خراپترین فیلم، ناهۆشیارترین خەڵک
Monday, 17/09/2012, 12:00
"ئەگەر دیت خەڵک لە عەیبە زیاتر بترسن وەک لە حەرام، داب و نەریت لە پێش عەقڵەوە دابنێن، کەسێتیە ئاینیەکان پیرۆزتر بکەن لە ئاینەکە خۆی... ئەوا بەخێربێن بۆ وڵاتانی عەرەبی"
نوسەر و ناوداری کۆچکردووی میسری د. مستەفا محمود ١٩٢١-٢٠٠٩
***
لەگەڵ ئەوەی ئاین لەسەر ئاستی جیهانیدا گەڕاوەتەوە بەڵام ئاین لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بە شێوەیەکی ئێجگار خراپ گەڕاوەتەوە، خراپ وەک ئەو فیلمە. جێگەی داخە کە رۆژانە فیلمی زۆر باش دەردەهێنرێ و کەس ئاگای لێ نیە بەڵام لە بەرامبەر خراپترین فیلمدا خەڵک بەوشێوەیە خۆی بکات بە فیلم ئەوە خراپترین پەیامە. فیلمی (بەرائەتی موسڵمانان) کە پێشتر ناوی (جەنگاوەرانی بیابان) بووە بە درێژایی یەک هەفتەیە بەشێک لە خەڵکی ئیسلامی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بە فیتی ئیسلامی سیاسی هێناوەتە سەر جادە دژ بە سەفارەتەکانی ئەمریکا. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەو فیلمە لە مانگی حەوتی رابردووەوە لەسەر ئینتەرنێتە کەچی ئەمانە تازە دێنە سەر جادە.
خاڵێکی سەرنج راکێش ئەوەیە کە نزیکەی لە سەدا نەوەد و نۆی ئەو خەڵکە ئەو فیلمەیان نەدیوە. ئەم راستیە لە زاری هەموو ئەو جورناڵیستانەوە دێت کە لە یەکەم رۆژەوە تا ئێستا لە ناو ئەو هەاروهوریایەوە دەنگ و باسەکان پەخش دەکەن. ئەمە ئەو راستیە دەسەلمێنێتەوە کە ئەو جۆرە خەڵکە چەندە ناهۆشیار و بێ ئاگان و ئیسلامی سیاسی چۆن یاریەکی خراپیان پێ دەکات. هەموو ئەو رۆشنبیر و نوسەرانەی لە جیهانی ئیسلامی بە دەستی ئیسلامی سیاسی تیرۆرکراون یان هەوڵی تیرۆکردنیان دراوە، کوژەرەکانیان هیچ یەکێک لە بابەت و نوسینانەیان نەدیوە یان نەخوێندۆتەوە کە کارەکەیان ئەنجام داوە.
نمونە زۆرن لەم بارەیەوە: یەکەم: تەماشای هەوڵە سەرنەکەوتووەکەی تیرۆرکردنەکەی نەجیب مەحفوز بکەن ساڵی ١٩٩٤. کاتێک دادوەر لە تیرۆرستەکەی پرسیبوو بۆچی هەوڵتدا نەجیب مەحفوز بکوژیت. وتی لەسەر ئەو کتێبەی کە دژی ئیسلامە. گوتی کام کتێب، گوتی کتێبی (أولاد حارتنا). دادوەر وتی: جا تۆ ئەو کتێبەت خوێندۆتەوە. کابرای تیرۆرست گوتی نەخێر. دووەم: ئەو تیرۆرستەی "فەرەج فۆدە" نوسەر و بیریاری میسری تیرۆرکرد، ساڵی ١٩٩٢، هەر هیچ شتێکی فەرەج فۆدەی نەخوێندبۆوە بەڵکو ئیسلامیەکان فیتیان دابوو بەوەی کە فەرەج فۆدە کافرە و دژی ئیسلام شت دەنووسێ بڕۆ بیکوژە.
خراپی ئەو فیلمە لەوەدایە کە زۆر مناڵانە راستیە مێژوییەکان دەگێڕێتەوە، هەر دەڵێی منداڵێک رقی لە منداڵی دراوسێکەیانە و دەیەوێت دەهری بکات. ئەگەرنا، ئەو راستیە مێژووییانەی ئەو فیلمە بە کرچ و کاڵی دەیخاتە روو هەمووی بوونی هەبووە بەڵام شێوەی نمایش و ئاستی نزمی هونەریەکەی و ئەو مەبەستە نەگریسیەی لە پشتیەوەیەتی مۆرکی خراپترین نمرە بەو فیلمە دەدات. سەرچاوە ئاینیەکان خۆیان باس لەو پەلامار و کوشت و کوشتارە دەکەن کە لەسەرتاوە لە دوروبەری خۆیانەوە دەستی پێکردووە و پاشان تەشەنەی کردووە بۆ وڵاتانی تر. هەموو ئاینەکان، بە تایبەت ئەو سێ ئاینەی بە ئاینی ئیبراهیمی ناودەبرێت وەی جولەکە و مەسیحی و ئیسلام، کۆکن لەسەر ئەوەی کە پەیامبەرەکان حەزی زۆریان بە ئافرەت کردووە بۆیە هەر یەکەیان چەندان ژن و ئافرەتیان هەبووە و سەرچاوەکان ئاینیەکان، بگرە کتێبە پیرۆزەکانیشیان، پڕن لە چیرۆکی لەم جۆرە.
ئەوە بۆ هەر چاودێرێک روونە گەر ئیسلامی سیاسی نەبێت کەس نایاتە سەرجادە بۆ بابەتێکی ئاوها چونکە خەڵکانی عاقڵ ئەوە دەزانن ئەوە ئیسلامیە سیاسیەکان خۆیانن کە رۆژانە ئیهانە بە خودا و ئاین و پێغەمەبەرەکەی دەکەن نەک خەڵکانی تر. لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە ئێستا ئەو هەراوهوریایە تێدا بەڕێوە دەچێت چەندان جار مزگەت، کە ماڵی خودای ئیسلامیە، تەقێنراونەتەوە و دەشتەقێرێتەوە. لە مزگەوتانەوە قورئان دەسوتێنرێ و پەڕەکان بە نێو دوکەڵی ئاسماندا دەچێ. رۆژانە موسڵمان لە سەر جێگە نوێژەکەی دەکوژرێ و سەردەبڕدرێ. ژمارەی ئەو مزگەوتانەی لەسەردەستی ئیسلام خۆی رووخێنراوە و تەقێنراوەتەوە هیچ کەسی غەیرە ئیسلام نەیکردووە. ژمارەی ئەو قورئانانەی بەدەستی ئیسلامی سووتێنراون بەدەستی هیچ کەسێکی غەیرە ئیسلامی نەکراوە. ئەو فەسادە ئیداری و ئەخلاقی و ماڵییەی لە وڵاتانی ئیسلامیدا هەیە لە هیچ وڵاتێکی ئەم دنیایەدا بوونی نیە. هەموو ئەوانەش لە ژێر سایەی ئاین و بە ناوی شەرع و سڵاوات لێدانی ناوی پێغەمەبەرەکەیان دەچێتە پێشەوە. ئایا ئەمە ئیهانە نیە بە ئاین و پێغەمبەرەکەیان؟
بە گەڕانەوە بۆ وتە جوانەکەی د. مستەفا مەحمود. ئەوەی ئێستا لە ناو وڵاتانی ئیسلامیدا بەڕێوە دەچێت نە ژیری و نە پیرۆزی و نە کارێکە بۆ داکۆکی کردنی لە عەیبەیەک بەڵکو ئەوەی دەگوزەرێت تەنها مەسەلەیەکی سیاسیە و ئامانجیش هەر ئامانجی سیاسیە نەک خۆشەویستی بۆ خودا و ئاین و پێغەمبەرەکەی. رۆژانە لە ئەمریکا کتێب و فیلم، چ کارتۆنی یان راستەقینەیی... چ کۆمیدی یان تراجیدی، لەسەر خودا دەردەچێت بۆ کەسێک نەهاتە سەرجادە بۆ ئەو ئیهانانەی بەرامبەر بە خودا دەکرێت. ئایا خودا گەورەتر نیە لە ێغەمبەر. رۆژانە عەرشی خودا پیشان دەدرێت و کەسیش بۆی گرنگ نیە. ئایا عەرشی خوا پیرۆزترە یان جێگەکەی پێغەمبەر.
لائ ئیسلامیەکان چی بە خودا و پێغەمبەرەکانی تری دەڵێیت بیڵێ و بیکە بەڵام یەک قسە بە پێغەمبەری ئیسلام بوترێت ئەوا قبوڵ ناکرێت. ئا ئەمەیە شەخس پەرستیەکەی ئیسلامی ئێستا. دیارە لە دەمانی خودی پێغەمبەری ئیسلامدا خودی محەمەد ئەوەندە تەقدیس نەکراوە وەک ئێستە دەکرێ. روونە کە مەسەلەکە نە ئاینیە و نە پیرۆزیە بەڵکو سیاسیە و بەس. لە پشت ئیسلامێتی سیاسی و شەخسیەتی محەمەدەوە کۆمەڵێ ئامانج و رەهەندی سیاسی دەچێتە پێشەوە. بە دوای نەمانی بزووتنەوە سۆسیالیستی و نەتەوەگەرایی و ئەفسەربازیەکانی وڵاتانی عەرەبی، مرۆڤی عەرەبی بە دوای ناسنامەیەکی ترەوەیە. لەم بەینەشدا ئیسلامی سیاسی لە مەیداندایە و توانیویەتی تا رادەیەکی باش ئەو مەسەلەیە ناسنامەیە قۆرخ بکات بۆ خۆی.
دیارە لەم نێوەدا، ئیسلامی سیاسی خزمەتێکی گەورە بە ئەمریکا و تەواوی رۆژئاوا دەکەن. لە کێشمەکێشی دنیای دوو قوتبی و ئەوەی ناودەبرا شەڕی سارد کە لە نێوان ئەمریکا و سۆڤیەتدا بەڕێوە دەچوو، ئەمریکا و تەواوی رۆژئاوا لە بەرانبەر کۆمەڵێ دەستکەوتی ئازادی بەخشی کۆمەڵگەکانیاندا تەواو ملیان کەچ کردبوو تاکو نیشانی بدەن لە بەرامبەر روسیایەکی کۆمۆنیستی تاک حزبی و تاک ئایدیا، رۆژئاوای سەرمایەداری چەندە باوەری بە ئازادی و دیموکراسی هەیە؛ بەڵام ئیستا شتەکان خەریکن پێچەوانە دەکەونەوە، لە رووداوی یانزەی سێپتەمبەرەوە تاکو ئێستا لە ژێر ناوی تیرۆر و تیرۆرزمدا هێرشێکی چینایەتی و مرۆڤخوازی دژ بە خەڵکی ئەمریکا و رۆژئاوا دەستی پێکردووە. زۆرێک لە ئازادیەکان وا خەریکە دخنکێنرێن. دەنگی رەخنە و ناڕەزایەتی وا بەرە بەرە کپ دەکرێ . بە بیانووی پیرۆزیەکان و بریندار نەکردنی هەستی ئاینی خەڵکانی تر وا خەریکە ئازادی رادەربڕین قەیدوبەندی بۆ دادەنرێت. چەندان بەڵگە هەن لەم بارەیەوە گەر کەسێک بیەوێت مینەی بکات.
رووداوێکی لەم جۆرە لەوەناچێ کاری رێکەوت بێت، رۆژئاواییەکان دەزانن جڵەوی خەڵک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وا بە تەواوی دەچێتە نێو دەستی ئیسلامی سیاسی. دەشزانن چ پەلەپیتکەیەک دەنگی تەقەکە گەورەتر دەکات،چەندان چۆلەکە بە بەردێک دەکوژن. لە لایەک پیشانی خەڵکی رۆژئاوای بدەن کە رۆژهەڵاتیەکان وەک دڕندە وان، لە لایەکی تر بە ناوی دیموکراسیەوە دەیانەوێت ئیسلامی دەسەڵات بگرێتە دەست تاکو کۆمەڵگە رۆهەڵاتیەکانی ناوەڕاست بە دواکەوتوویی بهێڵێتەوە و هەرچێ ئیرادەی مرۆڤی ئازاد و سەربەخۆ هەیە نەمێنێت چونکە دەزانن ئیسلامی هەموو رۆشناییەک لە ناودەبات. لە لایەکی دیش، بە بیانووی تیرۆر و ئاسایشەوە دەست دەکەن بە لێسەندنەوەی ئەو دەسکەوتانەی کە بەرهەمی زانستی و رۆشنبیری و ئازادیخوازانەی چەندان ساڵەی خەڵکی رۆژئاوایە.
ئەم هاوکێشەی قۆرخ کردنی رۆژهەڵات لە لایەن رۆژئاواوە دەمێکە لە جەرەیاندایە و چەندان باس و خواسی فکری و زانستی سیاسی لەسەرە و باسێکی تازە نیە؛ بەڵام بۆ رۆژئاوا زۆر گرنگە بەرامبەرکێکان لە ئاستیە چینایەتیەکەیدا نەچێتە پێشەوە، بەڵکو بۆیان گرنگە ئاین بکرێتە رووپۆشی ئەو هاوکێشەیە. بوونی بلۆکێکی بە ناو چینایەتی سۆڤیەتی کە ئاستێکی ئایدیۆلۆجی بێ وێنەی بەخۆیەوە نیشان دەدا و تەواوی جیهانیشی بەخۆوە سەرقاڵ کردبوو، کە ئەو شەڕە ئایدیۆلۆجیە تەواوبوو "ساموێل هەنتینگتن" پێشبینی ئەوەی کرد کە شەڕی دوا دێت شەڕی ئاینی دەبێت، وەک ئێستە دەیبینین. گەر نەتوانن رۆژهەڵاتیە ناوەڕاستیەکان وەک ئەڵقە لە گوێیان بێت ئەوا هەوڵ دەدەن بیدەنە دەم دوژمناوی ترین لایەنی پێشکەوتن و ئازادی و مۆدێرنەوە کە لەم نێوەدا لە ئیسلامی سیاسیان باشتر چنگ ناکەوێت بەتایبەت زۆرێک لەو سەرکردە ئیسلامیانە پیاوی سیاسی خۆیانن و پێشتر لە کایە هەواڵگریەکانی رۆژئاودا کاریان کردووە هەر لە توندڕەوەکانیانەوە تا دەگات بە میانڕەوەکانیان.
ئیدریس مستەفا
ناوەڕاستی سەپتەمبەر ٢٠١٢
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست