کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەیاننامەی پادک سەبارەت بە هێرشی هێزەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران بۆ سەر گەریلا و هەرێمی کوردستانی باشوور‏

Friday, 22/07/2011, 12:00


نەتەوەی کوردی وڵات داگیرکراو!
حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان!
ڕۆڵه‌ سەربزێوەكانی کوردستان!

هەر وەک چاوەڕوان دەکرا و بە پێی بەرنامەیەکی سیستماتیک و لە پێش دا داڕێژراو، هێزەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران هێرشێکی بەرفراوانیان دەست پێکردووە ڕوو بە سنووری هەرێمی کوردستانی باشوور و گەریلاکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک). ئەم هێرش و تۆپ و خۆمپارە بارانەی هێزەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران بۆ سەر گەریلاکانی پەژاک و ڕوو بە خاکی هەرێمی کوردستانی باشوور بێجگە لەوەی کە بەشێکە لە پێشێل کردنی یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییەکان و پێشێل کردنی ئاشکرای سەروەریەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ئێڕاقی فیدراڵە، زیانێکی زۆری گیانی و ماڵیشی بە دواوە بووە و ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی نیشتەجێی ناوچە سنووریەکان و گەریلاکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان بوونەتە قوربانی؛ و بەشێکی زۆری دانیشتوانی ناوچە سنوریەکانیش بە ناچاری ماڵ و موچە و مەزاکانیان بەجێهێشتووە.
هێرش و تۆپ و خۆمپارە بارانی هێزەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران لە کاتێکدایە کە، ڕێژیمی تاران کەوتۆتە نێو قوڵترین گێژاوی قەیرانە جۆراو جۆرە دەرەکی و ناوخۆییەکان و باوەڕ ناکرێت کە ئەم جۆرە پیلانانە ڕێگا چارە بن بۆ دەرباز کردنی ئەم ڕێژیمە لە ئەگەری ڕووخان و لەنێوچوون. گومانی تێدا نی‌یە کە سەرانی ڕێژیمی ئێران هەوڵ دەدەن لە ڕێگای ئەم جۆرە پیلانە گڵاوانەوە بیروڕای گشتیی لە نێوخۆ و دەرەوە بە لاڕێدا بەرن و کارێک بکەن کە ڕێژیمی دژە مرۆیی تاران لە هەڵدێران و مەرگی حەتمی دەرباز بکەن.
پارتی ئازادی و دێمۆکراسی کوردستان پادک وێڕای مەحکوم کردنی ئەم هێرش و پەلامارەی هێزەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران بۆ سەر گەریلا و ڕوو بە خاکی هەرێمی کوردستانی باشوور، سەرەخۆشی خۆی پێکێش دەکات بە بنەماڵەی شەهیدانی ئەو پەلامارە دڕندانەیە و هیوای چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازێت. هەر لەو پەیوەندیە دا "پارتی ئازادی و دێمۆکراسی کوردستان- پادک" بە پێی توانای خۆی ئامادەیی دەردەبڕێ بۆ هەر جۆرە هاوکاری و پشتیوانی‌یەک بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە پێناو بەرگری لە خاکی پیرۆزی کوردستان. هەر لەم ڕاستایە دا "پادک" داواکارە لە ناوەندە نێونەتەوەیی و ڕێکخراوە سیاسی و ئازادیخواز و مردۆڤ دۆستەکان بۆ ئەوەی هەڵوێستی شیاو و بەجێ بگرن بەرانبەر بەم دەستدرێژیانەی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران.

سەرۆکایەتی ئەنجومەنی
پارتی ئازادی و دێمۆکراسی کوردستان پادک
٣٠ی پوشپەڕی ٢٧١١
٢١ی جولای٢٠١١

www.padk.net


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە