کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کتێبسوتاندن وەک ئامراز نەک ئامانج

Wednesday, 24/07/2013, 12:00



















وەسفکردنی سوتاندنی کتێبەکانی کاک جەمال غەمبار بە فاشییزم لەلایەن ڕۆشنبیرێکی بەرچاوەوە، دەریدەخات کە ئازادیی بیروڕا و ئازادیی ڕادەربڕین لە کوردستاندا لەژێر چی هەڕەشەیەکی خەتەرناکدایە. ئەو وەسفە هەر ئەوە نییە پیشانی بدات کە ڕۆشنبیرە بەرچاوەکانی ئەو کۆمەڵگایە چەند ڕووکەش لە ئازادیی بیروڕا و ئازادیی ڕادەربڕین تێگەیشتوون و ئەو ئازادییانە لە کۆمەڵگای ئێمەدا چەند داکۆکییکاریان کەمە، بەڵکو دەرخەری ئەوەشە کە چۆن بەر لە دەسەڵات و بەر لە هێزە نادیموکراتییەکان، ڕۆشنبیرانێکی بەرچاو ئامادەن لەپێناو پاراستنی هەیبەت و دەسەڵاتدارێتیی نوخبەی ڕۆشنبیرییدا، بە هەموو سەنگی خۆیانەوە بچنە سەنگەری بەرامبەرەوە و کار بۆ بەرتەسککردنەوەی ئەو ئازادییانەی خەڵک بکەن.

٭ ٭ ٭

کتێبسوتاندن هەیە و کتێبسوتاندن هەیە

من تەواو تێگەیشتنم بۆ ئەوە هەیە کە خوێنەرێکی مامناوەندیی نەتوانێت ئەوە ببینێت کە کتێبسوتاندن هەیە و کتێبسوتاندن هەیە، وە ئەوە لەیەک جیا نەکاتەوە کە کتێبسوتاندنی نازییەکان کارکردنی ڕژێمێک بوو بۆ دژایەتیی و قەدەغەکردن و سزادارکردنی ووشە یاخییەکانی نووسەران و ڕۆشنبیران و چاوترساندنی نەیارانی ڕژێمێکی نادیموکراتیی، بەڵام کتیبسوتاندنەکەی کەلار پێداگرییە لەسەر ئەوەی نووسەران و ڕۆشنبیران نەچنە پشت ئەو هێزو ڕژێمانەی کە کار دەکەن بۆ دژایەتیی و قەدەغەکردن و سزادارکردنی ووشە یاخییەکانی نووسەران و ڕۆشنبیران و چاوترساندنی نەیارانی ڕژێمێکی نادیموکراتیی.

ئاساییە خوێنەرێکی مامناوەندیی ئەوە لەیەک نەکاتەوە کە نازییەکان کتێبی ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانەیان سوتاند کە ئامادە نەبوون بە هیچ دەستکەوت و ئیمتیازاتێکی شەخسیی لەلایەن هێز و دەسەڵاتدارانێکی نادیموکراتییەوە ئیغرا ببن و پاڵپشتیی خۆیانیان بۆ بەیان بکەن، بەڵام ئەو ڕۆشنبیرانە لە کەلار کتێبی ئەو نووسەرانەیان سووتاندووە کە ئامادە بوون بە دەستکەوت و ئیمتیازاتی شەخسیی لەلایەن هێز و دەسەڵاتدارانێکی نادیموکراتییەوە ئیغرا ببن و پاڵپشتیی خۆیانیان بۆ بەیان بکەن. ئەم جیاکردنەوەیە ئاسان نییە بۆ خەڵکانێک کە نازانن پاڵپشتیی ئەو فیگۆرە ناودارانەی ناو کۆمەڵگا کە ڕیزێکیان هەیە لای خەڵک، بۆ هێز و دەسەڵاتە نادیموکراتەکان، چەند پاڵپشتییەکی بەنرخە بۆ ئەو هێز و دەسەڵاتانە و چۆن ڕۆڵی گەورە دەبینێت لەوەدا کە ئەو ڕژێم و هێزە نادیموکراتانە درێژە بە ملهوڕیی و ''کەڵەگایی'' خۆیان بدەن بەسەر خەڵکدا. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە ڕۆشنبیرانێکی بەرچاو کە ئیدیعای سەردەکەریی فیکریی دەکەن لە سیاسەت، تێنەگەن کە ئەو ڕۆشنبیرانەی کەلار ئەو کتێبسوتاندنە وەک کارێکی ڕەمزیی دەکەن بۆ ئەوەی بەو ڕۆشنبیرانەی چوونەتە پشت ئەم هێز و ئەو هێز بڵێن: ئێمە ئەو ڕێزەی خۆمانتان لێوەردەگرینەوە کە ئێوە بەدئیستیفاەدی لێدەکەن. ئێمە ئەو ڕێزەمان لەبەر ئەوە پێداون کە پێمانوابووە ئێوە ئیغرا نابن بەو موغرەیاتانەی کە دەسەڵاتداران ئامادەن لەبەرامبەر ڕێزدارییتان لای ئێمە و بۆ بردنەوەی وەلائتان بۆ خۆی بۆتان هەڵڕێژێت، کەچی ئێوە ئیغرا دەبن و دەچن ئەو ڕێزەی ئێمە لە دوکانەکانی هێزگەلێک و حکومەتێکی نادیموکراتییدا لەبەرامبەر دەستکەوتی شەخسییدا دەگۆڕنەوە. ئێمە ئەمە قبوڵ ناکەین و بە چالاکییەکی سەرنجڕاکێش، نەک بە وتارێک (کە بەختی بڵاوبوونەوەی نییە لەو ڕۆژنامانەدا کە وەک خزمایەتیی ناو خێڵ، دۆستایەتییان لە ئەخلاقی ڕۆژنامەوانیی و لە ئازادیی ڕادەربڕین زۆر پێ گرنگترە)، بۆ پیشاندانی ئەم نیفاقەی ئێوە نەک بۆ پێداگریی لەسەر ئەوەی کە ئێوە نابێت ئازادیی بیروڕاتان هەبێت، پیشانی دەدەین کە ئیتر ئێوە ئەو ڕێزەی ئێمەتان لێوەرگیراوەتەوە. مادام ڕێزی ئێمە ئەوەندە بەنرخە و دەسەڵات ئاوا پێویستیی گەورەی پێی هەیە، ئێمە نەک هەر نامانەوێت ئەو دەسەڵاتەی پێ بەهێز بکرێت بەڵکو ئێمە ئەو ڕێزەی خۆمان نادەین بە هەموو کەسێک و شارەزایانە لە خەبات بۆ دیموکراتییەت و شارەزایانە لە خەبات بە وەسیلەی دیموکراتیی، ئەو ڕێزەی خۆمان دەکەینە چەکێک بەدەستی خۆمانەوە بۆ گوشارهێنان بۆ ئەو دەسەڵاتە. لێرەوەیە ئیـمە ڕیزی خۆمان تەنها دەدەینە ئەو کەسانەی کە ئامادەن خەمخواردن لە پەراوێزخراویی و بیمافیی ئێمە بخەنە پێش هەر دەستکەوتێکی شەخسیی خۆیانەوە.

٭ ٭ ٭

گەمارۆ لەسەر ڕۆشنبیرانێک کە بەرپرسانە ڕەخنە دەگرن

لێرەدا ڕەوایە کەسێک بپرسێت کە ئایا ڕەوایە یان هیچ شارەزاییەکی لە فیکری سیاسیی تێدایە ئەگەر ئەم بیرکردنەوە و ئەم تاکتیکە زیندووانەی ئەو ڕۆشنبیرە گەنجانە لە مامەڵەکردنیاندا لەگەڵ دەسەڵاتدا بە فاشییەت ناوببرێت؟ ناکرێت ڕۆشنبیرانی ئێمە کە چەندین ساڵیش لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا، کە دیموکراتییەتێکی کارکردوویان تیایە، ژیابن، کەچی هێشتا نەزانن ئەم جۆرە کارکردنەیە کە دەسەڵات ناچار بە کۆڵدان لە ملهوڕیی دەکات و لەوەی دەخات بێباک بێت لە متمانە و ڕێزی خەڵک.

ئەوە پاڵپشتیی ڕۆشنبیرانی ناودارە لە دەسەڵات و لە هێزە ئۆپۆزیسیۆنە نادیموکراتەکان کە وادەکات بتوانن نامەسئول بن و باکیان بە ڕەخنە نەبێت و بتوانن هەموو ئەو ڕۆشنبیرانە لە میدیاکانی خۆیدا بخەنە لیستی ڕەشەوە کە ئامادە نین سانسۆری ڕای خۆیان بکەن و ڕەخنەی خۆیان کول بکەن لەئاست ئەواندا.

دەسەڵاتێک ئەگەر باکی بەوە نەبێت کە خەڵکانێک هەن کە بۆی هەیە لە شێخەڵا و پارکی منارە بە سوتاندنی کتێبەکانی ڕۆشنبیرانێکی وەک فەرهاد پیربال و مەهاباد قەرەداغیی و حەمە سەعید حەسەن هەوڵدەدەن پاڵپشتیی ناوەندی ڕۆشنبیریی لێوەرگرنەوە، دەتوانێت وەک شەقاوە خۆپیشاندەرێک لەناو چەقی بازاڕدا نیوەمەرگ بکات و دوایی درۆشی بۆ هەڵبەستێت. ئەمە دەسەڵاتێک بەئاسانیی ناتوانێت بیکات ئەگەر بزانێت خەڵکانێک هەن ڕێزی خۆیان بۆ ئەو ڕۆشنبیرانەی پاڵپشتیی ئەو دەکەن دەخەنە مەرجی ئیغرانەبوونیانەوە بەو هەموو جۆرە ئیمتیازاتانەی کە دەسەڵاتداران و حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە نادیموکراتەکان ئامادەن هەڵیڕیژن بەسەریاندا.

لێرەوەیە شوبهاندنی ئەو ڕۆشنبیرانەی کە جورئەت دەکەن خۆیان بخەنە بەر ڕەخنە و تووڕەیی و هێرشی ناوزڕاندنی ڕۆشنبیرانی نوخبە و، شارەزایانە لە خەباتی دیموکراتیی، چاونەترسانە پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەن کە ڕۆشنبیران دەبێت هەست بە بەرپرسیارێتیی بکەن، شوبهاندنی ئەمە بە ناردنی چەند شەللاتییەک لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ بازاڕەکان و قەدەغەکردنی خەباتی دیموکراتیی بە پشبەستن بە بازووی شەقاوەکان، قسەیەکە کە لە نەرمترین وەسفدا دەبێت بڵێین قسەیەکی بەتاڵە.

٭ ٭ ٭

چەمکی فاشیزم بۆ ڕەشکردن نەک لێکدانەوەی زانستیی

گرنگە ئیتر خوێنەری ئێمە مەرجی ئەوەی هەبێت بۆ گوێگرتن لە تێزی ڕۆشنبیران کە داوای سەلماندنیان بکات. ئەوەی نووسەرێک بێت بێئەوەی خۆیشی بزانێت فاشیزم چی ڕەبتی دەکات بەو کەیسانەوە کە باسی دەکات و هەر لەخۆیەوە وەسفی قەبە بداتە پاڵ ئەم و ئەو، چالاکییەکی ڕۆشنبیریی ئەوەندە بەقیمەت نییە کە شایەن بەوە بێت ئێمە قبوڵمان بێت هەڵکەین لەگەڵیدا. گرنگە خوێنەری ئێمە ئیتر بڵێت تێزی ئەوەی کە هەر یەکێکمان ئەگەرێکی فاشییمان تێدایە و بۆی هەیە فاشییەت سەرهەڵبدات تێزێکە هیج ناڵێت جگە لە سەفسەتەیەک کە ئینسان دەتوانێت هەموو شتێکی پێ تەفسیر بکات و هەموو شتێکی پێ سەرکۆنە بکات. باسکردن لە فاشییەتی کوردیی بەبێ تەبریرکردن بە ئارگیومێنتی زانستیی و ڕۆشنەوە، ئینشایەکی جوانی بێناوەڕۆک دەردەچێت کە بۆی هەیە قەناعەت بە ڕۆحی هەزاران لەوانەمان بێنێت کە ڕەخنەییانە مامەڵە لەگەڵ تێزدا ناکەن، بەڵام مومکین نییە قەناعەت بە عەقڵی یەک کەس بهێنێت کە پیشاندانی تەسەلسولی لۆجیکیی لە ئارگیومێنتکردندا دەکاتە مەرج.

ئەگەر مەرجی سەلماندنی زانستیی نەخەینە سەر ئەو جۆرە تێزانەی ڕۆشنبیران نامەسئولانە و بێ سەلماندن دەیانخەنە بازاڕەوە، ئیتر مومکین دەبێت کەسێک بێت و بڵێت بیانووی هەبوونی خەباتی بۆ درێژکردنەوەی سەرۆکایەتیی سەرۆکێک فاشییەتە و کەسێکی تریش لەبەرامبەردا بڵێت لەبەرچاونەگرتنی ئەو خەباتە لەو دۆزەدا فاشییەتە. هەر قبوڵکردنی ئەم سەفسەتە نەسەلمێنراوەشە وادەکات تاکەکەسێک بتوانێت بڵێت هێرشی چالاکوانانی مەدەنیی بۆ سەر نامەسئولییەتی ڕۆشنبیران و، هێرشی شەقاوەکانی دەسەڵات بۆ سەر مەسئولییەتنواندنی ڕۆشنبیران، هەردوو وەک یەک فاشییەتن. ئەم ڕێتۆریکە بێفیکرە ئیتر تەرزێک نییە لە چالاکیی فیکریی کە شایەن بەوە بێت ڕۆشنبیریی کوردیی لە ڕۆشنبیرانی خۆی قبوڵ بکات.

من پێموایە ئەو ڕۆشنبیرانەی کە هێرش دەکەنە سەر ئەو کتێبسوتاندنەی کەلار، دەبێت پیشانی بدەن کە بۆچی ئەوە ئازادیی ڕادەربڕین نایگرێتەوە و بۆچی پێشێلکردنی ئازادیی بیروڕای کاک جەمال غەمبارە و بەچی میکانیکییەتێک ئەو کتێبسوتاندنە دەبێتە هۆی ئەوەی فاشییەت بکەوێتەوە. کافیی نییە تەنها لە ڕووکەشدا بیشوبهێنین بە کتێبسوتاندنی نازییەکان و لەوێوە کارەکە ڕەش بکەین و بڵێن ئەوە ئازادیی ڕادەربڕین نییە و سەرکۆنەی بکەین. کتێبسوتاندنی نازییەکان ئامانج بوو بەڵام ئەوەی کەلار ئامرازە. ئەم جیاوازییەش جیاوازییەکی ئەوەندە جەوهەرییە کە دوو کاراکتەری تەواو جیاواز دەدات بەو دوو کردارە کە لە ڕووکەشدا هەردوکیان کتێبسوتاندنن. یەکەمیان بە ئامانجی هێرشە بۆ سەر ئازادییە سیاسیی و مەدەنییەکانی خەڵک و دووەمیشیان ئامرازێکی مەدەنییە بۆ خەباتکردن بۆ ئازادییە سیاسیی و مەدەنییەکانی خەڵک.

٭ ٭ ٭

وەرزی گەڕانەوەی ڕۆشنبیران بۆ لای دەسەڵات و حیزب

من ترسم هەیە ئەم لەیەکجیانەکردنەوەیەی ڕۆشنبیرانی نوخبە بۆ ئەو دوو دۆزە و هێرشیان بۆ سەر ئەو ڕۆشنبیرانەی کە کتێبسوتاندنیان کرۆدتە ئامراز بۆ گەیاندنی ڕا و پەیامی خۆیان دژ بە خۆفەرزکردنی نامەسئولانەی نوخبەی ڕۆشنبیریی بەسەر دیموکراتییەت و فەزای گشتییدا، هەر تەنها بێتوانایی ئەوان نەبێت لە لێکدانەوەی فیکرییدا، بەڵکو شەڕی زەمینەسازیی بێت بۆ دەمکولکردنی فەزای گشتیی لەئاست ئەو ئیغرابوون و نزیکبوونەوە دژەدیموکراتییەی ڕۆشنبیران لە حیزبە دەسەڵاتدارەکان و حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان کە لەم ساڵانەدا و بەتایبەت لەم سەردەمی هەڵبژاردن و لەم سەردەمی پارەزۆریی حیزب و بێکاریی و بەکڵایەنتبوونەی خەڵکدا، ڕۆشنبیران بە لێشاو ملیان پێوە ناوە. من ئەمڕۆژانە سیگناڵی خەتەرناک دەبینم و پاکانەهێنانەوەیەکی وا دەبینم بۆ پەیوەندیی حیزب و ڕۆشنبیران کە ئەگەر ئاگادار نەبین لەدرێژەدا دۆزی دیموکراتییەت لە کوردستاندا گرنگترین ناوەندی داکۆکییکاری خۆی لێ بەرتەسک دەبێتەوە کە ناوەندی ڕۆشنبیرییە. من پێموایە ئەگەر ڕەخنەی ئەم دیاردەیە نەکەین ئەوا هەر ئێستا لەلایەن چەند ڕۆشنبیرێکەوە زەمینەسازییەکی خەتەرناک دەکرێت بۆ بەدەستهێنانی قبوڵی ڕای گشتیی بۆ حیزبایەتییکردنی ڕۆشنبیران لەناو ئەو مۆدێلە بەلشەفییەی حیزبدا کە لە کوردستانی ئێمەدا لەناو پۆزیسیۆن و ئۆپۆزیسیۆندا زاڵە. هەر ئێستا ڕیتۆریکێکی وا خەتەرناک لەلایەن ڕۆشنبیرانەوە دەستی دراوەتێ کە داکۆکیی لەوە دەکات گوایە گرفتێکی نییە ڕۆشنبیران ناو و سومعەتی ڕۆشنبیریی خۆیان ببەنە پشت حیزبێك کە جگە لە پۆپۆلیستییەتێکی بێباک لە بەهای دیموکراتیی و مافی مرۆڤ و جگە لە شەڕی دەسەڵات یان مانەوە لە دەسەڵاتدا، خۆیان مولزەم بە هیچ بەهایەکی دیموکراتیی نەکردووە و ئاسانیش دەتوانن لە بەهاکانی دیموکراتیی لابدەن. خەتەرناکترین داکۆکیی ناو ئەم ڕێتۆریکە دەکرێت ئەوە بێت کە بەڕیز کاک بەختیار عەلی لە هەفتەی پێشوودا لە وتاری ''ڕۆشنبیری کلاسیکیی''دا هەوڵدەدات پێناسەی ڕۆشنبیری مۆدێرن وابکات کە ئیتر هیچ گرفتێکی تیا نییە ڕۆشنبیر لەدەرەوەی حیزب بێت یان بچێت لەناو حیزبی دەسەڵاتداردا خەریکی ''کاری فیکریی'' بێت. ئەو لەوێدا ئارگیومێنت بۆ ئەوە دەکات کە ئیتر سەردەمێکی نوێ هاتووە کە تیایدا مومکینە ڕۆشنبیر لەناو حیزبدا بژی و هەر بە سەنگی خۆشیەوە لەناو حیزبدا بمێنێتەوە، وە پێیوایە ئەوە دەرئەنجامێکی نادروستە وا تێبگەین کە ڕۆشنبیر نابێت بچێتە ناو حیزبەوە چونکە ڕۆشنبیر لەناو حیزبدا دەتوانێت کار بۆ ڕێگرتن لە تەکتیکچی و پاشقولگرەکان بکات چونکە ڕۆشنبیری مۆدێلی نوێ بە چوونەناو حیزبەوە، حیزب تەنها بۆ ئەوانی تر جێناهێڵێت، بەڵکو ئەو دەتوانێت لەناو حیزبدا کار بۆ ''ڕاگرتنی هەیبەتی فیکرو تێرامان‌و بیرکردنەوە'' بکات. ئەمەی خوارەوە ئیقتیباسێکە لەو وتارەی کاک بەختیار:

نەوەی یەکەم لە ڕۆشنبیرە کلاسیکییەکانی ئێمە نەوەیەکی حیزبی بوو، بەڵام نەوەی دووەم کەم تا زۆر سیاسەت دەباتە دەرەوەی حیزب ... گەرچی ئەم بردنەدەرەوەیەی سیاسەت‌و جیاکردنەوەی لەحیزب، دەستکەوتێکی گرنگی مێژووییە، گەرچی کارێکی زۆر پۆزەتیڤە، بەڵام مەرجدارو ترسناکیشە. کێشەکەی لە دوو خاڵدایە، یەکەم : ئەم جیاکارییەو بەمجۆرە، حیزب دەگۆڕێت بۆ جێگایەک کە ڕۆشنبیر تیا ناژی‌و ڕیسوادەکرێت‌و سەنگی لێدەسێنرێتەوە، واتە هەر لەبنەڕەتدا ڕۆشنبیر وا وێنادەکات گوایە بۆ ژیانی ناو حیزب دروست نەکراوە، کە ئەمە دەرەنجامێکی نادروست‌و کلێشەییە، دەرەنجامێکە لەهەموو سات‌و شوێنێکدا‌و بۆ هەموو ڕۆشنبیرێک ڕاست نییە. بەم تێگەیشتنە لەژیانی حیزبی، ڕۆشنبیری کلاسیکیمان، تەواوی دەسەڵاتی سیاسی دەبەخشێتە سیاسییە نەخوێندەوارو تەکتیکچی‌و پاشقولگرەکان [. . .] ڕۆشنبیری کلاسیکیی لەدەرەوەی حیزبدا بێت یاخود ناوەوە، هەمیشە هەر کادێرێکی حیزبە... بەپێچەوانەی ڕۆشنبیری نوێوە کە بەبڕوای من لەهەر جێگایەکدا بێت، لەناو حیزبدا بێت یان دەرەوە، بۆ ڕاگرتنی هەیبەتی فیکرو تێرامان‌و بیرکردنەوە کاردەکات، دژ بەجەهلی سیاسی‌و دیکاتۆرییە حیزبییەکان.

قسەکردنی لەمجۆرە لە حیزبایەتیی ڕۆشنبیران لەلایەن ڕۆشنبیرانێکی خاوەن ناو و ڕێزەوە لە چوارچێوەی ئەو جۆرە لە مۆدێلی حیزبایەتییەدا کە لە کوردستانی ئێمەدا باوە، ئەو خەتەرناکییەی هەیە کە ببێتە بیانوو بەدەست چەندین ڕۆشنبیرەوە تا ڕووبکەنە حیزبە سیاسییەکانی پۆزیسیۆن و ئۆپۆزیسیۆن و دوای پڕکردنەوەی فۆرمی ئەندامەتیی، پلەی ناوداریی خۆیان بکەنە وەسیلەی بەرزکردنەوەی پلەی حیزبیی و موچەی حیزبیی خۆیان و، لەبەرمبەردا بەڵێنی ئەوە بدەن بە حیزب کە وەک وەلائێکی پاسیڤ، حیزب هەر کارێکی نادیموکراتیی کرد، ئەمان خۆیانی لێ نائاگا بکەن. کارێکی وا گورزێکی کوشندە دەبێت لە ڕۆڵی ڕەخنەگرانەی ناوەندی ڕۆشنبیریی و ڕۆشنبیران کە یەکێک کە چەکە کاراکانی خەڵکی وڵاتانی ئێمەیە بۆ وەستانەوە لەبەرامبەر نادیموکراتییەت و گەندەڵیی و سەرکوتگەریی ڕژێم و نوخبەی سیاسییدا.

٭ ٭ ٭

داکۆکیی لە چەکدانان و تەسلیمبوونەوەی ڕۆشنبیران؟

من پێموایە ئەو هێرشەی بەشێک لە ڕۆشنبیرانی نوخبە بۆ سەر ئەو ڕۆشنبیرانەی کەلاریش حەڵقەیەکە لەم داکۆکییە لە چەکدانان و تەسلیمبوونەوەیەی ڕۆشنبیران بە حیزبە سیاسییەکان. لەم ڕووەوە بۆ من گرنگە داکۆکیی لەو گەنجە ڕۆشنبیرانە بکەم. ئەمە جگە لەوەی کە ئەو کتێبسوتاندنەی ئەوان ڕادەربڕینێکی مەدەنییە کە ئەوان مافی تەواویان هەیە بیکەن و کۆڵدان بەوان بەرتەسککردنەوەیەکی خەتەرناکی ئازادیی ڕادەربڕین دەبێت لە کوردستاندا. بۆیە من ئامادەم چەندی تر پێویست بکات داکۆکییان لێ بکەم.


سلێمانی، 24.07.2013
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە