بۆچی قوباد دڵی خۆشە؟
Friday, 24/06/2011, 12:00
لەو ڕۆژەوەی مەسرور بارزانی هەواڵی وەرگرتنی هەردوو پۆستی سەرۆکی پارتی و سەرۆکی هەرێمی لەگەڵ ڕۆژنامەی the national ی ئیماراتی ڕاگەیاند، ئێدی چەندین کەس بەچەپ و بەڕاست ئەم هەواڵەیان تاوو توێ کردو هەندێکیان تا ڕادەی ئەوپەڕی نائومێدی و هەندێکی تر ناڕەزایی و سەنگەر لێگرتن، وەرگرت. بەدووری نازانین کە یەکێك لەوانەی ئەم هەواڵەی گەلێ پێ ناخۆش بوبێ، خودی نێچرەڤان بوە، لەبەرئەوەی ئەم وەك جێگری سەرۆکی پارتیەو بەهەموو حەقێك دوای مەسعود ئەبێ ئەم شوێنی بگرێتەوە، کەچی لەوە ناچێ جگە لە مەسروری کوڕی کەسی تر ببێ بە سەرۆکی پارتی.
لەڕاستیدا ئەو هەواڵە گەر بۆ هەندێك جێی سەرسوڕمان بوبێ ، ئەوا بۆ ئەوانەی پارتی و بنەمەڵەی بارزانی ئەناسن ، شتێکی گەلێ ئەساییە وهەر ئەوەی لێ چاوەڕوان ئەکردن، ئێ خۆ، ئەحمەد سالار و هیوا ئەحمەد و هەڵۆی ئەحە سمێڵ و هەموو سۆرانیەکانی تر نابن بە سەرۆکی پارتی . بۆیە لێرەوە گەلێ پیرۆزبایی لە مەسرور ئەکەم بۆ درکاندنی ئەو هەواڵە ، چونکە بۆی دەرخستین کە پارتی بەڕاستی شەفافەو ئاکامی هەڵبژاردن و ئەنجامەکانیشی هەموو دەرخەو ئەزانێ کێ خۆی هەڵئەبژێرێ و کێش دەرئەچێ.. ماشاڵلە لەو هەموو دیموکراتی و شەفافیە، خوا لێت بەزیادبێ و بەزۆری نەزانی.
وەك ئاشکرایە کەلەنێوان هەردوو بنەماڵەدا ئیتفاقیەی ستراتیژی هەیە(ئیتفاقیەی دۆلار)وەك مام ڕۆستەم ئەڵێ، ئێ بەو پێیەش بێ، هەروەك چۆن مەسعود سەرۆکی پارتی و سەرۆکی هەرێمە و ئاغای تاڵەبانیش سەرۆکی کۆماری عێراقی فیدڕاڵ و دیموکراتە، ئەبێ هەمان شت لەدوای خۆیان بۆ نەوەکانیشیان مەیسەر ببێ و تا ئەم ئەزمونە دەڵەمەیە نەشڵەقێ و لەبار نەچێ، هەر بۆیە، وەك چۆن مەسرور پۆستەکانی باوکی وەك هەڵامەت بۆی ئەگوازرێتەوە، ئەوا پێوستە پۆستی سەرۆك کۆماری عێراقیش بۆ قوباد بێ.. بۆیە ئێستا پێی لەئەرز ناکەوێ و لەخۆشیدا بەهەر چواردەوری خۆیدا بزەو شیرینی ئەبەخشێنێ.
دەی سا ئێوەش ،ئەی خەڵکی خۆشەویستی کوردستان و عێراق ، دڵتان خۆش بێ و هەلهەلە لێبدەن و بیکەن بە شای و لۆغان و حەوت شەو حەوت ڕۆژ هەڵپەڕن ، ئەوەتا مەسرور پەیامی ئەوەتان پێ ئەدا کەئەیەوێ عەقڵیەتی ئەو خەڵکە بگوڕێ کەلەگەڵیدا ئەژی، واتە لەماوەی داهاتودا هەموو کورد خۆی بەجامانەی سوورەوە ئەبینێ و وەك ئەوان بیر ئەکاتەوە.. ئەی ئەوە نیە پیاوەکانی مەسرور لەئێستاوە لە ئەمریکا کەوتونەتە تاقیبات و زانیاری کۆکردنەوە لەسەر کەسەکانی دژی بەمان و لەشارەکانی واشنتۆن دی سی و ناشڤیل و سیاتڵ چالاکی بەئەنجام ئەگەیەنن و وا ئەزانن ئەمریکاش کوردستانەو ئەیانەوێ خەڵکی ئێرەش وەك ئەوێ چاوترسێن بکەن..
بەڵام هەروەك چۆن عودەی نەبوو بەسەرۆکی عێراقی سەدام حوسێن و جەمال مبارەك نەبوو بەسەرۆکی میسرو ، سەیفولئیسلام نەبوو بەسەرۆکی لیبیاو موحەمەدی عەلی عەبدوڵا ساڵح نەبوو بەسەرۆکی یەمەن، ئەوا مزگێنێ ئەوەتان ئەدەینێ کەوا ئێوەش چارەنوستان لەوانەی وەك هاوشیوەتان باشتر نابێ و جگە لە زبڵدانی مێژوو هیچ سەرە نوێڵکەیەکی دی چاوەڕوانتان ناکا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست