كیمیابارانى هەڵەبجە و لە سێدارەدانى عەلى كیمیاوى و راگەیاندنى (ى ن ك)
Wednesday, 27/01/2010, 12:00
كارەساتى كیمیابارانى هەڵەبجە یەك لەو روداوە تاریكانەى ژیانى سیاسى گەلى كوردە كە تیایدا هەوڵى كۆمەڵكوژى كورد دراوە،ئەگەرچى هۆكارى سەرەكى ئەو تاوانە هزرى شۆڤینى دەسەڵاتى بەعس بوو، ئەنجامدەرى سەرەكى ئەو كارەساتە سوپاى رژێمى بەعس بوو،بەڵام كارەساتێكە دەسەڵاتدارانى ئەمرۆى هەرێمى كوردستان و عراق،پێشمەرگە دەسەڵاتدارەكانى سالانى هەشتاكانى شاخ، بە سیاسەت و ستراتیجە هەڵەكانیان دەرفەتیان بۆ ئەنجامدانى ئەو كارەساتە رەخساند،ئەگەر هێزەكانى بەرەى كوردستانى پێش هێزى پاسدارى ئێران نەكەوتنایە و پێكەوە كۆنترۆڵى شارى هەڵبجە و ناوچەى هەورامان و بنارى شارەزووریان نەكردایە،بەو شێوەیە و لەو كاتەدا زەمینەى عراقى و ناوچەیى و جیهانى بۆ كیمیابارانكردنى هەڵبجە نەدەهاتە پێشەوە.
بیست ساڵ دواى كارەساتەكە،بارى سیاسى عراق و ناوچەكە و جیهان بە شێوەیەك گۆرا،رژێمى سەدام لە لایەن سوپاى ئەمریكاوە زەبرى گەورەى بەركەوت و لە بەهارى ساڵى 2003 دا رووخا،ئەمریكیەكان و عراقیە ئۆپۆزسیۆنەكانى رژێمى سەدام بوونە دەسەڵاتدار و سەرانى رژێمى بەعسیان لە سەر تاوانەكانیان دادگایى كرد،لە مانگى جەنیوەرى 2010 دا دادگاى باڵاى تاوانەكانى عراق بریارى لە سەر دۆزى هەلەَبجە دا،كەیسەكەى بە تاوانى دژى مرۆڤایەتى ناساند و سزاى مەرگى بە سەر عەلى حەسەن مەجیدا سەپاند، رۆژى 25-1-2010 سزاى مەرگ بە سەر عەلى حەسەن مەجیدا جێبەجێكرا،بەڵام عەلى حەسەن مەجید تەنها لە سەر كەیسى هەڵەبجە سزا نەدرابو،لە چوار دادگاییدا سزاى لە سێدارەدانى لە سەردا درابوو،وە ماوەى مانگێك بە سەر بریارى كەیسى هەڵەبجەدا تێنەپەرى سزاى لەسێدارەدانى عەلى حەسەن مەجید جێبەجێ كرا،كەوابوو بە گوێرەى یاسا، عەلى حەسەن لە سەر كارەساتى هەلەَبجە لە سێدارە نەدراوە.
بە ڵام ماوەى چەند رۆژێكە بەرپرسانى (ى ن ك) لە رێگەى كەناڵەكانى راگەیاندنەوە، ئەو بابەتە وا باس دەكەن كە گوایە عەلى حەسەن مەجید تەنها لە سەر تاوانەكانى كارەساتى كیمیابارانى هەڵبجە لە سێدارە دراوە،دەیانەوێت لە رێگەى راگەیاندنەوە بە خەڵك بڵێن عەلى حەسەن مەجید تەنها لە سەر تاوانى هەڵەبجە سزا دراوە، دەیانەوێت بە خەڵكى كوردستان بڵێن كە (ى ن ك) و سكرتێرەكەى لە هەموو كەس بۆ دۆزى هەڵەبجە دڵسۆز تربوون.
كارەساتى هەڵبجە كارەساتێكى نێونەتەوەیى و نەتەوەییە،كارەساتى خەڵكى هەلەبجە و ئەو خێزان و بنەمالانەیە كە كەس و كاریان لەو كارەساتەدا شەهید بووە،تەنها كارەساتى حزبێكى وەك (ى ن ك) نیە،تەنها كارەساتى كەسو كارى ئەو شەهیدانە نیە كە دەسەڵاتدارەكانى باشورى كوردستان دەستەمۆیان كردوون.ئەى بۆچى لەم كاتەدا(ى ن ك) هێندە دواى ئەو كارەساتە و ئەنجامى دادگاییەكە دەكەوێت؟ بێجگە لەوەى دەیەوێت ئەنجامى دادگایەكە بكاتە دەسكەوتێك خۆى و بۆ پرۆپاگەندەى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عراقى ئایندە سوودى لێوەربگرێت،ئەم خاڵانەى خوارەسوەش لە بیر نەكەن.
1.ساڵى 1988 كاتێك بەرەى كوردستانى هێزى پاسدارى پەلكێشى هەڵەبجە كرد،(ى ن ك) زلهێزى بەرەى كوردستانى بوو، ناوچە رزگاركراوەكانى هەولێر و سلێمانى و كەركوك لە ژێر كۆنترۆڵیدا بوون،بۆیە(ى ن ك) بە گۆران و بە یەكێتى ئێستەوە، لە زەمینەخۆشكردنى كیمیابارانى هەڵەبجەدا بەشى شێرى بەردەكەوێت.سەرانى ى ن ك لە ناخى خۆیاندا هەست بەوە دەكەن كە لەو تاوانەى رژێمى سەدامدا رۆڵى زەمینە خۆشكردنى تاوانەكەیان دیوە،بەڵام ئازایەتى ئەوەیان نیە دان بە تاوانى خۆیاندا بنێن و داواى لێبوردن لە مرۆڤایەتى و نەتەوەى كورد و خەڵكى هەلەَبجە و بنەماڵەى شەهیدانى كیمیابارانى هەڵەبجە بكەن،دەیانەوێت لە رێگەى كەناڵى راگەیاندنەوە،شەرمنانە بە خەڵك بڵێن گرنگى بە كارەساتەكە دەدەین، ئێوەش بمانبەخشن لە كاتى دەنگداندا ئاگاتان لێمان بێت و سزامان نەدەن.
2.پێش كارەساتى كیمیابارانى هەڵەبجە بەرپرسانى بەرەى كوردستانى بە بەرپرسانى (ى ن ك) وە، ئاگادارى خزم و بنەماڵەكانى خۆیانیان كردبوو بۆ پاراستنى سەر و ماڵیان شارەكە چۆڵ بكەن، رو لە ئێران یان روو لە سلێمانى بكەن،لە كاتى كەوتنەوەى كارەساتەكەدا بەرپرسانى بالاى سەربازى (ى ن ك) رێگەیان نەدابوو خەڵكى هەلەَبجە شارەكە چۆڵ بكەن،خەڵكى هەڵەبجە ئەو رێگریەى بەرپرسەكانى (ى ن ك) و حزبەكانى تر بە هۆكارى زۆرى ژمارەى شەهیدەكانیان دەزانن.كەناڵەكانى راگەیاندنى (ى ن ك)، دەیانەوێت بەخەڵكى هەڵەبجە بڵێن تەنها دڕندەیى عەلى حەسەن مەجید بوو ژمارەى شەهیدەكانى هەڵبجەى گەیاندە نزیكەى 5000 پێنج هەزار كەس،رێگریەكەى بەرپرسەكانى یەكێتى كاریگەرى لە سەر زۆرى ژمارەى شەهیدەكان نەبوو.
3.دواى درووستبوونى كارەساتى كیمیابارانەكە،خەڵكى سڤیل مردن و پێشمەرگە خوێن لە لووتیان نەهات،هیچ بەڵگەیەك بە دەستەوە نیە،بیسەلمێنێت پێشمەرگەیەك ژیانى بریندارێكى كیمیابارانى هەڵبجەى لە مەرگ رزگار كردبێت،وێنەیەك نابینى پێشمەرگەیەك چەكى دانابێت و بریندارێك بخاتە ناو ئۆتۆمۆبیلێكەوە و بینرێت بۆ لاى پزیشك بۆ چارەسەرى برینەكەى،لەوە دەچێت بەرپرسەكانى (ى ن ك) ئێستە هەست بەو بێ هەستیەى خۆیان بكەن و بیانەوێت لە رێگەى ورووژاندنى ئەنجامدانى سزاى لە سێدارەدانى عەلى حەسەن مەجیدەوە،كەمێك ئەو بۆشایی بێ هەستیەى لە نێوان خۆیان و گەلدا هەیە پر بكەنەوە و محاسەبەى ویژدانى خۆیان لە بیر خەڵكى كوردستان ببەنەوە.
4.دواى كارەساتى هەڵەبجە،ژمارەیەكى زۆر لە بەرپرسەكانى حزبەكانى بەرەى كوردستانى،دەستیان بە سەر ماڵ و سامانى خەڵكى هەڵبجەى شەهیدا گرت،بەو شێوەیە لە لایەكەوە بوونە هۆكارى لە ناوچوونى هەزران كەس و برنیداربون و ئاورەبوونى تەواوى خەڵكى شارەكە،لەولاشەوە خەڵكەكەیان تالان كرد،ئتر هەڵەبجە نەك هەر شەهید كرا،هەڵەبجە لە یەك كاتدا شەهید كراو تاڵان كرا،بەرپرسانى یەكێتى لە بەرامبەر ئەو تاوانە دوانیەدا،نازانن چۆن خۆیان قوتار بكەن،دەیانەوێت لە رێگەى وروژاندنى سزادانى عەلى حەسەن مەجیددەوە،هەموو تاوانەكانى كارەساتى هەڵەبجە بدەن بە كۆڵى عەلى حەسەن مەجیدا و بێ تاوانى خۆیان نیشان بدەن.
5.لە دواى راپەرین كە (ى ن ك) بووە دەسەڵاتدارى هەرێمى كوردستان، هیچ حسابێكى بۆ برینەكانى هەڵبجە و خەڵكى ناوچەى هەورامان و شارەزوور نەكرد،لە سیاسەتى شەرى ناوخۆییدا قورسترین و وێرانكەرترین و درێژترین شەرى براكوژى خستە ناوچە كیمیابارانەكەى هەڵەبجەوە،لە شەڕى براكوژیدا گەورەتین زیانى مرۆیى و ئابورى و ژینگەیى،بەر خەڵكى هەلەَبجە و ناوچەكانى دەوروبەرى كەوت،بەو شێوەیە لە دواى راپەرین ى ن ك نەك هەر برینەكانى هەڵەبجەى سارێژ نەكرد،بەڵكوو برینەكانى قوڵتر كردوو بەردەوام خوێى پێدا دەكردن،بەرپرسانى ى ن ك دەیانەوێت ،بە باسكردنى بریارى دادگاى تاوانەكان و بە لە سێدارەدانى عەلى حەسەن مەجید، ئازارى دووبارەكردنەوەى تاوانەكانی و هەڵەبجە و قوڵكردنى برینەكانى هەڵەبجە،لە بیر خەڵكى هەڵەبجە بەرنەوە و چەواشەى بكەن.
6.لە بەرامبەر رێپێوانى نارەزایى بەهارى 2006 ى گەنجانى هەڵەبجەدا،بەرپرسەكانى ئێستەى گۆڕان(وەزیرى ناوخۆ،پارێزگار،بەرپرسى ئاسایشى سلێمانى) و هێزەكانى پۆلیس و ئاسایشى سەر بە (ى ن ك) بە گوللە وەڵامى نارەزایى خەڵكیان دایەوە،لە ئەنجامدا كەسێك شەهید بوو، یانزە كەس بریندار بوون و سەدان كەس زیندانى كران و هەزارانى تریش لە ترسى دستگیركردن هەڵهاتن و ئاوارەى شارەكانى ترى كوردستان و عراق و ئێران بوون،بەرپرسانى ى ن ك دەیانەوێت بەو هات و هاوارەیان لە كەناڵەكەنى راگەیاندنەوە،تاوانى كۆشتن و برینداركردن و زیندانیكردن و ئاوارەكردنى ساڵى 2006 گەنجانى هەڵەبجە،بخەنە لاوە و لە بیر خەڵكى ببنەوە بە بێ سزا دەربچن.
6.لە مانگى ئۆكتۆبەرى 2008دا،لە كاتى دادگایكردنى تاوانباران لە سەر دۆزى هەڵەبجە،دادگاى بالاى تاوانەكانى عراق رایگەیاند كە ئەو فرۆكەوانەى راستەوخۆ هێرشى كیمیتابارانى بۆ سەر هەڵەبجە ئەنجامداوە،لە زیندانى ئاسایشى سلێمانیدا رایكردووە،پاش لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەركەوت كە فرۆكەوانەكە ناوى تارق رەمەزانە و لە زیندان راینەكردووە و لە لایەن جەلال تاڵەبانى سكرتێرى (ى ن ك) سەرۆك كۆمارى عراق و بەرێوەبەرى ئاسایشى گشتیەوە ئازاد كراوە،كورد و مرۆڤایەتى و بنەماڵەى شەهیدانى كیمیابارانى هەڵبجە،ئەو رووداوەیان وەك فەزیحەیەك و وەك تاوانێكى نەتەوەیى و تاوانێكى دژى مرۆڤایەتى سەیر كرد،بەرپرسانى (ى ن ك) لە ئاست ئەو تاوانە نوێیەدا، هەستیان بە شەرمەزارى نەكرد و كەسیش سزاى نەدان،بە گەورەكردنى رۆژەڤى لە سێدارەدانى عەلى حەسەن،دەیانەوێت تاوانى ئازادكردنى فرۆكەوانەكە لە بیرى خەڵكى كوردستان ببنەوە و بڵێن ئازادكردنى فرۆكەوانەكە كاریگەرى نەگەتیڤى لە سەر رەوشى دادگایى و ئەنجامى دادگاییەكەى هەڵەبجە نەكرد.
7.ئەو كاتانەى جەلال تاڵەبانى لە كوردستان سكرتێى ى ن ك بووە،بۆ شەرى براكوژى و بۆ سەركوتكردن و لە ناوبردنى ئەندامانى حزبە منافسەكانى خۆى دەستى كراوە بووە،بەڵام لەوەتەى بووەتە سەرۆك كۆمارى عراق، باس لەوە دەكات دژى سزاى لە سێدارەدانە و ئیمزاى لە سێدارەدانى سەدام حسەین و عەلى حەسەن مەجیدى نەكرد،ئەم هەڵوێستە مرۆڤدۆستانە نوێیەى تاڵەبانى لە ناو عەرەبدا و ئەو هەڵوێستە دژە مرۆڤایەتیەى تاڵەبانى لە ناو كوردا،نارەزاییەكى گەورەى لە ناو خەڵكى كوردستان و بنەماڵەى ئەنفال و كیمیابارانى هەڵەبجەدا درووستكردوە،بەرپرسانى (ى ن ك) دەیانەوێت لە رێگەى گەورەكردنى سزاى لە سێدارەدانى عەلى حەسەن مەجیدەوە،سیاسەتى شەرنگێزى تاڵەبانى لە ناو كوردا بسڕنەوە و سیاسەتى مرۆڤدۆستى تاڵەبانى لە ناو عەرەبدا پینە بكەن.
27-1-2010
لە بنەماڵەى شەهیدانى كیمیابارانى هەڵبجە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست