بۆ رێزلێنان له دایکم به بۆنه‌ی رۆژی دایک
Saturday, 08/05/2010, 12:00
دایکۆڵهکهم ده‌زانی بۆچ من ستڵ و گوریسم خۆش ده‌وێ. له بیرمه و لێمرا ون نابێت دڵۆپ دڵۆپ خوێنی گه‌شی له‌شت له گه‌ڵ تکه تکه‌ی خوناوه‌ی ئاره‌قه‌ی دایکانه‌ی بۆن خۆشت به جوگه و جوماوی قه‌ڵشاوی ده‌سته‌کانتا سه‌ره‌وژێر ده‌تکا ناو چاڵاوه قووڵ و ته‌نگ و تاریکه‌که‌ی ناوه‌راستی حه‌وشه‌که‌مان و لهسهراوه به ژانه ژان و پشوو و هه‌ناسه‌ی دایکانه‌وه به ستڵه جیره ره‌شه‌که‌ی به بزماران ئه‌نجن ئه‌نجن و گوڵۆڵه کراو نه جارێک و نه دوو جار و نه سێ جاران ته‌کان ،ته‌کان هه‌ڵت دێنجاوه سه‌رێ و بۆ یارمه‌تی باوکم بۆ بژیوی ئێمه و پاراو کردنی مهره زیندانی دابه‌ستراو و به خۆ نه‌زانین له فرۆشتن و کوشتنیان، هه‌م ئه‌وانیت تێرئاو ده‌کرد و هه‌م ئێمه‌ی بێچووی خۆشت پێ خۆدان ده‌کرد. بۆیه دیسانه‌که ده‌بێژمه‌وه و ئه‌و رۆژانه دهژینمهوه. هه‌ی دایه‌ی خۆم له بۆیه من نه‌ک هه‌ر ستڵ و گوریس به‌ڵکوو چاڵاویشم خۆش ئه‌وێت . ئای دایکه گیان ، گیان و قه‌وه‌ت با له ناخی ده‌رووی دڵمه‌وه ئه‌م راستێیهت بۆ بڵێمه‌وه ، هه‌ر چهندووکهش با له‌به‌ر یه‌کیشم بکشێنه‌وه هه‌ر به زمانی دایکۆڵه و کوریژگهکهی ساڵانی زوو ده‌گه‌ڵت دهلاوێمهوه. ویستم بێژم به تۆی دوورهاوێژم هه‌ست و ناخ و ده‌روونی پڕ چێژم. من له هه‌موو ئه‌ندام و له‌شی ژن پراوپر پڕ به دڵم مه‌مه‌کانم خۆش ده‌وێته‌وه هه‌تا ده‌مرم به گه‌زین و مژینی، شه‌وێ له ناو خه‌یاڵی خۆما ده‌تلێمه‌وه ، سه‌ر ده‌نێمه‌وه، رۆژی پێ ده‌که‌مه‌وه و بۆ ده‌ورانه‌که‌ی خۆمانی ده‌گه‌رێمه‌وه. له به‌ر ئه‌وه‌ی که دایکه گیان تۆ قووڵ تر له من ده‌زانی چونکه شاره‌زای به رمێن له وه‌ها ده‌ردوو ژانی، له بیرته منی یاخی و بزۆز و نهحهجمیوو بۆ ئازادی خۆم له ناو گۆمی زه‌ریای هه‌ناوی تۆدا که یه‌که‌م زیندانی سه‌ره‌تای ژین و گیان و ژیانی من بوو ، خۆم رانه‌گرت ،وسکووت نه‌بووم، نه‌به‌زیم و نهرزیم و نهتهزیم و به وه‌زینی و سه‌دان نهقۆڕچک و چنجڕکی بێ نینۆک و له‌قه وشهقه و پێلاقه‌ی بێ پێشه و به ئازار و ژان و بڕکی پر له ژان و پر به ژان به تۆ ، به خێن رژان به تۆ ، به ده‌راوی لینچ و خۆڕێنی ز.. تۆ، چلۆن ده‌رباز بوم و خزیم. وه‌ی دایه گیان تۆش بۆ سارێژی ژانی ژان و زامه‌کانت و دڵ شه‌ق نه‌بردنی من له خۆش گه‌شکه‌ی ئازادی که له راستیدا که‌وتمه زیندانێک ساردتر و به ده‌نگه‌ده‌نگ تر و نهحهساوهتر و ناخۆشه‌ویست تر له زیندانی تۆ ، به یارمه‌تی نه‌نه فاتمی گێلاخه‌ی مامانمان پرت دامێ و تۆند تۆند له ناو به‌ینی هه‌ر دووک مه‌مه‌کانت به هه‌ستی لای چه‌پی سێنگت و هه‌ناسه لهسهرهخۆیهکانت به‌خۆته‌وه رێک ده‌گوشیم و وه‌ک من ئاگا لێبراو له ئێش و ژانن و ئازاری تۆ،تۆش هه‌ر وا بۆ کپ کردنی قریشکه قریشک و جیقه جیقی من و دامرکاندن و دابه‌زاندنی خۆرپه‌و هه‌ستی دوا ژانه‌کانت ، هه‌ر جار نا جارێک مهمکێکت ره‌زگ زاری بێ پووک و بێ ده‌دان و دمی چڵمن و لیکنی منت ده‌نا. هه‌ی دایه دایه که‌س نازانێت وه‌ک من وتۆ له‌و چرکه‌ساتانه چه‌نده خۆشه‌ویستی و ئه‌ڤین و تێر بوون و ئۆقره‌گرتن و حه‌سانه‌وه‌و ئاشتی پاش شه‌رێکی درێژخایانی پر له ژان و خوێن دان ، تیاندا شاراوه بوو . منی وا ئازادبووی تێر بوو و تۆی حه‌ساوه‌و سه‌ر بلیند له تانه‌و ته‌شه‌ری دواکه‌وتوویی دین و کۆمه‌ڵ وه‌ک رێبوارێکی ماندوو برسی و بێ تۆشه و خیگه، له بڕین و سه‌رکه‌وتنی هه‌ورازی قوتوو بڵیند بۆ پشوودان و حه‌سانه‌وه له گه‌ڵ یه‌کا تێر تێر رازاین. دایه گیان بۆیه پێت ده‌ڵێم مهمهشم خۆش ده‌وێ . ئه‌وه‌شم هه‌ر له بیره که یان له ترسی گه‌زینی من و یان له چاره‌ی ره‌شی من مه‌مکه‌کانت چۆره چۆری شیریان لێبرا و تۆش کۆڵت نه‌دا و منی برسی و نه‌دی و بدی به مه‌مکه‌کانی پورم و خاڵۆژنیشم تێر نه‌ده‌بووم ، وه‌ک خۆت ده‌تگوت بابم بزنێکی خه‌زاڵی چاوگه‌شی نه وه‌ک زڕدایک و باوه‌ژن وه‌کوو دایان بۆ منی کری و تا گه‌وره بووم شیری پێدام ،به‌ڵام ئێستاش و ئێستاش من نه‌مزانی که دایانهکهی من که دایکی شیریم بوو ، فرۆشتان و کوشتیان و خواردیان و یان ئێوه کوشتان و خواردتان و ده‌رخواردی منیش دا و یان له داخ و تاوی من دڵی تۆقی و منداره‌وه بوو . دایه گیان بۆ زانیاری تۆ و دایانهکهم بۆ ئه‌وه‌یکه مرۆڤێکی بێ ئه‌مه‌گ نه‌بم یان وه‌کوو به‌شێک له‌و بوونه‌وه‌رانه‌ی خۆخۆر و یه‌کتر خۆر نه‌بم ده‌مێکه وازم له خواردنی گوشت هێناوه و ده‌گه‌رێمه‌وه بۆ بنه و ره‌چه‌ڵه‌کی حه‌زیا گیا خوره‌کان و سه‌وزه خور ده‌بم. جا بۆیه مه‌مه‌کانم زۆر خۆش ئه‌وێ. ده بێ پشڵێم جار و بار زیندانیشم خۆش ده‌وێ ده‌زانی بۆ هه‌زار جاران له منت که‌وێ ده‌زانی بۆ ؟ دلۆ یه‌که‌م به‌ندیخانه و زیندانی کپ و سست و بێ خوست و نه‌ویستی من هه‌ناوی پر له هه‌ست و خوست و برستی تۆ بوه. لێمببووره و جارز و بێزار مه‌به و گه‌ردن ئازایهکهم لێ مه‌ستێنه‌وه گه‌ر جار‌و بارێ بڵێم زیندانیشم ناخۆش ده‌وێ. . به‌و بۆنه‌وه تۆشم یه‌ک له هه‌زار جارران ناخۆش ......... دایکه گیان من دایکایهتیشم خۆش ده‌وێ خۆت ده‌زانی که منی باب، دایکایه‌تی دوان ده‌که‌م و ره‌نج و ئازاری دایکێتی له دووری دووری دووره‌وه هه‌ست پێ ده‌که‌م و دهیچژم و ده‌یکێشم و به‌ڵێنیشت پێ ده‌ده‌م بۆ زیاتر پێ‌زانین و رێز لێنان له دایکایهتێکه ی تۆ هه‌تا سه‌ر درێژه‌ی پێ بده‌م ، هه‌ر بۆیه‌ش هه‌نووکه دایکایه‌تیم پتر و پتر خۆشتر ده‌وێ. خۆشه‌ویستم ئه‌تپه‌رستم بۆ زانینت مردوو لای من لینگی درێژ نابێت ، گه‌ر رێم بده‌ی تاکوو زیندووی به سپایی هه‌ستی کزوو لاوازی قهیتیس ما‌و و شاراوه‌ی خۆمت پێ ده‌ڵێم و وه‌کوو هه‌موو جارێ ماژوان و ژوان پێت ده‌ڵێن :
" ئه‌من ئه‌تۆ خۆش ده‌وێم "
2009 / 09 / 16 کاوه سوور
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست