن و به‌سه‌ر بۆی هه‌ڵده‌گرن، چونکه پاره پاره‌ی دزێتییه، پاره پاره‌ی خوێنه، ئه‌و خه‌ڵاته، له‌که‌یه‌کی ره‌شه به ته‌وێڵی ئه‌و نووسه‌ر و ئه‌دیبانه‌وه. ئه‌و خه‌ڵاته‌ی، که هێرۆی میهره‌بان و شانازی ده‌ستپاک به‌مانه‌ی ده‌دات مۆری سوکایه‌تییه.
ئاخر که‌سانی وه‌کو ئێوه ده‌بوو نموونه‌ی ره‌وشت و هه‌ڵوێست بن، به‌ڵام هێرۆی دووپشک ده‌زانێ چیده‌کات، چۆن هه‌ر جاره‌ی به یه‌کێکتانه‌وه ده‌دات و بۆتان مۆر ده‌کات، هێرۆ ئه‌و په‌یامه‌ی پێیه، که ئێوه چه‌ند بنووسن، چی بنووسن، به‌ڵام دیووی ڕاسته‌قینه‌ی ئێوه ئه‌و دۆلارانه‌یه، که ئه‌م له پاره‌ی دزراوی ئه‌و میلله‌ته پێتان ده‌دات، ئه‌و بڕیار له‌سه‌ر به کۆیله‌بوونی ئێوه ده‌دات، ئه‌مه‌ش ڕاستییه‌کی دیکه‌ی تێدایه که: ئێوه‌ی دووڕوو، سه‌رقاپی خۆتان چاک دۆزییه‌وه!
ئاخر یه‌کێک شه‌ره‌فی قه‌ڵه‌م و شه‌ره‌فیی نه‌ته‌وه‌یی هه‌بێت، چۆن خه‌ڵاتیی مۆری ره‌ش به شه‌ره‌ف ده‌زانێت و له که‌سانی وه‌ک شانازی ده‌سپاک و هێرۆی میهره‌بانی وه‌رده‌گرێت؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست