کازیوەی تۆراو
Friday, 05/12/2014, 12:00
وشەو شێعرلەو خاکە
تۆراوەدا
ئەوەندە هەرزانە
هەزار ئەوەندەش هاسان بە چۆک دادێ
تا هەرکەس بتوانێ
هەڕڕاجی کاو بیفرۆشێ
لە مێژساڵە ئاسمانی وڵاتەکەم
نە مانگە شەوی دیوە
نە کازیوە نە خۆر
کە تیرڕێژی بەسەردا ببارێنێ
دێو جامەکانی وڵاتی پێنوس
تان وپۆی ڕایە ڵێک دەپسێنن
کە لاوێنە و چاوی نەپشکوتووە
دایکی پێنوسێک دەشکێنن
کە جەستەی زامداری
هەتا هەتایە خوێن بدەڵێنێ
زڕە شاعیری وڵاتی سووتاو
وشە دەکا بە زین و
لەسەر پشتی ئەسپی تۆپیو
یەکە یەکە وڕێنەی بەسەردا دەبارێنێ
ئامەدی مەزنیش وێنەی گڕکان
وەرزەکانی ساڵ دەژمێرێ
تا ئەو کاتەی گەورە دەبێ
دەڵێ
کێ کاوەی کوشت؟
بێتە مەیدان سەردەرێنێ
بە من دەڵێن تۆڵە
قسەم پێێە قسە
بۆ ئەو زۆڵەی
کە رۆڵەی ئەنفالی شەهید کردو
لە تاریکی شەودا لەترسان
وەک چووار پێ دەلوورێنێ.
جەعفەر کەریمی / ٥/ ١٢/٢٠١٤
ت/ فەنلاند
بۆئامەدی مەزن
ساڵێک بەسەر ترۆری،، کاوەگەرمیانی،، تێپەڕی! لەو ماوەیەدا هێدی هێدی،ئامەد، مەزن دەبێ. هێدی هێدی دەزانێ چواروەرزی ساڵ چۆن دێنو دەڕۆن. ئێستا گرمترین وشیرینترین جێگا بۆ ئامەد باوەشی دایکیەتی. دایکێک کە لە ئامێزی ئەو خاکەبریندارەدائەنفالی دیوە خوێن دەدەڵێنێ.ئامەد خەریکە پێ دەگرێ. چاو دەگێڕێ، دێتە بەردەرگا وپێدزیلکە دەکا تا روخساری باوکی ببینێ.! ئاخر فێری گڕوگاڵ بووە. دەگەڕێتەوە ژووری ماڵێ،چاو دەگێڕێ،! لە دایکی دەپرسێ؟ دایکی شیرین، بۆ قەت بابم لێمان وەژور ناکەوێ؟ ئاخر هەست دەکەم بەشێک لە جەستەم ونە! من ئەگەر ئەوڕۆ چووکەم دوارۆژ مەزنم.
دایکی بە قسە نایدوێنێ! بەنیگای خۆی هەزاران رەمزو رازی بۆ دەخوێنێ. دەڵێ: کوڕە جوانەکەم وەردانەشي تا پێت بڵێم شەو چۆن تێدەپەڕێ؟ کازیوە چۆن دادێ؟ گزنگ لە کوێ هەڵدێ؟ بابەت بە جەستە لێمان ونە. با پێت بڵێم لە وڵاتی مندا چەرخی چەپگەرد چۆن دەگەڕێ؟
ئەوڕۆ، کاوەکوژەکان بونەتە قارەمانی رزگاری! وەپێشمەرگ دەکەون، تا لە مردن هەڵێن! داد بۆتە بازەرگان بە دەستی چاوچنۆکەکان، یاسا وەک پەڕۆ دەستادەستە لە بارەگای کوردکوژەکان،عەشیرەو گزیر خەڵاتن بۆ بیانی وشمشیری هەزار سەرن بۆ هەژارەکان! شەو دەزرینگێتەوە وهێدی هێدی کاوەش چاوەکانی پێک دەنێ تا بخەوێ.ئاخر خۆی بۆ دوارۆژ هەڵدەگرێ.تا بڵێ: کوا بابم؟ کوا یاسا؟ کوا ئازادی؟ لە کوردستانی بێ بەعس و نامرۆوایەتی؟؟؟! لە وڵاتی مندا وشەو شێعر تۆراون! پێنوس کۆڵ بووە! زڕە شاعیرو زڕەنوسەر لە رمبازێنن لە چۆلگەی نەزانیدا!ئەوان قا قا پێدەکەنن بۆوڵاتێک کە دیکتاتۆڕی خۆماڵی داگیری کردووە بەری نادا!
ج / ک
٥/ ١٢/٢٠١٤
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست