ئازادیی له روداوه‌کانی به‌رده‌رکی سه‌رادا
Saturday, 10/03/2012, 12:00
ئازادیی رزگاربوونه له ته‌وقی ناچارییه‌کان
زیندانێک ناڕوخێت دیواره‌کانی نه‌بینیت
کورد له به‌رگی ئیسلام و کۆمۆنیزمدا پله دوویی نه‌ته‌وه‌کانی تری قبوڵ کرد
کورد به‌و جۆره له‌گه‌ڵ خۆیدا جوڵایه‌وه که ملکه‌چبوونی نه‌ک ئازادبوونی لێی ده‌خواست
دوو نه‌خۆشیی تا ئیستا چاره‌سه‌ریان نه‌دۆزراوه‌ته‌وه. یه‌که‌م، کانسه‌ر دووه‌م، ڤایرۆسی سیاسه‌تی ئینگلیزیی
********************************
شه‌ست و دوو رۆژ ناڕه‌زایان له به‌رده‌رکی سه‌رادا کۆبوونه‌وه. هه‌موو رۆژه‌کان وێنه‌ی مه‌لیک مه‌حمود به گه‌وره‌یی له به‌رده‌میاندا هه‌ڵواسرابوو. زۆربه که نه‌وه‌ی نوێن نازانن ئه‌م وێنه‌یه چ په‌یوه‌ندییه‌کی هه‌بوو به کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌وانه‌وه له‌م مه‌یدانه‌دا.
نه‌وه‌دو سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر رۆژی 21/05/1919 خه‌ڵکی سلێمانی له دژی ده‌سته‌ڵاتی ئینگلیز راپه‌ڕین و به فه‌رمانی مه‌لیک مه‌حمود له‌م به‌رده‌رکی سه‌رایه‌دا ئاڵای ئینگلیزی داگیرکه‌ر له لایه‌ن "عیزه‌ت نه‌جیب"ه‌وه داگیراو ئاڵای کوردستان له جێگایدا هه‌ڵکرا.
دوای یانزه ساڵ له‌م رووداوه رۆژی 06/09/1930 جارێکی تر نزیکه‌ی دوو هه‌زار که‌س رژانه‌وه به‌رده‌رکی سه‌راوه دژ به ده‌سه‌ڵاتی ئینگلیز و حکومه‌تی عێراق. به لایه‌نی که‌مه‌وه سیانزه که‌س له‌م خۆپیشاندانه‌دا به گولله‌و نێزه‌ی سه‌رباز کوژران.
ئه‌وانه‌ی ئه‌و رۆژانه له‌و مهیدانهدابوون هیچیان نه‌ماون. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌نجامیان دا به‌شێکی زیندووه له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا بۆ دانیشتوانی ئه‌م شاره 62 رۆژ له به‌رده‌رکی سه‌رادا کۆبوونه‌وه؟
نوری پرسی: "ئه‌رێ بۆچی فڵانه شار راناپه‌ڕێت؟" یونسی برای وه‌ڵامی دایه‌وه: "چونکه ئه‌وان به‌رده‌رکی سه‌رایان نییه."
راپه‌ڕینی "ئاڵای ده‌وڵه‌ت" رۆژی ٢١ / ٠ / ١٩١٩
له جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌مدا کاتێک به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا که‌وتنه داگیرکردنی ناوچه‌کانی ژێر ده‌سته‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی عوسمانیی، پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌وه‌یان بڵاو ده‌کرده‌وه که ئه‌وان بۆ ئازادیی گه‌لانی ناوچه‌که هاتوون. له‌سه‌ر ئه‌م بناغه‌یه شێخ مه‌حمود به راوێژکاریی ژماره‌یه‌ک که‌س نامه‌یه‌کی نوسی بۆ ولسنی نائیبی حاکمی گشتیی عێراق.
شێخ مه‌حمود کۆده‌تای کرد به‌سه‌ر تورکه‌کاندا له سلێمانی و کورد ده‌ستی به‌سه‌ر شاره‌که‌دا گرت. رۆژی 17/11/1918 کۆبوونه‌وه‌یه‌کی گه‌وره به به‌شداریی کاربه‌ده‌سته‌کانی ئینگلیز له سلێمانی ساس کرا، به‌یانی حکومه‌تی کوردیی کراو شێخ مه‌حمود بوو به حوکمداری کوردستان.
به‌ڵام راستیی وڵاتانی داگیرکه‌ری تازه به‌ریتانیاو فه‌ره‌نسا بۆ رزگاریی گه‌لانی ناوچه‌که نه‌بوو. ئینگلیزه‌کان ده‌یان ویست له خه‌ڵکی ناوچه‌کان ئیداره دروست بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌کاریان بهێنن بۆ مه‌به‌ستی کاتیی خۆیان. شێخ مهحمودو هاوکاره‌کانیشی ئه‌و ئیدارهیهیان ئاسایی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی کورد به‌کار ده‌هێنا. ئینگلیز که زانی شێخ مهحمودو هاوکاره‌کانی رزگارییان به راست گرتووه‌و ناتوانێت له رێگای شێخ مه‌حمود و ئیداره‌که‌یه‌وه مه‌به‌سته‌کانی جێبه‌جێ بکات، بڕیاری دا خۆی راسته‌وخۆ ئیداره‌ی ناوچه‌که بکات. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته مێجه‌ڕ سۆنیان نارد بۆ سلێمانی بۆ ئه‌وه‌ی جێگای مێجه‌ڕ نۆئیل بگرێته‌وه.
ئینگلیزه‌کان که‌وتنه دژایه‌تیکردنی هه‌مه‌جۆره‌ی حوکمدارییه‌که‌ی سلێمانی و خراپه‌کاریی و فه‌سادیان ده‌ست پێ کرد. تا کار گه‌شته ئه‌وه‌ی که مه‌حمودخانی دزڵی به 300 چه‌کداره‌وه رۆژی 21/05/1919 گه‌یشته شارباژێڕ.
کورد وه‌فدێکی به سه‌رۆکایه‌تیی عیزه‌ت نه‌جیب نارد بۆ لای به‌ریتانییه‌کان و داواکارییه‌کانی کوردیان خسته‌وه پێش چاو. به‌ڵام ئینگلیزه‌کان داخوازییه‌کانی کوردیان دایه دواوه. شه‌ڕ له نێوانی مه‌حمود خانی دزڵی و هێزی لیڤیدا دامه‌زرا. هێزی لیڤی له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا شکا و که‌ریم به‌گی فه‌تاح به‌گی هه‌مه‌وه‌ندیی و حه‌مدی شاعیر ژماره‌یه‌کی ئه‌م هێزه‌یان به‌ره‌و که‌رکوک هه‌ڵبڕی و ژماره‌یه‌کی زۆریشیان چونه ناو هیزه‌که‌ی مه‌حمود خانه‌وه. هێزی لیڤی، ئینگلیزه‌کان له خه‌ڵکی ناوچه‌کان دروستیان ده‌کردن.
له‌ناو شاریشدا جه‌ماوه‌ر له خرۆشاندا بوون، هاتبوونه سه‌ر جاده‌و رۆشتبوون به‌ره‌و ماڵی شێخ مه‌حمود. شێخ مه‌حمود ده‌چێته ناو جهماوهرهکهوهو روو ده‌که‌نه سه‌را. ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازه کورده‌کان له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ته‌قه له راپه‌ڕینه‌که بکه‌ن ده‌چنه پاڵ ئه‌فسه‌ری وڵاتپارێز عیزه‌ت نه‌جیب. به فه‌رمانی شێخ مه‌حمود، عیزه‌ت نه‌جیب ئاڵای به‌ریتانیا له‌سه‌ر بینای ئیداره‌ی به‌ریتانییه‌کان داده‌گرێت و له جێگایدا ئاڵای کوردستان هه‌ڵ ده‌کات. شێخ مه‌حمود ده‌ڵێت: "ئاڵاکه‌یان بده‌نه‌وه با بچن له وڵاتی خۆیان هه‌ڵی بکه‌ن."
راپه‌ڕینی شه‌شی ئه‌یلول ٦ / ٩ / ١٩٣٠
ماوه‌ی ئینتیدابی به‌ریتانیا له عێراق به‌ره‌و ته‌واوبوون ده‌چوو. ساڵی 1931 عێراق به‌ناو سه‌ربه‌خۆیی وه‌رده‌گرت و ده‌بوو به ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان. به‌ریتانیا ده‌یویست پێش ئه‌و کاته په‌یمانێک له‌گه‌ڵ عێراقدا تازه بکاته‌وه که به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی بپارێزێت. کورد هه‌ندێک مافی هاکه‌زایی بۆ دیاریی کرابوو به حساب عێراق ده‌بوو پشتگوێ‌یان نه‌خات. له رۆژی (13/02/1930)ه‌وه کێشه‌ی کورد له لایه‌ن ئهندامپهڕلهمانه کورده‌کانه‌وه له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا وروژێنرابوو. ئینگلیزه‌کان پشتگیریی خۆیان بۆ ئه‌م وروژاندنه پیشان دابوو. پرسیاره‌که ئه‌مه بوو:"ئایا مافه‌کانی کورد له‌و په‌یمانه‌دا ده‌پارێزرێت که له‌گه‌ڵ به‌ریتانیادا مۆر ده‌کرێت (1)؟
ژماره‌یه‌ک له ناسراوانی کورد له سلێمانی که‌وتنه ناردنی نامه‌و یاداشت بۆ ژماره‌یه‌ک ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق و ئینگلیز و هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان. ئه‌م هه‌وڵانه بوون به هۆی دروستبوونی ناڕه‌زایی خه‌ڵک.
ئینگلیزه‌کان خه‌ریکی رێکخستنی هه‌ڵبژاردنی گشتیی بوون بۆ دانانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق. یه‌کێک له ئه‌رکه‌کانی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه ده‌نگدان بوو بۆ تازه‌کردنه‌وه‌ی په‌یمانی به‌ریتانیا/عیراق. ئینگیزه‌کان ئاسایی ده‌یان ویست که‌سانێک هه‌ڵبژێردرێن که ئه‌مان بتوانن به‌کاریان بهێنن بۆ مه‌رامی خۆیان. نوێنه‌ره‌کانی کوردستان جگه له‌مه ده‌بوو بۆ پێشێلکردنی مافه‌کانی کوردیش له به‌ڕله‌مانی عێراقدا بێده‌نگ ببن.
ئینگلیزه‌کان هه‌ڕه‌شه‌و ئاگاردارییان نارد بۆ هه‌ڵسوڕێنه‌رانی ناڕه‌زاییه‌که، به‌ڵام بێ سود بوو. جه‌ماوه‌ر رژانه ناو سهراوهو ویستیان به‌ندیخانه‌که بشکێنن که 40 که‌سی له لایه‌نگرانی شێخ مه‌حمود تیا به‌ند بوو. ئینگلیزه‌کان هێزی سوپایان بانگ کرد بۆ به‌رده‌رکی سه‌را. بوو به شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه. له ئه‌نجامدا به پێی به‌ڵگه‌نامه‌ی ئینگلیزه‌کان 13که‌س شه‌هید بوون و 23 که‌س بریندار. به‌ڵام له بروسکه‌که‌ی حه‌پسه‌خاندا ژماره‌ی نزیکه‌ی 70 کوژراو و بریندار هاتووه. له‌ناو کوژراوه‌کاندا سیانیان منداڵ بوون، ته‌مه‌ن نۆ، ده‌و دوانزه ساڵ.
جه‌ماوه‌ر له راپه‌ڕینه‌که‌دا هاواریان کردووه:
"بڕوخێت هه‌ڵبژاردن!"
"هه‌ڵبژاردنێکی ئازاد له ناوچه کورده‌وارییه‌کاندا مه‌حاڵه."
لێکدانه‌وه‌ی مێژوویی
له راپه‌ڕینی رۆژی (21/05/1919)دا ئاڵای ئازادیی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ڵکرا. مه‌لیک مه‌حمود واتای ئازادیی دیاریی کردبوو. له‌به‌ر ئه‌وه به ته‌واویی به‌ئاگا بوو له‌وه‌ی که بۆ چی هه‌وڵ ئه‌دات. ناوبراو ده‌ڵێت: "کوردیش ئه‌بێت بۆ خۆی بژی، له پێناوی سودی خۆیدا بمرێت، به کوردیی بخوێنێت و نوێژه‌کانیشی به کوردیی بکات."
کورد که له سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌مدا ژێرکه‌وت ئیتر مانای وابوو که ناچار کرایه‌وه بۆ خۆی نه‌ژی، له پێناوی سودی بێگانه‌دا بمرێت، به‌کوردیی بیرنه‌کاته‌وه‌و نوێژه‌کانیشی به زمانێکی تر بکات. گه‌لی کورد خرایه تونێلی عێراقیبوونه‌وه. ئه‌م عێراقیبوونه ناچارییه بریتی بوو له به‌رده‌وامیدان به کۆیله‌یه‌تیی کورد له تورکییه‌وه بۆ عه‌ره‌بیی. ده‌توانین بڵێین: ئازادیی رزگاربوونه له ته‌وقی ناچارییه‌کان. به ئاگابوون له ژێرده‌ستیی ده‌ستنیشانکردنی ناچارییه‌کانه کامانه‌ن.
به‌ڵام له راپه‌ڕینی شه‌شی ئه‌یلولدا (06/09/1930) ئاڵای ده‌وڵه‌تی کوردیی و پره‌نسیپه‌که‌ی مه‌لیک مه‌حمود بۆ ئازادیی زیندوو رانهگیران. به‌پێچه‌وانه‌وه، وه‌رچه‌رخانێکی جۆرێتیی رووی دا که له دوو خاڵدا ده‌رده‌که‌وێت. یه‌که‌م، ئینگلیزه‌کان توانیان ئه‌و مافه کارتۆنییانه‌ی بۆ کوردیان دانابوون له رێگای په‌ڕله‌مانتاره کورده‌کانیانه‌وه له په‌ڕله‌مانی عێراقدا بوروژێنن. جوڵانه‌وه‌یه‌کی ناڕه‌زایی له‌ناو کورده نیشتیمانپهروهرهکاندا بخه‌نه گه‌ڕ بۆ فشارخستنه سه‌ر حکومه‌تی عێراق له پێناوی مۆرکردنی په‌یمانێکدا له‌گه‌ڵ عێراق به سودی خۆیان. دووه‌م، ئینگلیزه‌کان توانیان جوڵانه‌وه ناڕه‌زاییه‌که له مه‌لیک مه‌حمود داببڕن. ئه‌مه‌ش بوو به سه‌ره‌تای موتوربه‌کردنی کێشه‌ی کورد به سیاسه‌تێکی ئینگلیزیی. به رسته‌یه‌کی تر، توانیان له رێگای کورد خۆیه‌وه کێشه‌ی کورد کۆنترۆڵ بکه‌ن. له راستییدا ئه‌مه سیاسه‌تی ئینگلیزیی بووه به‌گشتیی. ئه‌م سیاسه‌ته‌ش وه‌کو ڤایرۆس له ژماره‌یه‌ک گه‌لانی جیهانی دا. راپه‌ڕینی ساڵی 1919 به‌ره‌وڕوی ئه‌م نه‌خۆشییه ترسناکه بووه‌وه. کاتێک دوکتۆرێکی ئینگلیز به مه‌لیک مه‌حمودی وت ئه‌و گولله‌یه‌ی له لهشتایه ده‌رنایه‌ت، ئه‌ویش له وه‌ڵامدا وتبووی: "گوللهکهشتان وه‌کو خۆتان وایه، چوونه هه‌ر شوینێکه‌وه ئیتر لێی نایه‌نه ده‌ره‌وه."
ئازادیی بۆ کورد لێره‌دا به مانای خۆڕزگارکردن دێت له ڤایرۆسی سیاسه‌تی بێگانه. ئه‌مه‌ش ناکرێت به‌بێ گه‌شه‌پێدان و کاراکردنی کولتوری کوردیی له رێگای پێشخستنی زانسته‌وه.
راپه‌ڕینی شه‌شی ئه‌یلول پیشانی دا که گه‌لێکی ژێرده‌ست هه‌ڵبژاردن ناکات، هه‌ڵبژاردنی پێ ده‌کرێت، ناتوانێت له خۆیه‌وه‌و بۆ خۆی نوێنه‌ر دابنێت، به‌ڵکو داموده‌زگای لێ دروست ده‌کرێت بۆ ئه‌وه‌ی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی بێگانه به‌کاربێت. گه‌لێکی ژێرده‌سته به‌پێی پره‌نسیپێکی بهدهرههڵقوڵاو له خودی ئه‌و گه‌له‌وه رێکده‌خرێت. بۆیه زه‌حمه‌ته ئازادیی مرۆڤی تاکیش له‌ناو گه‌لێکی نائازاددا بڕه‌خسێت. چونکه ئه‌و کاته رێکخستنی کۆمه‌ڵ به گشتیی پابه‌نده به‌و مه‌رجانه‌وه که سیاسه‌تێکی تر به‌ده‌ر له سیاسه‌تی خودی گه‌له‌که‌وه فه‌رزیان ده‌کات.
شکستی سیاسیی کورد له جه‌نگی جیهانی یه‌که‌مدا بێبه‌شکردنی بوو له ئازادیی نه‌ته‌وه‌یی له لایه‌ن به‌ریتانیاوه، به‌ڵام شکستی رۆحیی کورد ههڵوێستوهرنهگرتن بوو له‌م کۆیله‌یه‌تییه. کورد خۆی رێکنهخستهوه به پێی ئه‌وه‌ی روخاندنی زیندانه نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌ی داوای لێ ده‌کات. له جیاتی ئه‌وه ژێرده‌ستیی کرد به رێگای ژیانی. بۆیه ئیتر کاری به‌وه نه‌ما له روانگه‌ی خۆیه‌وه‌و بۆ سودی خۆی، خۆی ئاماده بکات. به پێچه‌وانه‌وه، پشتکردنه خودی خۆی بوو به ئه‌نجامی خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ واقیعی ژێرده‌سته‌ییدا به گوێره‌ی داگیرکه‌ره‌که‌ی. بۆیه به گشتیی ده‌توانین بڵێین: هوشیاریی کورد له‌سه‌ر زانیاریی کولتوریی خۆی دانه‌مه‌زراوه، به‌ڵکو به پێی خۆگونجاندنی له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی ژێرده‌ستییدا دروست بووه. ئه‌م بۆچونه له ژماره‌یه‌ک دیارده‌دا خۆی ده‌رده‌خات، له‌وانه:
1. هیچ بزوتنه‌وه و رێکخراوێکی کوردیی سه‌رده‌م نییه که وڵاتێک یان هێزێکی ده‌ره‌کیی رهشمهکێشی نه‌بێت.
2. سیاسه‌تی پارته‌کان له‌و پره‌نسیپه موراڵییه‌وه سه‌رچاوه ناگرێت که کۆمه‌ڵگا چۆن رێکبخرێت، به‌ڵکو له‌و پره‌نسیپه‌وه که چۆن خۆیان له‌گه‌ڵ رۆژدا بگونجێنن. تازه‌ترین نموونه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه.
ئێمه تا ئێستا شکستمان ته‌نها له دانانی چه‌ک و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هێزی سه‌ربازییدا بینیووه. به‌ڵام شکستی کولتوریی، ئه‌وه‌ی چه‌که‌که‌ی پێ هه‌ڵده‌گرین، بریتییه له‌وه‌ی که کورد بێبه‌شبووه له دروستکردن و گه‌شه‌پێدانی بینایه‌کی رۆحیی خۆی بۆ دنیابینیی.
کورد له جیاتی ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به ژێرده‌سته‌کردنی، بێت ئاڵای ده‌وڵه‌تی ساڵی 1919 بکات به سیمبۆل و گه‌شه بدات به کولتوری خۆی که‌چی زینده‌به‌چاڵی کردن و له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی ملکهچییدا خۆی گونجاند. له به‌رگی ئایدۆلۆجیی ئیسلام و کۆمۆنیزمدا پله دوویی و کلکایه‌تیی نه‌ته‌وه‌کانی تری قبوڵ کرد، ژێرده‌ستیی خۆی ناو نا برایه‌تیی کورد و عه‌ره‌ب و له رێگای ئایدۆلۆجیی ئیسلام و کۆمۆنیزمه‌وه به‌و جۆره له‌گه‌ڵ خۆیدا جوڵایه‌وه که ملکه‌چبوونی نه‌ک ئازادبوونی لێی ده‌خواست. به‌م پێیه له جیاتی ئه‌وه‌ی هێزو توانا له کولتور و زانیاریی خۆیه‌وه وه‌ربگرێت که‌چی ده‌رگای له‌سه‌ر داخستن و به‌و شێوه‌یه بیری لێ کردنه‌وه که داگیرکه‌ره‌کانی بۆیان دانا، به لێکدانه‌وه‌ی کولتوریی گه‌لانی تر ئیسلام و کۆمۆنیزمی وه‌رگرت. به‌م شێوه‌یه، کولتوری گه‌لانی بێگانه له رێگای ئایدۆلۆجیی کۆمۆنیزم و ئیسلامه‌وه کولتوره خۆییهکهیان له کار خست. کوردستانێکی داگیرکراو و گه‌لێکی ژێرده‌سته‌کراو ته‌نها بریتی نه‌بوون له گرتنی شاخ و شاره‌کان به سوپا، به‌ڵکو ناچارکردنیشی بووه به پێی پێوه‌ر و به‌رژه‌وه‌ندیی بێگانه بجوڵێته‌وه. ئه‌م له‌کارخستنی کولتوری کوردییه ناو ده‌نێم "به‌تاڵیی کولتوریی".له به‌تاڵیی له شتێک ناتوانرێت هیچ شتێک له‌و شته دروست بکرێت. ئه‌گه‌ر کولتورێکی ئازادیی بوونی نه‌بێت هیچ جۆره ئازادییه‌کیش به‌رقه‌رار ناکرێت.
جێبه‌جێکردنی پره‌نسیپه‌که‌ی مه‌لیک مه‌حمود بۆ ئازادیی سیاسه‌تی رزگارکردنی کولتوری کورد بوو له چنگ کولتوری بێگانه. چونکه کورد له رێگای ئایدۆلۆجیی ئیسلام و کۆمۆنیزمه‌وه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی بێگانه ژیاوه، بۆ سودی ئه‌وان و له سیاسه‌تی ئه‌واندا به کوشت چووه، بۆ ئه‌وه‌ی که له‌م هاوکێشه‌یه‌ش نه‌یه‌ته ده‌ره‌وه زمان و مافه سروشتییه‌کانی لێ زه‌وت کراوه. ئایدۆلۆجییه جیاوازه‌کان و بیانووه فکرییه‌کانی روناکبیران بۆ ژیردهستیی بنه‌مای زانستی‌یان نه‌بووه. چونکه جگه له هۆی ناچاریی هیچ هۆیه‌کی ئه‌قڵانیی نییه که گه‌لی کورد له ژێر هیچ مه‌رج و فه‌رمانی گه‌لێکی تردا بێت. ناچار بێت به زمانی گه‌لێکی تر بخوێنێت و بنوسێت، ناچاربێت چه‌ک بۆ سیاسه‌تی گه‌لێکی ترههڵبگرێت و خۆی بدات به کوشت، ناچار بێت به پێی خۆی بیرنه‌کاته‌وه‌و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی تێنه‌کۆشێت،..هتد. مه‌لیک مه‌حمود پرسیوویه‌تی: "بۆچی ئه‌بێت له خاکی خۆماندا ملکه‌چی فه‌رمانی گه‌لێکی تر بین؟"
گرنگیی پره‌نسیپه‌که‌ی مه‌لیک مه‌حمود له‌وه‌دایه که ئه‌و مافانه‌ی داونی به کورد ناچارییه‌کانی ده‌ستنیشان کردووه. به بێ ده‌ستنیشانکردنی ناچارییه‌کان "ئازادیی" له قسه‌ی به‌تاڵ تێناپه‌ڕیت. تێکۆشان بۆ ئازادیی له ناسین و به‌ئاگابوون له ناچارییه‌کان جودا نابێته‌وه. رزگاربوون له چی؟ ئێمه ئه‌گه‌ر نه‌زانین ناچارییه‌کان کامانه‌ن ناشزانین له چ شتێک رزگارمان بێت تا سه‌رئه‌نجام ئازاد بین. زیندانێک ناڕوخێت دیواره‌کانی نه‌بینیت. خه‌باتی ئازادیی رێکخستنی سیستێمێکه بۆ دیاریکردنی ناچارییه‌کان و رزگاربوون لێیان. ئه‌م خه‌باته‌ش له بنه‌ڕه‌تدا پشت به زانست ده‌به‌ستێت. ئه‌م پرۆسێسه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت که گه‌لی ژێرده‌ست چاوه‌ڕوان ده‌کرێت له‌گه‌ڵ وه‌ختدا کولتورێکی بهرگریکهرو ئازادیخواز وه‌کو میکانیزمێکی به‌رگرییکردن له خۆ به پێی ره‌وشی خۆی بقاڵبێنێت. به‌ڵام کورد به پێچه‌وانه‌ی ئه‌م چاوه‌ڕوانییه‌وه، وه‌کو له سه‌ره‌وه باسم کرد، خۆی له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی ژێرده‌ستییدا گونجاند. به‌رامبه‌ر به مێژووی ژێرده‌ستیی کولتورێکی پشتبه‌ست به زانیاریی گه‌شه پێ نه‌دا. ئێمه به‌گشتیی به مرۆڤ و پارته‌وه هه‌ڵگری ئه‌م شکستهین. زۆربه‌ی ئه‌و قسه‌و به‌رنامانه‌ی ده‌خرێنه روو بێ ناوه‌ڕۆکن، فکرو قسه‌ی ره‌نگاوڕه‌نگی ههڵبژێردروان.
ئه‌گه‌ر مێژووی ژێرده‌ستیی کورد زیندانێکی دروست کردبێت ئه‌وا کورد له‌گه‌ڵ ئه‌م مێژووه‌دا کلیلێکی بۆ کردنه‌وه‌ی ئه‌م زیندانه دروست نه‌کرد. ملکه‌چکردنی گه‌لێک له‌کارخستنی کولتوره‌که‌یه‌تی. ئه‌و مرۆڤه‌ی که فه‌سادی ده‌سته‌ڵات هێنایه به‌رده‌رکی سه‌راوه له رۆژی (17)ی شوباتدا، به‌رهه‌می مێژووییه‌که له ملکه‌چیی و هه‌ڵگری "به‌تاڵیی کولتوریی"ه. دۆلکه‌یه‌ک ناتوانێت ئاوێک بکاته په‌رداخێکه‌وه له خۆیدا نه‌بێت. له به‌رده‌رکی سه‌ردا "به‌تاڵیی کولتوریی" هیچ مانایه‌کی نه‌به‌خشی به ئازادیی جگه له به‌تاڵیی نه‌بێت. کام ئازادیی؟ ئه‌وه‌ی مێژوویه‌ک له ژێرده‌ستیی کۆی کردۆته‌وه به‌تاڵیی کولتورییه و توانایه‌که بۆ خۆگونجاندن. بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له رێگای (رێبین هه‌ردی)ه‌وه هاواری ده‌کرد: "الله اکبر الله اکبر، ئازادیی ئازادیی!" چۆن ئه‌م دووانه به یه‌که‌وه رێک ده‌خات؟ ئه‌مه جێگای پرسیار نییه لای جه‌ماوه‌رێک تیاچووی ده‌ستی مێژووی خۆی بێت. به‌ڵام که‌ی گرنگه کاتێک بڕوای کاک رێبین هه‌ردی به (الله اکبر)ه‌که ناوه‌ڕۆکی وشه‌ی (ئازادیی)ه‌که‌ش بێت.
١٦ / ٢ / ٢٠١٢
facebook.com/3kontrakt [email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست