هه‌ڵوێستمان له باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی 24ی جۆزه‌ردانی ئێران
Thursday, 06/06/2013, 12:00
له24ی جۆزه‌ردانی ئه‌مساڵ دا، له ئێران دوو هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماری و شووراکانی شار و دێ به‌ڕێوه ده‌چن. حیزبی دیموکراتی کوردستان ڕوانین و هه‌ڵوێستی خۆی له باره‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌وه به‌م جۆره راده‌گه‌یه‌نێ:
باوه‌ڕی قووڵ به ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵک و هه‌ڵبژاردن له هه‌موو ئاسته‌کانی سیستمی به‌ڕێوه‌به‌ریدا یه‌کێکه له‌و بنچێنه خه‌ڵکی و دێموکراتیانه‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان پێ ده‌ناسرێته‌وه. ئه‌م حیزبه هه‌ر له سه‌ره‌تای هاتنه سه‌ر کاری رێژیمی کۆماری ئیسلامی له ئێران، ته‌نیا به تاوانی ئازادیخوازی و پێداگری له سه‌ر مافه نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانی گه‌لی کورد، تێکۆشانی سیاسیی ئازادی لێ قه‌ده‌غه کراوه‌و مافی به‌شداریی قانوونی له پرسه سیاسییه‌کانی وڵات_ یه‌ک له‌وان به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌کانی_ دا، لێ زه‌وت کراوه.
پرسی هه‌ڵبژاردنه‌کان له ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی دا، له روانگه‌ی جۆراوجۆره‌وه بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان گرنگیی هه‌بووه. ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه له لایه‌که‌وه به هۆی نێوه‌رۆکی سیسته‌می سیاسیی وڵات و ده‌ستێوه‌ردانی راسته‌وخۆی به‌یتی رێبه‌ری و زاڵبوونی ئۆرگانه ناخه‌ڵکی و داسه‌پاوه‌کانی وه‌ک شوورای نیگابان، له هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌کی دێموکراتیک به‌تاڵ کراونه‌وه. له لایه‌کی دیکه‌وه له چوارچێوه‌ی بارودۆخی سیاسیی ئێران‌دا، هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌رفه‌تێکی به‌رته‌سک بوون بۆ هاتنه‌گۆڕی داخوازه‌کانی خه‌ڵک و وه‌ستانه‌وه و ململانێی ئه‌وان له گه‌ڵ ناوه‌ند و ده‌سته‌و تاقمه‌کانی نێو رێژیمی کۆماری ئیسلامی و پاشه‌کشه به سیاسه‌ت وبه‌رنامه‌کانیان.
به تێگه‌یشتن له‌و راستییه و، باوه‌ڕهه‌بوون به‌سوودوه‌رگرتنی خه‌ڵک له لانیکه‌می شانسه‌کان، حیزبی دیموکراتی کوردستان له چه‌ندین بڕگه و قۆناغدا،هانده‌ری خه‌ڵک به گشتی و چالاکانی سیاسی و فه‌رهه‌نگیی نێوخۆی کوردستان به تایبه‌تی بووه که ده‌رفه‌تی هه‌ڵبژاردن بۆ خستنه‌ڕووی ویست و داخوازییه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی خۆیان بقۆزنه‌وه. له‌م روانگه‌یه‌وه هه‌ڵوێستی سیاسیی خۆی به لێکدانه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی تایبه‌تیی کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کان و چه‌ند و چۆنی شوێندانانی خه‌ڵکی کوردستان له سه‌ر ڕه‌وتی هه‌ڵبژاردنه‌کان دیاری کردوه. هه‌ر بۆیه هه‌ر فاکته‌رێک که له خزمه‌ت پاشه‌کشه به سیسته‌می سیاسیی وڵات و دابینکردن و جێبه‌جێبوونی مافی خه‌ڵک دابووه، به چاوێکی ئه‌رێنی لێی ڕوانیوه و هانده‌ر وپشتیوانی بووه. ئه‌و کاته‌ی هیچ بوار و شانسێکی بۆ شوێن‌دانان له سه‌ر ڕه‌وتی هه‌ڵبژاردن به قازانجی داخوازه‌کانی خه‌ڵک به‌دیی نه‌کردبێ، داوای ته‌حریمی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی کردوه. هه‌ر کاتێکیش، که‌مترین ئیمکان بۆ سه‌رکه‌وتنی خواست و ئیراده‌ی خه‌لک له ڕێگای ده‌نگدانه‌وه هه‌بووه، خه‌ڵکی بۆ به‌شداری له ده‌نگدان و پشتیوانی له کاندیدای دڵخوازی خۆیان هان داوه و به‌مجۆره چۆنیه‌تیی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی کردوه به مه‌یدانێکی دیکه‌ی به‌ربه‌ره‌کانیی خه‌ڵک و رێژیمی ده‌سه‌ڵاتدار.
هه‌ڵبژاردنی جۆزه‌ردانی 1392 له ئێران هه‌ڵگری کۆمه‌ڵێک تایبه‌تمه‌ندیی ئاڵۆزه. ڕێبه‌ریی کۆماری ئیسلامی هه‌موو هه‌وڵی ئه‌وه بووه ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه، بۆ یه‌کده‌ستکردنی هه‌ر چی زیاتری ده‌سه‌ڵات له‌و رێژیمه دا به کار بێنێ و ململانێی نێوخۆیی نیزامه‌که‌ش به قازانجی خۆی یه‌کلا بکاته‌وه. هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره، بۆ خه‌ڵکێکیش که ده‌نگه‌کانیان له ده‌یه‌مین هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماریدا لێدزرا و کاندیدا دڵخوازه‌کانیان ده‌سبه‌رکران، هه‌ر وه‌ها بۆ هێنانه‌کایه‌ی که‌شوهه‌وایه‌کی سیاسیی تا ڕاده‌یه‌ک کراوه و دۆزینه‌وه‌ی رێگایه‌ک بۆ ده‌رچوون له‌و قه‌یرانه سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی تووشی وڵات بووه، هه‌لێکی ئاره‌زووکراو بوو. هه‌ر وه‌ها بۆ ریفۆرمخوازان و قۆڵ و تاقمه ڕقه‌به‌ره‌کانی دیکه‌ی نیو ئه‌و نیزامه‌ش، که خه‌ریکه ده‌خرێنه په‌راوێزه‌وه، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ده‌رفه‌تێک بوو بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه‌ی هێز و دیاریکردن و قایمکردنی جێی پێی خۆیان له شه‌تره‌نجی سیاسیی داهاتووی ده‌سه‌ڵات دا. به‌ڵام وه‌ک ده‌بینین ڕێبه‌ریی کۆماری ئیسلامی، هه‌لبژاردنی یازده‌یه‌مین ده‌وره‌ی سه‌رکۆماریی له ڕێگای ڕه‌تکردنه‌وه‌ی سه‌لاحیه‌تی زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری کاندیداکانه‌وه به جۆرێک موهه‌ندیسیی کردوه که نه‌ک کاندیداکانی نزیک به خه‌ڵک، به‌ڵکوو کاندیداکانی سه‌ر به نیزامیش که بڕواپێکراوی به ته‌واویی شه‌خسی خامه‌نه‌یی نین له مه‌یدانی ره‌قابه‌ت وه‌لاناوه. دیاره له پێوه‌ندیی له گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی شووراکانیش دا، سیاسه‌تی وه‌لانان و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی سه‌لاحییه‌تی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌و کاندیدایانه‌یان گرتووه‌ته‌به‌ر که له خه‌ڵک نزیکن و ته‌نانه‌ت ڕه‌حمیان به‌و به‌شه له مۆره و ده‌ستوپێوه‌نده‌کانی خۆشیان نه‌کردوه که بۆنی لایه‌نگری له هێندێک تاقم و که‌سایه‌تیی رقه‌به‌رو ناڕازیی نێو نیزامیان لێ دێ.
حیزبی دیموکراتی کوردستان له هه‌ڵبژاردنی ده‌وره‌ی پێشووی سه‌رکۆماری دا سه‌ره‌ڕای ته‌حریمی به‌رینی هه‌ڵبژاردن له لایه‌ن حیزب و رێکخراوه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن له کوردستان و ئێران، له‌و بڕوایه دابوو که به ته‌حریم نه‌کردنی هه‌ڵبژاردن و هاندانی خه‌ڵک بۆ پشتیوانی له‌و کاندیدایانه که هه‌ڵگری به‌شێک له داخوازه‌کانی ئه‌وانن، ده‌توانێ کۆماری ئیسلامی به‌ره‌وڕووی کێشه بکاته‌وه و یارمه‌تی به کرانه‌وه‌ی که‌شوهه‌وای سیاسی بکا. له ئاکامی هه‌ڵبژاردنی ئه‌و هه‌لوێسته دابوو که توانی هانده‌ری هاتنه‌گۆڕی داخوازه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و ده‌نگدانه‌وه و ره‌نگدانه‌وه‌یان له به‌رنامه‌ی هێندێک له کاندیداکان و باسه سیاسییه‌کانی ئه‌و کات دابێ. ئه‌مجاریش سه‌ره‌ڕای جیاوازیی نێوان هه‌لومه‌رجی سیاسیی ئێستا و چوارساڵ له‌مه‌وبه‌ری ئێران، له چه‌ند مانگ به‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌وه قۆستنه‌وه‌ی که‌شوهه‌وای هه‌ڵبژاردن به قازانجی هێنانه گۆڕی پرسی کورد و نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کانی ئێرانی کرد به ئامانجی کاری سیاسی له سه‌ر ڕه‌وته‌که. هه‌وڵدان له‌م پێناوه‌دا له‌گه‌ڵ پێشوازیی چالاکانی سیاسی و مه‌ده‌نیی دڵسۆز له نێوخۆی وڵاتیش به‌ره‌وڕوو بووه. هه‌ستیاربوونی خه‌ڵکی کوردستان له ئاست پرسی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان و روانینیان له‌م روانگه‌یه‌وه بۆ هه‌ڵبژاردن و کاندیداکانی سه‌رکۆماری، بووه به هۆی ئه‌وه هێندێک له کاندیداکانی ئه‌م ده‌وره‌یه‌ش، به هه‌ر مه‌به‌ستێک بووه که‌متاکورت باس له پرسی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کان و هه‌ڵاواردن وپشتگوێخرانیان له ئێران‌دا بکه‌ن. ئێمه له‌م پێوه‌ندییه دا به چاوی ڕێزه‌وه ده‌ڕوانینه هه‌وڵی چالاکانی سیاسی و فه‌رهه‌نگیی دڵسۆزی نێوخۆی وڵات و به هه‌ر ڕاده‌یه‌ک له سه‌رکه‌وتن و به‌ره‌وپێشچوونیان له سه‌ر بناغه‌ی گرنگیدان به پرسی نه‌ته‌وه‌یی له فه‌زای سیاسیی ئێستای کوردستان و ئێران دا خۆشحال ده‌بین. به‌ڵام وه‌ک حیزبی دیموکراتی کوردستان، ئه‌وه‌نده ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ی کاندیداکانی سه‌رکۆماری له پرسی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کانی ئێران، زۆر به بچووک و ناته‌واو و تاکتیکی ده‌زانین. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه هیچ گه‌ره‌نتی و شانسێک بۆ پارێزرانی ده‌نگی خه‌ڵک نابینین و هیچ دوور نیه هه‌ر وا که جاری پێشوو ڕێبه‌ری نیزام و سوپای پاسداران، سه‌ره‌ڕای حوزووری ده‌یان میلیۆنیی ده‌نگده‌ران و وه‌ڕێکه‌وتنی بزووتنه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ریفۆرمخوازی،توانیان که‌سی ده‌ستنیشانکراوی خۆیان له سندووقه‌کان بێننه ده‌ر، ئه‌مجاریش ئه‌گه‌ر پێویست بێ،هه‌مان سناریۆ دووپات نه‌که‌نه‌وه. به سه‌رنجدان به هه‌مووی ئه‌و راستییانه، حیزبی دیموکراتی کوردستان، هه‌ڵبژاردنی24ی جۆزه‌ردان بایکۆت ده‌کا.
ئێمه وێڕای رێزمان بۆ ته‌شخیش و بڕیاڕی خه‌ڵک له رووبه‌رووبوونه‌وه له گه‌ڵ دوو هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماری و شووراکان دا،چوونه سه‌ر سندووقه‌کانی ده‌نگدان، بێئه‌وه‌ی ده‌سکه‌وتێکیان بۆ خه‌ڵک به دواوه بێ، به زیانی خه‌باتی ئازادیخوازیی خۆیان له کوردستان و ئێران ده‌زانین. هه‌ر له‌و حاله‌ش دا به وریایی و هه‌ستیارییه‌وه به‌دواداچوونی رووداو و ئالوگۆڕه‌کانی پێوه‌ندیدار به‌م هه‌ڵبژاردنه و ئاکامی هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌که‌ین و به پێی پێویست خوێندنه‌وه و په‌یام و هه‌ڵویستی گونجاوی خۆمان، ڕاده‌گه‌ینین.
حیزبی دیموکراتی کوردستان
ده‌فته‌ری سیاسی
15ی جۆزه‌ردانی 1392
5ی ژوئه‌نی 2013
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست