هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و د. بەرهەم سالح و دیوە راستەقینەكەى ململانێكەیان
Saturday, 23/10/2010, 12:00
دیارە هیچ گومانێك لەوەدا نییە كە بە ناو یەكێتى نیشتیمانى كوردستان بە پراكتیكى چۆتە حاڵەتى كۆماوە و لە رووى زانستییەوە جەستەیەكى بێرۆح و بێگیانە و گەنە و مۆرانە داویەتیە هەموو ئۆرگانەكانى ئەم پارتە، بۆتە مەملەكەتێك كە دەستوورى فرەكوێخایى و تەكەتولبازى و جەردەیى و داوێنپیسى بەرپرسەكانى كردویەتیە رێخراوێكى بێ گەورە و بەرەڵا و بێ بەرنامە .. ئەمانەش هەمووى پڕا و پڕ چۆتە خانەى قازانجى پارتى و بنەماڵەى مەسعود و نێچیر بـــارزانییەوە و بە زیانى كۆمەڵانى خەڵكى شكاوەتەوە ، چونكى بەتایبەتى لەناوچەكانى نفوزى یەكێتیدا بارودۆخى تراژیدیایى ى.ن.ك خەڵكە بێدەسەڵاتەكەى هەناسە سوار كردووە و كەسێك نییە لەم ناوچانەدا ناكۆك بێت لەسەر ئەوەى، كە یەكێتى زۆر دەمێكە هیچ جۆرە شەرعیەتێكى نەماوە و ئیتر جارێک بە سیاسەتى خۆسەپاندن و جارێكى تر بە چاوسوركردنەوە و بەرتیل و ئوتومبیل و پارە بەخشینەوە لەم گیانەڵڵایەیى ئیستایدا وەك مشەخۆر بەسەر خەڵكەكەوە گوزەرئەكات .
سهیرهکهش لەوەدایە هەموو گەورە و بچوكێكى ناو یەكێتى بێ یەك و چوار و دوو ئەم راستیانەى لاى سەرەوە زۆرباش دەزانێت و تەواو دركى پێكردووە و بە بیست پەنجە مۆرى دەكات ، بەڵام ئیتر چونكى زۆرێكیان كاسەلێس و پۆست و ئیمتیازات پەرستن بۆیە خۆیان لێكردووە بەكەڕەى شەربەت و نوتقیان بەوێنەى نوتقى مردووەكانى گردى سەیوانە.
ئێوە بڕێك ووردبنەوە و تێنواڕن بزانن لەقوتوى عەنتیكەى كام عەتاردا بیستوتانە بەناو خانمى یەكەمى وڵات وەك گەورە كچ خۆى بتۆرێنێت لەسەرئەوەى سەرۆكى ئەنجوومەنى وەزیران مافێكى یاسایى و دەستوورى خۆى بەكارهێناوە و هەندێ گۆڕانكارى كردووە لە پۆستە ئیدارییەكاندا ، بێگومان ئێمە لێرەدا داكۆكى لە خودى بەرهەم ئەحمەد ساڵح ناكەین كە لاوازترین و زەلیلترین سەرۆك وەزیرانە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا و كەسێكە بەتەواوەتى خۆى تەسلیم بە پارتیەكان كردووە و دەستەمۆى فەرمایشتەكانیان بووە ، بەڵام قسەى ئێمە لەسەر قانونى جەنگەڵستانى هیرۆى برایم ئهحمهد ، ئەو هێرۆیەیى كە ئیستا گیرۆدەى دەستى سێ گرێكوێرە بووە:
یەكەمیان: ئەوەیە كە كچى مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدە [ئەندازیاری یەكەم جاشایەتى و سیخوڕى لە مێژووى هاوچەرخى كوردا].
دووەمیان: ئەوەیە كە خانمى یەكەمە و هاوسەرى خودى جەلال تاڵەبانییە [دیكتاتۆرترین سكرتێرى حیزب و مەزنترین تاڵانچى سامانەكانى میللەت] كە ئیستا سەرۆك كۆمارى بێشەرعیەتى عێراقیشە.
سێیەمیان: ئەوەیە كە پاش كۆنگرەى فاشیلى سێى ى.ن.ك كرایە ئەندامى مەكتەبى سیاسى و بەرپرسى مەڵبەندى یەكى رێخستنیش .
دیارە هیرۆ وەك هەموو ژنە دیكتاتۆرێك ئەیەوێ هەموو شتێك بێت، بەڵام دەستەگەرێتى و تەكەتولاتى ناو یەكێتى ئەمڕۆش بیەوێ و نەیەوێ ئاستەنگە بۆ بەدیهێنانى ئەم مەرامەى ، چونكى ئەمڕۆ هەموو ئەندام مەكتەب سیاسیەكى یەكێتى بۆخۆى كووتلەیەكى هەیە.
كۆسرەت و كوڕ و دەروێشەكانى بە ئەندازەى بودجەى شەش وەزارەت پارە و داهاتى حكومەت تەخشان و پەخشان ئەكەن بۆ بەهێزكردنى پێگەى تەكەتولەكەیان.
مەلا بەختیار وەك خەزوورى كوڕى تاڵەبانى و كاڕگێڕى مەكتەبى سیاسى ئەویش هەر كڕەى بههێزکردنی كوتلەكەیەتى.
شێخ جەعفەرى وەزیرى پێشمەرگەش لە هەولێر بۆتە حەڵقە لەگوێیەكى گوێ رایەڵى پارتیەكان و لە سلێمانیش سەرقاڵى تەكەتولبازى خۆیەتى، واتە رێوى هەولێرە و شێرى بەفرینى سلێمانیە.
حاكم قادرى حەمە جانیش لەسەر هەموو پەتەكان یارى ئەكات و جۆكەرى هەموو گەمە گڵاوەكانە .
پاش ئەوەى بەرهەم ئەحمەد ساڵح گۆڕانكارییەكانى ئەم دواییەیى ئەنجامدا ، دیارە ناوەرۆكى گۆڕانكارییەكان بیرۆكەى خودى كۆسرەت خۆى بوو و لەرێگەى دووانى وەك مامۆستا جەلالى وەزارەتى ناوخۆ و شێخ جەعفەر و حاكم قادرەوە ئەنجامى دا ، هەرچەندە گۆڕانكارییە ئیدارییەكان جەوهەریى نەبوون و داش بەداشى چەند دەستێك بوون لێرە و لەوێ و نەكۆنەكان نە نوێكان لە ئاست هێڵى خوار ماناوەندى پێداویستییەكانیشدا نەبوون ، بەڵام چونكە پرس بە هیرۆ نەكرابوو بۆیە دنیایى هێنایەوە یەك و جەلالى مێردى فووتێكرد و پاش دوو رۆژ لەرێگاى هێڵى داخراوى ڤیدیۆییەوە كۆوونەوەیەكى نائاسایى مەكتەبى سیاسى بەسەرۆكایەتى تاڵەبانى لە بەغدادەوە رێكخرا، مام جەلال بە ئامادەبووانى وتبوو، ئەوە بۆچى كاتێک عومەرى سەى عەلى و ئاسۆ رەحیم مەسئول مەڵبەند بوون كەس نەیدەتوانى بەرێوبەر و جێگرەكەشى بێ پرسى ئەوان لەشوێنى خۆى بگۆڕێت ئـــــەى ئەوە بۆچى لە بەختى هیرۆى هاوسەرمدا كە ئەندامە مەكتەب سیاسیشە كەس پرسى پێنەكردبوو .
دیارە تاڵەبانى لە بیری كردووە كە مەڵبەندى ئیستا لە مێژووى هەموو (ى.ن.ك) دا خاوەن نـــابووتترین ستافى فوووول گەندەڵە، ئادەى توخوا كێن ئەوانەى ئەمڕۆ لە مەڵبەندا بەرپرسیارێتییان هەیە؟. هەر لەشێخ جەمالى تاسڵوجە، که رۆژ نیە ئەم جەمال تاڵەبانیە سێ بەندى كاغەزى سەد پەڕەیى نامەى مەحسوبیەت و واستە بەناوى مەڵبەندەوە بۆ ئەم ئەو نەنوسێت .. یان ئازادى تەندروستى كە بەناو جێگرى هیرۆ ئیبراهیمە، بەڵام بە ئەندازەى (عاشق و عادل) كە دوو پاسەوانى هیرۆن دەستى ناڕوات .. یا نامیق، یان ئەنوەرى دەزگاى سووتەمەنى؟ یاخود ئازاد تۆفیقى كۆمیتەى چوارباخ پێكەوە بەشى رووناكبیرى .
هیرۆ لە گۆڕانكاریەكانى د. بەرهەمەوە تاكو ئیستا نەچۆتە مەڵبەند و كۆبونەوەكانى مەكتەبى سیاسى ، كۆسرەت و حاكم قادر و مەلا بەختیاریش كە بەفیتى خۆیان شتەكە روویدابوو ، ئیستا رۆڵى ریش سپى ئاوایى دەبینن، گوایا ئەیانەوێ ئەم دوو جەمسەرە تۆراوە ئاشت بكەنەوە و توانیویشیانە بۆ رازیكردنى هیرۆ چەند بڕیارێك هەڵبوەشێننەوە، بێگومان د. بەرهەمیش بۆ خاترى مانەوەى لە پۆستە كارتۆنیەكەیدا ملى بۆ ئەم سووكایەتیەداوە و قبوڵى كردووە .
دیارە ئەم چیرۆكەى نیوان هیرۆ و بەرهەم نە دەستپێكە و نەكۆتایى بەڵكو زنجیرەیەكە لە بێسەروبەرەیى ئیستاى ناو یەكێتى و گورزێكى ترە لە یاسا و رێسا و شەرعیەتە كارپێنەكراوەكانى ئەم هەرێمۆكە گەندەڵۆكە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست