مالیكى مەسعود دروستكراوى خۆمانن
Thursday, 13/12/2012, 12:00
مرۆڤە دیكتاتۆر دروست دەكات،مرۆڤە كەسێكى بچوك و ئاست نزم و بێ بایەخ و گومناو و ریوەڵە مەزن دەكات و ئەیكات بە كەسى گەورەو پیرۆز و موقەدەس ،سەرجەم دیكتاتۆرەكان،هەموو پادشاكان،هەموو سەرۆكەكان،هەموو رابەر و سەركردە و پێشەواكان لە ئەزەلدا كەسانێكى سادەو ساكار و بێ َناوبوون، بەڵام مرۆڤەكان خۆیان وایان لێكردون و بەزۆرى زۆردارەكى مەزنیان كردون و بەرزیان كردونەتەوە بۆ كەشەكەلانى فەلەك. ئەوە ئێمەین دیكتاتۆر و زاڵم و پاوان خواز دروست دەكەین، بەچەپڵەو هوها و نوسین و مەدح پیا هەڵدان ئەیانكەین بە حاكم و گەورەى خۆمان نەك ئەوان، پاشانیش كە جڵەوى دەسەڵاتان گرتە دەست و بوون بە سەرۆك و گەورە ورابەرمان،ئەوجا ئێمە با دەدەینەوە ئەبینە نەیار و دژ وئۆپۆزسیۆنى ، هەرچى هەوڵ و تەقەلایەكمانە دەیخەینە كار بۆ ئەوەى ئەو دیكتاتۆر و زاڵمە لەكۆڵ خۆمان بكەینەوە،زۆرجارانیش زۆرترینرەنج و زەحمەتى و قوربانى دەدەین تا لەو زاڵم و دیكتاتۆرە رزگارمان بێت.
لەگەڵ ئەوەى ئەم نەریتە لەسەرانسەرى جیهاندا بەرەو نەمان و كاڵبونەوە دەڕوات، كەچى بەداخەوە ئێمەى كورد تا رۆژى ئەمڕۆ پەیڕەوى دەكەین و بەشانازیى و گەورەیى و فەخریشى دەزانین، كە كەسانى دواكەوتو و نەزان و پاشكەوتو و خێڵەكى و نەوەى شێخ و كوڕى سەرۆك عەشیرەت، بكەین بەڕابەر و گەورە سەردارمان ولامان ببێتە كاریزما و بابى عالى ،لامان كوفر و كوناه و تاوان بێت كە بچوكترین رەخنەوە گلەیى یان لێى بگیرێت، كەشتێكى وادەبیستین یان دەخوێنینەوە وادەزانین ئاسمان دەڕوخێت و زەوى رۆدەچێت،زۆرجار بەهۆى نەفامى نزمى ئاستى رۆشنبیریەوە لەسەر یەكێك لەو سەركردەو رابەر و دیكتاتۆرانە گەورەترین شەڕ و نەهامەتى و ماڵ وێرانیمان كردۆتە دیارى بۆ خۆمان میللەتمان.خۆمان دووچارىكوشت و بڕو پەشێوى و نەهامەتى وترس و تۆقاندن كردوە.
بازۆر دور نەڕۆین ئەمڕۆ باشترین نموونەمان لەبەرچاوە ئەوەتا بنواڕە كەسێكى وەكو مالیكى كە هیچ سەنگ و قورسایى و بایەخێكى ئەوهاى نەبوو،چەندین جار هەوڵى لەسەركار لابردنى درا و ویستیان پەراوێزى بخەن،بەڵام ئێمەى خۆش باوەڕ شكستمان بەو هەوڵانەهێنا و لەو زەلكاوە رزگارمان كرد، ئەویش وەكو سروشت و ئاكارى زاڵم و دیكتاتۆرەكان ئەوپەڕى بێ منەتى و نمەك حەرامى خۆى نیشانداین ، بەئەندازەى پوشێك حسابى بۆنەكردین و قەدرو قیمەتى ئەو هەڵویسَتەى نەزانین، ئەوەتا ئێستا بۆتە گەورەترین دیكتاتۆر وبەكەیفى خۆى یارى بە چارەنوسى نەتەوە و مێژوو پیرۆزیەكانمان دەكات و ئێمەش زۆر بێ دەسەڵات و دەستەوەستانین و لەخوامان ئەوێت زیاتر لێمان رق ئەستور نەبێت و غەزەبمان بەسەردا نەبارێنێت.
وەنەبێت بەتەها هەر مالیكى وابێت ئەوەتا بەدووچاوى خۆمان دەبینین كە بنەماڵەى بارزانى و مەسعودیش هەمان شتن ئەوانیش لەبیرو هزرى خەڵكدا نەمابوون و سڕابونەوە بۆخۆشیان وازیان لەهەمو شتێك هێنابوو،كەچى خۆمان بوین بەپشت وپەنایان و هێنامانەوە بۆ وڵات و ،بەزۆرى زۆردارى كاڵاى سەرۆك و دیكتاتۆرمان بەباڵایان بڕى و بەسرود وهوتافى بۆپێشەوە پیَِشمان كەوە بەرەو كورسى دەسەڵات و پلە وپایە بردمانن، ئەوانیش زۆر بى باكانە كەوتنە پاوانخوازى دەسەڵات و هەرچى پۆستى گرنگ هەستیارو باڵایە بە كوڕ و نەوە و برازاو بنەماڵەیانى بەخشى ، لەسەردەستى ئەو گەورەترین تاڵاو ناخۆشى مان چێشت دووچارى كوشتن و راونان و ماڵ وێرانى بوین ، شەڕى ناوخۆ،شەڕى پەكەكە،كوشتنى ئازادیخوازان ،سەرەنگومكردنى رۆژنامەنوسان و رۆشنبیران،دەست تێكەڵاوكردن لەگەڵ دوژمنانى كورد و، بوون بەجاش و نۆكەرى وڵاتان ، دزین وتاڵانى خێروبێرى وڵات، ئەمانە و زۆرێكى دیكەش دیارى دەستى ئەو بەچكە دیكتاتۆریە و ئێستا بۆتە مۆتەكە سەرو دڵى گرتوین و بەئان و زەمان لەكۆڵمان نابێتەوە.
تاڵەبانى و بنەماڵە وسەرانى یەكێتیش هەمان شتن ئەوانیش كەسانى پەراوێزخراو گومناو نەناسراو بوون،خۆیان لەئێمە باشتر دەیانزانى سەنگ وقورسایى و حەجمیان چەندە، كەچى لێنەگەراِین و ئەوانیشمان كرد بە كوێخاو دیكتاتۆرى ئەملا و هەرێمێكى سەوز پڕتاوانكاریمان بۆیان دروست كرد، ئەوانیش لە نەهامەتى و قوڕبەسەرى و كوشت و بڕ و زەوتكردنى مافمان هیچ شتێكى زیادەیان پێ نەبەخشیوین، ئەوەتا ئەوانیش لێمان بوون بەملۆزم و قیرسیچمە و بەهیچ شتێك بەرۆكمان بەرنادەن،مەگەر چاولەڕێى بەهارێكى كوردى پڕ لە لێزمە ولافاو بكەین تا خۆیان و خڵتەو پیسیان رابماڵێت بەرەو چاڵى نەعلەت بڕۆن.
دەزانن هەموو ئەو بت و پەیكەرانە دروستكراوى خۆمان بون و خۆمان بونیادمان نان و بەرگى پیرۆزى و مەزنیمان بەبەریاندا كرد، پەرستن وسوجدە بۆبردنیانمان كرد بە وەزیفە و ئەرك، ئەگینا ئەوانە بۆخۆیان لات وپوت و لێكەوتوبون . دەستبەردارى هەموو شتێك بوو بون، ئەم رۆژەیان بەخەون و خەیاڵیش نەدەهاتە بەرچاو.
جا بۆئەوەى لەچنگى ئەو زاڵم ودیكتاتۆرانە رزگارمان بێت كۆمەڵێك ئەرك و زەحمەتیمان لەپێشە،سەرەتا دەبێت هەرچى بت وپەیكەرهەیە كە لە بیر و زهنى خۆماندا دروستمان كردون و دامان تاشیون بكشێنین، ئەوجا رێگە نەدەین كە ئەو دیكتاتۆرانە كڕ بكەون و هێلكەبكەن و بەچكەى دیكە هەڵبَینن، لەوەش زیاتر پێویستە خۆشمان دەستبەردارى ئەو ئاكارە بین و لەهیچ و خۆڕایى كەسە گرگن و بچوكەكان مەزن وپیرۆز وگەورە نەكەین و بەشانامە و مەدح و ستایش وپیا هەڵدان رێگاى بەرەو دیكتاتۆریان بۆ نەخەینە سەر پشت و فویان نەدەین.نەبینە پەیژە بەردەباز بەسەر ماندا سەركەون ، ئەوەش بزانین دیكتاتۆرەكان بەكون فەیەكونێك دروست ئەبن وئەگەنە سەر تەخت و عەرشى دەسەڵات،بەڵام بۆ لەناوبردن و نەهێشتنیان سەدە نیو سەدەى گەرەكە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست