بەدبەختی میللەتێک لە چاوپۆشیی و خۆگێلكردندا
Wednesday, 26/03/2014, 12:00
شكۆمەندی مرۆڤ لە موراڵی دایە موراڵی فت خۆیشی فت. گەلێک، کە حوكمی زاڵمی قبووڵ كرد شایانی هەموو زوڵمێك و كارەساتێكە، بەڵكو ئەمە ڕاستییەكە بەسەری دێت.ڕازی بوون بە زوڵم لە نەمانی موراڵەوە دێت.
رێكخراو و كیانی سیاسییش ڕێك وەكو مرۆڤن نەمانی موراڵییان مانای نەمانی سەنگیان و كاریگەرییانە. واتە حاكمی بێ موراڵ حوكمی كەسانێكی بێ موراڵ دەكات.لێرەدا باسی حاكمی بێ ڕەوشت و مەحكومی بێ ڕەوشت دەكەین.
ئەوەی بە دوای ئازادی ناكەوێت لەترسی گیانی خۆی نە شایانی ئازادییە و نە ژیانیش.ئەمە بنیامین فرانكلین وا دەڵێت.
حەتمەن گەرەكم نییە بڵێم بەكارهێنانی تاكتیك لە پێناو خزمەتكردن و گەیشتن بە ستراتیژ دەچێتە خانەی نەمانی موراڵەوە یان زەربی سفر بكرێت تەواوی مێژوو و كرداری ئەم لایەنە.بەڵكو بە پێچەوانەوە حیزبی سیاسی كامڵ و پێگەیشتوو لەسەر تاكتیك دەژی و تێكڕای تەمەنی تاكتیك دەبێت بۆ ئەوەی هەنگاوێك لە ستراتیژەكەی نزیك بێتەوە.
كرۆكی نووسینەكەی من لەسەر ئەو لایەنەیە كە کۆمەڵیک کەس بەناوی حیزبەوە، تەواوی جوومگەكانی هەرێمە سێ پارێزگایەكەی بە دەستەوەیە، سێ پارێزگا بە ناو بەڵام لە ئەرزی واقیعدا دوو پارێزگا یەكێك لەم دووانەش بە زەبری تەزویر و چاندن و بڵاوكردنەوەی ترس كرتوویەتی بە دەستەوە.بەڵێ پارتیم مەبەستە، پارتیش نا بەڵكو بنەماڵەی بارزانی و لەناو ئەم بنەماڵەیەش چەند كەسێكیان!
زۆر كەس هەن دەبێژن ئەمە بەدبەختی كوردە ئەم بنەماڵە دوواكەوتووە حوكمی دەكات، قسەی هیچ و بێ مانا، ئەگەر کورد خۆی ملكەچی نەوێت و تێنووی سەرشۆڕی نەبێت لە جیاتی ئازادی ئەوا مەحاڵە چەند كەسێكی بێ موراڵی ئەم بنەماڵە خۆفرۆشە بتوانن ماوەی زیاتر لە 60 ساڵ ببنە دەمڕاست و حاكمی ئەم خەڵكە.پەندێكی كوردی جوان هەیە دەڵێت (جاری یەكەم غەدرت لێكردم خوا بتگرێت جاری دووەم خوا بمگرێت) بە گوێرەی ئەم قسە دەبێت خودا هەزاران جار ئێمەی گرتبێت.بەدبەختی ووشەیەكی بەستەزمانە كەسە دۆڕاوەكان پەنای بۆ دەبەن لە كاتی دۆڕانییان و هەموو ئۆباڵێكی شكستەكەیان دەخەنە پاڵ ئەم ووشە بێ تاوانە.باشە كاكە گریمان شتێك بوونی هەیە بەناوی بەخت بەڵام حوكمی دەسەڵاتێكی 60 ساڵی وەك بەختی كەسێك نییە كە لە یانەسیبێكدا بۆی دەرنەچووە!زۆر لەسەر خێڵی بارزانی گووتراوە و هەموو لایەنەكان لەسەر ئەوە هاوڕان سەركردەكانی ئەم خێڵە خاڵیین لە شتێك كە ناوی موراڵە و ئەوەی ناوی هونەری سیاسەت و بەڕێوەبردنە تۆزقاڵێك لێی نازانن و یەكێكە لە دوواكەوتووترین حیزبەكانی نەك ناوچەكە بەڵكو جیهانیش. باسی ئاشبەتاڵ و 31ی ئاب ناكەین، نا باسی 2003 دەكەین، پۆل برێمەری حاكمی مەدەنی پێشووی عێڕاق لە كتێبەكەیدا (ساڵەكەم لە عێڕاقدا) لە شوێنێك باسی یەكەم سەردانی جۆرج بۆشی سەرۆكی ئەو كاتەی ئەمریكا دەكات كە لە 27-11-2003 بە نهێنی گەشتێكی بۆ عێراق ئەنجامدا ئەو كاتە ئەنجوومەنی حوكم دەبێت، چەند ئەندامێكی ئەم ئەنجوومەنە بانگدەكرێن بۆ بەخێرهێنانی سەرۆك بووش، یەكێك لەم ئەندامانە مەسعود دەبێت.لە فرۆكەخانەی بەغدا ڕێگەی لێدەگرن بچێتە ژووەرەوە لەبەرئەوەی ژمارەیەكی زۆر چەكداری لەگەڵ دەبێت، كە جۆرەها چەكییان لەلا دەبێت تەنانەت هەندێكیان قازیفەیان لادەبێت (بێگومان وا حسابییان كردووە دەچنە پێشوازی شێخ حەعفەر مستەفا!)، بەرپرسێكی سەربازی ئەمەریكی ئەوان چەكدەكات و ناهێلێت ئەم بێ عەقڵانە بچنە ژوورەوە لەبەر ئەوەی مۆڵەتییان پێنابێت دەستبەجێ مەسعود وەكو منداڵ زوویر دەبێت و دەڵێت تا چەكەكانییان نەدرێتەوە ناچمە بەخێرهاتنی سەرۆكی ئەمریكا بۆیە بریمەریش ڕێگە بەمە نادات.جا ئەم پیاوە و باوك و برا و برازا و ئامۆزای ئەم پیاوە دواكەوتووە دەیەها ساڵ حوكمت بكەن و بڵێی بەختم ڕەشە بۆیە سەركردەمن، تكایە وامەڵێ بەڵكو ڕاستییەكە بڵێ و دان بە گەوجێتی و بێ موراڵی خۆتدا بنێ، دەی پیاو بە و بڵێ بۆ پارە سەرشۆڕمكردووە.
(من دەبێژم ئافەرین بۆ بنەماڵەی بارزانی و دەستخۆشییان لێدەكەم كە سەركەوتوو بوونە لە بەدیهێنانی پلانەكانییان و ئەوەی ویستوویانە ئەنجامییان داوە و بە ئازادی خۆیان حوكمی ئەم مێگەلە دەكەن.ولیام شكسپیر دەڵێت)گورگ بۆیە گورگە چونكە مەڕ مەڕە(!)
هەواڵی گەرمی ئەمڕۆی شەقامی كوردی دووبارە و دە بارە ململانێی نێوان خێڵی بارزانی و حكومەتی ناوەندە.پرسیارێك:لە دوای ساڵی 2010ەوە ئەمە جاری چەندەمە ئەم فیلمە نمایش دەكرێتەوە؟جارێك بارزانی پاڵەوانی فیلمە و جارێكی تر مالكی!تەنانەت زۆر جار لە یەك فیلمدا چەند كەڕەتێك پاڵەوان و تاوانبارەكە دەگۆڕدرێن و ڕۆڵەكانییان ئاڵوگۆڕ دەكەن!لە كاتی نمایشی هەر فلمێكیش ژمارەیەكی زۆری خەڵك بە حەماسەتەوە دەبنە لایەنگری بارزانی كە بە درێژایی مێژوو و لە هەموو فلمێك و واقیعێكدا تاوانبار و بێ موراڵ و خاوەنی سكانداڵ بووە و دەبێت.
تەنها سەیری ئەم وێنەیە بكەن.ئەمانە بەناو مفاوەزات دەكەن.ئایا پێم ناڵێن ئەمانە خوێندنی سیاسییان لەكام زانكۆ تەواو كردووە؟تۆ بڵێی ئەو خێڵەكییانە تۆزقاڵێك شارەزاییان هەبێت لە هونەری گفتوگۆ؟دەبێت ئەم موراهیقە كەم عەقڵانە بە خەونیش زانیبێتییان پەیوەندی نێودەوڵەتی چییە و كەرەستەكانی گفتوگۆ و دانوسەندن چین؟ئەگەر دەڵێن ئەمە پێشتر بوو و ئێستا بە جۆرێكی ترە ئەوە درۆیەكی شاخدارە و گەوجێتییە چونكە جیاوازی نێوان ئەوسا و ئێستا تەنها جلوبەرگی سەركردەكانە و هیچی تر.باشە ئەمانە حوكمی گەلێك بكەن بۆ زیاتر لە 60 ساڵ و هەموو گەلەكەش دەستییان بە كڵاوی خۆیانەوە گرت بێت و با نەیبات ئەوا ناحەق نیم ئەگەر بڵێم دەستخۆشی لەم بنەماڵە بێ مەعریفەیە دەكەم توانیویانە كۆمەڵگەیەكی گەوجتر لە خۆیان بنیات بنێن!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست