کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئایا جه‌وهه‌ر نامیق هه‌ڵه‌که‌ی حسێن کامیل دووباره‌ ده‌کاته‌وه‌! (به‌شی یه‌که‌م)

Thursday, 04/06/2009, 12:00


جه‌وهه‌ر نامیق تا 25-5-2009 سور بوو له‌سه‌ر نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بۆ ناو پارتی‌ و وای‌ ڕاگه‌یاندبوو كه‌وا ده‌یه‌وێت چاكسازی‌ و گۆڕان له‌ نێو پارتیدا دروست بكات، یه‌کێک بوو له‌ که‌سه‌ چالاکه‌کان که‌ چه‌که‌ره‌ی هیوای لای زۆر که‌س دروست کردبوو که‌ ئه‌م پیاوه‌ گه‌ر ده‌رفه‌تی بدرێتێ کار ده‌کات بۆ گۆڕانی ئه‌م باره‌ ناهه‌مواره‌ی کورد، له‌ وه‌‌و د‌وا چی ڕوو د‌ه دا ت‌ با چاوه‌ڕوان بین.

باکگراوندێکی (پێشینه‌ی) زۆر کورتی کاک جه‌وهه‌ر نامیق:
جه‌وهه‌ر نامیق یه‌کێک بووه‌ له‌ سه ‌رکرده‌کانی قیاده‌ موه‌قه‌ته‌ به‌شداره‌ له‌ هه‌موو ئه‌و هه‌ڵه‌ و شه‌ڕه‌ نه‌گریسانه‌دا که‌ قیاده‌ موه‌قه‌ته‌ به‌رپای کردوه‌ هه‌ر له‌ دژی هێزه‌ کوردستانیه‌کانی گۆڕه‌پانی ئه‌وسای کوردستان تا ده‌گاته‌ شه‌ڕی خوێناوی دژی کوردانی ڕۆژهه‌ڵات و کاره‌ساته‌ خوێناویه‌که‌ی هه‌کاری، له‌ ساڵی 1992 ه‌وه‌ کراوه‌ته‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان تا ساڵی 2000، وه‌ک ده‌ڵێن ڕه‌خنه‌ی له‌ بنه‌ماڵه‌ گرتوه‌ له‌ ئابی 1996دا دوای دا‌گیرکردنی هه‌ولێر له‌لایه‌ن گاردی کۆماریی به‌عسه‌وه‌ به‌ هاوکاری بنه‌ماڵه‌ی بارزانی، به‌ڵام ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ تۆمار نیه‌ چونکه‌ هیچ به‌ڵگه‌ و دۆکۆمینتێک نیه‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ ده‌ربخات که‌ چۆن بووه‌، له‌ هه‌مووشی خراپتر کۆبونه‌وه‌که‌ی په‌رله‌مانه‌ ته‌زویره‌که‌ی پارتیه‌ له‌ مزگه‌وته‌که‌ی شه‌قلاوه‌ که‌ حازم یوسفی و ئه‌یادی حاجی نامیق و چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مانێکی یه‌کێتی که‌ له‌ هه‌ولێر ده‌ستگیر کرابوون به‌ زۆر و ئه‌شکه‌نجه‌دان برابوونه‌ ئه‌و کۆبوونه‌وه‌ ساخته‌یه‌ تا شه‌رعیه‌ت بده‌ن به‌و په‌رله‌مانه‌ی بنه‌ماڵه‌، خۆ کاک جه‌وهه‌ر ئه‌و کاته‌ش هه‌ر سه‌رۆکی ئه‌و په‌رله‌مانه‌ بوو که‌ ئێستا هه‌زا ر و یه‌ک ڕه‌خنه‌ی هه‌یه لێی)تا 25-5-2009( !به‌ڵام سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ تا دوای 4 ساڵیش له‌و ئابڕوو چوونه‌ کاک جه‌وهه‌ر له‌ پۆسته‌که‌یدا ماوه‌ته‌وه‌! له‌ دوای ساڵی 2000 ه‌وه‌ له‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مان لابراوه‌ و کراوه‌ته‌ سکرتێری مه‌کته‌بی سیاسی پارتی تا مانگی نیسانی 2003 ، له‌وانه‌یه‌ ڕێکه‌وتێکی سه‌یر بێت ڕێک له‌گه‌ڵ ڕوخانی سه‌دامدا ئه‌ویش له‌ سکرتێری پارتی نه‌ماوه‌ و له‌ ماڵه‌وه‌ دانیشتوه‌ و ده‌ستیکردوه‌ به‌ نوسین و وتار بڵاوکردنه‌وه‌ و گفتوگۆ و چاوپێکه‌وتنی ڕۆژنامه‌وانی ، ئه‌م باره‌ به‌رده‌وام بووه‌ تا ڕۆژی 25-5-2009 که‌ کوردستانپۆست هه‌واڵی گه‌ڕانه‌وه‌ی جه‌وهه‌ر نامیقی بۆ نێو پارتی ئاشکرا کرد و دوا به‌ دوای ئه‌و هه‌واڵه‌ فه‌ره‌یدون جوانڕۆیی‌ که‌ ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتیه‌ ئه‌و هه‌واڵه‌ی پشتڕاستکرده‌وه‌ که‌ جه‌وهه‌ر نامیق هه‌ر یه‌ک له‌ مه‌سعود بارزانی و نێچیروان بارزانی دیوه‌ و به‌ڵێ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ نێو پارتی و به‌ پله‌ی ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی، لێره‌دا پێویسته‌ به‌ ووردی شیکردنه‌وه‌ بکه‌ین و وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بده‌ینه‌وه‌ بۆچی دوای دابڕانی جه‌وهه‌ر نامیق له‌ پارتی بۆ ماوه‌ی 6 ساڵ و له‌سه‌ر و به‌ندی هه‌ڵبژاردندا وا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ نێو پارتی؟ دیاره‌ ئه‌و ماوه‌ی 6 ساڵه‌ جه‌وهه‌ر نامیق به‌ ده‌یه‌ها نوسین و وتاری ڕه‌خنه‌ ئامێزی ده‌رباره‌ی یاسای مه‌جلیسی حوکم و ده‌ستور و پرسه‌ گرنگه‌کانی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق و کوردستان بڵاوکرده‌وه‌، به‌ ووردیی و قووڵی شۆڕ ده‌بوه‌وه‌ بۆ ناو ئه‌و پرسانه‌ و شیکردنه‌وه‌ی باشی ده‌کردن و هه‌موو جار ئازایانه‌ ڕه‌خنه‌ی ده‌گرت له‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی و هه‌ڵه‌کانی ده‌ستنیشانده‌کرد، یه‌کێک بوو له‌ که‌سه‌ چالاکه‌کان که‌ چه‌که‌ره‌ی هیوای لای زۆر که‌س دروست کردبوو که‌ ئه‌م پیاوه‌ گه‌ر ده‌رفه‌تی بدرێتێ کار ده‌کات بۆ گۆڕانی ئه‌م باره‌ ناهه‌مواره‌ی کورد، به‌ تایبه‌تیش گفتوگۆ و لێدوانه‌کانی ئه‌م چه‌ند مانگه‌ی دوایی ده‌رباره‌ی ئه‌گه‌ری دابه‌زینی وه‌ک لیستێک یان به‌شداریکردن له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فادا به‌ یه‌ک لیست، بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ئه‌مه‌یان پێ هه‌زم نه‌ده‌کرا بۆیه‌ فازیڵ میرانیان ڕاسپارد وه‌ک هۆشداری و ئاگادارکردنه‌وه‌ به‌ جه‌وهه‌ر نامیق بڵێت بێ ناوهێنانی: (ئێمه‌ فایلی ئه‌و که‌سانه‌مان لایه‌ که‌ بۆ ماوه‌ی 30 ساڵ له‌گه‌ڵمان بوون له‌ ده‌سته‌ڵاتدا، به‌ڵام ئیمڕۆ به‌م ده‌سته‌ڵاته‌ ده‌ڵێن گه‌نده‌ڵ)، دواییش فازیڵ میرانی ووتی من مه‌به‌ستم له‌ کاک جه‌وهه‌ر نه‌بووه‌ ،دوای ئه‌وه‌ هه‌واڵێک دزه‌یکرده‌ ده‌ره‌وه‌ که‌ جه‌وهه‌ر نامیق ناوی دووهه‌م ده‌بێت له‌ لیستی گۆڕاندا و وا ده‌رنه‌چوو.
جه‌وهه‌ر نامیق تا -5-2009 سور بوو له‌سه‌ر نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بۆ ناو پارتی‌ و وای‌ ڕاگه‌یاندبوو كه‌وا ده‌یه‌وێت چاكسازی‌ گۆڕان له‌ نێو پارتیدا دروست بكات ، ئیتر ده‌نگی جه‌وهه‌ر نامیق کپ بوو و ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت قڕوقه‌پی لێکرد.

گومانه‌کان:
له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو نووسین و ڕه‌خنه‌گرتنانه‌دا زۆربه‌ی که‌سه‌ به‌ ئاگاکانی بواری سیاسی کورد به‌ گومانه‌وه‌ له‌و ده‌وره‌ی جه‌وهه‌ر نامیقیان ده‌ڕوانی و نه‌یانده‌تاونی ڕابردوی فه‌رامۆش بکه‌ن و له‌ بیر ببه‌نه‌وه‌ ، باسیان له‌وه‌ ده‌کرد چۆن پیاوێکی وه‌ک جه‌وهه‌ر نامیق ده‌توانێت له‌ پیرمام دانیشێت و ئه‌و ڕه‌خنانه‌ ئاڕاسته‌ی بنه‌ماڵه‌ بکات، چۆن مه‌سعود بارزانی که‌ ناسراوه‌ به‌ دڕنده‌ترین که‌س دژ به‌ نه‌یاره‌کانی بنه‌ماڵه‌ (نه‌ک کورد) وا بێده‌نگه‌ و ڕێ به‌ کاک جه‌وهه‌ر ده‌دات ئه‌و هه‌موو ڕه‌خنه‌ توندانه‌ ئاڕاسته‌ی پیاوێک بکات که‌ له‌ هیچ سڵ ناکاته‌وه‌ بۆ له‌ناوبردنی نه‌یاره‌ کورده‌کانی، باشه‌ چۆن له‌ جه‌وهه‌رێک قبوڵ ده‌کات هه‌وڵ بدات به‌ لیستی جیا به‌شداری هه‌ڵبژاردن بکات، یان چۆن تا ئێستا بورهان جاف که‌ برای جه‌وهه‌ر نامیقه‌ هه‌ر نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمه‌ له‌ ئه‌وروپا و له‌ به‌لچیکا و لانه‌براوه‌، له‌وه‌ش سه‌یرتر چۆن تا ئێستا زۆربه‌ی شه‌وان جه‌وهه‌ر نامیق وا به‌ بێباکی تا کاتێکی دره‌نگ له‌ ڕیستۆرانت و باڕه‌که‌ی عه‌ینکاوه‌ که‌ یاوه‌ری برای سه‌رپه‌رشتی ده‌کات و ڕووبه‌ره‌که‌ی 5000 مه‌تره‌(وه‌ک بڵاویشه‌ و ده‌ڵێن جه‌وهه‌ر نامیق خۆی خاوه‌نی ئه‌م شوێنه‌یه‌) کات به‌سه‌ر ده‌بات و دره‌نگانێک ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ مه‌سیف! یان بۆچی بنه‌ماڵه‌ هیچی به‌رامبه‌ر که‌سه‌ نزیکه‌کانی کاک جه‌وهه‌ر نه‌کردوه‌ و هه‌ڵوێسته‌کانی کاک جه‌وهه‌ر کاردانه‌وه‌ی نه‌بووه‌ له‌سه‌ریان ، چه‌نده‌ها پرسیار ده‌کرێت ده‌رباره‌یان وه‌ک: هوشیار عه‌لی که‌ زاوای جه‌وهه‌ر نامیقه‌ و مێردی له‌یلاخانی خوشکی کاک جه‌وهه‌ره‌، له‌ هه‌موو ژیانیدا په‌یوه‌ندی به‌ ژیانی سیاسیه‌وه‌ نه‌بووه‌ و دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ کوردستانی به‌ جێهێشتوه‌ به‌ره‌ و لیبیاو وڵاتانی تر کاک جه‌وهه‌ر دوای هاتنه‌وه‌ی خزاندیه‌ نێو ده‌زگاکانی پارتیه‌وه‌ و کردی به‌ سه‌رۆکی یه‌کێک له‌ ڕێکخراوه‌کانی پارتی وه‌ک سه‌رۆکی نه‌قابه‌کان و ئێستاش له‌ هه‌وڵدایه‌ بۆ دامه‌زراندنی سه‌ندیکای مامۆستایانی زانکۆ، وه‌ک ده‌ڵێن قسه‌ قسه‌ دێنێت له‌یلا نامیق که‌ کاکه‌ی له‌ شاخ بوو له‌ یه‌کێک له‌ هه‌ستیارترین فه‌رمانگه‌ی زانکۆی سه‌لاحه‌دیندا که‌سی دووهه‌م بوو ئه‌ویش کۆگای ناوه‌ندیی مه‌وادی کیمیاوی بوو له‌ زانکۆ و تا دوای ڕاپه‌ڕینیش هه‌ر له‌وێ بوو که‌ جێی گومان و پرسیارێکی زۆره‌ چونکه‌ په‌یوه‌ندیه‌کانی ئه‌و ڕۆژانه‌ی زۆر گومانیان له‌سه‌ره‌ و شاراوه‌ نیه‌ ، دوای ڕاپه‌ڕینیش نامیلکه‌یه‌کی ده‌رباره‌ی که‌رکوک ده‌رکرد بۆ سڕینه‌وه‌ی په‌ڵه‌کانی پێشوی و ماوه‌یه‌کی زۆر خه‌ریکی ڕاپۆرت نووسین بوو بۆ پاراستن له‌ زانکۆی سه‌لاحه‌دینه‌وه‌ و درۆ هه‌ڵبه‌ستن و تۆمه‌ت دروستکردن بوو بۆ که‌سه‌ پاکه‌کان تا به‌ یارمه‌تی کاکه‌ی سه‌فه‌ری هه‌نده‌رانیانکرد خۆی و هوشیار. پرسیارێکی تر بۆ کاک جه‌وهه‌ر ساسان عوسمان عه‌ونیه‌ که‌ برای خێزانه‌که‌یه‌تی لێپرسراوێکی پاراستنه‌ له‌ لقی دووی پارتی و هیچ گرفت نه‌بووه‌ بۆی که‌ جه‌وهه‌ر نامیق ڕه‌خنه‌ بگرێت، یان فه‌رهاد عه‌ونی که‌ 40 ساڵه‌ هه‌نگاوێک نه‌چووه‌ته‌ پێش له‌ ڕووی بیر و ڕۆشنبیریه‌وه‌ و هه‌ر بۆ دواوه‌ هه‌نگاو ده‌نێت و ئێستا سه‌رۆکی سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌نووسانه‌، مه‌به‌ست له‌ ناوهێنانی ئه‌م که‌س و نزیکانه‌ی جه‌وهه‌ر نامیق ئه‌وه‌یه‌ بنه‌ماڵه‌ که‌ زانیان که‌سێک نه‌یاریانه‌ به‌ ڕه‌گ و ڕیشه‌یدا ده‌چنه‌ خواره‌وه‌ و له‌ بێخه‌وه‌ ده‌ریانده‌کێشن وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ماڵی حه‌مه‌دئاغای مێرگه‌سووریدا ڕوویدا و قه‌لاچۆیانکردن یان له‌نێوبردنی پشتاوپشتی بنه‌ماڵه‌ی عه‌بدولقادر میران، که‌چی له‌ حاڵه‌تی کاک جه‌وهه‌ردا که‌سێک له‌ نزیکه‌کانی هیچ پڕیشکێکیان به‌رنه‌که‌وتوه‌ و غه‌زه‌بی بنه‌ماڵه‌ دوور بووه‌ لێیان، له‌به‌ر ئه‌مانه‌ هه‌مووی لای ئه‌و که‌سانه‌ هه‌ڵوێسته‌کانی کاک جه‌وهه‌ر جێی گومان بوون.

تا به‌شی دووهه‌م ماڵئاوا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە