چۆن قەیرانی ناوچە دابڕێنراوەكان دەبڕێتەوە ؟
Wednesday, 12/12/2012, 12:00
هەموان یەك دەنگن لەسەر ئەوەی وروژاندنی ئەم قەیرانەی ئێستای عیراق بە پلەی یەكەم سیاسیە لەسەر هەرد و ئاستی نێوخۆ و ئیقلیمیدا پێش ئەوەی عەسكەری و ئەمنی بێت،ئەمەش چ بۆ دورخستنەوەی خەڵك بێت لە ئاوردانەوە بۆ چەقبەستنی حوكم و شكستی هەمەجۆر، یان بۆ داپۆشینی ئاشكرابونی گەندەڵی و تێوەگلانی بەرپرسانی بەغدا بوبێت . لەم بارەشەوە چ ناوەند بێت بە رێژەیەكی گەورە یان دەسەڵاتی هەرێم بۆ قازانجی حزبی و ختوكەدانی هەستی نەتەوایەتی بەكاریان هینا، بەم پێشهاتە مەسەلەی ملنەدان بە چاكسازی، چ لە عیراق بێت یان لە هەرێم دیزەبەدەرخونە كرا .
بۆ یەكلاییكردنەوە و چارەسەریی ریشەیی پرسی ناوچە دابڕێنراوەكان لەم فەزایەدا، فاكتەری كات لەبەرچاوگرتن لە ئەولەویاتەكانە و بۆ مەزەنەكردنی پێویستیەكانی كاری پێویست بۆ هەر هەنگاوێك لە دیاریكردنی خاڵی سەرەتا دیراسەتێكی قوڵ وخێرای دەوێت . لەم مەسەلەیەشدا چەندین ئەگەر لەبەرچاون، چونكە كەمتەرخەمی و بەرژەوەندی تەسكی حزبی و ململانێی نێوخیی و ملنەدانی ناوەند، ئەم پرسەی بە رێگەی هاوراز و نشێوی و بە كێرڤی بەرزونزمی جیاوازەوە گەیاندە ئەمرۆ و دەردانەكانی كەڵەكە بوون و چارەسەركردنی قورستر كردەوە، ئەمە لە لایەكەوە ، لەلایەكی تریشەوە بە هۆی ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم هیچ هەلێكیان لە پێناو یەكلاییكردنەوەی ئەم قەیرانە نەقۆستەوە و لەبەرچاونەگرت و خۆیان بە بەشێك لە چارەسەركردنی كێشەی ئەوانی ترەوە خەرێك كرد و ئەوەی پەیوەست بێت بە نێوماڵی خۆیان و مەسەلە چارەنوسسازەكانیان دایە دەست قەدەر،بۆیە ئەم واقعەی ئەمرۆیان هێنایە ئاراوە .
بەم بارودۆخەی حاڵی حازریەوە چۆن و كێ دەتوانێت قەیرانە هەمیشەییەكیە ببرێنیتەوە، ئەوەی و،هەر كەسێك واقعیانە بیربكاتەوە، لە دواجاردا بۆی دەردەكەوێت كە پێویستمان بە سازش و مامەڵەكردنی ئاشكرا و نهێنیش هەیە لەسەر ئاستی نێوخۆ بێت یان ناوچەكە و ئەمریكا ، بۆ ئەوەی بەكەمترین زیان قوتاربین .
كورد ناوەندی عێراقی گەیاندە واقعێك كە مەسەلە مەزهەبیەكان كاڵ بێتەوە و ئەمرۆ لە روانگەی نەتەوەچێتیەوە مامەڵە بكەن و هەست و سۆزی تایبەت بەم چەمكە بوروژێنن، لەهەمان كاتدا هۆكاری سەرەكی جێبەجێ نەكردنی مادەی 140 لە ئەستۆی كورد خۆیدایە پێش هەر كەسێكی تر، لەبەر ئەوەی لەم بارەوە هیچ فشارێكی نەكرد و كارتەكانی بۆ پلەو پایە و بۆندی نەوت وپارە و پوڵ بەكارهێنا و ماڵی عیراقی رێكخست نەك جەحت لەسەر چارەسەریی ریشەیی ئەم پرسە چارەنوسسازە بكات .
دەبێت كورد بەكۆتایی هاتنی ئەم قەیرانە كاتیە، لەبەر ئەوەی رۆیشتنی كات لە بەرژەوەندی ئێمەدانیە و، دەبێت تا بڕینەوەی ئەم پرسە میژووییە بەردەوام بێت و چارەسەریی كۆتایی قەیرانە هەمیشەییەكە بكاتە یەكەمین ئەولەویاتی كاری سیاسی خۆی .
بە كورتی ئێستا چوار رێگەمان لەبەردەمدایە كە پێویستە بە وردی دراسەت بكرێن و باشترینیان وەك ستراتیجی كار و جێبەجێ كردنی ئەم ئەركە هەڵبژێردرێت؛
یەكەم : ئەم مەسەلەیە بە هەموو شێوەیەك بداتە دەست خەڵكی ناوچەكە بە خۆیان بە سەرجەم پێكهاتەكانیانەوە كە رێگەی گونجاو بگرنەبەر و چارەسەری قەیرانەكە بدۆزنەوە، بێگومان ئەمەش بێ دەستێوەردان تێناپەرێت، بەڵام بریاری یەكلاییكەرەوە لای ئەوان دەبێت و ئەمەش هەلومەرجی تایبەتی خۆی دەوێت .
دووەم : لەگەڵ ناوەند بە هەموو شێوەیەك تا دەگاتە سازش و رێككەوتن لەدەرئەنجامی دانوستان بیبرێنێتەوە، لەم حاڵەتەشدا دەبێت ئەگەری گەڕانەوەی ئەم ناوچانە بۆ سەر هەرێم لە بیر بكرێت .
سێیەم : هەوڵی بەستنی كۆنگرەیەكی تایبەت بەم پرسە بدات و، لێرەشدا زۆر پێویستە نەتەوە یەكگرتوەكان و ئەمریكا بەشداربن و بێشك هێزە ئیقلیمیەكانیش رۆڵی خۆیان دەگێرن و خۆیان فەرز دەكەن، دەرئەنجامەكەشی زۆر روون نابێت و كارتی فشاری كوردیش لاوازتر دەبێت .
چوارەم :كورد چاوەرێی هەلێكی گونجاو یان روداوێكی كتوپر بێت كە بە هەموو شێوەیەك بەكاری بێنێت و دەرس و پەندی لە رابردوو وەرگرتبێت و بە خۆی چارەسەری ریشەیی لەسەر ئەرزی واقیع بسەپێنێت و لە كاتی تێكەڵاوبونی كارتەكان لە كاتی پشێویدا هەنگاوەكان ئاسان دەكات بۆ ئەو كارە .
بۆ سەرخستنی هەر رێگەیەك وا پێویست دەكات كورد خۆی بە بنیاتنانی پێگە سەرەكیەكانی یەكێتی و تەبایی و رێكخستنی نێو ماڵی كورد و جێبەجێ كردنی چاكسازی و بەرز كردنەوەی ئاستی هۆشیاری گشتی و رۆشنبیریی خەڵك وپێشخستنی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی تا رادەی خودئیكتیفا كردن سەرقاڵ بێت وپلەیەك پێشبكەوێت، بە هەموو شێوەیەكیش دەرئەنجامی لەدەستدانی دوا هەل لەبەرچاو بگرێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست