رێبازی مییری مكیاڤیلی لە كوردستان پەیرەو دەكرێت ؟
Tuesday, 20/09/2011, 12:00
ئەگەر ماكیاڤیلی لە ساڵی 1513 و لە بارودۆخێكی سیاسی و ئەمنی ئەوسای ئیتالیا و ژیانێكی بێئومێدی و دورخراوەی وەزیفی خۆی و رەفتاری دوفاقیانەی لە ناچاری ژیان بەسەر بردنی لە لادێ و ئاڵوودەبونی بە مەی و قومار لەلایەك و دانیشتن لە گەڵ خاوەن بیروباوەرە فەلسەفیە كۆنەكانی ئەو سەردەمە لە لایەكی ترەوە، زەفەری بۆ هێنابن بۆ نوسینی ئەو جۆرە كتێبە بەو ناوەرۆكەوە، بەڵام تەنها پاش شەش ساڵ و رێك لە ساڵی 1519 كتێبی وتوێژەكان
(المباحپات) ی نوسی كە تیێیدا باس لە وتوێژ و گفتوگۆ و لێكۆڵینەوەی كەسی كۆماریخواز دەكات لە بوارەكانی بیرو باوەر و سیاسەتدا و، بە ناراستەوخۆش بێت زۆرێك لە بیروبۆچونەكانی پێشووی كە لە كتێبی مییر دا دەریبریبون رەتدەكاتەوە و، زیاتر گرنگی بە هەستیاری ئەو بارودۆخەی دەدات كە دەستی داوەتە نوسینی كتێبەكەی، تەنانەت پشت بە سیستمی كۆماری دەبەستێت كە لە گەل ناوەرۆكی مییردا یەكناگرێتەوە . دانیش بەوەدا دەنێت كە لە وەزعێكی ئاسایی خەڵكدا، ناكرێت لە سیاسەتدا پشت بە هیچ بەهایەك نەبەسترێت و رێبەری سەركردە بێقەناعەتی بێت بە بەها مرۆڤایەتی و بەرژەوەندیە باڵاكانی میلەت .
ئەگەر واقعی ئەوسای ئیتالیا لەگەل ئەمەی ئەمرۆی كوردستان بەراورد بكرێت ،جیاوازیەكی گەورە بەدیدەكرێت لەسەرجەم بوارەكانی ژیانی كۆمەڵگە و وەزعی سیاسی و گۆڕانكاریە هەمەچەشنەكاندا، جگە لە چاوتێبرینەكانی وڵاتانی دەوروبەر و ناكۆكی نێوان لایەنە دەسترۆیشتوەكانی كوردستان و سیفات و ئەخلاقیەتی زۆرێك لە سەركردەكانی ئەمرۆمان . ئەوسا ئیتالیا لە ململانێیكی گەورە دا بوو لە نێوان خاوەن خەونە تایبەتیەكانی سیستمی كۆماری و بنەماڵە دەسترۆیشتوەكاندا، ماكیاڤیلی یش دەركراوی وەزیفە و بێلانە لە بیری دۆزینەوەی رێگەیەكدا بوو وەك تەكتیكێك كە دەچێتە خانەی مەراییكردنەوە بەكاری بێنێت و دڵی جۆلیانوسی میدیش و ئنجا لۆرینسی كوریشی پێ رازیبكات و، تەنها ئامانجی خودی ماكیاڤیلی گەرانەوە بوو بۆ سەر كارەكەی و، تەنها لە پێناو بەرژەوەندی شەخسی خۆی پشتی بەم كتێبە بەست تاوەكو وەك راوێژكارێك كاری پێبكات و، بەورێگەیەشەوە مەرامی خۆی بەو شێوەیە جێبەجێكرد . بەناوی ریكارەوە خۆی لە بێدەرامەتی رزگار كرد ، بەڵام ئایا دەیزانی تا رۆژگاری ئەمرۆشمان بۆچونە تەسكەكانی پەیرەو دەكرێت یان نا .
لەسەردەمێكدا كە پێشكەوتن لە ژیانی مرۆڤایەتی روویدابێت و بەهاهەمەجۆرەكان خۆیان فەرز كردبن و دۆزینەوە و داهێنانی نوێ گۆڕانكاریەكی ریشەییی لە دۆخی مرۆڤایەتیدا هێنابێتەدی و گەردوون لە دەرئەنجامی كاریگەریەكانی جیهانگیری بە شێوەیەكی سەرسورهێنەر گۆڕانێكی بەرچاوی بەسەر گەلاندا هێنابێت و پەیوەندیەكان كاریگەری گەورەیان كردبێتە سەر سەرجەم ژیانی مرۆڤایەتی، دەكرێت لەم كاتەدا خەڵكانێك هەبن ماكیاڤیلیانە بیربكەنەوە و دوور لە هەموو بەهایەك سیاسەت بكەن و هەموو رێگەیە و ئامرازێك بگرنە بەر ئەگەر نائینسانیش بێت لە پێناو ئامانجێكدا چ تایبەتی بێت یان گشتی.
ئەمرۆی كوردستان و زۆرێك لە خۆ بەسیاسەتمەدار زان و سیەسەت كەران كتومت لەسەر ئەو پەیرەو و پرۆگرامە دەرۆن كە ماكیاڤیلی رێبەرایەتی دەكرد ، ئەگەر وشەیەكیش لە كتێبی میر یان نەخوێندبێتەوە، چ لە نێو خۆی لایەنەكانیان بێت یان لەگەل ئەویتردا لەدەرەوەی پێكهاتەكانیان، هەمیشە ئامانجیان لەبەرچاو بووە و لەو رێگەیەشەوە چەندین رەفتاری میرئاسای ماكیاڤیلیان نواندوە بێ ئەوەی هیچ بەهایەكی كوردەواریان لەبەرچاوگرتبێ جا لە هەر پلو پایەیەكدا بووبن، گرنگ شكاندنی ئەویتر بووە لای ئەوان و بۆ گەیشتنی خود بە دوائامانج و ئامارزە كانیش چ سیاسی بێت یان عەسكەری هیچ ئامرازێك نەماوە بەكارنەهێنرابێت، بەڵكو دوور لە ئەخلاق و دابونەریتی كوردەواری بەها كۆمەڵایەتیەكانیان ژیرپێ خستووە ، تەنانەت زۆر جار شانازی بەو كردەوانەوە كردووە كە لەگەڵ هیچ بەهایەكدا نایەتەوە. بۆیە ئەمرۆش گیرۆدەی دەستی ئەم جۆرە سەركدە ماكیاڤیلیانەین و چاوەرێین لە چ كاتێك و بە چ شێوەیەك رزگارمان دەبێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست