بەرزانی نایاسایی هەر وەک چاوەڕوان دەکرا قەبوولکرد
Wednesday, 17/07/2013, 12:00
1531 بینراوە
کە دەستم دایە خوێندنەوەی وتارەکەی مەسعودبەرزانی لە بارەی ڕازیبوونی بەمانەوە، کە لەسەرەتاوە دەستی کردووە بەستایش وخەباتی خۆی هەستم بەڕشانەوە وپەستییەکی زۆر کرد چونکە من تێگەیشتم ئەمە نیشانەی خێر وخۆشی نییە وئەم قسە وپێشەکییە سواوانە مەرامێکی قێزەونی مەبەستە.
بێجگە لەمە مەسعود پەنای بردۆتە بەر بێمنەتی وخۆ بەزل زانین ولووتبەرزی وبەکارهێنانی ووشەی ڕەق وزبر، درۆی گەورە وهەڵگەڕانی واقع وحەقیقەتەکان، ئەمەش بۆ کەسێ وەکوو ئەو هەر وەکوو دەیناسین زۆر ئاساییە، ئەمەش پشتقایمی بەهەندێ حزبی بچووکی سێبەر ودروستکراو کە هەمیشە بە٣٤حزب ناودەبرێت کە بەهەموویان چوار کورسی پەرلەمانییان هەیە، بە گلۆپی سەوزی یەکێتی وئەجندای هەندێ دەوڵەتەوە دیاردەخات بۆ دەربازکردنی دەستوور بەگوێرەی دڵی وخواست وپلانی بنەماڵە.
مەسعود بەرزانی جارێکیتر سازشی کرد، لەبارەی مەسەلەی گەڕانەوەی دەستوور بۆ پەرلەمان زۆر جار دووبارەی دەکردەوە کە دەبێ گەل مافی خۆی بە کار بێنێت ودەنگ بدات وقەت سازش لە سەر ئەمە ناکەم.
سەرۆکی پارتی دەڵێ دەبێ هەموومان نموونەیەکی جوانی دیموکراسی پێشکەش بکەین، ئەمەش لە کاتێکدایە خۆی کاری ناشەرعی قەبووڵدەکات و ڕەفتاری دکتاتۆری دەکات.
ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام لە قسەکانی بەرزانی کە دەڵێت (هەر بە بیر وباوەڕی پێشمەگانەوە کارم بۆ بەرژەوەندی گەل کردووە) .ووشەی گەلیش لای بەرزانی مەبەست بنەماڵەیە. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت لە کاتی پێشمەگایەتیش هەر بەم شێوەیە کارم کردووە بەڵام لەبەر زرم وگوڕی تۆپ وتەیارە، لەبەر تەپ وتۆزی جەنگا مێللەت درکی بە حەقیقەتەکان ونیازی گڵاوی بنەماڵە نەکردووە.
سەرۆکی پارتی ئەوەمان پێڕادەگەیەنێت کە خۆی نیاز ونییەتی خۆکاندید کردنەوەی نییە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە خۆی چەند جارێکیتر هەوڵی مانەوە نادات، چونکە زۆر شەرمۆکە ولەوانەیە هەندێ حزب جارێکیتر ئیحراجی بکەن.
ئەوەی لای هەموان ئاشکرایە کە دەسەڵات سازان وڕای جیاوازی قەبوول نییە، بەڵام سەرۆکی پارتی ڕوو لە ئۆپۆزسیۆن دەکات وداوادەکات بەدیموکراسی ڕەفتار بکەن ئەوانیتر قەبوول بکەن، ئەمەش ئاماژەیە وداواکردنە بەقەبوولکردنی بەرزانی وەکوو سەرۆک، ئەمەش مانای ڕاستەقینەی سازانە لای بەرزانی.
ئێستا پایە وهەڵوێستی ومەوقفی ئۆپۆزسیۆن بەهێزە، بێجگە لە زۆرینەی میللەتی لەگەڵدایە، لەگەل یاسا وشەرعییەت دایە دژی نایاسایی وناشەرعییەتی دەسەڵات، بۆیە دەبێت کار لەسەر ئەمە بکات.